نەورەس محەمەد
دەبوا ڕابردوو وەکو ددانی شەش ساڵیم،
هەڵبدەمە بیرێکەوە و بڵێم:
ڕەش بڕوا و سپی بێتەوە
بەڵام بە گەورەیی و قووڵی ئەو برینەی دروست بووە،
ڕەگی لێم دەرنایێ
ئەگەرچی گوندێک پرچم کەزی دەکا، بەڵام گوێی دەگرێ
بە پەرتەوازەییم پێدەکەنن و کاتم نییە لە خۆمدا ڕاکشێم
لە ئێوە دێمە دەرەوە
ناهێڵم گومانم تێدا دابنیشێ، ڕادەکەمە موبەقەکە و
توڕەییم لەگەڵ میوەکاندا دەشۆمەوە
تاوەکو کچەکەم پێبکەنێ،
نائومێدیی لە دایبیە پیسەکەیدا جێ دەکەمەوە
فێربووم
بۆ خەنینی هەمیشەیی ماڵەکەم
شۆربای ئێسکوپروسکی شتگەلێک لێبنێم
شتگەلێک، کە هەڵمدەوەرێنن ئیدی هەڵمنەوەرێنن
دەرگا دەکەمەوە
ئەو دەنگی بارانە کە دێتەوە،
سەوز دەبین،
ئەو لەنێو ئێمەدا، ئێمە لەنێو ئەودا
شەوان هێندەی ئەو کاتژمێرانەی لە کاردا دەجەنگێ، بەڕوماندا پێدەکەنێ، پێدەکەنین…
دادەنیشین بۆ باسی ئەو خەون و
ئامانجانەی بوونە چەرەزی دانیشتنمان
دادەنیشین بۆ باسی ئەو شیعر و ئاوازانەی دەستەمۆ نەبوون
باسی هەڵاتن لە نیشتمان،
کە ئەوینی کچەکەمان دەمانگەڕێنێتەوە
لە کاتێکدا سەیری یەکتر دەکەین و باسی بردنەوە دەکەین
گیتارەکەی دەخاتە باوەشی و بۆ چاوانی ئێمە گۆرانی دەچڕێ