شوان تۆفیق
پاکانەت بۆ دەکەم
چەند پاییزە هیچ کەسێک ئەم باخچە بێنازەی ماڵی ئێمەی ئاو نەداوە
زۆربەی درەختەکانی ئەم ماڵە
بەبەر چاوی ئاسمانەوە،
وشک بوون
هەورەکان بایەکی دڵڕەق لەگەڵ خۆیدا بردیانی…
تەنانەت زستانیش جارێک بە گەرمی لە ئامێزی نەگرتین
من ساڵانێک بەر لە ئێستە گوڵەکانی نزیکی ئەم پەنجەرەیەم
بە ئومێدی گەڕانەوەی تۆوە چاند،
کەچی ئاسوودەیی لەگەڵ ئێمەدا یادەوەرییەکی باشی نەبوو…
منی بە باخچەکانی ئەم ماڵە چۆڵەوە،
لەیاد کرد.
ئیتر هیچ ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش
ڕوونادات
ئەوەی لەم ماڵەدا دەژی، باڵندەیەکی نەخۆشە،
بەرواری یەکەمین فڕینی خۆی لەیاد نییە
بەدیار هێلانەیەکی ساردی ڕووخاوەوە دانیشتووە و
ئازارەکانی خۆی دەژمێرێت…
فرمێسکەکانی خۆی دەخاتە شووشەوە و
بۆ دواهەمین دیداری تۆ،
هەڵیان دەگرێت.
ئەمشەو
چەند خولەکێک پێش ئەوەی مانگ ئاواببێت،
تۆ لێرەبوویت
لە ماڵی ئێمەدا، لەپشتی ئەو پانجەرانەوە
لەناو لاپەڕەی ئەلبوومێکی کۆنی خێزانەکەی ئێمەدا، پیاسەت دەکرد
ماچم کردی
بۆنی خۆشی یەکێک لە کراسەکانت لەناو وێنەیەکی پاردا، نەیهێشت هەتا بەیانی بنووم.
ئەو شەوانەی خەون بە تۆوە دەبینم
ناو پێخەفی نووستنەکەم،
پڕ دەبێت لە ڕەنگی پەپوولە
ئەو ڕۆژانەی لە نیگای خاتوونێکدا چاوەکانی تۆ دەبینم،
ئێوارانم پڕ دەبێت لە فرمێسکی سوێر
برینی نەبوونی تۆ
هێندەی دەریایەک قوڵ بوو
قوڵی دەریا کەی به ئێمە چارەسەر دەکرێت؟
بەم بەلەمە کۆنانەی تەمەنمانەوە،
کوا دەتوانین بە دەریادا بپەڕینەوە؟
بەسەر وردە شووشەی دوورییدا ڕێمانکرد و
جارێک نەگەیشتینەوە
لای هەناسەیەکی گەرمی تۆ…
دایکم لە ئاوێنەکەدا چاوەقووڵەکانی من دەبینێ و
تا هێزی تیادایە دەقیژێنێت،
بەدیار سووتانی تەمەنمەوە دادەنیشێ و هاوار دەکات…
ئەم هەموو درزە گەورانەی کەوتە نێوانمانەوە،
حیکمەتی گەورەی ئەوین بوو
ئەوینی باڵا؛ زۆر شتت لێ دەبات و
لە بەرانبەردا هیچت پێ نادات،
چونکە بۆنی یەکێک لە شووشە عەترەکانی
تۆم لێ دەهات
لەدوای تۆ هیچ ژنێک لە باوەشی نەگرتم
دڵم گۆزەیەکی شکاو بوو، لەبەر باراندا،
لێم بەجێما
چاوم چەترێکی کون بوو،
ڕەشەبا لە دەستی ڕفاندم
تۆش لەم سوڕەی کۆتایی ژیاندا، بەلەمێکی کاغەز بوویت و
بەرگەی تۆفانێکت نەگرت!
دایکم فەرشی سووری دەچنی
جارێکیان بەدەم گۆرانی گوتنەوە لەناو فەرشێکی “سێ بەچوار”دا
ماڵێکی بچکۆلەی بۆ دروست کردین
خانووەکەی دایکم دڵۆپەی دەکرد
ماڵەکەی من و تۆ بەسەر فەرشەکەمانەوە،
کاڵ دەبووەوە
پەنجەرەکانمان لەبەر باراندا دەخووسان
بۆیاغ نەیدەتوانی دیوارەکانی ئەم ماڵە جوان بکاتەوە،
هێندە دەستی بە فرمێسکمان
پێ سڕی بوو،
هێندە بەدیار داخرانی دەرگەکانیەوە
گریابووین،
بەداخەوە ڕەنگ بەدار و
بەردیەوە نەمابوو.