دابڕان


كاروان حاجی

١
گەیشتم به‌ بۆڵەی ترێ، بەڵام ترشایی پەسیرەم لە دەست چوو
گەیشتم بە مەنزل، بەڵام چێژی ڕۆیشتنم لێ ون بوو
گەیشتم بە سێوی سەر چلە عاسێكان، لێ خۆشی هەڵگەڕانم لێ بەربووەوە
گەیشتم بە دڵنیایی، لێ جۆلانەی پرسیارم لێ پسا
گەیشتم بە وەهمی حەقیقەت، بەڵام خرۆشانی گومانم لە دەست دا
پێم خستە ناو بازنەی عادەت، خولامەوە لە چەرخی بێهودەیی، فووم كرد لە تۆزی ئولفەت، لێ جامی سەرسوڕمانم لێڕژا.

٢
چی ڕوودەدات، گەر بە چاوی ڕووبار لە هەڵدێر بڕوانین؟ چ دەبێت وەك ئەستێرە شەو بناسین؟ وەك جۆگەلە قەدری ڕێ بزانین، وەك پاساری پەسێو شارەزا بین، وەك كوندەپەپوو چۆلی بقۆزینەوە، وەك شەپۆل لە كەنار بگەین؟

٣
تارماییەكم لە چاوی ترسنۆكێك
لووتكە چیایەكم بە مەنتیقی مێروولەیەك
پاشایەكم لای سەگێك
باخەوانێكم بە خەیاڵی پەپوولەیەك.

٤
ئەو شەوەی بووم بە تاریکیی، ئەستێرەیەك لێمەوە زریوەی نەكرد، لەو كۆچەی بوومە بەندەری پەڕینەوەت، نەورەسێك لەسەر شەپۆل نەنیشتەوە، كەشتییەك بەرەو ئەوبەر گوزەری نەكرد، ئیتر دونیام بێ هاماج و هاوارم بێ فریا مایەوە. لەو كاتەوە دەنگێكی نامۆم بە بیستن، ڕەنگێكی سەیرم بە بینین، بۆنێكی تازەم بە هەناسەی باخەكان. ئیتر لەو ساتەوە، بەو چرایەی دەستم بە دوای تاریكی دەگەڕێم، بەو گیتارە زامدارەی ڕۆحم ئاوازی خۆشنوودی دەژەنم، بە غەمناكترین ئاواز ئەو شادییە پەخش دەكەم.

٥
لە كەلاوەی كوێرەوەریەكانم سۆراخی بەردی ڕوونوس دەكەم
لەناو جۆلانەی هۆشیاریم دەخەوم
لە دەریای تینوویتیم شەپۆل دەدەم
لە هەڵدێری شكستەوە سەردەكەوم
گۆزەی تینووم لێی دەڕژێت. كاسەی پڕم بە تاڵە
پیربووم، بەڵام منداڵێك سێبەری لێكردووم
تەرمێكم، بەڵام ژیان فریوی داوم، ئەجەل وەك چەتەیەك ڕێی لێ گرتووم، قەدەر وەك زارۆیەك دەمخافلێنێت، ژیان وەك شەرابێك لە مەیخانەی ئەو دنیایە مەستی كردووم.

٦
زەمەن لێرە وەك مار پەپكەی كردووە سەری لای كلكییەتی. پێدەچێت پێیەكانمان لە درزی ئەشكەوتێكی چاخی بەردین گیربووبێت. لەوانەیە پێڵاوەكانمان لە لیتاوی ڕووبارە دێرینەكان چەقی بووبێت، ڕەنگە قژی ژنەكانمان و ڕیشی پیاوەكانمان لە دڕی و داری جەنگەڵێك ئاڵا بووبێت؟
ڕەنگە تاجی پاشاكانمان زریانێكی بێ ئاراستە، یان قەلێكی بێ هێلانە ڕفاندبێتی؟
كێ ناڵێت ئەڵقەی ڕوونوسمان كەوتووەتە گۆمێكی لێڵی ڕووباری گەنگەوە. دوور نییە شمشێری سەركەوتنمان لە ئەرگامیدۆن شكابێت؟
دەبێ گوللەبەندی ئەو جەنگەمان نەكەوتبێتە ژێر سمی ئەسپەكانی هۆلاکۆ و نوشتەی ئەو سەركەوتنەمان بە ئاوی دیجلەدا نەچووبێت؟
ئێمە ڕێوانێكین تەنیا شوونی پێیەكانمان شوێنەوارمانە. ئێمە هاوارێكین تەنیا شاخەكان وەڵاممان دەدەنەوە. ئێمە لێقەوماوێكین تەنیا مەرگ بەهانامانەوە دێت
بۆ پێم ناڵێن، ئەو سەرشۆڕییە چییە لەسەر لووتكەی سەردەم؟
ئەو بێ ئاگاییە لە بڵندگۆی هۆشیاریدا، لە منارەی بێداریدا؟
ئەو نابیناییە چی دەكات لە دوندی ئاسۆ، لە هاڵەی ڕووناكیدا، لە بیلبیلەی چاوی تیژی ئەو خۆرهەڵاتەدا؟
ئاخ، چ مردنێكە بەسەر چلی سەوزی ژیانەوە.

٧
لەسەر ڕێگەكانی ژیان چیمان دیت، جگە لە شوێنپێی ئەوانی تر وەك برینێك بەسەر پێستی ئەم هەسارەیە
لە لاڕێكان چیمان كەوتە بەرچاو، جگە لە زەردەخەنەی سادەیی مناڵێك وەك وەڵامێكی بێ باك
لە هەمبەر جەنجاڵی ژیانی باوكێك
جگە لە ئەزموونی دڵشكاوێك، وەك بزەیەكی تاڵ بۆ گڕ و تاسەی عاشقێك
جگە لە سێبەری لەرزۆكی پیرێك، بەتەنیشت قەبارەی ئومێدی نەوجەوانێك
جگە لە سیكرابەكانی ئەزموون، لە دەم ڕێگە بێپێشینەكانی ژیان
ئەو بۆشاییە هەرگیز بە تێگەیشت پڕ ناكرێتەوە، ئەو برینە تەشەنەبووە بەو دەست و پێ سپییانەی مۆدرێنیتە نەشتەرگەری بۆ ناكرێت.

ئەوانەی چوونە قووڵایی، تا ببن بە مرواری لە كەنارەكان دۆزرانەوە
ئەوانەی چوونە سەر گۆم، تا لە ئاو بلەرنەوە، بێ سێبەر لەسەر زەوی مانەوە
ئەوانەی بە ڕۆحێكی خامۆشەوە چوون، تا لە چاوی كانیاوێك ببریسكێنەوە، لە زێرابی شارێك بینرانەوە

من لە بۆی تابلۆكان مانایەك ڕەنگ ناكەم، چونكە نەمویست بەم بیلبیلە ڕەشەوە ڕەنگێكی تر بۆ حوزن زیاد بكەم. هەر ئەوەندەیە سێبەرەكەم بە تەنیشتمەوەیە دەمپارێزێت لە شەبەیخونی تەنیایی. وردەوردە زەوی لە خۆم دەنێژم.

لە دەم ڕێگەكان هەڵدەكوڕمێم، لە ڕێبوارەكان دەپاڕێمەوە بەڵێنی گەڕانەوەم پێ بدەن. كاروانەكان شێلگێڕانە پێ لە سێبەرم دەنێن
سەگە بەرەلاكان بۆنی غەریبیم هەڵدەمژن
درەختەكانی لاڕێ سێبەر لە تەنهاییم دەكەن
پیشەم دەرۆزەكردنی ژیانە لەوانەی هەرگیز بەو ڕێیەدا ناگەڕێنەوە، لێ جەنگاوەرەكان دەمبوغزێنن
تكا لە نەمامەكان دەكەم سێبەرەكەیان بە زەوی ببەخشن. گوڵەبەڕۆژە ڕادەسپێرم چاو لە چاوی خۆر وەرنەگێڕێت، بەڵام لە زەردەپەڕەوە چاوەڕوانیی گزنگ نەكات، شەویش بەشی پێلو ترووكانی شەوبۆكان ناكات
بە حەوزەكان دەڵێم، بە چاوێكی لیخنەوە مانگ لە شەرم مەبەنەوە
هاوار لە هەورەكان دەكەم، تا خاكێكی تینوو هەبێت، نەكەن بەسەر دەریا داببارن
گەر ئەم یاسایە پەیڕەو نەكەن، نامناسنەوە، ئەو تارماییەی من لە ڕۆژەكانتان ناڕەوێتەوە، هەموو زەوی تەی بكەن، شوێنپێیەكم نابیننەوە، هەموو جیهان گوێهەڵبخات نامبیستنەوە
گەرچی كیژۆلەكان وەك ملوانكە لە گەردەنم دەكەن بۆ كرانەوەی زێرابی بەختی گیراویان، نیگاركێشان وەك تابلۆیەك هەڵمدەواسن بۆ ڕاكێشانی سەرنجی كڕیارە بێ گیرفانەكان. پیاوە هەڵامەتییەكان وەك خونچەیەك بۆنم دەكەن، زارۆكەكان وەك كۆلارەیەك بێ داو هەڵمدەدەن لە ئاسمانێكی تەپیو.
ژیان مەتەڵێكە بە هیچ ئەفریدەیەك هەڵنادرێت: شەوان پێش بخەوم دەڵێم، ژیان خەونێكە، بەڵام لە خەون نا. بە دەم پیاسە بێ ماناكانم لە شەقامە بێزارەكان، دەڵێم، سەفەرێكە، بەڵام بە ڕێگە نا، بەرەو هیچ مەملەكەتێك نا
ئەو ساتانەی دەدۆڕێنم، دەڵێم، خەڵاتێكە، بۆ كەس نا
كە هەر ڕۆیشتم هەر نەگەیشتم، گوتم، نامەیەكە، بۆ دەستێكی تر نا
كە هەر نەمزانی، ئەمجارە وتم، سیحرێكە، بۆ فریو نا
كە هیچ دادگایەكم نە دیتەوە تای تەرازووەكەی یەكسان بێت، وتم، تاوانێكە بۆ سزا نا
كە ڕووی هەمووانی بە تەنی و دووكەڵەكەی ڕەشكرد، وتم، ئاگرێكە بۆ سووتان نا
ئێمە بە تیروپشكێك ژیانمان بەركەوت، بە عینادی گرەوێك دەیدۆڕێنین
من ژیانم ئەوها دۆزییەوە لە زێرابێك…

Comments (0)
Add Comment