هەندێک سەرنج دەربارەی کۆشیعری “جەلال بەرزنجی”

ئیسماعیل سابیر

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شیعری جەلال بەرزنجی، بریتییە لە گەیاندنی واتای سادەی ژیان و مانایەکی ناوەکی لای مرۆڤ لە ڕێی جۆرە زمانێکەوە هەندێکجار ڕاستەوخۆیە، هەندێکجاریش ناڕاستەوخۆ دێتە گوتن.
سەبارەت بە ناونیشانی کتێبی شیعری، لە کاتی چاپکردنی کتێبدا زۆرجار ناونیشان نووسەر ماندوو دەکات و تا بەوەی وا لە هەندێک نووسەر بکات ناونیشانێک هەڵبژێرێ پڕ بە پێستی ناوەڕۆکەکە نەبێت. بەڵام لای جەلال بەرزنجی چارەی ئەمە کراوە بەوەی لە زۆربەی کتێبەکانیدا، ناونیشانەکان تەعبیرێکی ڕاستەوخۆ لە ناوەڕۆک دەکەن. کە ئەمە کارێکە زۆرجار زۆرێک لە شاعیران مەبەستەکەیان ناپێکن لە دیاریکردنی ناونیشانێک گونجاو بۆ کتێبە شیعرییەکەیان کەوا هەماهەنگ بێت لەگەڵ کۆی مانا و دەلالەتی پشت شیعرەکان. خاڵێکی تریش ئەوەیە جگە لە پەی نەبردن و دوورخستنەوەی تەکنیکی شیعریی کە ئەمە دەبێ بۆ ئایندە بەجددی وەربگیرێت و چارە بکرێت. پەیوەست نەبوون بە ئەزموون و ڕیتمێکی دیاریکراوی شیعریی یەکێکە ترە لەو بژاردانەی کەوا جەلال بەرزنجی لە کتێبێک بۆ کتێبێکی تر هەوڵی بۆ دەدات. بە خوێندنەوەی چەند دیوانێک لەم کۆشیعرەی لەبەر دەستمان دایە، کەوا کۆتایییەکانی ساڵی ڕابردوو لە دوو توێی کتێبێکدا لە دەزگای فام چاپ و بڵاوکرایەوە، ئەم جیاوازییە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت، بۆیە هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر ئەو گۆشە و دیمەنە شیعرییانەی کەوا لەو دەقە ئاماژە پێکراوانەدا هاتوون و هەن.

بە وردبوونەوە لە کتێبی (سەمای بەفری ئێواران) دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەوا هەر ناونیشانەکە خۆی بە تەنیا دەبینێتەوە لە وێنەیەکی جووڵاو و قەسیدەیەکی درێژ وەک کانییەک کەوا هەردەم ئاوی لێ دەڕوات و چێژ و فێنکایی بە خوێنەر دەبەخشێت. لە ڕاستیدا هەندێک دیمەنی سروشتی هەن لەبەر ئەوەی هێندە وێنەیەکی شیعریی لە ناوەوە بەرجەستە دەکەن بۆیە تەنیا شاعیرانن دەتوانن بیدۆزنەوە و درک بە چێژ و ساتەوەخت و گۆشەی ئەم وێنەیە بکەن. لەم ئەزموونەدا سروشت و جوگرافیای گوند؛ پانتایی تەواویی بەسەر دەقە شیعرییەکاندا هەیە. ئێمە لە زۆربەی شیعرەکاندا خۆمان لەبەردەم پەنجەرەی ژووری گوندێکی دووردا دەبینینەوە کەوا ڕووی لە دەرەوەیە. کاتێک با هەڵدەکات و درختەکان دەجووڵێنێت، تا لە دواییدا بەفر هێدی هێدی دادەکات و بە پیاڵەیەک چای گەرمەوە، ئێمەش لە ژوورەوە هێدی هێدی لە تێپەڕینی کات و سپیاتی بەفر و عەردوبان دەڕوانین… ڕوانین لەو دیو پەنجەرەوە بەتایبەت ئەگەر بەفریش بێت بۆ شاعیران ئای کە چ هەستێکی خۆش و ڕامنەکراوە!

ئەگەر دابەشکارییەک لە ئەزموونی شیعری جەلال بەرزنجیدا بکرێت، لەنێوان ئەو شیعرانەی سەر بە پانتایی گشتین و ئەو شیعرانەیشی زۆر کەسین و سەر بە خەمە کەسییەکانی شاعیرەوەن؛ وەک خەوزڕان و مەرگی ئازیزان، دڵشکان و ڕۆیشتن و چاوەڕوانیکردنی کەسێک، خۆزگە و پرسیاری خەون و بێداریی، ئاوێتەبوونی ئومێد و نائومێدی لەبەردەم ئاستەنگەکانی ژیاندا، ئەوا باشترین نموونە بۆ ئەمە بریتییە لە شیعرهکانی کتێبی (گەرمنەبوونەوە). ئەمەش هەر لە ناونیشانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەوەیشی وا دەکات جۆرێک لە تایبەتمەندی شاعیر دروست بکات هەر ئەم خەمە کەسیانەن کە دواتر دەتوانن وەک مانیفێستێکی شیعریی خۆیان بە خەمی گشتی بناسێنن و شاعیرەکە له دونیای ئەدەبی خۆیدا پێوەیان بنازێت.

(بارانی ڕەحمەت) کتێبی سێیەمی شاعیرە، لەم کتێبەشیاندا بەهۆی ئەو ساتەوەختەی کەوا جەلال بەرزنجی تیایدا ژیاوە وەک هەر کوردێک، ئەو کاتە بۆ ئەویش جۆرێک بووە لە بێزاریی و دڵشکان لە نیشتیمان، تا بگات بەوەی ڕۆیشتن و هەڵاتن و دوورکەوتنەوە لە نیشتیمانی جەنگ، کە دواتر ئەمانە هەمووی بەیەکەوە دەبن بە هەوێن و تێمای سەرەکی شیعری لای ئەم پێک دێنن. ئەمەشیان هەر لە یەکەم شیعری ئەم کتێبەدا ڕەنگی داوەتەوە بە ناوی (جەنگ) کەوا لە پەڕەگرافێکدا دەنووسێ:
شەڕ بوو یەکەم بەیانی تاڵ کردم
شەڕ بوو کتێبەکەی خستمە دەریا و
کۆمەڵێک مەنفای بۆ بەجێ هێشتم،
شەڕ بوو مێژوو و یاریی ئێوارانی تێکدام،
شەڕ بوو خەیاڵمی هەڵوەراند
شەڕ بوو ناخمی گران کرد
شەڕ بوو بێهودەی کردم و
گەیاندمیە دووڕیان.

ماندووم
ماندووی شەڕەکانم،
شەڕەکانیش بێ سەرکەوتوو دۆڕاو!
ماندووم
لەوەتەی هەم
لە شەڕێکەوە دەگەڕێمەوە شەڕێکی تر.

شەڕی براکان لە پاڵ دۆخی ئەو کاتی کوردستان، بووە یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شاعیر کە دواتر وای کرد وەک هەر تاکێکی تری کورد، زیاتر لە نیشتیمان و حەز و ئاوات و خۆزگەکانی زویر بێت و ڕێی کۆچ بگرێت؛ وەک زۆرینەی خەڵکی ئەو کاتە ڕوو لە غەریبی و تاراوگە بنێت، تاوەکوو لەوێ بتوانێت هەناسەی ئەو ژیانە هەڵبمژێت، کەوا لە دەرەوەی شوناسی کوردبوون و جۆگرافیای کوردیدا ئامادەیی هەیە.

یەکێکی تر لە خاسیەتەکانی شیعری جەلال بەرزنجی کەوا بەدیاریکراوی له کتێبی (هەوڵدانێک بۆ گرتنی مەوداکان) و (هەر دەمەی لە شوێنێک، هەمیشە لە ماڵەوە) خۆی دەبینیێتەوە لە ئۆقرەنەگرتن لە شوێن و ناوچەیەکی دیاریکراو، گەڕان بۆ نیشتەجێبوون لەناو سەرابدا، لێکخشاندنی مەوداکان و کۆچ، سووڕانەوەی بەردەوام بە‌سەر زەریا و سنوورەکاندا، جانتاپێچانەوە و ڕوانین لە هەوری سپی و ئاسمانی ساف لەودیو جامی فڕۆکەوە.
بەهۆی پەڕاگندەبوون و دووری لە نیشتیمان؛ دۆخێکی وا لە دەروونی شاعیر هاتۆتە ئاراوە کەوا بوونەورێک تێکەڵ بە دوو کولتوور و جوگرافیا ژیان بکات و شاعیر ببێت بە” مرۆڤێکی دوو لەت” و خاوەنی “دوو ماڵ و دوو نیشتیمان” بۆیەش دەبینین ڕوودانی هەر پێشهاتێک لە هەر یەک لەم ناوچانەدا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروون و شیعری ئەم داناوە. ئەمە وای کردووە زۆرجار خۆی لە شوێنێک بێت و دڵ و دەروون و حەز و تاسەی لە شوێنێکی تر بێت یان دەتوانین بڵێین، لە بنەڕەتدا وەک ئۆرفیۆس مەحکوم بێت بە ئاوڕدانەوەیەکی ئەبەدی لە دواوەی خۆی. تا دەگات بەو ڕادەیەی لە دێڕە شیعرێکدا ڕوون ددان بە دەستەوەستانی وشەکانی بنێت لە هەمبەر ئەو هێزە ناوەکەییەی لە دەرووندا هەیە: (ئەو ئازادییەی لە خەوندا بینیم/ لە نووسینیش نەمبینیوە.) دابەشبوونی ژیان لەنێوان کەنەدا و هەولێر، لەنێوان حەز و تاسەی گەڕانەوەی یەکجاری بۆ لای دایک یان دوای چەند ڕۆژێک مانەوە دیسان بەرگەنەگرتن و هەستی بێئۆقرەیی و گەڕانەوە بۆ دڵی زستان؛ لای ئەم شاعیرەمان دۆخێکی خوڵقاندووە وەک تێما و خەونێکی لەبننەهاتوو هەمیشە بێت و بچێت.

Comments (0)
Add Comment