کاتژمێرەکەی دەستم

بەیان ئەحمەد

ئەوەتام لە بەردەمتدا وەستاوم
وەک بێگانەیەک
وەک سەربازێکی دوژمن
گوللە دەنێیت بە سنگمەوە
من هیچ ناڵێم
ئارام لە بەردەم بێ ئارامی تۆدا
لێوەکانم دەکرۆژم
بێدەنگ
وەک ئەو ڕۆژانەی دەیان میلت
دەبڕی بۆ بینینم
ئاوڕ لەو ڕۆژە بەجێماوانە دەدەمەوە
هیچ نابینم
تۆ ئێستا لێرە نیت
گاز لە قۆڵی منداڵییم دەگرم
کاتژمێرێک دروست دەکەم
هەموو ژمارەکانی تیا دەنووسم
میلی کاتژمێرەکە لە پێنجی
ئێوارەدا دەوەستێنم
ئەو کاتەی گوتت هەموو شت
خراپتر دەبێت
من لە نێوان جەنگەکاندا جێدەهێڵیت
گوڵەباخەکەی چەند ساڵێک پێش ئێستا
بۆت کڕیم
دەمرێت
تۆ تەماشای ڕێگەکە دەکەیت
بێ ئەوەی من ببینیت
من تەماشای ئەو کۆترە تەنیایە دەکەم
لەسەر دارسنەوبەرە تەنیاکە دوور دەڕوانێت
ژیان لە قوتوویەکی بەتاڵی شیری
منداڵێکی برسی دەچێت
ئێستا
ساردە وەک ماچی مردوویەک
تۆ تەماشاکە چۆن هەڵمان دەکۆڵێت
ئێستا قیژە و توڕەبوونیش
دادی نادات
تۆ قەت لە تاریکیدا مەلەت کردووە؟
نەزانی ئاراستەکان کامەیان تەواوە
دڵنیام شەپۆل دەتبات
بە ئاراستەیەکی هەڵە
زامەکانت لە تاریکیدا نوقم دەبن
تازە بەڵێنی ماچیش تەواو
زەردەخەنەی شەوانیش
تۆ خۆش
غرووری تۆ هەمووی پێچایەوە
دەستم خستە گیرفانمەوە
بێ ئەوەی ئاوڕ بدەمەوە
لەنێو خۆمدا گوتم
چ غەزایەکم کرد
لەو خۆشویستنەدا
بەڵام بێ دەستکەوت هاتمەوە
نێو کاتژمێرەکەی دەستم

Comments (0)
Add Comment