نیشتیمانبازی




دابان عەتار


وەک نیگارکێشێکی مەست
تابلۆیەک ناخرێتە دێرێکی لارەوە
لە کتێبی شەڕی ڕەنگەکاندا،
جەستەی فەرهەنگ پارچەپارچە کراوە
شیعر یەخسیری تفەنگە
زمان تەنیا دامێنی شەهوەت دەلێسێتەوە
مێژوو لە شێوەی کەڵەگایەکدا
بە دوو قۆچی هەوەسبازەوە
لە یادگەی میللەتێک دەپەڕێت
فەرمادەی گشتی، گاجووتەکان،
دەباتە شەڕی هەتکردنی خاک
بۆڕیان بە زەوی هەڵگرتووە
زەروو دەمیان ناوەتە ڕەشاوی هەناوییەوە
سنوور مارێکی ڕەشە بەسەر پێستی خاکەوە دەخشێ
نیشتیمانپەروەرێکی چڵێس قەممە لەسەر سنگی خاک ڕۆ دەکا
هەناوی نەتەوە هەڵدەزڕێنێ و دەڵێ:
(ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زوبان)
سروودی هەڵزڕاندنی هەستی نەتەوەیی لە دەمی دەڵەسەگێکەوە سپی سپی دەفڕێت
لە خەونی شۆڕشگێڕاندا لاقەدەکرێم و
ئەوەی دەیبیستم قاقای شێتانەیە و گوێم تا دێت درێژتر دەبێتەوە
مێژوو بووەتە وێردی گاجووتە شێتەکان
خاک پەرستگای داڵەکەرخۆرە
داڵ بەسەر دالەکانەوە دەلالەتی ئیفلیج دەخاتە گوێکانەوە
ئەی ڕەقیبی سەگ بە چی بووبووی بە هامان؟*

…..


* دێرەشیعرێکی مەحوی بە کەمێک دەستکارییەوە

Comments (0)
Add Comment