سێبەری سپی

مستەفا مۆحسین

لەوەتەی کاتژمێرم بە دیوارەوە هەڵواسیوە
ڕۆژانە پاترییەکەی دەگۆڕم،
سرتەی چرکەکانی لە بێدەنگیدا دەنێژێت
بە دڵۆپەی تەنیاییش ئاو نادرێن.
جلەکانم بەسەر تەنافەوە
بۆنی مردوویان لێ دەنیشێت.
شەشەمین جارە لیتر و نیوێک ڤۆدگا دەڕژێنمە ناو خوێنمەوە و
سەرخۆش نابم.
پلیکانەکان وەک یادەوەرییەکان ژمارەیان لێ ون دەبێت،
شەقامە قیرتاوەکان شەق دەبن
هاوشێوەی پێستی ماری ڕەش،
کۆڵانەکان دادەخرێن
ئەو کۆڵانانەی هێشتا خۆڵن
دەبنە تۆپەڵێ ئاگر.
چیتر هەورێک بە ئاسمانەوە نابینم،
خۆر ڕەش هەڵدەگەڕێت،
سێبەرەکەیشم ڕەنگی سپی دەنەخشێنێت.
بەردی چیاکان گلۆر دەبنەوە،
باڵندەکانیش نغرۆ،
نە ژنێک بە سووتاوی ڕا دەکات و
نە منداڵێکی ونبوو دەدۆزمەوە.
بیرەوەرییەکان لە گرفانمدا هێلانە دەکەن و
قەڵەڕەشەکان لە قژمدا دەخەون.
کاتێک ئاوێنەکان شێوەم لە بیر دەکەن
چاوەکانم دەبنە دوو مەتارەی بەتاڵ،
سەرم دەبێتە نیشتمانی ئەو شێتانەی
کە هیچ کەس ناوێرێت بیاندوێنێت،
پەنجەکانم دەبن بە شووشەی ناسک
ترسی شکانم هەڵدەگرن.
نۆستالیژیام هێرشی خەیاڵەکانمه
هەموو ڕۆژێک شوناسم لەبەردەمیدا لەت دەبێت،
ژیانم وەک باڵی پەپوولە
لە ئاگری یادەوەریدا دەسووتێنێت.
زەندەقم دەچێ لە ڕووناکی
سێبەرم بۆتە دوژمنی خۆم.
نهێنییەکان لە درزی دیوارەکان
بە دڵۆپە بەرەو زەوی دەڕژێن
سوور، وەلێ خوێن نەبوون
شین، هەور نەبوون
شین و سوور، ئاگر نین.
ناسنامەی بوونم، لە کەلاوەی کەرەستەکانی ژوورەکەمدا
وەک گوڵێکی پلاستیکی
دوا هەناسەی درۆینەی هەڵمژی
بێدەنگی هەڵبژارد و
مرد.

Comments (0)
Add Comment