لەنێو دەستمدا پەت هەڵدە

دابان عەتار

شوێن لە پێکانت بێزارە ئەی سەربازی گومڕا
دونیا شکاوەکەت بە کۆڵتەوە
نیشانە لە دڵی خۆر دەگریت
ئەی کاتکوژی ڕۆژگار
ڕووخسارت لە دامەنی شەوەزەنگدا خنکا
تۆ بیژووی دەڤەری ئاگر
هێند بەرگەم گرتی خۆڵ بم
هێند سووتام ئاو لە هەناومدا بخورێتەوە
هێند تەنیام جووتێک کوکوختی لە سنوورمدا نەفڕن
ئەم ترسە لە ئەزەلەوە نەبووە
تا خوێن هەمیشە خووڕەی بێت
دەبێت دەماری زەوی بیت
دەبێت ببیتە هەڕەمی چاخی دوان
گۆڕستانی یادگەت، پڕ پڕە لە گووللــە
سێبەرت خوێنی لێ دەچۆڕێت
گرەوت لەوەیە بدۆڕێت
باڵت لەوانەیە بتۆرێت
لەوەیە بگەیتەوە بەرپێی خۆت:
مەڕۆ!
بڕۆ:
لە نێو ئاگری ویستت
بسووتێ تا ئاو
بکوڵێ تا خۆرەتاو
مانگ لە کێڵگەکان تۆراوە
ڕووبارەکان بزێوتر بوون لە کانی
فەرموو دەستم:
بمکە بە جۆلانێ
فەرموو چەکەکەت دابنێ

Comments (0)
Add Comment