دابان عهتار
کاتێک عیسا هەستی کرد دونیای دەوروبەری سیخناخ بووە لە کوفر، بانگی کرد: کێ پشتیوانمە بۆ لای خودا؟ حەواریەکان گوتیان ئێمە پشتیوانانی خوداین و باوەڕمان پێی هێناوە، دەسا تۆیش شایەتی مسوڵمانیمان بۆ بدە. خودایە باوەڕمان هێناوە بەوەی ڕەوانەت کردووە و شوێنکەوتەی پەیامبەرەکەتین دە تۆیش لەگەڵ گەواهیدەرەکاندا تۆمارمان بکە*…
لە کاتێکدا کوفر بە جوانی كوفر به فره ڕوانین و بیركردنهوه دونیا دەتەنێ و تۆیش پێتوایە باوهڕداریت به جوانیناسی، ناشیرینییهكان نهفهسیان بۆت نەهێشتووهتهوه، باشتر وایە ژینگەکەت بچووک بکەیتەوە، واتە مرۆڤ دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە: خۆی دەگەڵ عامێ بدا و بچێتە شامێ، پارێزگاری لە تاکایەتی خۆی بکات و لە سنوورێکی بچووکتر بانگەشەی ناوەوەی خۆی بکات. لە دۆخی ئیستای ئەدەبیاتی جددی جیهان بە گشتی و بە تایبەتی هیی کوردی کە پێش ئەوەی خوێندنەوە ببێتە کولتوور، سۆشیاڵ میدیا هات و زمانی میللی کردە زمانی باوی کۆمەڵگە، بەم ئاوهایەش زیاتر خەڵکی لە ئەدەبیات و بە تایبەتی شیعر تاراند. لەوەیە ژیرانە بێت گەر بپرسین بۆچی بە تایبەتی شیعر؟ چ پێوەندییەک لەنێوان سۆشیاڵ میدیا و شیعردا هەیە؟ نامەوێت لیرەدا لە هەموو لایەنەکانەوە لە کەمی خوێنەری شیعری جددی بدوێم، ڕێگە بە خۆم نادەم لە زۆر لایەنەوە کە زانیاریم تێیدا کەمە ئاماژە بە شتی کرچ و کاڵ بکەم، بەڵکو دەمەوێت ئەوەی لە میانی ئەزمونی خۆمەوە وەک خوێنەرێکی شیعر وەک پێوەندییەکی زۆر لەگەڵ نووسەران و خوێندنەوە بۆ تێگەیشتنەکان، چەند سەرنجێک بنووسم. کاتێک لە پڕ و بێ پێشەکی دونیای ئێمە بە ڕووی تەکنەلۆژیادا کرایەوە و پێش ئەوەی خوێندنەوە ببێتە کولتوور، سۆشیاڵ میدیا هات و زمانی میللی کردە زمانی باوی کۆمەڵگەی کوردی، ئیدی شیعر وەک تاکە مەخلوقی ناباو خۆی لە زمانی گشتی دابڕی. کاتێکیش کۆمەڵگا لە سنووری زمانێکی میللیدا قسان بکات. پێموایە لە سنوورێکی میللیشدا بیردەکاتەوە، کاتێک گشت وا بیر دەکاتەوە کە تەنیا یەک ڕوانین هەیە بۆ شتەکان، ئیدی لە دیدی ئەوانەوە شیعر پەکی دەکەوێت، چونکە ئەوەی ئێمە لە پێکهاتە و میژووی شیعردا خوێندوومانەتەوە، شیعر گەڕان بووە بەدوای: ڕامان، ڕوانین و دەربڕینی جیاوازتر لە باو، کاتێکیش مرۆڤی سۆشیاڵ میدیا بەر شتێکی جیاوازتر بکەوێت لەو شتانەی بەردەوام گوێ و چاوی پێ دەئاخنرێ هەست دەکات شتێکی نامۆی بینیوە، کاتێکیش نامۆیی دەبینێت ڕا دەکات لێی، چونکە مرۆڤی ئێستا دژە ناباوە و لەناو باودا تواوەتەوە. لێرەدا پرسیارێک بە گرنگ دەزانم: ئایا شاعیران ببنە کەسانی باو و زمانەکەیان دابەزێننە ئاستی میللی یان کۆمەڵگە بانگ بکەن: هۆ خەڵکینە! کێ پشتیوانمە بۆ شیعر؟ بەم دواییانە شاعیرمان هەبوون کە بەدوای بانگەوازی خەڵک کەوتوون و خەڵکیان لە خۆیان کۆ کردووەتەوە لەپێناو بانگەشەکردنی ئەو کەسانەدا نا بۆ زمانێکی شیعری و ڕوانینێکی شیعری، بەڵکو لەپێناو دابەزاندنی ڕوانین و زمانی خۆیاندا بۆ میللی. ئەگەر بەرەبەرە ئەو شاعیرانە ئاستی ڕوانینی جەماوەرەکە بەرزکەنەوە بۆ ئاستی شیعری، لەوەیە کردەکانیان بە شۆڕشگێڕانە لە قەڵەم بدەین و بڵێین ئەوانە لە خۆبووریو بوون، توانیان خۆ بەناو کۆمەڵگەدا بکەن و کۆمەڵگە ڕزگار بکەن لەو کاڵبوونەوەی زمان و بیرکردنەوەیە. بەڵام ئایا دەتوانن بە زمانێکی میللی بانگەشەی زمانێکی شیعری بکەن؟ لەوانەیە لێرەدا وریاییەکی زۆری پێویست بێت تا بتوانن دەرۆستی توانەوەی خۆیان بێن لەناو ئەو ڕوانین و زمانە میللییەدا، ئایا دەکرێت بە زمانێکی میللی قوڵ بیربکەینەوە؟ پێموایە زمان لە بیرکردنەوەوە هەڵدەقوڵێت، مومکین نییە کەسێک بە زمانێکی میللی بنووسێت و بیردکردنەوەی قوڵی هەبێت و ڕوانینێکی جیاوازی هەبێت بۆ شتەکان. لەو شوێنەدا شیعر هەوڵی بوونیادنانەوەی: شتەکان و دۆخ، دیاردە، ڕووداو و حیکایەتەکان دەدات، بە شێوازی جیاوازتر و ڕوانینی تر لێیان، دەیانخاتە نێو دونیای خۆیان، لەو خاڵەوە مرۆڤی سۆشیاڵ میدیا کاتێک دێت و بیردنەوە و زمانی شیعری بە هیی خۆی دەپێوێت، ناهاوسەنگییەکی وا دەبینێت بە شێوەیەک لێی دەتۆقێت، کاتێک مرۆڤ بەر شتانێک دەکەوێت کە پێشتر نەیدیون یان تامی نەکردوون هەوڵ دەدات نکۆڵیان لێ بکات بگرە دژایەتیشیان بکات. ئەوە ئاساییە مرۆڤی میللی بەرەوڕووی شیعر بێتەوە، بگرە گاڵتەی پێ بکات، لەو شوێنەوە نائاساییە کە ئەو تیڕوانین و گاڵتەجاڕییە بپەڕێتەوە نێو خوێنەرە جددیەکان یان تەنانەت نووسەران! بەڕای من لە هەر کۆمەڵگایەک ئەدیبان ڕێیان بەخۆیان دا گاڵتە بە شیعر بکەن یان تەنانەت بە قسەیەکیش لە نرخی شیعر کەم بکەنەوە دەبێت بووەسترێنرێن. لەوەیە ئاسایی بێت دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە کە بۆ بەردەوامی خۆی بگرە بۆ بژێوی خاوەنەکانیان لە ڕوانگەیەکی بازرگانییەوە کەمترین کتێبی شیعری چاپ بکەن، بگاتە ئەوەی بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە بەهای شیعر کەم بکەنەوە، بەڵام ئەوە نائاساییە نووسەرانیشمان بێنە سەر دینی وان و بە جووزەلەی وان هەڵپەڕن! هەرکاتێک نووسەران هەمان پێوەری کەسانی میللی و سیاسییان هەبوو بۆ تێکستی ئەدەبی، پێیان وابوو زۆرینە لەسەر حەقە و زۆرینە توانا و مافی مانەوە و بڕیاری هەیە، ئەوا ئەو جۆرە نووسەرە ناچارە و ڕێگەچارەیەکی تری نییە لەوەی ببێتەوە بە بەشێک لەو زۆرینەیە و لەنێویان دا بە هەمان شکڵ و شێوە و دەنگەوە ون بێت. دەکرێ بەو خۆ گۆڕینە دەوری قەرەباڵغ بێت، بەڵام مرۆڤی بیرکەرەوە شوێنی لێکدانەوە خودییەکانی خۆی دەکەوێت بۆ شتەکان نەک وەک ڕۆبۆتێک لە سیستەمێکی ڕێكخراودا لەلایەن کەسانی ترەوە هەڵسوڕێندرێت، بگرە ڕۆبۆتەکە بڕیاری ورد تر(دەڵێم وردتر نەک دروستتر!) دەدات بەوەی نوخبەیەکی خاوەن زانست هەڵیدەسووڕێنن، بەڵام ئەوجۆرە نووسەرە لەگەڵ عامێ دەچێتە شامێ.
لەوەیە ئەمڕۆ ئەو ڕۆژە بێت کە ئەدیبان بڵێن (این المفر؟)**(ئایا دەربازگە لە کوێوەوە؟ ڕێی ڕزگاری لە کوێوەوەیە؟). هەموومان هەستمان بەوەکردووە خوێنەرانی ئەدەبیاتی جددی بە تایبەت شیعر کەمبووەتەوە، لەکاتێکدا ژمارەی شاعیران رۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە! ئایە ئەو هاوکێشە خەلەلێکی تێدا نییە؟ بۆچی خوێنەرانی شیعر کەمبووەتەوە و شاعیران زیادیان کردووە؟ ئەو شاعیرانە لەچییەوە دروست بوون لەکاتێکدا کتێبی شیعری ئاوا فرۆشی کەمبووەتەوە؟ وەک ئەوە وایە بڵێین شاعیرانێکی زۆر لەخۆڕا هەڵتۆقیون! زۆربەی شاعیرانیش بە نهێنی یان ئاشکرا گلەیی دەکەن لەوەی خوێنەرانی شیعر کەمبووەتەوە و شیعری جددی لەلایەن دەزگاکانی بڵاوکردنەوە و خوێنەرانەوە لای لێ ناکرێتەوە. لێرەدا پرسیارێک بە گرنگ دەزانم لە شاعیرانی بکەم: ئایا ئێوە کتێبی شیعری دەخوێننەوە؟ ڕووی قسەم لەو نووسەرانە نییە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن لەمێژە بە کوردی ناخوێننەوە یان کتێبی کوردی ناخوێننەوە، چونکە بەڕاستی ئەو نووسەرانەی خۆیان بە کوردی دەنووسن و ئەو قسانە دەکەن بە حسێبی خۆیان دەیانەوێت بڵێن ئێمە مەعریفەیەکی سەروترمان هەیە لەمەعریفەی کوردی، ئەوجۆرە نووسەرانە حەقی خۆیەتی لە هەرشوێنێک ئەو قسەیان کرد سیکتر بکرێن و ڕاستەوخۆ بە قسەیەکی ڕەقتر لە دزێوی خۆیان و بیرکردنەوەیان بێدەنگ بکرێن و هەر کەسێکیش گوێی لەو جۆرە قسانە بوو لە نووسەرێکی کورد لەدوای ئەو قسەیەوە هەموو نووسینەکانی بلۆک بکات، ئیدی تاقە حەڕفێکی لێ نەخوێندرێتەوە، تا جارێکی دی جورئەتی ئەوە نەکا سووکایەتی بە مەعریفەی کوردی بکات و خۆشی بە بەشێک لە مەعریفەی کوردی بزانیت! لەکاتێکدا خۆی بە کوردی نەخوێنێتەوە، چۆن دەکرێت چاوەڕوانیی ئەوە لە خوێنەرانی کوردی بکات ئەو بخوێننەوە؟ ئایا ئەوەش جۆرێک نییە لە بیرکردنەوەی دەرەبەگانەی بەناو ڕۆشنبیرێک؟ جۆرێک نییە لە بەرهەمهێنانەوەی کوێخا و ئاغایەتی کولتووری؟ ڕووی قسانم لەو نووسەرە کوردانەیە بە تایبەتی ئەو شاعیرانەی تا ئێستا ئەو سەفسەتە سەقەتە لێ نادەن، بگرە ئەگەر بە هەر چەند زمانی تریش بخوێننەوە بەشێک لە خوێندنەوەیان بە زمانی کوردییە، ئایا شیعری نوێی کوردی دەخوێنیتەوە؟ پێموایە لە ئێستادا کاتی ئەوەیە گروپی بچووک بچووک دروست بکرێن بۆ خوێندنەوەی شیعری نوێی کوردی، لەم قۆناغەدا بۆ ڕزگارکردنی شیعری کوردی لە کەمخوێنەری، پێویست ناکات بانگێشتی هەموو خوێنەرانی ئەدەبیات بکەین، بگرە ئەگەر تەنانەت تەنیا شاعیر و ئەدیبان کتێبە نوێکانی شیعر بکڕن و بیخوێننەوە، بە ڕای من شیعری نوێ خوێنەرێکی زۆر زیاتر لەوە پەیدا دەکات کە چاوەڕوانین. لێرەدا جێی خۆیەتی ئێمەش بپرسین: ئایا پشتیوانان و ڕزگارکەرانی شیعر لە کوێن؟ مەگەر ئەوانەی خەریکی نووسینی شیعرن لە هەمووان لەپێشتر نین ببنە پشتیوانانی شیعر؟ ئەی بۆچی نایەن پێکەوە پشتیوانی لە شیعری کوردی بکەین، بەتایبەتی لەو کتێبە شیعرییانەی لەمەودوا چاپ دەکرێن؟ بەلای کەمی با کەمێک متمانە بۆ شیعر بگەڕێنینەوە! پێموایە ئەگەر کتێبێکی شیعری چاپ بکرێت و نیوەی ئەو کەسانەی شیعر دەنووسن بیکڕن لەمەودوا هیچ دەزگایەک ناچار نابێت بڵێت شیعر چاپ ناکەم. بەڵام ئایا شیعرنووسەکانمان ئامادەن یەکتری بخوێننەوە؟ ئەوەی دیقەتم داوە لەنێو شاعیران خەلەلێکی زۆر زەق هەیە کە مەگەر بەوە چارە ببێت کە (وَنَزَعْنَا مَا فِي صُدُورِهِم مِّنْ غِلٍّ إِخْوَانًا عَلَىٰ سُرُرٍ مُّتَقَابِلِينَ} [الحجر : 47]) مەگەر هەرچی بوغز و کینە و ناتەبایی هەیە لە دڵەکانیاندا دەری بێنن و وەک برای ئەدەبی یان پشتیوانانی ئەدەبی بەرانبەر تێکستەکانی یەکتر دانیشن و ئارام بگرن لەسەر خوێندنەوەی یەکتر. ئەگەر ئەوە یۆتۆپیای شاعیران نییە ئەی چییە؟ ئەی شاعیران و ئەدیبان بانگێشتتان دەکەم بۆ یۆتۆپیای ئەدیبان، لەبەر خاتری خۆتان یەکتری بخوێننەوە و گلەیی لە خوێنەرانی دی مەکەن! ڕق و کینە و چڵکەکانی دی کە لەسەر دڵەکانتان نیشتووە لەبەر خاتری ئەدەبیات وەلای بنێن، ناڵێم یەکتری بخوێننەوە و لە کرچ و کاڵییەکانی یەکتر بێدەنگ بن، نەخێر یەکتر بخوێننەوە لەپێناو گەیشتن بە تێکستی باشتر پەنجە لەسەر کەلێنی تێکستەکانی یەکتری دابنێن، بەڵام لەسەر تێکستەکان نەک کەسەکان. با لە دەرەوەی هاوڕێیەتی و دووژمنداری، کە ئێستا بوونەتە پێوەری خوێندنەوە و ڕەخنە، یەکتری بخوێنینەوە. ئەگەر
بە پێویستیشمان زانی لەسەر یەکتر بنووسین تا یۆتۆپیاکەمان فراوانتر ببێتەوە و بەرەبەرە خوێنەرانی تریش بگرێتەوە! ئەگەر ئێوە نەتوانن کینەی نێو خۆتان چارە بکەن چۆن ڕێ بە خۆتان دەدەن گلەیی لەوانی دی بکەن؟ ئیدی با ئەگەر کەسێکمان کتێبێکی کوردی باشی خوێندەوە بێ گوێدانە ئەوەی خاوەنەکەی خۆش دەوێ یان نا، بۆ پێنج شەش کەسی تریش پێشنیاز بکات، مەگەر بە کولتوورکردنی خوێندنەوە هەر ئاوا تەشەنە ناکات؟
لهوهیه کۆتاییەکانی ئەم وتارە لە شێوازی خۆی لای دابێت، بەڵام پێموایە لەبەر ئەوەی ئەو بابەتەی باسی کراوە جۆرێکە لە لادان شێوازەکە ناچاربووە ئاوای لێ بێت!
ئایا ئیدی نووسەران یەکتری دەخوێننەوە یان ئەم وتارە دێنن و هەندێک تێکستی ناوی دەردێنن بۆ درووینی جلێک بەبەر بیرکردنەوەی مندا و بڵێن سەیرکەن نووسهر لەو وتارەی ئاماژەی بە فڵان شت کردووە، کەواتە باوەڕی ئاوا و ئاوایە کەوایە ئیدی مەیخوێننەوە! ئەوەی ئاوا بیربکاتەوە نەک وتارێکی وا بەڵکو سەتان لێکۆڵینەوە بگرە هەزاران داو و دەرمانی پەڕجوو ئاساش فریای ناکەوێت و هەر بەدوای کڵاوە بابردووەکەی خۆی دەکەوێت و هەر لەنێو کینەی خۆیدا دەتلیسێتەوە!
بانگەشەی من بۆ ئەوەیە با لێکدی جودابین، با دیدگا و شێواز و ڕوانینمان لهیهك جیاوازبێت، بەڵام یەکتر بخوێنینەوە! با فراوانتر بیربکەینەوە لەوەی ئەوەی وەک ئێمە نەبوو پشتی لێ هەڵکەین، بەڵکو ئەدەبیات وەک خوانێک سەیر بکەین کە جێی هەمووان دەبێتەوە، هەموو دەتوانن لەنێو ئەدەبیاتدا ڕەنگی ویستراوی خۆیان بنەخشێنن.
……
پهراوێز
*ال عمران 52
**يَقُولُ ٱلۡإِنسَٰنُ يَوۡمَئِذٍ أَيۡنَ ٱلۡمَفَرُّ(القیامه 10)