هەنگاوەکانی ناو خانەی سفر

سالار عەبدولڕەحمان محەمەد

هەر لە دڵۆپی بارانێک دەچم
دەمێ غەریبی سەری لێ دەشێوێنێت
دەیەوێ نەگریێ
دەترسێ بە ڕۆندکەکانی خۆیەوە تەڕ ببێت
زۆر لەو منداڵە بڕست لێبڕاوەی دەستی شێرپەنجە دەچم
وەختێک سەر هەڵدەبڕێت وبە هەناسەی کەسیرە بووی
شوێن پێی ئەستێرەیەک دەکەوێت
کەچی بێ خەبەر لەوەی ئەمیش
شکستەدڵ و پەژمووردەیە
بە دەست حەسرەتەکانیەوە گیرۆدەیە
هەر ڕادەکات و لەکۆڵ خۆی نابێتەوە
زۆر لەو وشە دەرکراوانەی نێو قامووسێک دەچم
وەختێ، عاشقێک لە بێدەستەڵاتی خۆیەوە
پەنای بۆ دەبات
بێئاگا لەوەی ئەمیش
بەدیار غەریببوونی خۆیەوە
قرچەقرچی گریانەکانی لێ بوویتە نۆتە
خەڵکیش بەدیار ئاوازەکانیدا
خەم بەبا دەکەن وفەرامۆشییان دێتێ
دەڵێی ئەو شەپۆلە دڵشکاوانەم
غەریبی بەرۆکیان بەرنادات و
هەر ڕادەکەن و لە ئاوێ نابنەوە
زۆر لەو هەسارانە دەچم
سووزیان بەرۆکیان بەرنادات و
هەر دەکشێن و لە ئاسمانێ نابنەوە
بڕۆنێ… چەندە لە غەریبی دەچم…!
هەر ڕادەکەم و ڕادەکەم
نە لە خۆم دەبمەوە
نە لە (ئەو)یش
ئای چەندە لە بیرێکی وشکی فەرامۆشکراو دەچم
ئای چەندە لە چڵەداری نێو گڕێکی بەتینیش…

٢٠٢٣/٣/٣١

Comments (0)
Add Comment