لۆژیکی دڵ لە شیعری( پیاسەیەک لەگەڵ دڵدا)ی تەیب قادر

پیاسەیەک لەگەڵ دڵدا

دڵت لە هەر کوێیەک بێت
گوڵیش لەوێ
بە ئاسودەیی
لەنێو چیڕۆکی خۆیدا
پیاسە دەکات
نیو هەنگاو لە خۆی دوور ناکەوێتەوە و
دەچێتە سەر کات و
دەست لە هەموو ئەو شتانە دەدات
لە داهاتوودا هیی ئەون.

شیعر: تەیب قادر
ڕەخنە: پێشڕەو عەبدوڵڵا

لۆژیكی دڵ له‌ شیعری (پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دڵدا)ی تەیب قادر

تێگەیشتن لەو جیهانە شاراوەیەی لەم شیعرەدا بانگێشتمان دەکات، پێویستی بە کۆمەکی ڕۆحییە، تا ئەوەی لە تیۆرێک یان کتێبێکی ڕەخنەییەوە هەنگاو هەڵگرین بۆ جیهانی نێو ئەم شیعرە. وشە و ئاڕاستەکانی ئەم پارچە شیعرە، ئەگەرچی زۆر کەم و کورتبێژن، بەڵام هەڵگری جیهانێکی فراوانن، کە کۆی مێژوو و عەقڵ دەخاتە نێو پرسیارەوە.
(دڵ لە هەرکوێیەک بێت)
ئەم ڕستەیە، خاڵ لەسەر هەموو جیهانێک دادەنێت کە دڵی تیا نییە. چونکە ژیان پڕە لە ئاماژەکانی عەقڵ و لۆژیکی واقیع و هەڵچوونە سایکۆلۆژییەکانی مرۆڤ، واتە جیهانی ئەم شیعرە بە ناڕاستەوخۆ ئەوەمان پێ دەڵێت، کە ژیانی دوور لە دڵ، خاڵییە لەوەی تۆ چیڕۆکی خۆت بژیت، یان ببیت بە گوڵی نێو حیکایەتەکانی خۆت.
زۆر جار مرۆڤ دەگاتە ئەو خەونانەی بۆ خۆی دروستی كردوون و تەمەنێكی سەرف كردووە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ئامانجانە، بەڵام دوای گەیشتنی هەست بە بێتاقەتی و نائومێدی دەكات، كە ئەمە یەكێكە لە كێشەكانی مرۆڤی سەردەم، بەوەی كاتێكیش دەگاتە ئەو شتانەی هەوڵی بۆ داوە و شەونخونی لە پێناویدا كردووە، كەچی نائومێدی و دڵتەنگییەكی گەورە یەخەی دەگرێت.
نزیكترین هۆكار ئەوەیە زۆرینەی ئامانجەكانی مرۆڤ ئامانجی نێو دڵ و بوونی خۆی نین، بەڵكو كۆمەڵێك ئامانجی دروستكراون، كە كۆمەڵگە و سیستەم و عەقڵی كۆمەڵایەتی بۆی دروست دەكات، بۆیە كاتێك پێی دەگات، هەستدەكات ئەو شتە ئەوە نەبوو كە خەونی پێوە دیوە.
(گوڵیش لەوێ لەنێو چیڕۆکی خۆیدا پیاسە دەکات)
شاعیر ڕاستەوخۆ دڵ و چیڕۆکی ژیان پێکەوە گرێ دەدات، ئەویش پرسیاری ئەوە دەورووژێنێت، ئایا چیڕۆکی ئێمە ئەوەیە لەناو لۆژیکی واقیعدا غەرق بین؟ یان لۆژیکی عەقڵ؟ یان لۆژیکی خۆگونجاندنێکی سایکۆلۆژی؟ ئەم شیعرە ڕاستەوخۆ دەمانباتەوە سەر ڕێگەی چیڕۆکی ژیانی خۆمان، چونکە هەتا نەچینەوە سەر لۆژیکی دڵی خۆمان، ئێمە ئیتر پاڵەوانی ژیانی خۆمان نین، بەڵکو پەڕۆپاڵەوانی حیزب و مەلا و ڕۆشنبیرین و داهۆڵێکین لە پەرێزی باخی ئەوانی تردا، بۆ ئەوەی خزمەتی چیڕۆکی ئاوانی دیکە بکەین.
خەمی بزربوونی دڵ و گەڕانەوە بۆ ژیانێك كە تژییە بە دڵ، خەمێكی شیعری قووڵە و ئەوە تەنها شیعرە كە ماڵە ڕاستەقینەكەی لەسەر ئەو یوتۆپیا پاكە بنیات دەنێت، كە مرۆڤ ونی دەكات و دەیدۆڕێنێت.
كاتێك شیعر لەو چركە ساتەدا كە یادی ئەو ماڵە دەكاتەوە، كە ماڵی مرۆڤە، دەگاتە لوتكەی گوزارشتكردن لە خۆی ئیتر ئەوە شیعرە لێرەیە و بانگێشتی خەونێكی لە مێژینەی مرۆڤ دەكات كە لەبری چۆتەوە. چونكە بی ئەو یادهێنانەوەیە با مرۆڤ سەركەوتوو و پێگەیشتووش بێت، بەڵام ناگاتەوە ماڵەوە و لە حیكایەتی خۆیدا ناژیت.
(نیو هەنگاو لە خۆی دوور ناکەوێتەوە و دەچێتە سەر کات)
واتە بە حزووری دڵ، مرۆڤ لە خۆی و لە چیڕۆکە ڕاستەقینەکەی خۆی دوور ناکەوێتەوە، بەڵام کاتێک لە دڵ دوور دەکەوێتەوە، نزیک دەبێتەوە لە ئەوانیتر و دوور دوور لە خۆی، بەمەش لە کات دادەبڕێت، چونکە ئیتر ئەو بوونی نییە، تا کاتیشی هەبێت، کاتێک پێ دەنێتەوە نێو کاتەوە، کە لە دڵ دوورنەکەوێتەوە، واتە کاتێک کات بوونی هەیە و زەمەن حازرە، کە دڵ ئامادە بێت، چونکە دڵ نوێنەری جووڵەیەکی بوونگەراییە و مرۆڤ وەک پڕۆژەیەکی خودی تەواوی دەکات. بۆیە بێ حزووری دڵ، مرۆڤ ناکەوێتە ناو کاتەوە، نەکەوتنە نێو کاتیش، واتە لێرە نەبوون و ژیان نەکردن.
شیعری ڕەسەن پێش ئەوەی وێنە و پێکچواندنی عاتیفانە پەخش بکاتەوە، لە کڕۆکی ژیاندا هەرچی مانایە و ئەوەی لێرەیە، دەیخاتە ناو تاقیکردنەوەیەکی سەرسەختەوە، لێی دەگەڕێ تا بۆی ساغ ببێتەوە چەندە هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی مانای هەیە.
چون بەبێ مانا و بێ ئەو حزورە قەلبییە، با بە تەمەن و زەمەنیش، زۆر بژین و سەدەی تر تاقی بکەینەوە، بەڵام هەر ناتوانین لە داهاتوودا بین، وشەی داهاتوو ئاماژە نییە بۆ ئەوەی ئێستا بکرێتە قوربانی ئەوەی دێت، بەڵکو ئەم شیعرە زانیارییەکمان لەسەر جیهانی دڵ دەداتێ، ئەرەستۆ گوتەنی پێشبینییەک دەخاتە ڕوو، ئەویش ئەوەیە کاتێک دڵ دێتەوە و ڕێبەری مرۆڤ دەکات، ئەوا هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لە ئایندەشدا ڕوودەدەن، چیرۆک و ڕووداوی خەڵکی دیکە نیین، بەڵکو هەموو ئەمانە هیی خۆمانن، بۆیە دەتوانیین دەستی لێ بدەین و دەستکاری بکەین.
(دەست لە هەموو ئەو شتانە دەدات لە داهاتوودا هیی ئەون)
ئەو نەخشەیەی لەم شیعرەدا خۆی مانیفێست دەكات، نەخشەیەكی گرنگ و تایبەتە و مرۆڤ دەبەستێتەوە بە بوونی خۆیەوە، بە جۆرێك كاتێك دەتوانێت خەون بە ئایندەوە ببینێت، كە ئەو لەسەر جیهانی دڵی خۆیەتی. بە مانایەكی تر ئایندە بۆ كەسێكە كە خۆی تەواو دەكات، نەك كاركتەر و پاڵەوانی ئەوانی دیكە بێت و لە جێی ئەوی دیكە بژیت.
ئایندەش گەیشتن بە ماشێن و سەروەت و سامان نییە، یاخود ئەوە نییە خوێنەرێكی زۆر بۆ خۆی كۆبكاتەوە و جەماوەری ببێتەوە، نەخێر! ئایندە خودی گەیشتنەوەیە بە خۆ. تەواوكردن و كامڵبوونی ئەو بوونەیە كە ژیانی مرۆڤی پێوە گرێدراوە.
چونكە جیهانی دڵ سەر بە نەخشەی هیچ مرۆڤێكی دیكە نییە، كوڕی كەلتوور و بەها كۆمەڵایەتییكانیش نییە، تا ئەوەی مرۆڤ هیچ نەبێت جگە لە جەستەیەك بۆ هەڵگرتنی پەیكەری رۆحی كۆمەڵگە و من تێیدا بزربێت. جیهانی دڵ ئەو ویستە شاراوە و ناخەكییەیە كە بوون وەك خۆراك پێویستی پێیەتی.

Comments (0)
Add Comment