عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا- شاعیر و وەرگێڕ

ناوی تەواوی (عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا حوسێن) ە، لە 1962/11/5 لە گەڕەكی (جمهوری) شاری هەولێر لەدایك بووە، لە تەمەنی دوو ساڵیدا بۆ چەند مانگێك ماڵیان چۆتە حەساری (عزەددین ئاغا) نزیك باخچەی گلكەند، لە تەمەنی شەش ساڵیدا ماڵیان چۆتە گەڕەكی (كوران) ، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا چۆتە قوتابخانەی (بابە تاهیری هەمەدانی) لە گەڕەكی ئازادی سەرەتایی لەو قوتابخانەیە تەواو كردووە، هەر لەوێشەوە لەسەر دەستی مامۆستای ئینگلیزی (عەزیز بەرخۆ) دەست بەكاری وێنەكێشان دەكات، لە پێشانگای ساڵانەی قوتابخانە بەشداری كردووە، قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانەی (زانیاری) تەواو كردووە و لەلایەن مامۆستا (محەمەد خەتاب) ی هونەرمەند درێژەی بەكاری وێنەكێشان داوە و بەشداری پێشانگای قوتابخانەی كردووە، لەو كاتەوە خولیای خوێندنەوە دەبێت و لە بڵاو كراوەكانی سەر دیواری قوتابخانە ڕۆڵی چالاكانە دەگێڕێت لە ئاهەنگەكانی قوتابخانە بە خوێندنەوەی شیعری حەماسی دێتە سەر شانۆ، دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی بەشی تەندروستی هەولێر 1986-1987، لە پەیمانگا بەشداری خوێندنەوەی ئەدەبی كردووە لە كۆڕو كۆبوونەوەكان، دوای تەواو كردنی پەیمانگە بڕوانامەی دبلۆم بەدەستدێنێت لە بەشی پزیشكی، دواتر وەك موقیم بۆ ماوەی ساڵێك دادەمەزرێت، دوای ئەوە ناوی سەربازی دێت لە گەرمەی جەنگی عێراق و ئێران، لەگەڵ چەندان هاوڕێی خۆی لەوانەش هونەرمەند سەردار سنجاوی ناچێتە سەربازی، دواتر بە بڕیاری (936-937) بە لێبوردنی گشتی بۆ دواكەوتوانی سەربازی و پێشمەرگە و هەڵاتووی سەربازی خۆی تەسلیم بە (فرقەی فاروق) دەكات، لە كەركوك و بەغدا و زاخۆ سەربازی دەكات، دوای هەڵگیرسانی شەڕی كوێت هەر لە زاخۆ لە سەربازی ڕادەكات، دوای ئەوە ڕاپەڕینی 1991 دەستپێدەكات و ژیانی ئاسایی خۆی لە هەولێر درێژە پێدەدات، تا ئێستا (33) كتێبی چاپ و بڵاو كردۆتەوە، جگە لە نووسینی ژمارەیەكی زۆر لە وتار و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی و تیۆری و وەرگێڕان و شیعر چەندین خەڵاتی لەبواری شیعر و رەخنەی ئەدەبی وەرگرتووە،

خەڵاتەكان

– خەڵاتی یەكەمی شیعریی لە پێشبڕكێی پێنجەمین ڤیستیڤاڵی ئەدەبی و روناكبیری گەلاوێژ 2001

– خەڵاتی یەكەمی شیعریی لە پێشبڕكێی شەشەمی ڤیستیڤاڵی ئەدەبی و روناكبیری گەلاوێژ 2002

– خەڵاتی ڕێزلێنان یەكێتی نووسەرانی كورد/ لقی هەولێر لە 10/2/2009

– خەڵاتی ڕێزلێنانی كتێب- وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان- بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وێژەیی 2012/12/30

– خەڵاتی ناوەندی رۆشنبیری ئەندێشە بۆ رەخنەی ئەدەبی لە 2013/10/3

– خەڵاتی پێشانگای نێودەوڵەتی فرانكفۆرت بۆ ساڵی 2017

Comments (0)
Add Comment