تەفسیرەکان

ئارام محەمەد

١
وەک کاغەزی سووتاو جەرگیان ڕەش بوو،
دەرمانخانە و مزگەوت و گۆڕستانەکان،
بە تەفسیرەکان تۆق درابوون
دەستیان بەستم
لە شەودا و لەگەڵ بادا و لە تەنگانەدا و لە گەرمەی تەنیاییمدا
ڕۆیشتن و دڵتەنگییان بۆ چرکەیەک لێ نەسەندم.

٢
تەفسیرەکان بە دیکۆر چەقۆیان خەواند
گومانەکانیان کردنە بووکەڵە
ئەو وشەیە چۆن خوێن بۆ دڵی نەچوو؟
ئەو ڕستەیە بۆ لە کتێبێکدا کارەبای لێدرا ؟
ئەو کتێبە بۆ بووە کرم و زەوی بزری نەکرد؟
پرسیارەکانیان خەڵەتاند
ئێستا لێرە پرسە هەیە و
تەفسیرەکان ڕژاونەتە ناو برینەکان و
بە شەوان ڕیزیان بەستووە بۆ کڕین و فرۆشتنی چیرۆکی پشت دیوارەکان و
بە ڕۆژیش لە کۆڵانەکان
بە تەلێکی ژەنگاوی دڵی شکاو دەدروونەوە.

٣
لە شیعرێک ئاوڕیان لێ نەدامەوە و لە نێوان دوو چیرۆکدا،
قاچم لە جووڵە کەوت و مامەوە
دارزەیتوونەکە ئاسمانی شاردەوە و نەمویست
لەبارەتەوە بنووسم،
چاوەکانم دادەخەم
خەون دەیان بەرژەوەندی هەیە،
سبەی لەسەر ئەمڕۆ خوێن لە دەمارەکانت تووڕە دەبێت و
دڵت لەنێو ئەمبیوڵانسدا بە قسەیەک جامەکە دەشکێنێت و
لە بنکەی پۆلیس چیرۆکی خۆی کەلەپچە دەکات.

٤
هەردووکمان لە کەناڵێکی منداڵان گۆرانی دەڵێین
وای لەو داخە
وای لەو چیرۆکە
شەوەکەی هەموو تەفسیرەکان لە قۆرتێکی بچووک دەردەهێنن و
دەیانخەنە نێو قاپی سەفەری
بەیانییەکەی کە دڵمان تەقی،
دەچینە ناو هەواڵەکان و
دەبینە دەست و قاچی دەیان درۆ.

٥
لەسەر بەردێکی ڕەش زیندانی کراوە
ئەو چیرۆکەی لەگەڵ قاپوقاچاغەکان شۆرا و
لەگەڵ ئاودا چووە زێراب و
بووە دۆستی جورجەکان و
بلیتی بەختەوەریی وەرگرت و
چاوی بووە ڕووبار و
دەستی بووە درەخت و
دڵی بووە مێرگ و
جەستەی کەوتە قاسەی سەبووری.

Comments (0)
Add Comment