شاعیران دۆزەرەوەی ونبووەکانن

شکار محەمەد

سـەرم ژان دەیگرێت
شیعرێک لە دایک دەبێت
لە کوێوە دەسـت پێ بکەم، سـەرەتایەک کۆتاییەکەی لێڵە؟
شـەو لانەی خەیاڵەکانی سەرمە
سبەی بێ جێگە دەمێننەوە.

کاتژمێرەکان چرکەکانی تەمەن ناژمێرن
بـە دەوری خۆیاندا دەسوڕێنەوە
لای هەندێک هەر خولەکێک بە ڕەنگێکی نوێ،
خەونێکی نوێوە لەدایک دەبێت
لای هەندێکیش خەونێک دەمرێت
ئەوەی لەنێوان مردن و ژیاندا یاری دەکات، خەونەکانن!

ڕۆژەکـان کەلەبچەن
لە زیندانی سەردەمدا کۆتیان کردووم
لەسەر تاڵێـکی باریک هەنگاوەکانم نادیارن
پشتم لە ڕابردوو کردووە و ڕووشم لە داهاتوو
تاکە هیوام ڕۆشتنە بـەناو تاریکیدا
ئەوەی لە تاریکیدا دەیدۆزینەوە، ونی ناکەین.

مـن مـرۆڤی سـەدەی ئازارم
تـیـمـاری خـەونێکی بریندار دەکەم
دەخۆم و دەخۆمەوە لەگەڵیدا
هـەناسـە دەدەم، پێدەکـەنـم
گوێ لە گۆرانی دەگرم
مـاندوو دەبـم، فرمیسک دەڕێژم
بـیـر لە خۆشـەویستی دەکەمەوە
ئەم خەونە هەر ســاڕێژ نـابـێت.

ڕێـگـا کـوێرەوەبووەکـان چـەندین چـیرۆکـیـان لە ناخیاندا شاردۆتـەوە
چـەنـد سـەربـوردەی تـاڵ و شیریـنیان لایە
چـەند هـەنگاویان لـە خۆیاندا ون کردووە
دەڕۆم لـەسـەر سـنگـی بـەردێـک نـاوی خـۆم جێدێـڵم
تـا ڕۆژێک بـمخوێننەوە.
گەر مرۆڤێک ون بوو، بە خوێندنەوەی من دەست بە ڕێگەکە بکاتەوە.
شاعیران دۆزەرەوەی ونبووەکانن.

سـەختییـەکانی مرۆڤ لێـرەوە دەسـت پـێ دەکەن
کاتێـک مـاندوویـەتی دوا هـەناسەی مـرۆڤێک ئەژەنێـت
دنیا وجودی خستۆتە سـەر تەڵەیەکی شاراوە
بەدەم ژماردنی برینەکانی خۆیەوە،
وشەی خۆشبەختی لەسـەر زاریەتی.

کـارگوزارەکان ڕۆژ تـا ئـێوارە بە جلی تۆزاوییەوە
ناشـرینییەکانی ژیان بۆ ئێمە جوان دەکەن!
ئـێمـە نـاشرینیـان دەکەیـنـەوە
دایـم بـیر دەکەمەوە و دەڵێـم: ئێمـە چـەند سـەیرین!
کـۆترەکان نیشانەی ئاشتییان هەڵگرتووە، ئێمەش تا چێژ لە شەڕ ببینین، ڕاویان دەکەین.

درزێـک دەکەوێـتە بـیرکردنەوەمەوە
چـەند بـیرەوەرییەک لێـیەوە دزە دەکەن
بـە تـامی فرمێسـکەکانم بـرسییەتیم دەشکێنم
خەنـدەکان پێش ئـەوەی لە گـەروو بـێنە دەرەوە، بریندار دەبن.
دەمەوێ لە کەنار ڕووبارێکدا خۆشـەویستی بنووسمەوە
پێویستە ئەم بیابانی گومانە ببڕم.

زۆرجار ئێژم ئێمە چـەند بـێ ئـاگـاین
ڕۆژانـە چـەندین جـار دەخنکێـین، هەناسە دەدەین
چـەندین جار دەناڵین، بـێدەنگین
ئـیتر ئـەم هەناسە دەستکردانـەش، نابـنە فریادڕەس.
چی دەبوو لـەبری هەڵمژینی دووکەڵی کارگەکان،
بـە بۆنی گوڵێک سەرمان مەست بکردایە؟
چاکتر وایە بـۆ ئەوەی بژیم ببمە هاوڕێی چیاکان.

دواهەناسە ماندووەکانم لەسەر پشتی ڕۆژگار جێدێڵم
ئێسکەکانم ڕزیون، بە بـوومەلەرزەی ژیان هەڵدەوەریون.
خەڵوزی خۆزگەکانم بە بای نائومێدی زیاتر دەگەشێـنەوە.
دەبـێ چی بـکەم ئـەم سـەربووردانە لـە بـیری تەنیای هەڵگۆزم؟
چـاوەکانم بـۆ خۆشبەختی، وردەزیخی بنی ڕووباریش دەبینێت
خۆشم بەسەر شەپۆلی ژیانەوە سیگاری خەمێک دەپێچمەوە.

Comments (0)
Add Comment