بەبێ خوێندنەوە هێزی نووسینم نییە و تەنانەت ناتوانم بزانم چی دەکەم

گوڵاڵە عوسمان ساڵانێکە شیعر دەنووسێت و دەنگێکی دیاری شیعری کوردییە. بە باشمان زانی کە بیدوێنین و چەند پرسیارێکی ئاراستە بکەین و دەرگەی چەند باسێک لەمەڕ شیعر بکەینەوە بۆ ئەوەی بۆچوونی بزانین لە بارەی شیعر و چەند پرسێکی تر کە پەیوەندی بە دونیای شیعرەوە هەیە.

سازادانی: حەمە هیوا

پرسیار: لە شیعرەکانتدا هەست بە خەمی مرۆڤبوون دەکرێت، ئەو خەمە خەمێکە لە ژنبوونەوەیە یان خەمێکی گشتی؟

وەڵام: من تەنیا خەمی مرۆڤبوونم هەیە، خەممە چۆن مرۆڤبم، خەممە مرۆڤ نەبم، خەممە کێ مرۆڤە، کێ مرۆڤ نییە. ئایا ئێمە هەموومان مرۆڤین؟ ئەگەر چەند دانەیەکیش هەبێ هەرباشە، یان نین و نەبووین و نابین.

پرسیار: ئەوە دەزانین کە بەڕێزت وەک شاعیرێک، خوێنەرێکی جددی شیعریت، ئەوەش کارێکە کە دەبێت هەموو شاعیرێک بیکات، بەڵام هەندێک لە شاعیرانی ئێمە خوێنەرێکی جددی شیعر نین، تەنیا دەنووسن. چۆن شاعیرێک کە خۆی خوێنەرێکی جددی شیعر نییە و کەچی دەنووسێت و دەشیەوێت بخوێندرێتەوە؟

وەڵام: ئەوانەی کە ناخوێننەوە و دەنووسن، تەنیا ماڵی نووسینی خۆیان وێران دەکەن و زۆری پێ ناچێ تێ دەگەن کە بەبێ خوێندنەوە چەندە کرچوکاڵن و چۆن دوای ئەو هەموو کاتە، هێشتا بە فیعلی لە دەرەوەی پرۆسەی نووسینن و نەیانتوانیوە بچنە بازنەکەوە. ئێمە هەموومان ئەگەر نووسەریش نەبین، دەبێ بخوێنینەوە تا هێزی مەعریفەمان زیاد بکات و دەستەوەستان نەبین لەو بێ ئاگایی و تەنک و تیواڵییە ی تێی کەوتووین. لە ڕاستیدا من بەبێ خوێندنەوە هێزی نووسینم نییە و تەنانەت ناتوانم بزانم چی دەکەم و دەگەم بە کوێ. خوێندنەوە بۆ من زۆر واتای تری هەیە، بووە بە بەشێک لە ژیانم، لە ئەرکی ڕۆژانەم، بە تەواویی تێکەڵی بوومە و هەم ئاشنای بوومە و پێی ڕاهاتووم و کاتێ دەست دەکەم بە خوێندنەوە، هەست دەکەم دەحەسێمەوە.

پرسیار: شیعر پانتاییەکی زۆری لە ئەدەبی کوردیدا هەیە، چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستا، ئەو پانتاییە فراوانە بۆ شیعر بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

وەڵام: ڕەنگە هیی ئەوە بێت هەموو مرۆڤێک یان هەریەک لە ئێمە لە ناخی خۆیدا شاعیرە، یان ئەگەر بۆ جارێکیش بووبێ، هەستی کردووە شاعیرە یان شیعرێکی نووسیوە و یان خۆزگەی خواستووە شاعیر بێت و شیعر بنووسێت، یان ڕەنگە ئەو بارودۆخەی مرۆڤی ئەم سەردەمە تێی کەوتووە یان هەر شتێ کە ڕەنگە نەختێک گران بێ بە سانایی لە بارەیەوە بدوێین.


پرسیار: ئەوەی شیعر بنووسێت شاعیرە؟

وەڵام: مەرج نییە، دەتوانم بڵێم نەخێر، چونکە هەندێک جار تەنانەت ئەوانەش کە شاعیرن لە هەندێک دەقیاندا یان لە هەندێک هەوڵیاندا، بە باشی لە دەقەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوونە. جارێکیان پێنج کتێبی شیعری، شاعرێکم خوێندەوە. جگە لە یەکەمین کتێبی شاعیرەکە، کە یەکەمین هەوڵی بوو، ئەو چوار کتێبەکەی تری، تەنیا کاتیان لێ بردم و ماندوویان کردم. من بۆ ئەزموونی خۆم ئەوەم کرد، بەڵام لە بنەڕەتدا، ئەو شاعیربوونەکەی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و دواجار ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێ، وەلادەنرێ.

پرسیار: ژنانێکی زۆر شیعر دەنووسن و وەک شاعیر خۆیان نمایش دەکەن، پێت وایە ڕێژەیەکی باشی ژنە شاعیری باشمان هەیە؟

وەڵام: بە نزیکەیی لە زۆربەیان ئاگادارم و شیعر و ئەزموونەکانیانم بینیوە و هەم خوێندمنەتەوە، بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر کەم هەن کە بەڕاستی شاعیرن، ئەوانیتر نازانم چین.

پرسیار: تۆ ساڵانێکە شیعر دەنووسیت، تا ئێستا کتێبی چاپکراوت نییە، ئەوەش بووەتە پرسیار، بۆچی؟

وەڵام: لە ڕاستیدا خۆشم نازانم بۆچی دوامدەخست، بەڵام ئێستا کتێبێکم ئامادەیە بۆ چاپ، لەم یەک دوو مانگەی داهاتوودا چاپ و بڵاو دەبێتەوە، ئەگەر بەربەست نەیەتە پێش.

Comments (0)
Add Comment