ناکات

سۆران محەمەد

١
سەدای هەقیقەت

لە دوورەوە
سەدایەكی لانەواز
دێتە بەرگوێ
وەلێ هەر زوو
لە درێژەی هەواڵەکاندا،
_ جەنجاڵی بازاڕ و
_ بەرزونزمی بۆرسەکاندا
بزر دەبێ…
سەدایەك
هەمووان خۆ دەکەنە خاوەنی،
بە ژێی دەنگی کەسیش ناچێ
سەدایەك
سنووری زمانەکان دەبڕێ،
وەك ئەوەی
دوو ڕووی دراوی زەمەن بێ:
شەوگار و ڕۆژ.

لە ڕۆژدا پشیلەکان
وەكو ئاژەڵێکی هاودەم
لەبەر پێدا دەمیاوێنن
وەك هاوڕێیەك
داواکاریی شتێ بکا،
کەچی بە شەو
دەبنە کەمتیار،
لەسەربانی ئاوەزەوە
لوورەلوور و تەپەتەپ دێ

ئەو کاتەی شەو
دەمامكی ڕووی ڕۆژەکان
دادەماڵێ،
لە ژێر تیشکی کزی مانگدا
لاواز و زەردبا و دەنوێنن…
خشەخشی گەڵاکانیش
دەگۆڕێن بە وەڕینی
شــــەو،
قەد و باڵاکانی ڕۆژیش
بە خێو و تارمایی
لە شەو…

سەدایەك
لە دوورەوە دەبیسترێ
بە دەنگەژێی هیچ کەس ناچێ
بەڵام هەر زوو
لەناو غەڵبەغەڵبی
حەشاماتەکان
ون دەبێ…

٢
ونبوون لە کاتدا

دێ
بە خۆی و كێشێکی گرانەوە
تارماییەك
هەر لە تاریکیدا
دەردەکەوێ
سیناریۆی تۆقینێ
لە نێو ئێسک و دەمارەکاندا
پەخش دەکا
تەنیا،
لەسەر گازەرەی پشت ڕاکشا و
دوور له هەموو قەرەباڵغییەکان
کات:
یەک ونیوی شەوە و
نازانرێ
چ نهێنییەکی لەخۆیدا حەشارداوە؟
لەو ساتەدا
لە دوورترین خاڵی زەوی
شەو، پڕ لە فلاشی سوور دەبێ
مەدهۆشێ لەژێریدا
قەڵەمباز دەدا
نەبادا لەناو پیاڵەیەك ئاودا
نوقم بێ!

دێ وەکو میوانێکی ڕەزاقورس
لەناو تاریکییەوە دێ
بێ ئیزن خۆ بە ژووردا دەکا
دێ بێ چرپە و نایەوێ
لەخەو بەئاگابێنەوە
دەنا بلەزتر لە چاوهەڵهێنان
بزر دەبێ
سەراسیمە و پەشۆکا و دەپرسی:
داخۆ درێژەی
خەوە ناخۆشەکەی،
سەرەتای نەوەدەکان بێ؟
کە دەرگای هیچی
بەسەر ژیاندا واڵا کرد؟
یان لیسی یاساوڵەکان و
ڕشانەوەی جەللادەکان
بەسەر جەستەی پەیڤەکاندا؟
ئەو ساتانەی گڵۆپەکان دەکوژانەوە و
لەودیو دیوارەکەوە
دەنگی دەستڕێژ،
بێدەنگییەکانی
دەخەسان.

هاتن
بە لێشاو وەکو ڕەوە کوللـە
خوێنی گەنمەکانیان مژی
مۆخی ئێسکی
لاسکەکانیشیان هەڵووشی
ڕۆژ و شەو هەردووك،
بوونە یەك تارمایی…مۆتەکەئاسا
سواری سەر بوو
تا هەناسەیان لێبڕی
لەوساتەوە
سەر کاسە
لە پێچەکاندا ون دەبێ
تەماشا دەکا و هیچ نابینێ
چ پەتایەکە
شەوکوێریی ڕۆژ؟…
جارێکی دی
سووچی بەتانییەکە لادە
بزانە ناڕەوێتەوە؟

دێ
بە خۆی و کێشێکی گرانەوە…
کاتێ هەناسەسوار دەبێ
لە شیعرێکەوە هاوار هەڵدەسێ
کەس نایبیستێ
ڕاکردن ناگاتە هیچ کوێ…
دەیان ساڵە
ئەم تراژیدیایە پەخشە و
هیچ کەسێکیش نای/ بی/ نێ!

٣
شاری جنۆکاوی

سەرت ژەنی بووە ناو
دێڕی لاپەڕەکان…
گەڵاکانی نێو پەردەکە
چەشنی کرمێکی لولپێچ
دەڕۆشتن
گەرەکت بوو
متمانە بە خۆ بکەی
ئەمە حاڵەتێکی ترە
لە وڕێنە
لێ واقیع بوو…
نەتزانی
پەردەکە دەیویست هاوشێوەی درەختەکان-
گەڵاکانی هەڵوەرێنێ
یاخود کنەی گومانەکانت زیاتر بکا؟

بۆ دوورکەوتنەوە
لە شاڵاوی هیپۆکراتی
ڕووت کردە دونیای مەجاز،
کەچی لەوێ:
دەتبینی تیری ماوسەکە
پێچەوانەی ویست دەجوڵا
هەر لەگەڵ بەکارهێناندا
لەژێر دەستدا دەردەپەڕی
هەتا بڕینی کارەبا
نەتوانی بیکوژێنیەوە!

بە زەردەخەنەی لاقرتێ
بە تەنیشت بنکەی هەڵبژاردندا تێپەڕیت،
چوویتە ژوورێ
کە پێنووست خستە سەر ژمارەی خواست
یەکسەر دەچووە-
سەر خانەکەی پێچەوانە!
ئەو ژمارەیەی
لە دەرێ چەپڵەی بۆ لێدەدرا…

کاتێ شەو وەك پەردە دادێ
بۆ لەیادچوونی واقیعی دژەکان
هەستت دەکرد
بەتانییەکە بۆ خوار دەچێ و
تەپەتەپێ
لەناو دیوارەکەوە دەبیسترێ!
وەكو ئەوەی یەکێك گاڵتەت لەگەڵ بکا
یان نەهێڵێت
غەڵبەغەڵبی شاری بێ ئیرادەی
جنۆکەنشین جێ بێڵیت.

Comments (0)
Add Comment