لە شیعردا مرۆڤاییەتی و ئارامیی تەنیایی دەدۆزمەوە

سۆما مەلا، دەنگێکی نوێی شیعری کوردییە. ماوەیەکی زۆر نییە دەستی بە بڵاو کردنەوەی شیعرەکانی کردووە و لە چەند ماڵپەڕێک، شیعرەکانی بڵاو کردووەتەوە. پێمان باش بوو بیدوێنین و چەند پرسیارێکی لەبارەی شیعرەوە ئاراستە بکەین.

سازدانی: حەمە هیوا

پرسیار: تۆ ماوەیەکی باشە شیعر دەنووسیت، بەڵام هەر چەند شیعرێکت بڵاو کردووەتەوە، کە ناگاتە پێنج شیعر، بۆچی؟

وەڵام: سروشتی ژیانی خۆم وایە، لە هەموو شتێک سەبر دەڕۆم و لەسەر شتەکان دەوەستم و ئەویش، بە حوکمی ئەوەی زۆر لەناو بیرکردنەوەی شتەکاندا دەخوولێمەوە تاوەکو دەگەمە کرۆکی بابەتەکە. بۆ نووسینیش هەمان شتم هەیە، زۆر درەنگ دەگەمە قبووڵکردنی ئەو دەقەی دەینووسم، چونکە هەمیشە ڕستەیەک لە هزر و بیرکردنەوەی خۆمدا دەهڵێمەوە.
ونبوون باشترە لە دەرکەوتنێکی هەڵە!

پرسیار: باوەڕت بە ئەدەبی ژنانە و ئەدەبی پیاوانە هەیە؟

وەڵام: نەخێر، چونکە پێم وایە ئەوە نووسین و بەهرەی قەڵەمی ئەدەبی تۆیە پێی دەناسرێیت و جیا دەکرێیتەوە لەوانی تر، نەک ئەوەی داخۆ تۆ ژنیت یاخود پیاو، بەڵام هەمیشە من چێژ لەو دەقانە دەبینم کە نووسەر بۆ خودی خۆی نووسیون، نەک بۆ کاردانەوەی خوێنەرەکانی.

پرسیار: بە هاتنت بۆ نێو شیعر، دەتەوێت شیعر چیت بۆ بکات، یان با بڵێم چیت لە شیعر دەوێت، یان بە شێوەیەکی تر، دەتەوێت لە شیعردا چی بدۆزیتەوە؟

وەڵام: ئاشنا بوونم بە شیعر، لە تەمەنێکی زۆر بچووک بوو، کە لە قوتابخانەی سەرەتایی بووم، زۆربەی ڕۆژەکان لە گۆڕەپانی قوتابخانە سروودم دەخوێندەوە. دەتوانم بڵێم هەنگاوی یەکەمی هاتنم بۆ دونیای شیعر لە وێوەوە بوو.
بۆ ئەوەی چیم لە شیعر دەوێت یا شیعر چیم بۆ دەکات، هەمیشە کە شیعر دەخوێنمەوە وەک چێژبەخشترین ژانەری ئەدەبی دەیبینم، چونکە لەناو تاریکترین شوێنی مرۆڤ کە پێی دەڵێن هەستی مرۆڤ، کە کەس نایبینێت جگە لەو شاعیرەی دەینووسێت، دێتە بەرهەم. لەناو ئاڵۆزترین و شێواوترین و دڕەندانەترین بارودۆخی دەروونیمدا، دوای نووسین، دەمخانە ناو ئارامترین و مرۆڤانەترین دۆخ. بۆیە لە شیعردا هەمیشە مرۆڤاییەتی و ئارامیی تەنیایی دەدۆزمەوە.

پرسیار: بۆچوونەک هەیە دەڵێت: شیعر ناتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات، بۆچوونێکی تریش پێچەوانەی ئەوەیە و کە دەڵێت: شیعر دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات، تۆ پێت وایە کامە بۆچوون ڕاستی تێدایە؟

وەڵام: دەکرێت هەردوو بۆچوون تا ڕادەیەکی باش ڕاست بن، ئەوەیان دەکەوێتەوە سەر ئەو کات و شوێنەی تۆ شیعرەکەی تێدا بڵاودەکەیتەوە.
ئەو خوێنەرانەی شیعر دەخوێننەوە ئەگەر شارەزای شیعر و ڕێبازەکانی ئەدەبیات نەبن، ئەوە هەرگیز شیعر وەک گۆڕانکاری قبووڵ ناکەن، چونکە ئەوانەی خوێنەری فەلسەفی و هزرین پێیان وایە بۆ چوونەکانی ئەفلاتوون و نیچە دەربارەی شاعیران زۆر ڕاستە و هەرگیز ئەوان ناتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن، بەڵکو بارگرانین بۆ سەر کۆمەڵگا.
بەڵام کاتێک شاعیرێک دێت لە ڕێی پیشاندانی وێنە گەورەکەی نادادی دەخاتە پێش چاو، وەک هەژاری دەبێت هەوێنی بیرکردنەوەی تۆ کە بۆچی ئەمە ڕوویداوە و بۆچی دەبێت ئەمە بەردەوام بێت. ئەو کاتە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هزر و بیرکردنەوەی تۆدا، بۆ نموونە، من دەسەڵاتی ڕژێمی پێشووم نەدیوە لەو کاتەدا نەژیاوم، بەڵام لە ڕێی شیعر و ئەدەبیاتەوە زانیومە چ زوڵم و زۆردارییەکی ئەنجام داوە. شیعر تەنیا خۆشەویستی و وەسفی یارەکەت نییە. شیعری ئێستا جیاوازە، ئەویش بە هۆی ئەوەی توانیویەتی لە قاڵبی ڕیتم بێتە دەرەوە و ئازادانە خۆی نمایش بکات، بۆیە من پێم وایە شیعری باش هەمیشە دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات.

Comments (0)
Add Comment