دابان عهتار
به حهیدهر لهشكری پێشكهشه
لە جێی ئەوەی تەم و با بمکەنە ئاواز
تەم سەرمی ون کرد
ڕەشەبا ئێسکمی سمی
کات لە مندا درێژدادڕ بوو
وەک یەڵدا لە تەنیاییدا
با هەڵیگرتم
وەک باوکم کە چل ساڵ لەمەوبەر ژیان هەڵیگرت
گەیشتمەوە ئاسمانی وراتی کۆیە
وەک باوکم کە ئاسمانی وێی جێهێشت
ون بووم لە تەمی هەیبەسووڵتاندا
وەک باوکم کە ون بوو لە تەمی دورە مەفتەنی
لە پەنجەرەی نهۆمی پێنجەمەوە دەمڕوانیی
وەک باوکم کە پێڕانەگەیشت ساتێک بڕوانێت
وەک دووکەڵی ئەو جگەرەیەی هەرگیز سییەکانمی نەناسی
وەک باوکم کە هەرگیز ڕەخنەی نەگرت:
ناڕازی بووم!
لەگەڵ قووقەدا کولێرە بە ڕۆنم بە حەسرەتەوە دەخوارد
گەڕیدەی تاریکیی بووم
خەوم ترازا بوو
بۆ یەکەمجار تامی میوەی عیشقم چەشت
تاڵ وەک ژەقنەبووت
شیرین وەک دەستنوێژی باوەڕدارێک
شەوانە شار تەسک دەبووەوە لە ژوورێکدا
ژوورێک لە کۆتا ژمارەدا
لە کۆتا نهۆمدا
پێیەکانم لەو بەرزییەوە جۆلانێیان دەکرد
شەوەزەنگ خۆی بە چاومدا دەکرد
تەپەتەپ وەک شیعرێکی ئەنوەر مەسیفی وەڕسکەر
فرمێسک وەک جەمال غەمبار خووڕەی دەهات
شار شیعرێکی خەمگین بوو
با دەیلووراند و من دەمناڵاند
با دەیقیژاند و من دەموەراند
با با بوو من نەبوو
شەو شا بوو من نەبوو
وشەش تۆرا بوو هیی من نەبوو
لە دەفتەرچەکەدا وەک ژمارەیەک پاڵمدابووەوە
ژمارەیەکی شکاو
ژمارەیەکی نیونەفەرە
ژمارەیەکی خەو زڕاو
دونیا دڵڕەقانە قەترانی بوو*
هاوڕێکانم ئایندەیان بونیاد دەنا
من وەک لاشەیەکی ڕزیو بە جێگەکەمەوە نووساو
لە مندا شار لە شیعرێکی بەختیار عەلی دەچوو:
پڕاوپر لە تووڕەیی
سەرڕێژ لە یاخیبوون
نغرۆی سووریالێکی شاعیرانە
وەک زللەی کارەساتێک
تەم غەم بوو
کاتێک بە سەوزاییەکاندا تێدەپەڕم
تێدەگەم ئەو کات چەند تابلۆی جوانم ون کرد
چەند بەیانی لە ئەفسانەی کێوی سەربەفرین بێبەش بووم
چەند گوێچکەماسیم لە نێو بەردەکان لێ ون بوو
چەند پلیسی پۆدا** هەناوی خۆیان لێ شاردمەوە
سەهۆڵین بوو چاخی من
چاخی شانشینی ئاویی بوو کێوە سەرسپییەکە
گاستڕۆپۆدەکان* لە چارەنووسی بەبەردبووندا تابلۆ بوون بۆ زەمەن ماسییە فڕیوەکان لە لووتکەوە سەرمەقولاتی زانستیان تاوتوێ دەکرد و من خەوتبووم! سەدەفەکان شڕۆڤەی فریو و خۆشاردنەوە** یان لە هەناویاندا داڵدە دابوو
من فریوی فڕین دنەی دەدام
فڕین لە پەنجەرەی ژوورێکی لاچەپەوە
لە نهۆمی پێنجەمی بەشەناوخۆیی کوڕانەوە
بنئاویی بۆ قووڵایی تاریکیی
بۆ سەفەری کوژانەوە
جۆلانێی پێیەکانم چلۆن پووچی ختووکە دەدا!
چۆن چاوانم نەبووە گۆڕستانی ڕووناکی؟
شار:
وەک شیعرێکی دلاوەر قەرەداغی ناسک بوو
من:
کێوی سەر بە تەم و
قشڵەی ماتەم و
پەیکەری حاجی بێ خەوم،
بۆ نەدەکرایە قەسیدە
شیعرم نەدەڕژا و خەوم دەزڕا
کێ (ڕژان) و (زڕان)ی بۆ ئاشت دەکرێتەوە؟
من ڕژابوومە نێو کتێبانەوە
شارم ون کردبوو
مرۆڤم لێ ڕژا بوو
نەمدەتوانی سنەوبەرەکان بلاوێنمەوە
ئێوە چاخی ونبوون پێ دەزانن؟
من لە توێی شارۆچکەیەکی ئەفسانەیی بەدوای کەسێکدا دەگەڕام کە خۆم نەبوو
خۆم لە کوێ شاردرابووەوە؟
ئایا چووبوە کۆنسێرتی سەمفۆنیای شەوانی بەهارانەوە؟
یا لە پەنای قاچی زیکزیکەیەکدا گوێی گرتبوو؟
ئایا لە قەفەسی جرجە سپییەکانەوە بیری لە کودەتای گاڵتەجاڕی دەکردەوە؟
ئایا ڕۆژێک شۆڕشی مشکانم بۆ دەکرێتە چیرۆک؟
ئایا دەتوانم لەبارەی ڕابەرایەتیی ڕەوە بەرازەوە بدوێم و نەڕژێم؟
لەبارەی گەندەخۆری داڵەکانەوە دالێک دانێم؟
ئایا بڕ دەکەم تا خۆم بگەڕێمەوە و نەکولێمەوە؟
ئایا ڕۆژێک دەتوانم شیعرێکی ناسک بنووسم؟
لەبارەی سەفەری خزانی خوناوەوە
لەبارەی ئاوازی هەیبەسووڵتانەوە
لەبارەی سەرهەڵدانی سنەوبەرانەوە
لەبارەی بێگەردی ئاسمانەوە
لەبارەی وەنەوزی سپێدانەوە
ئایا دەژیم؟
یان ئەسیرم بە کولانەوە؟
…..
*دونیا دڵڕهقانه جوانه (دلاوهر قهرهداغی)
** Pelecypoda
** Gastropoda
**** فریوو خۆشاردنهوه ناوی كتێبێكی (عهتا محهمهده)