لە ئاوێنەکەدا

ئاواز سامان

بە یەکەوە سەیری ئاوێنەمان دەکرد
کە لە ژوورەکەدا هەڵواسرابوو
زەردەخەنەمان بۆ یەکتر کرد،
نیگامان دەگۆڕیەوە،
گریاین تێر گریاین
بۆ ئەو ڕۆژانەی بە پێچەوانەی
ئاوێنەكە بینیمان
لە لای چەپی ژوورەکەدا،
تابلۆیەکی کلاسیکی هەڵواسرابوو
بە دەستی خۆم
بۆم هێنایت،
بیرتە!
ئەوە من بووم لەنێو تابلۆکەدا، نەتدەبینیم
هەمووان
لەنێو ژوورەکانی ڕۆژگاردا،
منیان دەبینی
من دەمەوێت تەنیا تۆ بمبینیت
بە دەستەکانت
تووند تووند
بە خۆتمەوە بمگریت
نەبادا،
وەک باڵندەیەکی بێ باڵ
وەک باڵندەیەکی بێ ماڵ
بکەومە
زەمەنێکی دیكە و
لە ئاوێنەیەکی دیكەوە،
هەم خۆم
هەم تۆ
ون بکەم.

Comments (0)
Add Comment