هەموو شتێک شەقام و دار و دیوارە

دابان عه‌تار

بە دارستان پێشکەشە

هەمووان شتن و هیچ شتێکیش جوولە ناخاتەوە ناوم
شەقام زیندانی کردووم
کاتژمێرێکە و لە سینەمدا چرکەچرکیەتی
گۆزیەکی بەتاڵە و لە سەرمەوە دەنگ دەداتەوە
خاڵیم لە مرۆڤ
هیچ نیگایەک گەرمم ناکاتەوە
لێرە پیاسەش دادم نادا، شار سەوزە، مرۆڤەکان میهرەبانن و سڵاوەکانیان پڕە لە بەرائەت.
من دەڕۆم:
وەک بەردێک،
وەک دارێک،
وەک شتێک
ئەرێ گوتم وەک شتێک؟
ئەوانی تریش دەجووڵێن و کاردانەوەیان هەیە تەنێ شتی جووڵاون…
ئەرێ گوتم جووڵاو؟ ئەرێ باسی کاردانەوەم کرد؟ تەنیا جوولە و کاردانەوەی شتانێک دەبینم تەنیا شتن و ناتوانن مانا بە بوونم ببەخشن. ئەرێ باسی مانام کرد؟ مانا چی دەکات ئەگەر ڕێ بکەم و تۆ لە تەنیشتمەوە نەبیت، باسی تۆم کرد؟ بێ تۆیی لەناو جەرگەی ئاپۆڕە و ژاوەژاوی ئەوانیتردا چۆڵەوانییەکە ویشکوبرینگ! ئەرێ گوتم ویشکوبرینگ؟
ئاو هیچ دادێک نادا ئەگەر بە تەماشاکردنی فێنکاییت پێدا نه‌یه‌ت! باسی فێنکاییم کرد؟ تۆ فێنکاییت، باسی تۆم کرد؟
تۆیش منێکە پڕ پڕ، لێورێژ لە مەستبوون بە نیگات؟
لە دەرگای سنگمەوە هاتیە ژوورەوە
قوفڵێکی گەورەت لەم بیابانە دا
لە گەڵ چرۆدا شنەبات خستە سەما
تاڤگەت لە پەنجەکانتەوە ڕژاندە گلێنەمەوە
پێمدا ڕژایت وەک فێنکایی
نەفخت بە سەرابەکانمدا کرد
بوومە کانی و جۆگەلە و ڕووبار و دەریا
ڕژام و شەپۆلمدا
ڕژایت و شەپۆلتدا
لە مندا
لە تۆدا
مانگ دڕی بە ڕەشایی دەدا
لە مندا خۆر بوویت و شەوقت لەسەر مانگی ڕووخسارتدا دەبریسکا
ئەرێ گوتم نیگات؟
نیگارت نیگارێکی ئیلاهییە!
ئەرێ ناوی ئیلاهیم هێنا؟
ئیلاهی تۆ بخاتەوە تەنیشت پیاسەکانم و لەو تەنیاییە پەڕجوو بیت و پڕمکەیتەوە لە خۆت. دەزانیت پڕکردنەوە چۆنە؟ واتە شەقامێک و دوو کەس درێژ ببنەوە و هەرتکیان هەموو دونیایان لەیەکدا ببینن!
دوو دەست و یەک ڕێگا
هەزاران شەقام و هەزاران پیاسە
هەتا هەتایە بسوێ شەقاوەکانمان و بەسوێبێتەوە یادی شەونم لە شەپۆلی قژتدا
یادی تریفە لە ناخی قەتراندا…
بکولێتەوە یادگاری شەقام لە تەمی بیرەوەریدا
سەمای نیگار لە نیگادا
ئەرێ باسی بینینم کرد؟ بینین چلۆن کوێرایی دانایە، کە هەمووان تەنیا شت بن و مانا نەدەن بەبوون، ئەرێ باسی مانا و بوونم کرد؟
پیتەکان فێڵی بچووک بوون بۆ تێگەیشتن
نەگەیمە دامەنی دەستی مانا، جا بوومە خاکی ڕێی
تەریقەی گۆشەگیری بەربدەم و ئەمجارە ڕێ بگرم؟*
چی لە شاعیرە فێڵزانەکان بکەم؟
زمان بەڵایە به‌ڵا
نەفرەت لەو بەڵایەی بە زماندا نایا
ئەو بوڕکانەی لە ناوەوه‌دا
بڵق دەدا، چلۆن دەخرێتە قوتووێکی بچووکی مانا
هیچ عەتارێک ناتوانێت بمگەیەنێتە سەر ڕێ
هیچ ئیکسیرێک ژەنگی ئەم قەفەسەی پێ ئازاد ناکرێ
تۆ مانات بۆ بوونم و زیادتریش!
باسی زیادبوونم کرد؟ هەمیشە ویستوومە تۆم زیاد بێت! وابزانم ئەم دێرە هەڵەیەکی کوشندەی تێدایە، وەلێ چۆن ماناکان کۆکەمەوە کە تۆ لێرە نەبیت و ئەم پیاسەیەم بیابانترین و دڕندەترین تەنیایی بێت! باسی دڕندەییم کرد؟ تۆ چیت ئەی دڕندەترین جوان! جوانییت کەڵبە لە بوونم دەگرێت و ئازار دەگەیەنێتە ئێسقانم! ئەرێ باسی ئازارم کرد؟ تۆ جوانترین ئازاری منیت.
حاشا لەو دەروونناسانە دەکەم گه‌ر بڵێن ئەم دێرە نەخۆشییە! تۆ جوانترین ئازاری منیت!
تەنیا لەوە دڵنیاییە ئەم سەرە ڕاڕایەی من!
باسی جوانیم کرد؟ جوانی کوشندەترین ژەهری منە و لە تۆدا دەیخۆمەوە و پەشیمان نیم لە حیکمەتی مردن لە لێکدانەوەی خەت و خاڵت. باسی خەت و خاڵم کرد؟
خەت و زاری کە باسی کەوتە گوڵزار
کەچ ئەستۆ ما وەنەوشە، غونچە دڵ تەنگ
جیهانی کردووە سەرخۆش و مەدهۆش
*لەبی وەک بادە، خەتتی سەبزی وەک بەنگ
ئەرێ باسی چیم کرد؟
وەنەوشە؟ خونچە؟ سەرخۆش؟ مەدهۆش؟بادە؟ بەنگ؟
دەزانی ئیکسیری مەدهۆشیم لە خەت و خاڵت و خەتتی سەبزی چاوەکانت سازکراوە بۆیە وەک بەنگی بە شەقامەکانی ئێرەدا دەخولێمەوە و سەرم دەخولێتەوە و دڵم چۆڵ چۆڵە لە هەست و سڵاوی شتەکان دەستێنمەوە و دڵم لای سڵاوی تۆیە کە نییە و خوێنم داوای دەکا و داوای دەکا…
کەی بە بیابان بوون شەقامەکانی ئێرە؟
کەی سەراب لەسەر تەختی پاشایەتی لە قاقایەکدا قەنەی قوتووی دڵمی دا؟
بۆ نیت؟
ئەرێ بۆ نیت؟
بۆ لێرە نیت؟
حەزم لێ بوو بڵێم:
جیهان ڕادەکێشمە ناوەوەم
تا بە ئاسانی بەنێویدا پیاسە بکەم #

پیاسەیەکت بە ڕوانینمدا کرد و گوتم:
دوورییت ڕادەکێشمە نزیکی خۆم #
ئەرێ باسی چیم دەکرد؟ ئۆهۆ هۆ باسی چی و چی و چی؟
لە باسی مەینەت و دەردی دەروونی بۆیە دەم نادەم
لە خوێناوی دڵی پڕغەم کە سینەم مەوج ئەدا تا دەم
غەمم دێتێ کە بۆ وەک کۆدەک ئاگر بەردەمە کاغەز
لە بۆ نووسینی غەمنامەی دڵم هەرگا قەڵەم دادەم*
قەڵەم بەلاڕێدا دەڕوا
مەگەر فەنا دەبێتە پەنا؟
مەگەر ڕا دەبێتە ڕێگا؟
مەگەر نا دەبێتە ئا…؟
ئا ئا ئاو دەدوێم، ئاو دەڕژێم ئاو دەبێتە ئاه و لە سینەمدا
ئاخ لە سینەمدا!
مەگەر ئاه لە سینەدا دەبێتە مانا؟
مەگەر حەسرەت درێژبوونەوەی ڕێ و توولەڕێ نییە تا ناکۆتا؟
مەگەر تۆ چیت ئاوا ڕوواویت لە مندا؟
ئەرێ سەوزایت چ سیحرێکە لە مندا؟
خەت و خاڵت چ زامێکە قووڵ لە ڕامانمدا!
ئەوەی بێزاربێ لێم، حەقیەتی لەکاتێکدا من بەبێ باددەی تۆ هیچم بۆ ناخرێتەوە سەر هیچ و تەنیا شەقام و درەخت و دار و دیوار دەبینم، مرۆڤم دەوێ و نییە، ئەرێ گوتم نییە؟
شەوی تۆیش باش، بەڵام پێم سەیرە دیوار سڵاو دەکات و منیش ناچارم بە ئەدەب بم و وەڵامی بدەمەوە… ئەرێ چۆن دەست و پێ لەم دار و دیوارانە ڕوا؟
ئەوە مرۆڤەکانن بوون بە دارودیوار یان دارودیوارەکانن لە شکلی مرۆ دا؟
دەزانی چییە؟
هیچ شتێك تۆ پڕ ناكاته‌وه‌ له‌ مندا
خاڵی خاڵیم و خاڵت دووره‌ و خه‌یاڵم خاو خاوه‌
هیچ شتێک نییە جگە لە هەرزەکارێکی تەنیا لە شەقامەکانی وڵاتێکی دووردا، بیر لە بوونی خۆی دەکاتەوە کە پەیوەستە بە تۆوە…

دلهی-هەولێر(٢٠٢٢-٢٠٢٤)

………
_ جووله‌، جووڵه (هه‌روه‌كوو هه‌رتكیان له‌ فه‌رهه‌نگه‌كانی وه‌كوو خاڵ و هه‌نبانه‌بۆرینه و هتد
به‌كارهاتوون منیش به‌هه‌ردوو ڕێنووس به‌كارم هێناون).
_ (*) هەموو ئەو شوێنانەی ئەو نیشانانە داندراون لە شیعری مەحویەوە وەرگیراون و لە هەندێک جێدا دەستکاری کراون.

_# (جیهان ڕادەکێشمە ناوەوەم
تا بە ئاسانی بەنێویدا پیاسە بکەم.) (دیار سۆفی)

_# (دووریت ڕادەکێشمە نزیکی خۆم) (تەیب قادر)

Comments (0)
Add Comment