شارم خستە پشت خۆمەوە وەک دەستەکانم کە دەڕۆیشتم

بـەخـتیار ئـۆغـەن

بەرەو گردەکان ڕۆیشتم کە بۆنی پرچت لە دەستەکانم ڕۆیشت
وەک گۆڕێکی تەنیا کە تەنیا ئاسمان و
درەختێکی ڕووتی بەسەرەوەیە، تەنیام
لەسەر گردێکی تۆزێک بڵندم،
لە خوارەوەش ڕووبارێک دەڕوات
بە یادی دەنگت، بەردێک بەناو شەودا گلۆر دەکەمەوە
بە ئامادەباشییەکی تەواو.

لە فێنکایی ژێردار توویەکدا کە هەندێک ئێواران خزمانی کۆدەکردەوە،
ڕووەو خۆر ئاوابوون ڕوونیشتم
بەڵام بە تەنیا
کە شەو گەیشت
دەستم بۆ گلۆپێک برد دوور بوو وەک چاوەکانت،
گریان وەک پارچە ئێسکێک، وەک پەت کەوتە قورگمەوە.

ئەوکاتەی نان وەکو کۆترێک لەسەر دەستی دایکت ڕۆیشت
چاوت لە پشت پشتە دەستەکانت دەشاریتەوە و
ئیدی هیچ گۆرانییەکی خۆش
لە ماڵی تۆ خۆش نییە.

لە قووڵترین شوێنی ئاو بیرم لە دەستەکانت دەکردەوە
بە ئاگری ئەڤینت چاوم تەڕ بوو
دڵت بە درەختێک دەسووتا، کە دەسووتا
دڵت بۆ منداڵێک دەگریا، کە دەگریا
بەڵام لەناو ئاگری ئەڤینت
ئاو لە چاوەکانمدا بوو.

بەر لەوەی ماست بشکێت
هەندێک مرۆڤی ناو مزگەوتەکان چەک دەکەم
هەندێک مرۆڤی ناو کلێساکان ڕاستدەکەمەوە
هەندێک مرۆڤی ناو چایخانەکان لە دووکەڵ دەپەڕێنمەوە
هەندێک مرۆڤی ناو شارەکانیش کە زبڵن فڕێیاندەدەمە پشتی تراکتۆرێکەوە
بەڵام
بۆ ئەو مرۆڤانەی مردوون
بە یادی ئەو ڕۆژانەی پێکەوە ژیانمان گەورە کرد،
پێکەوە شەڕمان لە دنیادا چاند،
پێکەوە لە بن دیوارەکان کەوتین،
پێکەوە لە شارەکان مۆدێرنە کراین و پیس بووین
لەو شیعرە
پێش نوقتە چۆکم دادەنێم.

ئاو نەگەیشت بە سەربازەکان
لە کاتێکدا لەبەر تۆزی تۆپەکان دەنگیان دەخنکا
دوای ئەوەی شارەکان تینوومانەوە، ماڵەکان باریانکرد
خاک و
شارەکان و
ئەو باڵەخانانەی ئاوی زۆریان برد بوو، دەکەون
ئەو شارە بچووک بچووکانەی ناو شارە گەورەکانیش
لەسەر ئەو زەوییانەی کە خەڵک دەیانکرد بە گەنم و جۆ،
پێش سەرمایەداری
بەر لەوەی ماست بشکێت
بەر لەوەی چاپەست هەناوی ڕەش بێت
شارم خستە پشت خۆمەوە وەک دەستەکانم کە دەڕۆیشتم.

لەمپاکە کوژایەوە کە گلۆپ داگیرسا
بەڵام، شەو هەر شەو بوو
سەبارەت بە ڕووبارەکان، گۆمەکان، کە خەریکە وشک دەبن
بۆقێک دەیەوێت دەنگی خۆی بگەیێنێت.

لە پشت چیایەکان
ئەوکاتەی گیا و گوڵەکانیش دێن
ژنێکی پەزدۆش هەیە دەستی ناگاتە وایەر شەحن
دڵێکی هەیه زۆر زۆر خۆشترە لە ناوماڵی ژنێکی نزیک کارگەکان
لە هەوای ناو درەختەکانیش.

Comments (0)
Add Comment