ڕێبوار عوسمان یاسین
مستەفا سەباعی هزرڤان لە وتەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت: گەر خامە کەوتە دەستی نەفام و چەك لە دەستی تاوانکار و دەسەڵات لە دەستی ناپاکدا بوو، ئەوا نیشتمان دەبێتە جەنگەڵێك و کەڵکی ژیانکردنی نامێنێت.
ئەم زۆرانبازییە مێژووییەی نێوان ڕاستی و ناڕاستی، ستەم و داد، دەسەڵات و ڕۆشنبیر جەدەلێکی مێژوویی لەخۆ دەگرێت، زۆرانبازییەکەش زۆر شێوەی جۆراوجۆر بەخۆوە دەبینێت، بەڵام هەرگیز نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت بڕیار و وشەی زاڵ هەمیشە پێوەر نییە بۆ ڕاست و دروستی بێژەرەکەی، بەو مانایەی: هەمیشە مێژوو بەهێز دەینووسێتەوە، بەڵام کەمینەی ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بوون، هەرچەندە توانای ماددییان نییە، مانای ئەوە نییە چەوت بن و دەبێت سەرکۆنە بکرێن.
وەك چۆن لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا هەر کەسێك دەستی خامەی گرت دادەنرێت بە ڕۆشنبیر، بەڵام ئەم تێڕوانییە گەر جارانێك ڕێژەیی بێت ئەوا جارانێکیش سەر لەبەری ڕاست نییە و ڕەنگە کەسی خامەبەدەست پێچەوانەی ڕۆشنبێرێتی بنووسێت و بجوڵێت.
بەتایبەتی وەك ئەفلاتۆن دەڵێت: زۆرینەی خەڵك لە دیدگای دەسەڵاتەوە شەڕەنگێزن.
ئەوا زۆر ئاساییە ئەو ڕەهاییەی پێوەری دەسەڵاتەکان، کە سەرچاوەی مانەوە و هێزی خۆی لە زۆر ڕووەوە زامن کردووە جێی مشتومڕ و وتوێژ بێت، بۆیە ئاوها بە متمانە بەخۆبوون و ڕاشکاوانە دژی خاوەن فیکر و داهێنان وهاونیشتمانیانی خۆیان دەکەونە سەنگەرەوە.
هەرچەندە وەك نعۆم چۆمسکی دەڵێت: ڕۆشنبیری ڕاستەقینە هەڵگری حەقیقەتە بە ڕووی هێزدا، بەڵام مەخابن لە ژینگەی دەسەڵاتە تۆتالیرەکاندا، کە کۆمەڵگای ئێمەش بەشێکە لەو ژینگانە، دەسەڵات سوپایەك لە خامە بە دەستان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە، بۆ ڕەوایی دان بە بوونیان و ڕەفتار و دروشمەکانیان.
کێ هەیە نەزانێت لە کوردستان دەرکردنی گۆڤارێك یان ڕۆژنامەیەك یان دروستکردنی دەزگایەك یان بنکەیەکی ڕۆشنبیریی یان کەناڵێکی ڕاگەیاندن و تاد… تێچوونی ماددی گەرەکە و ئەمەش لە توانای بابای نووسەری بێ کار و بێ داهاتدا نییە، بگرە بەشێك لەو میدیایانەی دەسەڵات و سێبەریش پاداشت دەدەن بە نووسەرەکانیان، ئەوانیش لە بەرانبەردا هاوسۆزی خۆیان لە نووسینەکانیاندا بە جۆرێك لە جۆرەکان بۆ ئەو دەزگا و بڵاوکراوانە و دید و ئایدیاکانیان دەردەبڕن، جا یان ڕاستەوخۆ ئۆرگانی حیزبین، یان میدیای سێبەرن و خۆیان بە ئازاد ناوزەد دەکەن، بەڵام بە پرسیارێکی ئاسان دەتوانین ڕاستی و ناڕاستی ئەو وەڵامە چنگ بخەین کە سەربەخۆن یان نا؟ کاتێك بپرسین سەرچاوەی داهاتتان لە کوێوە وەردەگرن؟
لە هەمان کاتدا لێرە و لەوێ چەند هەوڵێکی بچووکی تاکەکەسی هەن کە داهاتی ماددی زۆریان تێناچێت، وەك بەڕێوەبردنی پێگەیەکی ئەلەکترۆنی، کە لەبەردەستی زۆر کەسدایە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە دەسەڵات چاوی بەو هەوڵە تاکە کەسیانەش هەڵنایەت و گەر هیچیان بەرانبەر نەکرێت، ئەوا فەرامۆش دەکرێن و پەراوێز دەخرێن و دەخرێنە لیستی ڕەشەوە، ئیدی وردە وردە کاتێك بێلایەنییان دەردەکەوێت و ئاوازیان لە گەڵ کۆڕاڵی دەسەڵاتدا یەکنایەتەوە، دەخرێنە بەر پلار و هێرشی ناڕەوای خامە بە دەستانی میدیای سێبەر.
یەکێك لەو مالپەرە جوان و وێژەییانەی ڕەوتێکی بێلایەنی هەیە و هیچ پەیوەندی بە پۆڵەتیك و دەسەڵات و کاروباری سیاسەتەوە نییە، ماڵپەڕی شیعری (تەم)ـه، چەند شاعیرێکی لاو بەرهەمەکانیانی تێدا بڵاو دەکەنەوە و سوود لە ئەزموونی یەکتری دەبینن و تێیدا ڕەوتی وێژە و شیعری کوردی هاوچەرخ تاووتوێ دەکرێت و بەهۆیەوە پێشدەکەوێت، تەنیا ئەوەی کۆیان دەکاتەوە شیعرە و هیچ ناسینێکی پێشوەختە لە نێوانیاندا بوونی نییە، بە حوکمی ئەوەی هەریەکە و لە ناوچەیەکەوە دەنووسێت و هەست و نەستی خۆیانی تێدا دەئافرێنن.
شیعر کە ئەرستۆ سەبارەتی دەڵێت:زۆر لە مێژوو فەلسەفئامێزترە، چونکە مێژوو مامەڵە لەگەڵ چەندەکیدا دەکات و شیعر مامەڵە لەگەڵ هەمەکیدا دەکات. یان وەك پاتریك لویس ئاماژەی پێدەکات: شیعر تونێلێکی تری ڕووناکییە. لە کاتێکدا سۆمەرست مۆم بە تاجی ئەدەب ناوی دەبات و بە باڵاترین ئاستی دەربڕینی هۆش دایدەنێت.
کەی ڕەوای حەقە پلار بگیردرێتە ئەو هەوڵانەی کە بێ دەسکەوتی ماددیی بە دوای خزمەتکردندا دەگەڕێن و ماندوو و دەبن و شەونخونی دەچێژین.
لەم دواییانەدا نووسەرێك لە ڕۆژنامەی (هەولێر)ەوە ئاوها پلار دەگرێتە ئەو شاعیرانە و دەنووسێت: (بگرە لاسایی یەکتریش لە ڕووی تێمای شیعری دەکەنەوە، وەك بابەتی ڕەشبینی و رەتکردنەوەی نیشتمان و ڕەخنەگرتن لە سیاسەت و پووچگەرایی ژیان و چەندان بابەتی هاوشێوەی دیکەش، ئیدی نازانم کامەیە جیهانبینی و ئەزموونی جیاواز، گەر شاعیرانێك هەموویان هەمان بابەتیان کاوێژ کردەوە؟).
سەرەتا پێویستە ئەوە بگوترێت کە قسەکردن لەسەر شیعر باشترە بۆ ئەهلی ئەو هونەرە جێبهێڵین، بەڵام وەك چۆن کاکی ڕۆژنامەوان ئەم ڕایەی دەربڕیوە، منیش وەك خوێنەرێك دەبێت ئەوە بڵێم کە شیعر دنیایەکی زۆر بەرفراوانترە لەوەی بە چەند وشەیەك پێناسەی بکەین، ئەوانەی دەنووسرێن تەنیا تێڕوانین و تێگەشتنی ئەو کەسانەیە بۆ شیعر، لەبیرمان نەچێت شیعر لەگەڵ سەرهەڵدانی مرۆڤدا بوونی هەبووە و دەربڕینێکی هونەرییە و هەست و سۆز تیایدا دەستلەملانی تێما دەبێت و مانای قووڵ لە چەند زاراوەیەکی هونەریی چڕدا لەخۆی کۆ دەکاتەوە، کاریگەری و خرۆشان لە ناخدا بەرپا دەکات. جۆر و شێوەی ئەم هونەرە ڕەوانبێژییە هێندە بەربڵاو و هەمەڕەنگە، هەرگیز ناتوانرێت بە چەند وشەیەك هێڵێكی ڕاست و چەپ بەسەر ئەو پێکهاتە هزریی و هەستەکی و زمانەوانییانەدا بهێنرێت گەر بمانەوێت بە ویژدانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
با بوار بەو شاعیر و لاوە خێرلەخۆنەدیوانە بدەین بنووسن و دەمکوتیان نەکەین، ئەوانە ئاوێنەی هونەریی واقیعەکەیانن و بەس لەبەر ئەوەی وەکو ئێمە بیر ناکەنەوە و بابەتی شیعرەکانیان بە دڵی ئێمە نییە پەراوێزیان نەخەین، دەستمایەی ئەوان هەر وشەیە و دڵنیام کەسانێکی ئاشتیخوازن و زیانیان بۆ هیچ دەستە و لایەنێك نییە، وەك بەرپرسیارێتی ئاکاریی گەر هانیان نادەین و ئاسانکارییان بۆ ناکەین با پاشقولیشیان لێ نەگرین، دەرگای ڕەخنەی پرۆفیشناڵیش هەرگیز داخراو نییە، ئەگەر کەسانی تایبەتمەند بیانەوێت لەو دەرگایەوە شیتەڵی پێکهاته جۆراوجۆرەکانی ئەو شیعرانە بکەن، دەتوانن لایەنە گەش و لاوازەکان بێ لایەنگیریی یاخود بەرەنگاربوونەوە دەستنیشان بکەن.
لەو بڕوایەدام جیلی تەم تەنیا ئەوانە نین لەو ماڵپەڕەدا دەنووسن، بەڵکو ئەوەی ئەوان دەینووسن ئازارە جوانەکانی سەراپای میللەتێکە کە بە دەیان ئەزموونی تاڵدا تێپەڕیوە و دەیهەوێت تروسکەی ئاسۆیەکی گەش ببینێتەوە و هەر زوو گەواڵەیەکی ڕەش بەر دیدگایان دەتەنێت و ئەوانیش ئاوها خۆیان و ژیان و ئەزموونەکانیان دەشیعرێنن.