کەس وەک تۆ نییە

بڵند باجەلان

بەسەركردنەوەی شەو
لە بەردەم شەوی كەوتنی سێودا
بەسەر تەنیایی سێودا
ساتی هاتنەوەی بزە و ڕۆشتنی پەسیرە
بەدەم خەوەوە
كەوتنی نێو دەستەكان، نائومێدی دیكەی من بوون
لە
بەردەم ئەو ئوتوبانە ساردەدا
كە من هاتمەوە و
شەقام دەڕۆیشت بەرەو
شەوی یەكەمی
كەوتنی سێو بەسەر تەنیایی باخچەدا .
كاتژمێرەكان، هەمیشە كاتژمێرەكان دەهاتن بۆ دیدەنی میهری تۆ
ساتی بەر پەنجەرە و ساتی بەر لە بارینی باران بەسەر شووشەی ئەو هاتنەوەیەدا
بگەم بە خۆشەویستیت، كانتۆرەكە پڕ دەكەم لە پرتەقاڵ
لە ئەنەناسی
قاشكراوی سوور بە خوێنی هەنار .
بەسەركردنەوەی شەو لە نیوەڕۆیەكی تەنیادا
مزگێنی بوون بۆم كاتێ‌ زانیم من ناگەڕێمەوە بۆ بینینی كانتۆری پڕ لە پرتەقاڵ و
سێوی سوور سوور بە خوێنی من و
خوێنی چۆلەكە
چۆلەكەكان خوێن دەخۆنەوە لە ئوتوبانە ساردەكەدا
كە تۆ من بكوژی بە بێدەنگی بە بێدەنگیم بناسێنی
من دەبێ چۆن دەستم بگا بە كانتۆرەكە
و
تەرمی سووری نێوی و ئەو كوژراوانە؟
دەستم بكە بە كەشتیی و
با من دابەزم بۆ كەناری دەریاكە، دەبوورێمەوە
چۆلەكەكان لە بەردەم پەنجەرەكەدان
باوكم دەڵێ‌: چۆلەكەكان كە لە بەردەم پەنجەرەكەدان، دەبوورێنەوە
تكایە پەلە بكەن و با من لەو كەشتییە دابەزم
زەمین بەر لە كەوتنی سێوی
بیركاری
هاوكێشەی فڕینی
كۆترە بەرەو مردن
مردن دێتەوە بە زەمبیلێك
لە شەوی بەسەركردنەوەی شەو لە شەوێكی تەنیادا
باخەوان خۆی كۆدەكاتەوە:
زەمین بەر لە كەوتنی سێوی مەرگ، هاوكێشەی فڕینی من بوو بەرەو خیابانە كارتۆنییەكان
كارتۆنی پڕ لە ئاو
ئاوی پڕ لە ماسی
من خاڵی لە ئاوی پڕ لە كارتۆن و ماسی پڕ لە سێوی ماتماتیك
باوكم دەڵێ‌: دڵم دەوەستێ و قەلەوێرەكەم ببەن بۆ گۆڕستان بینێژن
دایكم دەستی دەخاتە سەر دڵی و ژوورەكەمان كتێب داگیری كردووە
دایكم لە گۆڕستاندا چەرچەفی خوێناوی دەداتە بەر با و
باران دەیبوورێنێتەوە
تۆ هۆکاری نەبوورانەوەی من بوویت كاتێ‌ دڵم دەوەستێ و دەمبەن بۆ گۆڕستان
مەمنێژن لەسەر قەلەوێرەی جێماوی باوكمدا بمچێنن
تا دەبوورێمەوە… بە چەرچەفی خوێناوی بەر با، كفنم بكەن
كە
بە
هێواشی
دەبوورێمەوە
من باران دەبوورێنمەوە و خۆم بە نەرمی دەخەمە ژێر پرسیارەوە
مەمنێژن تا دایكم بێتە دیدەنیم
و
ببینێ‌ من مردووم
و
گۆڕهەڵكەن
داوای مەرگی كەسێك دەكا لە بری هەڵكەندنی گۆڕێك بۆ من.
چەند سەخت دەڕوا ئەو ماشێنە
كە
خەیار و مەرگی هەڵگرتووە
دڵ
كە
دەوەستێ‌، مەمنێژن تا كوڕەكەم دەڵێ‌: بابە مەمنون،
مەمنون كە نەتهێشت
یەخەی ئەو گوڵە یەخانە و یەخەی خۆم نەدڕم
دەبوو بیدڕم…
ئەو هەموو كفنە بدڕم لەبەرما
چەند سەخت دەڕوا ئەو گالیسكەیە كە گوڵ
و
یادی تۆی هەڵگرتووە
تۆ جێممەهێڵە كەس هیچم پێنادا تۆ نەبێ كە خۆتم پێبدەی
با ئەو كانتۆرە بكرێتەوە
تەرمی شاردراوەی نێو پرتەقاڵەكان و
قەلەڕەشە مۆمیاكراوەكان… ببوورێنینەوە
قسە لەسەر فەریكە نۆك نییە
ئیتر ئەوا مانگ لە باوەشی كۆیلەیەكی نێو زیندان خەوتووە
زیندانەكە زیندانی بكەن
وەرزی دروێنە و مردنی لەسەرەخۆیە
وەك سەرخۆشێك نەمهێشت قەپێلكە هێلكە جێگای دڵ بگرێتەوە
لە چڕنووكی شەكەتی ئەم سەدەیە هیچ نەقەوما
دانەوێڵە دەبارێ‌ لە زەوییەوە بۆ سەر ئاسمان
لەژێر كورسیدا تەقە تەق
لە دەرەوەدا قسەی پڕ لە نهێنی
دەمێكە باخچەی ماڵەكەمان بۆتە مەزرای ئاژەڵان
پێشێلی یاسای چیلكە دار و گەڵا ناكەم
لەژێر سێبەری بزنەكە
شاعیرێك شیعر دەنووسێ بۆ خۆشەویستەكەی كە مردنە
گوڵەگەنم سەر دەردێنن
وەرزی دروێنە و دووركەوتنەوەتە…
بە فانۆسی سپی
بەنێو دارستانی سەوزدا
دەڕۆم.
درەختەكان
لایلایە بۆ چۆلەكەكان دەكەن.
دەریاكان
پڕن لە دەستنووسی با.
كاتی ڕۆیشتنم هاتووە
ئێوە دەمرن و منیش لە چاوەڕوانی مردندا
سەفەر دەكەم
قوڕ و لیتەی باخچە باریوە بەسەر سەری
باراندا
لەنێو دڵۆپێك فرمێسكدا، كۆنسێرتێك ساز دەكەم: كۆنسێرتی پێكەنین.
پێكەنین ئاوازی گریانەكانی
ئەمڕۆمە
خۆشەویستە تاقانەکەم
قسە ناكەم
ئەوەی پرد دروست دەكا بۆ پەڕینەوە من نیم
زرینگەی زەنگوڵە و خڕخاڵ بەرز دەبێتەوە
بە فانۆسێكی ڕەشەوە دەگەمەوە لای دونیا
هێشتا
درەختەكان لایلایە بۆ چۆلەكەكان دەكەن
هێشتا
دەریاكان پڕن لەو مردووانەی ئاوازی ئەمڕۆمن.
بە ئاو پاكژ نابمەوە
ڕووت
پێخواس
ئاوابووم و هێشتا خۆر ئاوانەببوو
سەوزایی چاوم پڕ بوو لە جوانى ڕەنگ زەرد
ئەو گۆرانییەی لەگەڵ باران بە یەكەوە نەمانگوت
گۆرانی دەڵێ‌ بۆ ئەو منداڵانەی لاسایی بەچكە شێرەكان دەكەنەوە
من سەرەنجم نەداوە
یان
بێدەنگیی باڵندەیە هەموو شتێكی تەنیوە؟
من دەزانم
ئەو كەفە زۆرە
هاواری یەكەمین باڵندەی كوشتووە
ئەگەر جوانییت بارانی یەكەمینە
نووستووی نێو تابووتی بەردین
بە پێنج دڵۆپە خوێنی سەر چەقۆ لەش پیسە
هێشتا
كاتژمێری وەستاو
هێشتا
جووڵەی نێوان دوو كەوانە
هێشتا
مەرگ.
گیانێك
پڕ لە برینی فێنك
لە خانووێكی دیكەدا
گوێی لە ترپەی دڵمە
سووك سووك
برینەكانی دەپێچێتەوە و دەپرسێ: كاتژمێر چەندە بە تەوقیتی برین؟
ئەوەی من باسی دەكەم
باران تێیدەگا
چەقۆیەك و
حەوت دڵۆپە خوێنی مەیو
لەبەر باران ڕووت دەبنەوە
خۆشەویستە تاقانەم لە جوانیی بێوێنەیە
گیانێكیش
پڕ
لە بیرەوەری
لەبەر بارانی دەرەوە تەزیوە.
بەو هەموو خوێنەوە چۆن لەو شەقامە بپەڕمەوە؟
خوێنێكی زۆرم لەبەر دەڕوا
دەترسم ماشێنەكان بە هۆڕنەكانیان گەرمی ئەو نیوەڕۆیەم بۆ بگۆڕن بە ساردیی بەفر، لە ژیانمدا یەك جار بەفرم بینیوە ببارێ‌، بۆ چەند خولەكێكی كەم بەفر باری بەسەر كارگەی دروستكردنی بوزدا. دەترسم ماشێنەكان بەر لە من بپەڕنەوە سەر شۆستەكە، ماشێنەكان لە شەقام دەترسن، كەسێك لە ناوەڕاستی شەقامەكەدا مردووە، وابزانم ئەمە هۆكاری بارینی بەفرە قورسەكەی بەیانییە، بەیانیی بەفر دەبارێ‌ بەسەر كارگەی مافووردا، من لە كارگەكەدا كاردەكەم، مافوور دروست دەكەم و بیر لە زیکری تۆ دەكەمەوە، لە ناوەڕاستی شەقامەكەدا مردووم و ماشێنەكان لە ترسی من دەپەڕنەوە سەر شۆستەكان

Comments (0)
Add Comment