ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەربائیلۆ

گۆران ڕەسووڵ

بەسەر پشتی نەهەنگێکی بریندارەوە
لە دەشتێکی ڕووت و بێڕەنگدا
دوو سەرخۆش لەگەڵ یەک کەوتنە گفتوگۆ

سەرخۆشی یەکەم:
یەک گونیە ئێسک و حەوت کەلـلەسەرم پێیە
کیلۆیەک یان کەمتر
چوار ئێسکی شکاو و نیو کەللـەسەری باوکمن
لە دەروازەی شاردا و لەپێناو ئازادیدا لێی بوونەوە

شەش کەللـەسەر و نیو
هیی حەوت هاوڕێی باوکمن
لە گەڕان بەدوای ناسنامەدا لێیان ون بوون

سەرخۆشی دووەم:
شەش مەتر خەونی ئێکسپایەرم پێیە
مەترێکیان هیی دایکمە
لەناو بازاڕدا
بە ئومێدی ئاسوودەیی بینی

چوار مەتر
هیی ئەو کچانەن کە لە پیاسەی ئێواران دەترسان

مەترێک خەون
لەم دەشتەدا بێ خاوەن دەبینرێن و دووبارە دەبنەوە

سەرخۆشی یەکەم:
شوێنێک نییە ئەم ئێسک و پروسکانەی لێ بنێژم
خاکێک نییە چوار ئێسکی شکاو و نیو کەللـەسەری باوکم بشارێتەوە
گۆڕستانێک نییە ناسنامە بداتە هاوڕێکانی باوکم.

سەرخۆشی دووەم:
دایکم لە خەونبینین دەترسێت
کچەکان، کوڕەکانیش،
چونکە خەونیان بینی
بەندکران، داخکران، کوژران.

_______________________________________________________

لەسەر لووتکەی باڵەخانەیەکی چل نهۆمییەوە
دوو منداڵ دانیشتوون و لەبەرخۆیانەوە قسە دەکەن

منداڵی یەکەم:
باپیرم پەنجا ساڵ داهاتووی ئەم شارەی لەسەر من تاپۆ کردووە
مێژووی ئەم شارە لە منەوە دەست پێ دەکات

منداڵی دووەم:
لەناو ئەم شارەدا
دەیان شاری ترم دروست کردوون
لە یەکێکیان پاشام
لەوەی تر میر
لە هەندێکی تریان شازادە

منداڵی یەکەم:
داهاتوو لەناو دەستی منە
تەنیا من دەتوانم ئاسوودەیی و ئومێد بفرۆشم

منداڵی دووەم:
من بڕیار دەدەم
کەی و بۆچی و چۆن کەسێک خەون ببینێت.

_______________________________________________________

لە دەشتێکی پڕ گۆڕستان و باڵەخانە
ئێسکی شکاو و خەونی ئێکسپایەر
لەناو داهاتووی قۆڕغکراودا هاواریان کرد

سەرخۆشی دووەم:
ئەم خەونانە خوێنیان لێ دەچۆڕێت
هەندێکیان مردوو و هەندێکیش لە گیانەڵادان
زیندوویان بکەوە و ڕزگاریان بکە.

منداڵی یەکەم:
خۆیان هیچ
داهاتوو بۆ منداڵەکانیان دروست بکەم
داهاتوویەک بە دڵی خۆم و باوک و باپیرم.

سەرخۆشی یەکەم:
ئەی پاشا
ئەی میر
ئەی شازادە
ئێسک و پروسکەکان هەر وا زۆر دەبن
کۆڵی نەوەکان بەرگەی ئەم قورساییە ناگرن.

منداڵی دووەم:
شارێکیان لە هەوادا بۆ دروست دەکەم
شارێک بە ناوی ئێسکی خەونەکان.

Comments (0)
Add Comment