ئاره‌زووی ناكۆتا

ئیسماعیل سابیر

سه‌ره‌تا هیچ جەنگێک لە ئارا نەبوو
چونکە شارستانییەت کۆتری ئاشتی بوو
وەک گوڵێکی تاقانە و تازەدەرکەوتوو
لەناو گاشە بەردەکانی مێژوو
خۆی پیشانی ئێمە دا.

ئەو دەمی بەڵام کەشتیوانێکی پەشیمان هەبوو
وه‌ك نه‌فره‌ت كردنی ماسی له‌ وشكانی
کەس خۆشی نەدەویست

وەک ئەوەی بە ڕووبارێکی مەترسیدار
ئابلۆقە درابێ
ئەو ئەگەرچی گوێی بە گەمارۆی به‌نده‌ره‌كانی فرمێسكڕشتن نەدەدا و
گواستنەوەی خه‌می
به‌ یادی دووریی نێوانمان دەڕەواندەوە.

شەوان چونکە باسی کپبوونی دنیا و
کشانی ئەستێرەکانی بۆ ده‌چواندین به‌ چیرۆكی مرۆڤه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان.

گوتم با هه‌موو كه‌س بزانێت
قاوەخانە و ڕێستوورانتەکان شایه‌نی سڵاوی سه‌ربازین
له‌به‌رئه‌وه‌ی بە هەڵکردنی چرا زەردەکانیان
وەک مەعبەدێک، هێشتا وەک جاری جاران خۆشەویستەکانیان لە باوەش دەگرت
چونکە بە بەهانەی یەکترنەدیتنەوە
مرۆڤەکان شتێکیان دۆزیبووەوە
درەختەکان بۆیە چاویان دادەگرت
ئەگەر باڵندەکەی ناخمان
بۆ ماچێک دەنووکی تەڕ دەکرد.

بەڵام ئێمە بڕیارمان دابوو
ئەو ڕۆژەی کە واژۆمان لەسەر یەکخستنی چارەنووس
کە پێناسه‌یه‌كی تر به‌ په‌ڕاوه‌كان ده‌به‌خشێ
شتێکی جیاواز بکەین
وەک ئەوەی باوەش بکەین
بە وێستگەی پاس و میترۆکاندا.

لەسەر بەرزەپردەکان پیاسە بکەین و
وەک دوو مرۆڤی شادومان
لە شێوەی ئەکتەری فیلمەکان،
ڤیدیۆی باوەشکردن تۆمار بکەین
بەڵام ئەو پردانەی باسیان دەکەین
ئەمریکا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا
بە ناوی بەرژەوەندیی گشتی خاپووری کرد.

دۆستێکم هەبوو
یادی ئاوەدان بێ
حەزی بە فیلم و هۆڵەکانی سینەما بوو
بەڵام میلیشیا توندڕەوەکان، بە بەهانەی هەبوونی سیخوڕ
تەختی زەوییان کرد
ئێستا من چۆن باسی ئەوە بکەم، هێشتا پرسەی ماڵە بۆردومانکراوەکان بە کۆتا نەهاتووە
لەگەڵ هاوڕێکانم بێباکانە وەک مەحکومکراوەکان
بەژێر هاژەی مووشەکەکاندا دەڕۆین بۆ دادگا و فەرمانگەکان
گرێبەستی قەرز و هاوسەرگیری رێک دەخەین.

تا مەرگ لە هەواڵەکاندا وەک قوربانییەک ناوی نەهێناوین
لە سەیرانگاکاندا باوەشێن لە مەقەرەی گۆشت دەکەین و
ساتی کەوتنی مووشەکەکان، وەک پسانی داوی کۆلارەیەک
بە مۆبایلەکانمان تۆمار دەکەین و ئینجا
خەریکی لێدانی پوول و تەقەی دۆمینە دەبین.

ڕمبه‌یه‌كی گه‌وره‌ هات
هاتینە دەرەوە
قەرەباڵغی بوو
گوتیان درۆنێک لەم نزیکانە کەوتووەتەوە
هیچی وا نەبووە گوتیان
ئێران
تەنیا لە ماڵێکی داوە!

خۆشەویستێکم هەبوو
سەرەڕای هەموو شتێک كه‌ به‌سه‌رماندا ده‌باری
دڵی لەلای ڕۆژی بووکێنی و
كێكی ئاهەنگی لەدایکبوون بوو
له‌ جوگرافیا و بازرگانی شتێكی وا گرنگی نەبوو
شەوان به‌ڵام پرسیاری دەکرد،
لە چاوەڕوانی کردنەوەی گەرووی هورمزدا
وەک زۆرێک لە مرۆڤەکانی جیهان
کە نەیدەزانی لە کوێی زەوییە
خەوی لێ نەدەکەوت.

من به‌ نوێنه‌ری هه‌موو ئه‌و كوڕانه‌ی كه‌ دڵیان به‌ كچێك دابوو
وه‌ك كه‌شتییه‌ نه‌وتییه‌ گیرخواردووه‌كانی كه‌نداو
باسی گرانبوونی زێڕ و
قەیرانی غاز و سووتەمەنیم
وه‌ك مێژووی نایه‌كسانی
دەبووا بۆی کردبا.

ئەو ڕۆژانە بەڵام ئەو دەترسا
تەنانەت لە یارییە ئاگرینەکانی منداڵان، خۆی بەدوور دەگرت
چونکە گرمەی هەور و بروسکەی
لەگەڵ دەنگی درۆنە خۆکوژی و مووشەکە بالیستییەکان لێ تێکەڵ بووبوو
خۆشەویستەکەم کورد بوو،
لەبەرئەوەی هێندە تامەزرۆی ژیان بوو/
نەبوو
ترس چونکە تا بینەقاقا، پەلاماری هەستەکانی دابوو
شەوان تا نزیکی بەرەبەیان، خەو بۆیە نەدەچووە چاوەکانی
بۆی باس دەکردم
ئەو ساڵە ژیانی هێندە ئاوەژوو بووبوو
تەنانەت بە یادی پێکەوەنانی هێلانەیەک
لە چاوەڕوانیی وتاری فاشیلترین مرۆڤی سەرزەوی
کە هیچ ئومێدێکی لەسەر بنیاد نەدەنرا
ئەو ڕۆژی دەکردەوە و
دڵی وەک کۆرپەیەک دەلاواندەوە.

بەهاری ٢٠٢٦

Comments (0)
Add Comment