دەق: تەیب قادر
ڕەخنە: پێشڕهو عهبدوڵڵا
کەواتە تەنیام
هەموو شتێکم هەیە
دەلاقەی ماڵ
گیرفانی ڕۆیشتن
فەخفوری گەڕانەوە
گڵاسی پشوو
فەرشی سڵاو
شەربەتی هاوڕێیان
ترێی شەو
هەفتەی سێبەر
باخچەی نارنجی
ئەوەی نیمە گوێ گرتنە لە گۆرانی ژن
کەواتە تەنیام.
هەموو شتێک دەبینم
ڕۆیشتنی با
بۆنی هەنگاو زۆر لە دوورەوە
ڕەنگی پێش مناڵیم
سەفەری گەورەبوونی تەمەن
ئەوەی نایبینم نیگای تیژی ژنە
کەواتە تەنیام.
ژنێک پرچی لە تەمەنی درێژتر بێت
ژنێک بینینی لە چاوی گەورەتر بێت
ژنێک بەژنی لە یەک کاتژمێرەڕێ درێژتر بێت
ژنێک دڵی لە سنگی گەورەتر بێت
ژنێک جوان جوان گەسک لە خەم بدات
ژنێک هەموو ڕێگەکانی بۆ لای من بێت
ژنێک،
دەنگی پیاسەی
ڕەنگی خەونی
چرای چاوی
هەموو ڕیگەکانی بۆ لای من بێت.
ئەوەی نیمە گوێگرتنە لە گۆرانیی ئەو
ئەوەی نایبینم نیگای تیژی ئەوە
هیچ لە ڕێگەکانی نایەتەوە لای من
کەواتە تەنیام
زۆر
زۆر
پەیوەندی نێوان ژن و پیاو، ئەو پەیوەندییە ئاڵۆز و سەختە، کە هەم ژن و هەم پیاویش زۆر بەکەمی توانیویەتی ئەو پەیوەندییە لە فۆڕمێکی گونجاودا بپارێزێت، کە نە ژنەکە و نە پیاوەکە تێیدا بریندار و بزر نەبن، چون ئەوەی حیکایەتی نێوان ئەو دوو بوونەوەرەیە، حیکایەتی دڵشکان و یەکتر سڕینەوە و پایەماڵکردنی یەکترە، بۆیە بە درێژایی مێژووی ئەو پەیوەندییە، فۆڕمی ئەو پەیوەندییە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە پێناوی ئەوەی کە ئەنجامەکان گۆڕانی بەسەردا بێت.
بۆ نموونە لە فۆڕمی زەواجەوە چووە بۆ برادەرایەتیی و عیشق و خۆشەویستیی و هەر لە ناو زەواجیشدا کۆمەڵێک فۆڕمی تری بۆ داڕێژراوە، وەک زەواجی مسیار و متعە و زەواجی سپی و دەیان فۆڕمی دیکە، کە مرۆڤایەتی تاقیکردونەتەوە.
کێشەکە ئەوەبووە لە زۆربەیاندا یەک ئەنجام بەدەست گەیشتۆتەوە، ئەویش بزرکردنی یەکتر، دڵشکان، هەستنەکردن، ونبوون، سەرگەردانی و هەموو ئەو حیکایەتە ناخۆشانەی کەوتۆتە نێوان ژن و پیاوەوە… ئەمەش وایکردووە، کە پیاو لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ ژن دەکات و ژن دەبینێت، بەڵام ناتوانێ ئاسودە بێت و دڵنیابێتەوە لەوەی ژنێک هەیە، دەتوانێ لەگەڵی بژیێت.
ژنیش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە پیاو دەبینێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بەڵام قەلەق و ڕاڕایە لەوەی بتوانێ پیاوێک بدۆزێتەوە، کە بێ خەم لەگەڵیدا بژیت… واتە وێنەی پیاو و ژن، وێنەیەکە دەستکاریکراوە و دوور کەوتۆتەوە لە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆی. بۆیە زۆربەی ئەو ژن و پیاوانەی پێکەوەن، کابوسێک هەیە لە خەیاڵیاندا، کابووسی ئەوەی ئیتر نەجاتیان بێ لە یەکتر و دووربکەوەنەوە لە یەکتر.
هەتا خۆقوتارکەن لەو هەموو دڵشکان و یەکتر بریندارکردنە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیتر پیاو و ژن نەتوانن فۆڕمێکی گونجاو بدۆزنەوە، تا بتوانن بە خۆشی پێکەوە بن. ئەوەی وادەکات ئەنجامێکی جیاواز بخاتەوە، گۆڕینی فۆڕمەکە نییە، بەڵکو گۆڕینی ئەو سلوکەیە کە ژن و پیاو مامەڵەی پێدەکەن لە بەرانبەر یەکتردا، کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکە کە هەواڵی دڵخۆشکەری پێ نییە، سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ژن و پیاوەکانی، ژن و پیاوەکانی کۆمەڵگەی کوردی، دوو قەسابی چەقۆ بە دەستن بۆ یەکتری، ڕۆژانە خەریکی بریندارکردنی یەکترن. ئەوەشی دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردۆتەوە، ئەو کاردانەوە ناسروشتییەی پیاو و ژنی کوردە بەرانبەر بەیەک، کە پیاوان لە بەرگی دکتور و مامۆستا و پارێزەردا خەنجەری خۆی دەوەشێنێ و ژنانیش لە بەرگی ڕێکخراو و کۆمەڵەوە ناوی فێمینیزم، خەریکی خەنجەر وەشاندنە لە پیاو. لە بارێکی وادا، ئەوە ئەرکی شیعرە کە جارێکی تر، وێنە ڕاستەقینەکەمان بە بیربهێنێتەوە، کە تەنیایی ڕاستەقینە ئەوەیە، کە پیاوێک بەدرێژایی ژیانی نەتوانێ ڕۆحی ژن ببینێت و ژنێکیش نەتوانێت، رۆحی پیاو ببینێت.
شیعر جارێکی تر بانگهێشتی ئەو دوو رۆحە دەکاتەوە بۆ سەر شانۆی ژیان، ئەوە بە بیر مرۆڤ دەهێنێتەوە، کە لە کوێدا جێماوە، چونکە ئەگەر پیاو و ژن لە جێی ئەوەی جەستەیان بکەوێتە نێو پەیوەندییەوە، کە ئەو پەیوەندییە پەیوەندییەکی بەرژەوەندیخواز و ناچارەکی و پێویستییە، ڕۆحیان بەیەک ئاشنا بێت.
بۆ ئەوەی ئیتر، ژنەکە لەگەڵ ئەوەی هەموو شتێکی هەیە، ماڵ، مناڵ، پارە، مێرد، بەڵام چون رۆحی پیاوی نەدیوە لە مێردەکەیدا، بە تەواوی تەنیایە، پیاویش لەگەڵ ئەوەی هەموو شتێکی هەیە، ماڵ، منداڵ، پارە، ژن، بەڵام چون روحی ژنی نەدیوە لە ژنەکەیدا، تەنیایە.
شاعیر باس لە تەنیایەکی ئەنتۆلۆژی قووڵ دەکات، کە پیاو و ژن لەبەر ئەوە نییە، تەنیان بێ یەکتر، چونکە پێویستیان بە یەکە، یاخود غەریزە بەرەو یەکیان ڕادەکێشێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕۆحی ژن و پیاو یەک ڕۆحن. کاتێک لێک بزر دەبن دەکەونە ناو وەحشەتی تەنیاییەکی قووڵەوە، کە هەموو دنیاش بە دەست بهێنن، هێشتا، هەر خۆیان بە مایەپوچ و دەست بەتاڵ دەبینن، چونکە ناتوانن یەکتر بدۆزنەوە و ببنەوە بەیەک.
هەموو شتێکم هەیە
دەلاقەی ماڵ
گیرفانی ڕۆیشتن
فەخفوری گەڕانەوە
گڵاسی پشوو
فەرشی سڵاو
شەربەتی هاوڕێیان
ترێی شەو
هەفتەی سێبەر
باخچەی نارنجی
ئەوەی نیمە گوێ گرتنە لە گۆرانی ژن
کەواتە تەنیام
هەموو شتێک دەبینم
ڕۆیشتنی با
بۆنی هەنگاو زۆر لە دوورەوە
ڕەنگی پێش مناڵیم
سەفەری گەورەبوونی تەمەن
ئەوەی نایبینم نیگای تیژی ژنە
کەواتە تەنیام
تا ئێرە شاعیر گوزارشت لەو حیكایەتە دەكات، بەڵام هەنگاوێكی دیكە دەچێتە پێش و زانیاریمان لەسەر ئەو ژنە دەداتێت كە جیهانی شاعیر قبوڵی دەكات.
ژنێک پرچی لە تەمەنی درێژتر بێت
ژنێک بینینی لە چاوی گەورەتر بێت
ژنێک بەژنی لە یەک کاتژمێرەڕێ درێژتر بێت
ژنێک دڵی لە سنگی گەورەتر بێت
ژنێک جوان جوان گەسک لە خەم بدات
ژنێک هەموو ڕێگەکانی بۆ لای من بێت
ژنێک
دەنگی پیاسەی
ڕەنگی خەونی
چرای چاوی
هەموو ڕیگەکانی بۆ لای من بێت.
ئەوەی نیمە گوێگرتنە لە گۆرانی ئەو
ئەوەی نایبینم نیگای تیژی ئەوە
هیچ لە ڕێگەکانی نایەتەوە لای من
کەواتە تەنیام
زۆر
زۆر
ئەو ژنەی لێرە رووبەرووی دەبینەوە ژنێكە جگە لە چاوی، خودان بینینە. واتە چاوێكی تری هەیە جیا لەچاوی سەری، كە ئەویش چاوی دڵە و لە جیاتی شوێن جوانكاری چاو و برۆی بێت، ژنێكە بە شوێن دیتنی ئەودیوی شتەكانە. ژنێك دڵی لە سنگی گەورەتر بێت. لێرەش دڵ پێش سنگ و مەمك كەتووە، چونكە زۆر ژن هەن كە چاوێكی گەورە و سنگێكی گەورە و سەرنج راكێشیان هەیە، بەڵام هەم بێ دڵ و هەم بێ بینینن، بە جۆرێك شوێن جەستە دەكەون وەك لە رۆح و مانا، كۆیلەی رووكەشن و بەرگەی مانا و ژیانێكی قوڵی رۆحیی ناگرن. ژنێك جوان گسك لە خەم بدات. ژنێك مایەی ئارامی و شادی بێت.
(ژنێك هەموو ڕێگەكانی بۆ لای من بێت) شاعیر بە جۆرێك ئەو ژنە بۆ خۆی مۆنۆپۆل دەكات و دەیەوێت تەنیا بۆ خۆی بێت. واتە چاوەرێی ژنێكە كە رۆحی تێیدا دامەزرێت و هەم مانا و رۆح و بێ خەمی بێتە رۆحی شاعیرەوە.
لە كۆتایی شیعرەكەشدا جۆرێك لە زانیاری تێدایە دەربارەی تەنیایی پیاو. كە پیاو با ژنێك لە تەنیشتی بێت كە چاوی جوان بێت و سنگی گەورە بێت و بەرچاو بێت، بەڵام كاتێك خاڵی بێت لە هەست و رۆح. خاڵی بێت لە باوەشێك كە پیاو خەمەكانی خۆی تێدا دابنێت، ئەوا پیاو بۆ هەمیشە تەنیایە.
وێنەی ژن لەم شیعرەدا وێنەیەكی ترە و كردنەوەی دەرگایەكی ترە لەسەر ژن. كە ئەو ژنە، ژنە مۆدیل و پێشكەشكار و شاعیر و ئەو ژنانە نیین كە رۆژانە دەیانبینین و بەرخوردیان دەكەین، بەڵكو ژنێكە جیهانی شیعر قبوڵی دەكات و وێنەی .دەكێشێت