نەهرۆ جەرجیس
خەونەکانم لوول دەدەم و
لەبەر پێی زوڵمی ڕۆژگار ڕایان دەخەم،
ژیان هیچ بەهانەیەکی نامێنێت بۆ سەربڕینم.
بەدەم جێهێشتنی پیاسەیەکەوە
لەنێو دڵخۆشیدا دادەنیشم؛
جیهانێکی چۆڵە و
لە ئاوەدانی دەترسێت.
لە شەقامێکی ساردی
تازەهەتاو، دیوی ئەوبەر مەینەتی،
مشتێک خۆڵی ناشرینی قووت دەدەم.
گوێچکەم بە یادەوەرییەکانی
چوار پێنج مرۆڤی بە تەمەن،
تێر پەرێشانی دەبێت.
چیتر لە پەنجەرەی موقەدەسەوە
سەیری لەدایکبوون ناکەم،
دڵم بەهیچ شتێک خۆش نابێت؛
تەنانەت با و پیاسە بەدبەختەکانیش.
بێزار دەبم لە نامەی ئەو کچانەی
سواڵی خەندەیەک
لە ڕووخساری ماتی من دەکەن.
نازانن ژیان دڕندەیەکە دوام کەوتووە،
لە هەر پەناگەیەکی نیگەرانی بمدۆزێتەوە،
هەتاو بە چاوەکانم ڕەوا نابینێت.
نازانن من پیاوێکی بێ یادەوەرییم،
پیاوێکی نیگەرانم و
دڵم لە دیوارێکی کۆنی پڕ درز دەچێت.
ڕێحانەیەک لە خەونی گڤەبایەکی توانجاویی،
دڵشکاوییم دەخوێنێتەوە.
لە چاوەڕوانی هاتنی پاسارییەکی ئازیزدا،
مرۆڤەکان دەژمێرێت و
شەقام لە چاوەکانیدا هەڵدەگرێت.
دەمەوێت لەو بچم و بەیەکەوە شارمان خۆش بوێت؛
کانی و تەنیاییش.
نا، هەرگیز شاعیرێک یادگەی چۆڵ نییە،
نامەی دڵشکان و ئاوی لێڵی ناسۆری
پڕی دەکەن لە بیرکردنەوەی کوێر.
بەیانیان شار قوڕسە،
بەیانیانم تاریکەشەوە.
وشە هیلاکەکانم لە چاوەکانمدا ون دەبن و
چەندین جار بۆ ئەبەد نەهاتوونەتەوە
پێش دەرگا شکاوەکەم.
شارە و شار کۆتراسا ڕێ دەبڕن،
گۆرانیی ئازیزێک لە لێواری شکستدا
بە تیشکێک هیوا دەگەڕێننەوە
بۆ کۆڵانەکانی پیاسە.
منیش لەوبەری سەرما و سۆڵەوە،
سوپاسی وردوخاشبوونی وەفا و
ڕەقبوونەوەی پێکەنین
لە بەستەڵەکی ژیاندا دەکەم.
ئاخ! دیسان سپێدەیە و
ڕۆحی کۆترێک لە ژوورەکەمدا چاو دەتروکێنێت،
درەختێکی ئەستوور لە لێکدانەوەی خەونەکانمدا
هەرەس دەهێنێت.
بەڵام من ئیتر لەکوێی یادەوەریی درەختدا نیشتەجێ بم؟
نا، هیچ مرۆڤێکی دڵشکاو یادەوەریی نییە؛
بایش، پیاسە و چیایش بێ یادەوەرین.
چرکەیەک دەڕژێتە گوێم،
گوێم دەڕژێتە یادەوەریم،
یادەوەریم ناڕژێتە نێو برین و بیرکردنەوەم،
چونکە برینەکانم
خۆیان بە ئازاری نەبوونی یادەوەری دەگەشێنەوە.
زەرد دەبم لە داخی ئەو بایەی
خەونەکانم ماندوو دەکات.
ئاخ چی لە سەرم بکەم؟
شوێنی ئەو هەموو خەونەی تێدا نابێتەوە و
هەرگیزیش بە بیناییەکی گەش و ڕوون،
لە داهاتووی بێشاریم ناڕوانێت.
من بەدم و بە کوێریش بیر دەکەمەوە!
2025