بەشێک لە: من بیری کەس ناکەم، چیایەکانی ناو خوێنم نەبێت

هەندرێن

لەم گەردوونە هەژاوەدا بێدەنگی سەفەر دەکا
لە نێوان من و زەویدا وەک زمان و نمایشکردنی ڕووناکییەک
ڕادەکێشرێ، لێ دوور لە چاوی ئێمەوە
ئەها ئەو ڕووناکییە کە بەرەو ئێمە غلۆر دەبێتەوە تاریک دەبێ و
ناگاتە ئێمەیش.
ژیانی ئەو ڕووناکییە ڕەتێنراوە، ژیانی تۆی داڕماند.
جەستەگەلێک وەک بەزی شووشەیی، مردن لە خۆیدا دەپەستێ و
جەستەکان بەردەستن و ناشگیرێن.
کۆتایییەک دەبێتە چرکەساتێکی ئەبەدی.
ژانێک لە ناوەوە بەرزەفت نابێ. هەردەم لەو ژانە دەترسی.
هەمیشە بەرگەی هەژانی جەستەت نەگرتووە
خوێنی تۆ بۆ دڵنیابوون لە خۆی نەگرت
ژیانی ناو دڵۆپە خوێنەکان.
من هەمیشە نامەوێ بزانم، هەرگیز نامەوێ
لەو ژانە بزانم کە لە جەستەمدا دەژیێ
نەخێر، نا، خود لەم زمانەدا، زارە،
نا، نەخێر خۆت بۆ ئەو ژانە بێبەهایانە مەچەمێنەوە
لێرە هاوین گەرمی لە زەوییەوە لێ هەڵدەقووڵێ ئاسمانیش لەناو غووبار غلۆر دەبێتەوە و ڕووباری ئەم دۆڵە لەشکری خاشاک بە دوای خۆیەوە بەرەو بازاڕ دەگوازێتەوە.
زەبروزەنگ مژدەی ڕۆژانەی ئێرەیە.
تاڵانکردنێکی بێدەنگ، بێدەنگییەکی تاڵانکار زمانم تاڵ دەکا.
زارەکان پڕن لە پێکەنین، دزەکان لە تەنیشت پاکەتفرۆش و کارتفرۆشەکان
لەسەر شۆستەکان درۆ دەفرۆشن
دز دەبێتە بەها، درۆ بەها دەسازێنێ.
هەروا ڕشانەوە بە جەستەمەوە دەچۆڕێتەوە،
کەس ئاوڕی بێزاری ناداتەوە، لە بێزراوی ئەوان بزر بە.
هیچ نەما نەڵێ، من. هیچ نەما نەیەتە ناو هەناومەوە.
کۆیلەییی کۆیلەکان کول بوو.
کۆیلەی پارە، کۆیلەی زێڕ، کۆیلەی بازاڕی هەرزانی سەرمایەدارەکان.
هەمڕۆ لە هەموو مێژوو زیاتر کۆیلەدارەکان کرداری زمانن.
هەروەک ئەوەی لە عەدەم هاتن بخوازی. وەک ئەوەی لە دۆڵی خۆت جێنشین بیت.
نازانم نا، سزادانم بە سزا لەدایکبوو…

Comments (0)
Add Comment