کەمپی چرپە ساردەکانت

نەهرۆ جەرجیس

دەنگی ژیان، هەناسە ڕۆشنەکانی تێدەپەڕێت،
وەک هاوڕێیەکی چەقۆوەشێن،
بە کزی سەیرم دەکات و هیچ ناڵێت،
له‌ تۆ ده‌چێت، له‌ هەنگاوەکانت،
كه‌ وەک شەمەندەفەر خێرا خێرا
دوورگه‌ی په‌یڤین و شووناسی
ترپه‌ مه‌سته‌كانی منتان جێده‌هێشت
لە تۆ دەچێت، لە شەپۆلە تاریک و بەدەکانت،
کە هیچ کات، باوەڕم بە قاچەکانت نەبوو،
تا بەسەر جادەکانی مندا بڕژێیت
هیچ نهێنییەکی شینم،
لە ژوورە تاریکەکانت جێ نەهێشتووە،
تا کاتژمێرەکانی پێکەنینم دەربەدەر بکەیت،
وێڵی ترپەی چرکە دڵخۆش و ڕووناکەکانم بکەیت.

تۆ بوویت؛
لەنێو تەم و بێهوودەیی پیاسەکانی نیوەشەوان،
دەنگت دەئاخڤی و لە گەروومدا، دەگەشایەوە،
ورشەت، وشەی لێ دەڕژا.
کەچی چاوم نەیدەتوانی
سیما قەشەنگەکەت، بچرکێنێت
نەیدەتوانی بە شەڕێکی بەتاڵەوە،
لە باخچەی دڵڕەقیت، جارێکی تر
ڕووناکی بدزێت.
لەو تەرمە غەریبانە دەچووم،
بە تەنیا لە جەنگ دەهاتنەوە.

لەودیو زەمینەوە، پەژارەییم چڵکی هەڵێناوە،
لەو دیو مەرگەوە، چاوەڕوانیی دایپۆشیوم،
دوو جار لە غەیب ڕواوم،
بێژوومار مرۆڤ، لە تابلۆی پەرتەوازەیی
چیرۆکی من دەدۆزنەوە
من، کە لە نێو کەمپی چرپە ساردەکانتدا،
نەخۆش کەوتووم
لە شەقامەکانت، جێماوم و
هیچ کەس، بەرەو هیچ شوێنێک،
یان بەرەو دوورگەی هیچ کەتوارێک، نامبات
هیچ پێویستییەکم بە نامەکانت نییە،
ئەو نامە ڕەش وبەدفەڕانەی دەربارەی ڕۆیشتن دەدوێن،
وەک بێهوودەیی لۆچ لەسەر وشەکان جێدەهێڵن
پێویستیم بە هیچ پێداویستییەکت نییە،
چونکێ لە باڵتدا و
لە هیچ یەکێک لە کەنارەکانم نەنیشتیەوە
لە سەربانی هیچ شەپۆڵێکیش،
وەک گاوانی ئاسۆ قبووڵت نەکردم.

دڵتەنگم و لە پەراوێزی گۆڕی کۆپلە ساردەکانتدا،
دەنووسم: “چارەنووس، بە فیکەی هیچ سەرابێک،
بە خوێنی کپێتی هیچ گەڕانەوەیەک،
بە هاواری هیچ زەردەپەڕێک، هیچ دیوارێک،
هیچ ڕێگەیەک، هیچ سازێکی شکاو،
هیچ هیچ هیچ…
دەستبەرداری توانەوەی ڕۆژەکانم نابێت.”

هەنگاوەکانم،
لە پیاسەی سەرابێکی خەوتوودا دەچنمەوە
بۆ ژیان قسە ناکەم، دڵشاد نییم
دێڕی هیچ ئاوازێک، بەدوای مندا ناگەڕێت
منێک، کە كوڕی هیچ ئاوازێك نیم،
هیچ گۆرانییه‌كی زستان، پشتگیری ته‌نیاییه‌كه‌م
بۆ شاری تاریكی به‌رز ناكاته‌وه‌
وریای خۆمم، دەترسم شەقامەکان بمڕفێنن،
وریای خوێنی نێو دڵیشمم،
كه‌ هیچ ڕسته‌یه‌كم له‌باره‌یه‌وه‌ نه‌خوێندۆته‌وه‌،
وریای قوژبنەکانی بێ دەنگیمم،
وریای پیاسەکانمم،
هه‌رگیز یادگارێكی بزێویش توانای داگیرساندنی
ئه‌م هه‌واڵه‌ تووڕه‌هات و پیاسە بێزاركه‌رانەی نابێت.

میراتگری هیچ قاوه‌یه‌ك نییم،
هیچ تاڵییه‌ك له‌ هه‌ناومدا پیاسه‌ی نه‌كردووه‌،
له‌ گه‌رووی هیچ قیژه‌یه‌ك، ناڕه‌زاییم له‌ باڵی نه‌داوه‌،
به‌ کۆپلەی هیچ شاعیرێك
جه‌سته‌م ته‌ژی نه‌بووه‌ له‌ برینی شكۆدار و ڕازاوه‌،
لەنێو هیچ تابلۆیەکی ترسناکدا،
بەدوای زەمەنی بیرەوەری شکۆفە و
مەرگی نهێنییەکانی نەهامەتییم، نەگەڕاوم
زه‌نگی ته‌له‌فۆن هیچ مانایه‌كی بۆم نییه‌،
كه‌س له‌ ده‌رگام نادات و
هیچ نامه‌یه‌كیش ناڕژێته‌ ده‌ستم
هه‌رگیز به‌ره‌و شانۆیه‌ك
پێڵاوه‌كانم له‌دوای خۆیانه‌وه‌ ڕایان نه‌كێشاوم،
خۆشبەختانە برینەکانم،
بە پەرجووی هیچ وەهمێک،
تەنانەت هیچ ئومێدێکی مەییو،
تیمار نابێت

ئیتر خۆشەویستی
هیچ بەهایەک لەنێو دەستم جێ ناهێڵێت،
خەونەکانم، لەنێو گۆڕێکی بێ ناونیشاندا
دەنێژم.

Comments (0)
Add Comment