بنمیچی ڕۆژە شادومانەکان


(لە سەرەتایەکی ئاڵۆزەوە بەرەو کۆتایییەکی سادە)

ئیسماعیل سابیر

١
شنەی ڕووخسارت بەسەر سپێدەی بەیانییە ماتەکان پرشنگ دەدا. دەخەوم و دڵنیا نیم سبەی لەسەر ئەم گردۆڵکە سپییانە چ شەڕێک بەرپا دەکرێت، چونکە لێرە کاپتنی هەموو کەشتییەکان دەیانەوێت تەنیا بەرەو کەناری تۆ سەوڵ لێ بدەن.
“جوانێ گیان” لەبەر ئەوەی ڕەونەقی لەرەی جەستەت وەک هاوینەهەوارێکی بەناوودەنگ؛ هێشتا فێنکایییە و بارتەقای چەندان درەخت سێبەرم لێ دەکات بۆیە خۆشبەختم.

لە ناندینەکە نزیک دەبمەوە، بۆنی هێلکەوڕۆن و هەڵمی چای گەرم وەک ئاهەنگێکی شەوانە خەریکە گەدەی برسیم بهێننە سەما
زۆر بە ئەسپایی کە دڕدۆنگیم جێ هێشت، لە زەوییە دوورەکانی باڵات ڕەشمالی خۆشبەختیم هەڵدرا
بەڵام بە یادی ئەو کچ و کوڕانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ژوانیان بەستووە تا ئومێد لەژێر ساپیتەیەک هەڵبخەن، دەبێت درێژەی ئەم شیعرە بنووسم.

قاوەڵتییەکەم تەواو کردووە، وەک پیاوە بەساڵاچووەکان لە ڕۆخی پەنجەرەکە وەستاوم بەڵام لە یادی ئەو جوتیارەی ڕەزەکەی لێ سووتا و ساڵێک لە ساڵان باخە هەنارەکەی کەوتە ژێر چنگی داگیرکەرەوە، من ئێستا دڵتەنگم.
بە سووراحییەکی ڕەشی مەیلەوقاوەیی کە پڕ بە چاوەکانمە؛
بۆیە گوڵە وشکبووەکان ئاوپرژێن دەکەم.

٢
ترسنۆک نیم
هاوڕێکانی قوتابخانە باش دەزانن
بەڵام من چونکە تۆم خۆش دەوێت
جنێو لە شۆفێرە سەرکێشەکان قەبووڵ دەکەم و
ئێستا خۆم تەنانەت لە ڕەماشی تووڕەیییان دەپارێزم.

لەژێر پلەی گەرمیی سەروو پەنجای هەولێردا ئۆقرە ناگرم
بە هەستی فێنکاییی گەردەن و ملت لە ئیسکان فڕ لە چایی دەدەم و
بە نەشئەی گرتنی دەستەکانت، لە شەقامەکانی دەوروبەری قەڵا وەک گەشتیارە عەرەبەکان دەسووڕێمەوە.

لەسەر ڕایی نەکردنی مامەڵە لەگەڵ هیچ فەرمانبەرێک بۆڵەبۆڵ ناکەم
لە چێشتخانەکەمدا ئەگەر کەسێک کێشە دروست بکات و تەنانەت پارەش نەدا
لەگەڵ ئەوەی پیاوێکی شەڕانگێزم، بەڵام ئێستا من
گرنگی بەو نەفرەتییە نادەم.

چونکە خورپەیەکی هەمیشەیی لە سینمەدا، ڕۆژانە جاڕی شادومانییەکی هێمن لێ دەدەی بۆیە
لە کاتی تەقەی خۆشی دەرگای ژوور و ماڵەکەم دادەخەم
چونکە دەترسم کات بەشی ئەو هەموو پێکەوەبوونەمان نەکات
بۆیە من دەتکەم بە ڕووبارێکی شادومان تا بە هەمیشەیی بەناومدا تێ بپەڕی
لەبەر ئەوەی خونچەی ئومێدم تەنیا لەژێر سپینداری چاوەکانی تۆدا دەگەشێتەوە.

٣
بوون بە هاوەڵی بەردەوامیی نوێژخوێننان گران لەسەرم کەوت،
بەشێک لە سونەتەکانم جێ بەجێ کرد
ڕۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە ئینجا ناوم لە لیستی بەڕۆژوبووان تۆمار کرا
لە نوێژ و دوعای شەوانی قەدردا ناوت لەسەر زارمدا
خۆزگەیەکی هەتا هەتایی بوو.

بە ئومێدی زین کردنی ئەسپی شەرمم لە خاکی باوانتدا، باوەشم بە بەخشندەییدا کرد، کلێنکسم لە منداڵ و دەستگێڕی ترافیکەکان کڕی
لەپێش مزگەوتەکاندا جانتای پارەم بەسەر هەژار و سواڵکەرەکان دابەش کرد
سەبارەت بە مرازی دڵ، وەک دەستوپێ سپییەکان
هێندە بێچارە و ناموراد بووم،
تەنانەت بە ژن و پیاوە لێقەوماوەکانیشم گوت:
لە دوعاکانتان بێ بەشم مەکەن تکایە.

هاوینی ٢٠٢٤

Comments (0)
Add Comment