بە خەونێکی مەییو ئاشنا دەبم

نەهرۆ جەرجیس

کۆتا جار کە تۆم کێشا،
ئێوارەیەکی بەهاریی بوو؛
جوانیی خوڕەی دەهات،
ڕووناکی، دوا تیشکەکانی خۆی نمایش دەکرد
نازانم، دەشێت لە ئاهەنگێکدا بە قورسی،
سەرم بەر دووریت بکەوێت
هەندێک ساڵم لە ژیان بیر بکەوێتەوە؛
هەندێک خەون و گۆرانی، با و پیاسە،
بەرەو بێدەنگییەکی مەست ڕاپێچم بکەن
ڕەنگە شەوێک لە کۆڵانی ڕاڕایی دەربچم و
وەک تارمایی لە ژوورەکەتدا سەوز بم
بانگت بکەم: ئەی عەشقە کۆچەرییەکەم،
باوەڕم پێ مەکە!
ناتوانم چیرۆکەکەت تەواو بکەم
وەک هەمیشە،
وانەی گوناهـ بە کۆترەکانت دەڵێمەوە؛
گوڵە گەشەکانی باخچەکەت دەقرتێنم
لە گۆڕستان چاوەڕێت دەبم،
غەریبیی بای مردن دەکەم.

بستێک دوورتر لە یاد و یادگارەوە،
بە خەونێکی مەییو ئاشنا دەبم؛
تۆیت و وەریویت!
ئەڤین بوویت و دەشەکایتەوە،
ژیان بوویت و کانیی بوونت دەڕژایە وەڕسبوونم
تەمەن بوویت و
لە شەقامی زمانم، داهاتووت سڕیەوە
بستێک دوورتر لە ژیانەوە؛
گوێ لە هاژەی گۆرانیی ڕێحانەیەکی پیر دەگریت.

ناوی من لە ئەندێشەتدا سەوز دەبێت
دەڕژێیتە یادگارییە هەرە دێرینەکان
بە برینێکەوە شانەی ژیان دەکەیت
قاقای فەرامۆشیت،
بەنێو وشەکانمدا پیاسەیەکی نیگەران دەکات
چیتر ڕووناکیش داناگیرسێنیت،
هیچ کۆترێکی وشەم لای تۆ نانیشێتەوە
بیری نامەیەکی من ناکەیت و
منیش دەڕۆم و بە خوشکەکانم دەڵێم:
“براکەتان عاشق بووە.”
بە دایکم دەڵێم: “کوڕەکەت عاشق بووە.”
لەسەر دیواری ماڵەکەشتان دەنووسم:
چاوەکانت داگیر دەکەم،
وەک چۆن داگیریان کردم
نێزیکترین خەون، ترسناکترین یادگار؛
ئاوی تاریکی ڕژایە قوڕگم.

کە سپێدە کۆتایی هات،
وتووێژمان لە دەستپێکەوە بەرەو نەمان دەچێت
لە مەقامی بەرزی هاویندا،
بە دەنگێکی دێرین،
لە قووڵایی خەوێکی ئارامدا هەڵت دەستێنم:
“ئەی سەیر و سەمەرەترین گۆرانیی ژیانی من، ڕۆژێکی نوێیە.
ڕەنگینترین پەیڤی ژیانەوەم،
دەشێت من شەیدایەکی ساختە بم،
بەڵام هەرگیز ناشێت تۆ باڵدارێکی ساختە بیت.”

دەڕۆیت و دەشێت بۆ هەمیشە
هیچ هەواڵێک لەبارەی چاوەکانتەوە نەگات
منیش بە دایکم دەڵێم:
“دایکە مردم و ئاگاداری هەواڵی ئێوە نیم،
غەریبیتان دەکەم
نازانم لە کام وێرانەدا ڕۆژەکانت دەژمێریت
دایکە ئێرەم خۆڵستانە؛
جاروبار کە دوعام بۆ دەکەیت،
باران دەبارێت و سەوز دەبمەوە
زەوی ئازیزێکە!
باوکم پەنجەکانی دێشێت، قاچەکانیشی
دایکە دەتگوت: نامریت!
باوکت دوای تۆ جیهان بە ڕووناکی نابینێت.”

دەڕۆیت و
پێکێک تاریکی بۆ یادگاری جێ دەهێڵیت
چاوەکانت نەبینمەوە،
ڕووناکی لە کوێی ئەم زەوییەدا بدۆزمەوە؟

دەڕۆیت و
وەک سێبەرێکی بێدەنگ،
بە تەنیشت سووتانمدا تێدەپەڕیت؛
کەچی ئاگرەکەم نابینی و نایکوژێنیتەوە.

ئاخ، بۆ دواجار ئەم دێڕانە جێ دەهێڵم:
زۆر شاعیرانە خۆشم دەوێیت!
زۆر بەدبەختانە بە ناشرینی پێت دەڵێم،
زۆر دڵڕەقانە وەک گەدایەک،
لە بەردەرگام دووردەخەیتەوە.

Comments (0)
Add Comment