دەستێک، لە دایکت نییە


مەوجود سامان

شەوان خەوم دەزڕێ،
لە هیکڕا هەناسەیەک، نەرم، گەرم، لێم نزیک دەبێتەوە
زۆر غەریبی هەناسە و کۆخە و دوعای دایکم دەکەم
ئەو هەناسەیە تەواو ئەوەم پێ دەڵێ:
هەی کوڕە غەریبەکەم
(پێم نەگوتی ئەوەندە سەرچڵ مەبە و مەکەوە وڵاتان)
ئەو هەناسەیە پێم دەڵێ: ئەوەندە بیر لە چارەنووس و نەتەوە و نەوەکان مەکەوە
بۆ خۆت، بە هێمنی شەوانە بنوو،
کە سپێدەش بە ئاگا دێیتەوە،
دەزانم گۆرانییەک بۆ من دەچڕی،
بەڵام بزانە ئەم ژیانە، زۆر پیاوانە، ژنانە لێ دەخوڕێ
تۆش لەنێو ژن و پیاوان تاساویت
چونکە تۆ لە مرۆڤ دەگەڕێیت
لەنێو سکم دا بوویت، هەستم دەکرد حەزت لە دایکبوون نییە
بەڵام ئەوەندەم خۆشویستی:
نەمویست لە زیندانی ڕۆحمدا بتشارمەوە
دەمزانی تۆ هەر دێیتە دونیا
براکان دەتخەنە چاڵێک،
تا هەتایە ماڵ و نیشتیمانت نەبێ
دەشمزانی ڕۆژێک نووری چاوی تۆ هەموویان کوێر دەکا
دەمزانی تۆ تەنیا منیت و تۆش من
بۆیەش کوڕە تەنیاکەم
هەموو شەوێ، گەر خەونت بدزرێ،
دێمەوە بە دەستەکانم، هەندێک سەرت دەشێلم و دەتخەوێنم و
لایلایەی منداڵیت بۆ دەڵێمەوە.

Comments (0)
Add Comment