له‌م هه‌ڵدێره‌، بێ ویستی خۆم غلۆربوومه‌وه‌

ڕێبین مەلا ئەحمەد

ژیان گەورەترین بەڵایە
ملی ئەم هەورازە بە ناچاری دەبێ بگرم
لەم هەڵدێرە بێ ویستی خۆم غلۆربوومەوه‌

بەپێی ئازارەکانمان ژیان هەڵدەسەنگینین
هەر کەسە و سەرقاڵی برینی خۆیەتی
ماندووم ئەم ڕێیە درێژە نابڕدرێت
ڕابردوو برینێکە ساڕێژ نابێت
داهاتوو خەنجەرێکە خۆی لە ملمان دەسووێ.

لێرە ڕەنگە کاتمان نەبێ پشوو بدەین
وەناو تەم و توومانی داهاتوو کەوتووین
هەر ساتە و یەکمان لە لایەک دەکەوێتە بۆسەی مردن.

گەورەییم کۆ دەکەمەوە و بە مردنی دەسپێرم
لە هیچەوە بۆ هیچ هەنگاو دەنێم
جەستە کێڵگەیەکی بێ پیتی حەز و خولیاکانم بوو.

خۆشبەختی ڕەنگە ئیتر سەرنەکاتەوه‌ بەو ناوەدا
سەمای ئەو گوڵانە، جارێکیتر ڕەنگە ئەو جوانییەیان نەبێ
شەپۆلی ئەو نەهامەتییانە جوانترین بیرەوەری منن
هەورازی ژیانمان گرتووە
بە ئومێدی خۆشبەختی حاسێترین ڕیگا تەی دەکەین
چ قوزەڵقورتێکە
ئەم پێكه‌ی كه‌وا تامی ژیان دەدات.

ئەوەی هاتە ئەم دنیایە وچانی نەدا
سزاکان لە بێتاوانی دەستیان پێ کرد
مەرگ میوانداری لە بوون دەکات
ئێمە کە هەین مردووین
ئەشێ کۆتاییمان سەرەتای بوونمان بێت
ئەشێ کۆتاییمان کۆتاییەکی ئەبەدی بێت.

بیرم نایێ پێش بوونمان بووبین
لەپێناو کامە گوناح لەم دۆزەخە گیرساینەوە
لەم مردنە سەر دەرناکەم
ئەم بوونە سەرم لێ دەشێوێنێ
خودایە
ئەو کاتەی دەمرین
ئیتر مردن بە یەکجاری کۆتایی دێ؟

من مردنێکم گەرەکە
ڕزگارم بکات لەو حەزانەی شەڕ بۆ مانەوەم دەکەن
لەو زامانەی دەکولێنەوە و ساڕێژ نابن
لەو ژانانەی حەز بە چارەیان ناکەم و دەیانچێژم

بەرشەپۆلی نائومێدی کەوتووم
نوستالۆژیا پەتایه‌کی کوشندەیە
ئازارەکانم دەزێنەوە و ناتوانم فەرامۆشیان بکەم
ڕابردوو لێم ئاڵاوە و توولەکانی تووند لە باوەشیان گرتووم
توانام نییە هەنگاو بنێم
خراپ لەم چرپ و چاڵە چەقیوم.

سووتاین
خراپ سووتاین
چ ئاگرێک بوو تێمان بەربوو
ئاوا بڕوا
ئەم بەهەشتە گڕی دۆزەخ خۆشتر دەکات.

ئەم کێردە ڕاستەوخۆ چەقی لە سینەم
پێش ئەوەی لە نەهامەتییەکانی ئەم بوونە ڕابێم
ڕێگا سەرابییەکان پەلکێشی ئاویان کردم
ژیان نیگایه‌کی بۆ ئێمە نەکرد
جارێک بە ڕووماندا پێ نەکەنی
ئەم ڕۆژە تیشکی نەهاوێشتە ناو ئەم زوڵمەتەی ئێمە
بە ڕوناکیی فریومان خوارد
وەسفی تاریکیمان لە بیر کرد
ئەم بوونە گرنگترین پرسیارە
دەبێ مرۆڤ بگەڕێتەوە سەری
کێ بوو پێکی ئەم ژەهرەی بە ئێمە نۆشی؟
مەستم،
ژیانی پێش دنیام بیر نییە
کاتێ بە هۆش خۆم دێمەوە
تێدەگەم دەمێکە مردووم.

تا هەوراز و لێژی تاڵیی و مەینەتمان نەچێشت
تێنەگەیشتین خۆشبەختی چ خەیاڵێکی پووچە
ئەم هەرا و فەوزایە تەنگی پێ هەڵچنیوم
دەڵێی لێرە باری کردووە
ساتێ پێویستییم بە بێدەنگییە.

سەرکەوتنەکانم لە تەنیایی تۆمار دەکەم
ڕۆژێک دێت ئەم ژاوە ژاوە سەرم دەخوات.

دەڕۆم خۆم بە تەنیایی دەسپێرم
مرۆڤ جێی متمانە نییە
دەچم رازی دڵی خۆم بۆ با باس دەکەم
هەقایەتەکانم بۆ کانی دەگێڕمەوە
گۆرانییە غەمگینەکانم بۆ دارستان دەچڕم
بە بەژنی چیاکان هەڵدەگەڕێم
لەسەر لێواری بەردێک،
ماندوبوون بیر دەبەمەوە

دەڕۆم
لەجیات مرۆڤ
لەگەڵ دار و بەرد و چیا و کانی قسە دەکەم.

مرۆڤ ژەهرێکە ڕژاوەتە سەرزەوی
ئەم پێکە تاڵە زەوی نۆشی دەکات
ئەم گرد و تەپۆلکەیە لۆچی نێوچاوانی زەوییه‌
ئەم چیایانە دەستی بەرزکراوی پڕ له‌ گلەیین
لەم گەردوونە بێ سەروبنە
زەوی تووڕەیە لەوەی لە سەری دەژی
ڕۆژێک مرۆڤ وەفای نیشانی ئەم هەسارەیە نەدا.

حەزدەکەم سەمایێ بەناو ئەم فەزایەدا بکەم
ئەم بێتاقەتییە لە خۆمدا بته‌كێنم
چ زبڵدانێکە ئەم زەوییە
دەمەوێت بڕۆم
لەم واڵایییە لە سووچێک بە تەنیا بۆ خۆم سەما بکەم.

هەڵێنجم دێ
ژیان دێنمەوە
ئەم هەقیقەتە کەی کۆتایی دێ
دوایییان بڕێ
ئەم هەموو ئازارە خۆ لەبن نایێن.

هێندە تاقیمانکردەوە لە مردنیش بێزاربووین
تاقەتمان چوو هێندەی مەرگی پەپوولەکان ببینین و
دەنگهەڵبڕین، فەرامۆش بکەین
له‌ژێر سایه‌ی بێدەنگیدا هێنده‌ خۆمان گرمۆڵه‌ کرد
مردین و چێژمان لە هاوارێک نەدی.

خۆم لێ ونبووە
نازانم لە کوێم
ویستم بچمەوە ژوورە ڕۆشنەکانی تەنیایی
لە قەراغ زەلکاوی ئەم ژاوەژاوە پیسە خۆم دۆزییەوە.

خەیاڵ پەلکێشی شتی بێکەلکم دەکات
قیژەی ئەو هەموو ناهەقییە چەقییە سەرم
دەبێ بمرم تا دەتوانم بێدەنگی دەستەمۆ بکەم
دەبێ بمرم تا دەتوانم کەمێ لە جوانیی وردبمەوە
لە ئەزەلەوە ژیان چەقۆی خۆی دەسوێ
ئازیزەکەم
دەبێ بمرم تا بتوانم تۆ لە خۆمدا بسووتێنم.

سەردەمی ئارامی بەسەرچوو
دەبێ لەو فەوزایە ڕابێین
توتییەکان مێشکم دەکۆڵن
کاتێ لەودیو پەنجەرە تاوێ بێدەنگی هەڵدەمژم.

Comments (0)
Add Comment