دوای تەممووز

شاخەوان ئەحمەد

ماڵ پڕە لە هزری مەرگ هەوزنگەکان
خولەک خولەک
دەزرینگێنەوە.

سواندەکان
نم
نم
ئازاریان لێ دەتکێت.

باخەکەی ماڵ پڕە لە پارچە گەڵای دڵ
یەک
یەک
بە خۆشەویستی وشک بوونە.

کاتژمێرەکەمان کردبووه نیشانەی تەممووز
زستان هاتوو کات نەسوڕایەوە
چرکە
چرکە
دڵتەنگی دەستی پێ کرد.

لەوێوە
پەنجەرەکان بە ئاسنی عەشق تووند کران
کە لە سەفەردا بە نیگاکانمان هێنابوومانەوە
دەرگەکانیان بە زنجیری زیندان داخران
کلیلەکانی لای پاسەوانانی مردنن.

لە دوای تەممووزی نێوانمان
بالکۆنەکە بێ نازی ئینجانە و
بێ گوڵی شین
لە یادمە شەوانە بە بۆنی تۆ دەخەوتن
بەیانییان بە ئارەقی سنگی تۆ هەڵدەستانەوە
دوای تەممووز
ماڵێک چۆن پێبکەنێت
کە هەیوان و حەوشەی بە خەم سواق درابێت
دیوارەکان بە هاواری دەروون
درز
درزن.

ڕەفەی کتێبەکان تژی تارماییی
بوون
و
مەرگن
تەختەی نوستن ئێستەش بۆنی شەڕابی تەممووزی لێ نیشتووە.

خەیاڵەکانی ناو هۆڵ بۆنی تەڵخی خوێنن
خەونەکانیش ئاگر لە هیوای پێکەنینی ماڵ بەردەدەن.

بە ئاستەم دەژیم و بۆنی
مێخەکەکانی تەممووزیان لێ بردم
مازووەکانیان خستە نێو سویلی ئاگر
بێ یادگارییان هێشتمەوە.

تابلۆکانی ژوورەکەم خۆرئاوابوون و
گوڵەبەڕۆژە و ئەستێرەن
لە تابلۆی ژووری نوستنیش
مانگێک ڕووناکیی لێ دەزێت
کەچی
شەوانی تەنیایی،
هۆڕ هۆڕ
بۆ ئاوەدانی دەگریێن.

گۆرانیی ڕادیۆکەی ماڵیش هەمیشە
خەمگینی دەچڕێت:
ئەی دڵخۆشی ماڵئاوا
ژیان سەفەری وەرزەکانی کرۆشت
ماڵئاوا خۆشەویستی.

ماڵ تەنگەنەفەسە
تەممووز چیتر نەهاتەوە ئوور
بای بیابان
شەپۆل
شەپۆل
لم و غەزەبی هێنا.

خەریکە ماڵەکان دەخنکێن
کەچی هێشتاش چاوەڕێیی پێکەنینم
ماڵێک بۆ پێناکەنێت؟
ئەوە چاوەڕوانیی تەممووزبوو منی وشک کرد
یان
ئەهریمەن بوو شێواندمی؟

دوای تەممووزی نێوانمان
ماڵ تاقەنە و
دڵخۆشی تەنیا بوو
دەروون لە چاوەڕوانیی تەممووزدا
گۆشەگیربوو.

Comments (0)
Add Comment