مانیفێستی نۆڤەمبەر

ئەڵوەن حسەینی

لەتاو هەیبەتی
دەنگی فیشەکەکەی
دەستتان دەبنە بەرد
ژیان بەو هەموو بەردەوە
ئەستەمە
مەیانکوژن ژنەکان.

***

لەتاو شقارتەکەی
دەستتان ئەوان دەبنە کتێب
بەبێ کتێب نیشتمان
دەبێتە قامیشەڵان
مەیانسوتێنن
ژنەکان.

***

لە ترسی زەبری پەنجەتان
ئەوان دەبنە سەنتوورێکی شکاو
ماڵەکان بێ موزیک غەمگینن
مەیان خنکێنن
ژنەکان.

***

بە بریقەی خەنجەرەکانی
دەستتان ئەوان دەبنە
ئەستێرەیەکی بریندار
سەربانەکان بێ ئەستێرە
هەرگیز نابنە نۆستالۆژیا
سەریان مەبڕن ژنەکان.

***

بۆ خۆحەشاردان لەتاو ژەهرەکەی دەستان
ئەوان هەڵدێن دەبنە
ئاوێنەیەکی شەکەت
دەبنە پردێکی بێ ڕێبوار
دەبنە گۆڕێکی بێناونیشان
لە نۆڤەمبەردا مەیانکوژن
ژنەکان.

***

لە خەمی بەردەکەی دەستتان
ئەوان دەبنە باڵندە و کۆچ دەکەن
چی لەم هەموو کۆچە بکەین
هەڵیان مەفڕێنن و
مەیانکوژن ژنەکان.

Comments (0)
Add Comment