بۆچی برینم لە زمانی گۆرانی تێناگات؟

جێگر بەختیار

وەک کێ نەبووم؟
لە کێ نەچووم؟
وەک کێ بە جێتھێشتم؟
وەک کێ دڵت شکاندم؟
وەک کێ گوتت نەتگوتووە نەڕۆم؟
وەک کێ دەبوو نەھێڵم بڕۆی؟
وەک کێ؟

حەیران غەریبم غەریب
وێنای داھۆڵێکی تەنیا،
دەستم بەرز کردووەتەوە و ماڵئاوایی لەو ھەورانە دەکەم، کە با ڕاوی نان
وێنای ئەو پەنجە تەزیوانەی، لەگیرفانمدا بە دوای دەستەکانتدا دەگەڕێن
وێنای شکۆفەکان، کە باران تەڕی کردن و تەرزە وەراندنی.
حەیران غەریبم غەریب
بڵێم وەک کێ؟
وێنای تۆ کە ھاتنەوەت نەزانی
بڵێم وەک چی؟
وەک بەرد، کە بە پێی خۆی ھات بمشکێنێ.

ئەی ماسی شین!
ئەی چاو! چەشنی بازی قەفەز هەڵوەڕێ پەڕت*(گۆران)
ئەی نا! بە لێوت
ئەی ئاه! بە غروورم.

بەدوات دا دەگەڕێم و
تەپڵی سەرم ناکەوێتە ژێر دەستم،
بە لوولەی دەمانچە چەنەگەم دەخورێنم
بیر لە تۆ دەکەمەوە
من ئەگەر ئەم شەو بمرم،
شاعیرەکان خەون بە چییەوە دەبینن؟
ئەگەر بمدۆزیەوە،
ئەمشەو خەون بە چییەوە دەبینم؟

ئەم تاریکییە زیندانە،
ئەم زیندانەشەوە
بۆچی بە بیرت دێمەوە؟
بۆچی ژانم کەونارەیە؟
بۆچی برینم لە زمانی گۆرانی تێناگات؟
بۆچی زمانم لاڵ بوو، نەمگوت: نەتگوت: ناڕۆم؟
بۆچی نەتگوت: ڕۆژێک دەکەومە ناو هەناوی کەنغەرێک؟
بە چەند باز بەسەر ئەو هەورانە تێپەڕیت؟
بە چەند گەز دوورییت خستە نێوانمان؟
بۆچی نەمردم؟

بە یادی گریان
بە یادی چیا و توولەڕێیەکان،
بە یادی بەفر
بە یادی تەم، کە لە خەونەکانمان دەچێت
بە یادی ڕێگەی هاتنەوە، کە ونت کردن
بە یادت شەوێک خەونێکی وا دەبینم، تا ئەبەد لێی بەخەبەر نێمەوە!

Comments (0)
Add Comment