نوخبەی شیعر بەرەو کوێ؟

سۆران محەمەد

پێشەکی:

لە هەموو دەوروزەمانێکدا شیعری باش و خراپ بوونی بووە، ئەوەی باش بووە مانەوەی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە، ئەوەیش خراپ بووە هەر زوو لە سەردەمی نووسیارەکەیدا لە بیرچووەتەوە، لەم نێوەندەشدا شاعیری کەمبەهرە لە ژیانیاندا زیاتر دەناسرێن، چونکە دەچنە هەموو کونێكەوە و سەر بە هەموو کونێکدا دەکەن بۆ ناسین، کە لێرەدا خۆیان دەبنە هۆکاری ناساندنی خۆیان وەكو شاعیر، نەك بەرهەمەکانیان ناسنامەی شاعیرێتیان پێبدات، بەڵام بە مردنیان لە بیر دەچنەوە، بە پێچەوانەی شاعیری ڕاستەقینە کە زۆرجار لە ژیانیاندا ناناسرێن و وەك پێویست بایەخیان پێنادرێت و بگرە ستەمیان لیدەکرێت و دەنگیان کپ دەکرێتەوە و دژیان دەجەنگن، بەڵام لە دوای مردنیان باس دەکرێن.

فريدريك هۆڵدرلينی ئەڵمانی (١٨٤٣ – ١٧٧٠)و شیلی ئینگلیزییش (١٧٩٢-١٨٢٢) لە ژیانیاندا وەك شاعیر سەیرنەکران، بەڵام دوای خۆیان و ئێستاشی لەگەڵدا بێت کارەکانیان جێی لێوردبوونەوەیەو کاریگەرییان بەسەر شاعیرانی ناوداری دوای خۆیانەوە جێهێشتووە، بە نموونەی ڤان کوخی هۆڵەندی(١٨٥٣-١٨٩٠) کە لە ژیانیدا تەنیا یەك تابلۆی فرۆشت و کەچی ئێستا تابلۆکانی بەهەموو ڕێگایەك هەوڵی دزینی دەدرێت لە لایەن دزە موحتەریفەکانەوە لەبەر بەها هونەریی و ماددیەکانیان.

ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەم پێوانەیە بۆ هەمووان ڕاست بێت، شاعیری واش هەیە کە بەخت یاوەری دەبێت و لە ژیانی خۆیاندا بەهرەکانیان کەشف بووەو ناسراون و شاعیرە سادە نووسەکانیش لە قۆناغێك لە قۆناغەکانی نووسینیاندا هەرخۆیان ساردبوونەتەوەو وازیان هێناوەو بەرۆکی شیعریان بەرداوە، ئەوانەش کە ڕۆژێك لە ڕۆژان چەپڵەیان بۆ لێداون شتێکی ئەوتۆیان لە شیعر نەزانیوەو تەنیا دەربڕینیان لە هەستی ساتەکی خۆیان کردووە بەرانبەر ئەو شیعرە.

شیعری باش وخراپ:

لە کۆن و نوێدا زۆر باسی پێناسەی شیعر کراوە و لەگەڵ ئەوەشدا لە هەر زەمانێکدا تەرزێکی جیاواز لە شیعر ڕەواجی بووە و دواتر بە پێی پێشکەوتنی ژیان و عەقڵ و تێگەشتن و چەشەی مرۆڤ و گۆڕانکارییە هەمەکییەکان، شیعر و ستایڵ و زمانی شیعریش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، تەنانەت زمانیش لە بەکارهێنانی ڕۆژانەیدا لەم گۆڕانکارییانەدا پشکی خۆی بەردەکەوێت.

بەڵام بۆ ئەوەی بە دەقێك بوترێت شيعر، کە قسەمان لێرەدا لەسەر (شیعری ئازاد)ه دەبێت کە چەند بنەما و خاسییەتێکی شیعر هەیە تێیدا بوونی هەبێت، تا پێی بگوترێت شیعر، لەوانە ڕەچاوکردنی  زمانی شیعر کە لە زمانی ئاسایی و قسەکردن باڵاتر و چڕتر و مۆسیقیتره، ناکرێت لەژێر ناوی شیعری ئازاددا هەرچییەك بنووسرێت بە شیعر ناوببرێت، بەو واتایەی خۆداماڵین لە هەموو مەرجبوونێكی شیعر و شیعرێتی بە ناوی داهێنانەوە، چونکە شیعر خۆی لە خۆیدا دەربڕینێکی هونەرییە نەك ئاسایی، بۆ نموونە گەر دەقێکی دانائامێز لەسەر شێوازی ستوونی بەرهەم بهێنرێت دەکرێت ناوببرێت بە دانائامیزیی یان فەلسەفی یان هزریی یان ڕامیاری بەڵام ناکرێت ناوببرێت بە شیعر، شیعر سەلیقە و کارکردن و خرۆشاندن و تیمە و وێناندنی ئەندێشەیی پێویستە، دوور لەم جوانکارییە زمانەوانییانە خاڵی دەبێتەوە لە ڕەگەزەکانی جیاکاریی و داهێنانی شیعریی، وەك بەداخەوە لە زۆر دەقی بڵاوکراوەی ئەمڕۆدا بەرچاو دەکەون و خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیاندا بەر هیچ جیاوازیی و داهێنان و خۆ ماندووکردنی شاعیرەکەی ناکەوێت، ڕاستە بەهرە هەموو شتێك نییە، بەڵام شاعیری بێ بەهرە ناتوانێت شیعر بنووسێت، کە لێرەدا بونیاد و تیمەی شیعر دەکرێت بە (لێشاوی بەهرە) بناسرێت کە دەرگای چوونە ناو نووسینی دەقێکی شیعرییە و ئیتر کارکردنی شاعیرەکە ڕۆڵ دەبینێت لە بە ئەنجامگەیاندن و تەواوکردنی شیعرەکەدا و شەونخونی بە چنین و ڕازاندنەوەی زمانەکەی و ڕەگەزە بەشداربووەکانی ناو شیعرەکە.

لە لایەکی تریشەوە دووبارەکردنەوەی کۆنەکان بە ناوی نوێخوازییەوە خوێنەری بە ئاگا توشی سەرەگێژە دەکات، بۆ نموونە گەر شارل بۆدلێر یان مالارمێ  بە باوکی ڕۆحی سیمبوڵییەت بناسرێت و ئارتۆر ڕامبۆ بە باوکی ڕۆحی سوریالیەت ناوزەد بکرێت، ئەوا  چ هونەرێکی تێدایە ئێستا شاعرێك بێت و  سیفاتی سەگانە بکاتە ناونیشانی شیعرێکی یان دیوانێكی؟ ئەوەتا ڕامبۆ لە شیعری (دیموکراتی)دا دەنوسێت:” ڕابواردنی زیاتری سەگانە ” یاخود ڕۆڵان بارت لە لاپەڕەکانی سەرەتای ڕەخنە و حەقیقەتدا سەبارەت ئەو هێرشانەی کرانە سەری لە لایەن ڕەخنەنووسی پێشین (بیکار) و هەندێکی ترەوە دەنووسێت: “دەکرێ ڕەخنەی نوێ لەژێر ئیمپراتۆری دووەمدا دادگایی بکرێت: کە ئاوەز بریندار نەکات بە وەستان دژە ڕێسا سەرەتاییەکانی فیکری زانستی و گۆکراو، لانی کەم بەر ئاکاری گشتی نەکەوێت، لە هەموو بۆنەیەکدا تاوانبار نەکرێت بە بزواندنی هەستی جنسی، بەر ئاوەڵاو سەگیی… ئایا ئەمە مەترسیدار نییە گەر بەرانبەر ئەقڵ و هونەر و هەموو بیرێکی پێچەوانە بخرێتە گەڕ، ئەمە ترسە لە نوێبوونەوە “

دەزانم ئەم قسانە جێی ڕەزامەندی زۆر لە هەوداران و سادەنووسانی شیعر نییە، بەڵام وەکو عەلی وەردی دەڵێت: ڕۆژێك بە دراوسێکەمانم گوت: دەنگی کەڵەشێرەکەتان چیدی نایەت؟ لە وەڵامدا گوتی: دراوسێکەمان دەیگوت بەیانییان دەخوێنێت بێزارمان دەکات؛ منیش سەرم بڕی… لەو کاتەوە زانیم ئەوانەی خەڵك هوشیار دەکەنەوە چارەنووسیان ئاوها دەبێت.

ڕەخنەگر دۆستی شاعیرە و لە بەرژەوەندی ئەو دەنووسێت و ماندوو دەبێت، بەڵام لای ئێمە پلاری تێ دەگیرێت و دژی دەجەگن، گەر ڕەخنە نەبێت ئەدەبی باشیش بوونی نابێت، لەبری ئەوەی کاکی شاعیر بچێت بۆ لای ڕۆژنامەوانێك تا لەسەر شیعرەکانی بنووسێت کە زۆربەی موجامەلەی بێ بنەمای زانستییە، بۆچی ناچێت بۆ لای ڕەخنەگرێك، تا پێش بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی بە دەقەکاندا بچێتەوە؟ مەگەر ئەو بەرهەمانە نابنە موڵکی و لەسەری حساب ناکرێت؟

من وەك خوێنە رو موتابەعەکارێك مافی ئەوەم هەیە سەلیقەم تێك نەدرێت بە دەقی خواروخێچ، تۆش کە شیعر دەنووسێت دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکەیت کە شیعرەکەت بە چەشەی هەمووان ناخوات و گەدەی شیعریی هەمووان ڕەنگە پێیان هەرس نەکرێت، لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەمە دیاردەیەکی تەندروستە و دەبێتە هۆی بەرپابوونی ئارگیومێنتی بونیاتنەرانە، مادام لە دەق بترازێت باس لە هیچ شتێکی دەرەکی و کەسێتی شاعیرەکە ناکرێت.

جەماوەری سۆشیال میدیا و جەماوەری دەقی باش:

بەرکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی پێویست و لە پێناو سوود وەرگرتنی مەعریفیدا دادەنرێت بە خاڵێکی ئیجابی، بەڵکە پێداویستییەکی سەردەمیانەیە کە ئاسانکاریی بۆ بەڕێوەچوونی کاروباری مرۆڤ لەم سەردەمە خێرایەدا دەکات، بەڵام بە پێچەوانەوە گەر بۆ کاتکوشتن و خۆ مەشغوڵکردنی (کاتەکانی بێ ئیشیی) بێت، ئەوا سەردەکێشێت بۆ زیانگەیاندن بە خۆ و بە کەسانی تر، هەرواش زۆربەی ئەوانەی خەریکی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەن خوێنەری سەرپێیی و خێران، بە پێچەوانەی جیهانی پڕ ڕامان و هێمن و قووڵی شیعرەوە کە پێویستی بە هەزمکردن و لێوردبوونەوەیە، من جارێك تەماشای شیعرێکی ئەو تۆڕانەم کرد بینیم ١٦ لایکی بۆ دانرابوو، کە کلیکم کرد تا دەقەکە بخوێنمەوە بینیم ١٢ جار ئەو شیعرە خوێندراوەتەوە بە منەوە! ئەمە ئەگەر بەڵگەی هەر شتێك بێت سەرەتا جەختکردنەوەی ئەو ڕاستییەی سەرەوەیە، پاشان لەوەش خراپتر؛ هەیە تەنانەت پۆستەکەش ناخوێنێتەوە لایكی دەکات و دەستخۆشی دەنووسێت، کە ئەمە لە ڕاستیدا سەرلێشێوانی شاعیر و بەلاڕێدابردنییەتی، چونکە شاعیر بەم لایك و کۆمێنت و دەستخۆشییانە هەڵدەخەڵەتێت و پێی دەخلیسکێت و وادەزانێت باشترین شاعیر ەو کەچی لەولاوە  گەر پیشانی کەسێکی شارەزای بدات سەیر دەکات شیعرەکەی پڕ لە هەڵە و کەموکوڕیی و کاڵوکرچییە، لێرەوە هۆکاری ئەوە دەردەکەوێت بۆچی شیعری باش کەمترین لایکی بۆ دەکرێت؟ هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەوە شوێنی ئەو شیعرانە نییە، چونکە خوێنەری ئەو شیعرانە لەوێدا نابینرێن، چونکە ئەوان خەریکی کات کوشتن نین بەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی هەندێك کەس موعتادی بوون کە تا ئێستاش لە ئەدەب و هونەر و مەعریفە هیچ فێر نەبوون. جەماوەری هەر بابەتێك شوێن و کاتی خۆی هەیە، بۆیە گرنگە کاتێك شاعیر شیعر دەنووسێت بزانێت خوێنەرەکانی کێن؟ ئەو کاتە دەزانێت ئاستی شیعرەکەی لە کوێ دایە، ڕۆژێك برادەرێك گوتی: باشترین فرۆشی کتێبی شیعر؛ شیعری مۆبایلە. باسی کتێبێکی لەو بابەتەی کرد کە چۆن ٢٠ هەزار نوسخەی لێ چاپکراوە و لە بازاڕدا نەماوە، کتێبی جددیش لە ساڵێکدا ڕەنگە چەند دانەیەکی لێ بفرۆشرێت. ئەوە باسمان لەوە نییە کە بەراوردی لایکی مۆدێلەکان یان یاریچی تۆپانێ  بەو شاعیرەی ١٦ لایکی بۆ کراوە بکەین و لەگەڵ ئەمەشدا کە هەمووشیان شیعرەکەیان نەخوێندووەتەوە. چ کارەساتێك هەست پێ دەکەین کاتێك ببینین مۆدیلەکە سەدان هەزار لایکی بۆ بکرێت! ئەمە دیاردەیەکی کوشندەی کۆمەڵایەتییە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سۆسیۆلۆژی ئەکادیمی و قووڵ هەیە کە بەرەنجامەکەی زەنگی مەترسی لێ دەدات بۆ کۆتایی هاتنی سەردەمی ڕەسەنایەتی و شیعری جددی و چینی نوخبەی خوێنەران، لەو لێشاوە کوێرانەیەدا بەها ژێر پێ دەکەوێت و چی دی نابێتە جێی بایەخ، لەم دووڕیانەدا مردنی ڕاستەقینەی میللەت ڕوودەدات، بە شکستی بەرهەمی باش و دەرکەوتن و برەوی شتی خراپ. لێرەدا گرنگە مرۆڤ شوێنگەی ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە تا نەسووتێت بە دەرد و پەتای ئەو شەپۆلە.

ئایا شیعر بە تەنیا مەعنایە؟

شاعیری ئینگلیزی تۆماس گرەی ١٧١٦-١٧٧١ لە وەسفێکی چڕی شیعردا دەڵێت:

  “Poetry is thoughts that breathe, and words that burn.”

مانای: شیعر هەناسەدانی بیرۆکەکان و سووتانی وشەکانە.

وەکو زانراوە و گوتراویشە: شیعر سۆز و ئەندێشەیە، ئاماژە و نیشانەیە، چڕبوونەوەی دەلالەتە، یان تەقینەوەی چڕی هەست و نەستەکانە، کەواتە لێرەوە دەردەکەوێت کە زاراوە و زمان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە سنعەتی هۆنینەوەی ئەو هەستە ناخەکیانە کە لە هیچ ژانرێکی تری وێژەییدا جێی نابێتەوە و یەکسەر لەگەڵ گیاندا یەکانگیر دەبێت کە خوێنەر پێی دەگات، جادوی خۆی لەسەری دەڕێژێت. لەم نێوەندەشدا وشەسازی و پشت بەستن بە بەش و زانستەکانی ڕەوانبێژی ڕۆڵێکی باش دەگێڕێت تا شیعر لە قسەی ڕۆژانە جیا بکاتەوە و ئەو وێنە مەجازییە شیعرییانە بكێشرێت کە بەهیچ جۆرێك کۆپی ڕاستەوخۆی واقیع نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی تێکەڵە و بە دەزوویەکی باریك شاعیر لەگەڵ واقیعدا گرێی دەدات و سەلیقەی داهێنان و مەیدانی کارکردنی لێرەدا دەردەکەوێت، کە تا چەندێك تازەن و چاولێکەریی و دووباەکردنەوە نین.

هەیە بۆ نموونە لەژێر ناوی ڕەخنەی ڕادیکاڵی و  بە تەنیا بینینی گوتار و تییمەی دەقدا  هیچ لە پێکهاتە سەرەکییەکانی شیعر نابینێت و دەیەوێت ڕەخنە لە دەقێك بگرێت، هەر وەکو ئەوەی ڕەخنە لە هەڵوێست یان گوتارێکی سیاسی بگرێت، بێ ئەوەی بزانێت شاعیر تا چەند وردەکارانە، جوانییە فەرامۆشکراوەکانی ژیان دەکاتە دەقێك و دەمانهەژێنێت، ئەو دەقە پێش ئەوەی لەگەڵ ئاوەزدا بدوێ، لەگەڵ دڵ و سۆز و هەستەکانماندا  دەئاخفێ.

ئەگەر بڵێین بەشێك لە پێکهاتەی هەموو زاراوەیەك مانایە و بە خستنە پاڵ یەکتری، شاعیر ڕێگای نوێ دەدۆزێتەوە بۆ دەربڕین کە پێش ئەو ئەنجام نەدراوە و لەو میانەیەدا شتێکی نوێمان بە زمانی ناڕاستەوخۆ و پڕ کۆدی چڕی شیعر پێشکەش دەکات، کەواتە مانا و پەیامی پشت وشەکان بەشێكی شیعرن نەك هەموو، ئەویش دەکرێت ڕاستەخۆ و ئاشکرابن یان شاراوە و ناواخندار، یان زیاد لە مانایەك لە دووتوێیاندا خۆی وەشاردبێت. بەڵام هەرگیز شیعر شەرح و ڕوونکردنەوە و درێژدادڕیی نییە، کاتێك زمانی شیعر گەیشتە ئاستی قسەی ڕۆژانە ئەوا لە هونەرکاریی  خۆی دادەماڵێ و خواحافیزی لێ بکە.

ئەگەر نا، ئەوا وتاریش کە هەڵگری چەمکی مانایە، دەبوو وەك شیعر تەماشا بکرێت، یاخود پەخشان و نامە و ڕێپۆرتاژ و…تاد، بەڵام ئەوەی شیعر لەمانە جیا دەکاتەوە لە میانەی مانادا، چڕی و خەستییەکەیەتی لە شیعردا، کە ڕەنگە هەر بە ئاماژەیەك دەربڕینی لێ بکرێت، ئەمەش دەبێت لە فۆرم و ستایڵی تایبەتی شیعردا بێت نەك شتێکی تر، ئەمانە ڕاستییەکن هەر لە سەرەتای قۆناغی زارەکی فۆلکلۆری و لاواندنەوەکانەوە و تا دەگاتە کلاسیك و ڕۆمانتیك و سیمبوڵیزم و ڕیالیزم و مۆدێرن ئەو بنەما سەرەکییانەی پێشوو باسمان کردن کەم تا زۆر پەیڕەوکراون، بەڵام لە هەر قۆناغێکدا چەند لایەنێك زاڵبووە بەسەر ستایڵە شیعرییەکاندا، بۆ نموونە گەر لە قۆناغی کلاسیکدا کێش و سەروا و وەزنەکان و مەنتیق بە مەرجی سەرەکی دانرابن، بەڵام لە هەمان کاتدا هەست و هەژان و سۆز و هونەرەکانی مەجاز و ڕەوانبێژی تیایاندا بوونی بووە، بە هەمان شێوەش کاتێك لێشاوی شیعری ڕۆمانتیك و شیعری ئازاد پشتی لە کێش و سەرواکرد و شیعری لە هەندێك مەرج ئازادکرد کە بەکۆتی بەردەم داهێنان دەیانبینیەوە، بەڵام نەیتوانی خۆی لە مۆسیقا و ئیقاع و ڕەوانبێژی و چڕبوونەوە و  وێنە ڕزگار بکات. کەواتە ئەوەی ناوەڕۆکی شیع رو هونەرەکانی تر لە یەکتر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە شیعردا هزر و هەست و سۆز بەمانایەکی تر بوارەکانی(ئاوەز، دڵ، دەروون) تیایاندا ڕۆڵ دەگێڕێت لە بەرهەمهێنانیدا و هیچ یەكێکیش لەوانە نییە بە تەنیا، بۆیە لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەستەمە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ شیعر دابڕێژین کە پڕاوپڕی خۆی بێت و لە چەند وشەیەکدا کورتی بکەینەوە. هەرچەندە زۆر لەم بارەوە گوتراوە و نووسراوە و هەرکەسە لە دیدو تێڕوانین و سەلیقە و تێگەیشتنی خۆیەوە تەماشای شیعری کردووە. ڕەنگە ئەمە بێت وای لە شاعیری ئەمەریکی بەناوبانگ ڕۆبەرت فرۆست کردبێت بڵێت: “شیعر ئەو هەستانەیە کە بیرۆکەی خۆیان دۆزیوەتەوە، و بیرۆکەکانیش وشەکانیان دۆزیوەتەوە”.

مەخابن ڕەنگە لەمڕۆدا نووسینی شیعری ئازاد زۆر ئاسان تەماشا بکرێت، بۆیە نووسیارانی هێند زۆربوون و شیعری کاڵوکرچ لە برەودایە، دەبوو بزانرایە بە تەنیا زانین و زانیاری بەس نییە بۆ شیعر نووسین، بەڵکو بەهرە و سەلیقە و کارکردنی لەگەڵدایە، چونکە شیعر کیمیا و فیزیا و جوگرافیا و میژوو نییە تا لەبەربکرێت و بۆ نموونە خاوەنەکەی ببێتە مێژوونووس. ئەمە بۆ ڕەخنەش هەر ڕاستە، بەوەی کەسێك لە بونیادی کەسایەتیدا وردبینی و سەلیقەی شیعریی نەبێت ناتوانێت تەنیا بە زانین ببێتە ڕەخنەگر، بەڵام لە ڕێگەی خوێندنەوە و موتابەعەکردنەوە بەهرە و تواناکانی پەرە پێدەدات.

ئێستای شیعری کوردی:

قسەم لەو لێشاوە بەربڵاوەی نووسینی شیعر نییە، بەڵام با پەنجە بۆ خیانەتکردن لە شیعر درێژ بکەین  لە لایەن ئەوانەی خۆیان بە شاعیرو ڕۆشنبیرو  کارمەندی دەزگ او جاپەمەنییە ئەدەبییەکان دەزانن، کاتێك دەقێکی شیعری باش دەچێتە بەردەستیان و لەبەر هەر هۆیەكی نابابەتی ڕەفزی دەکەن و لە بەرانبەردا بە چەندان هۆکار شیعری کەم ئاست دادەبەزێنن، قسەم لەوەش نییە هێشتا خۆی وەك شاعیر نەبینراوە، دەڵێت چیرۆکنووسیشم، ڕەنگە بتوانرێت گۆڤارێك بە داواکاریی وتەکلیفکردن لەم ولەو تژی لە بابەتی وەرگێڕان بکرێت و چاپ ببێت، بەڵام هەرگیز ناتوانرێت بگەیەنرێتە ئەو ئاستەی دوو شیعری کوردی داهێنەرانە و دوو ڕەخنە و لێکۆلێنەوەی موعتەبەری خۆماڵی تێدا بڵاوبکرێتەوە، لاپەڕە ڕەشکردنەوە ئاسانە و داهێنان و تازەگەریی و جیاوازنووسین لە دنیای شیعردا زۆر گرانە، هەروەها قسەمان لەوانە نییە وا دەزانن تازەگەریی لە بە بابەتکردنی شتی سەیر و سەمەرە و کەم بایەخدا چڕ دەبێتەوە، وەکو شیعر لەسەر جۆرە جیاوازەکانی مووی جەستە، یان لەویش خراپتر گوو… ببورن کە ئەو وشەیەم نووسی… شاعیرانی پێشوو هێندە شیعریان لا بەرز بووە، هەرگیز نەیانویستووە سومعەی شیعریان وا دابەزێنن و بگاتە ئەو ئاستە نزمە، گەر ویستبێتیان پلارێکیش بگرن هێند هونەریی و وەستایانە و زمانزانانە هۆنیویانەتەوە تەنانەت پلار لێگیراویش چێژی لە خوێندنەوەی بینیوە، نەك  ئازار بە چەشەی خوێنەرانی  شیعر بگەیەنن.   

ئەگەر لای هەندێك بە تەنیا مەعنای شیعر هەموو پێوەرو شتێك بێت، ئەوا بابەتی زاڵی شەپۆلە گشتییەکە هەر سیمای ڕۆژگارەکەمانە، کە غەمباری و تەنیاییە و دەگمەنن ئەوانەی بە جیاوازی خۆیانی لێ دەدەن گەر بریار بێت خۆیانی لێ بدەن! وێڕای ئەوەی زۆرجار دەبینین یەکێتی بابەت پشتگوێ دەخرێت وهەر لە شیعرێکدا لە بابەتەوە بۆ بابەت بازبازێن دەکرێت و ئەستەمە خوێنەر بتوانێت بێ سەرەگێژە دوای ئەو هەموو بازدانانە بکەوێت و ملی نەشکێت، ئەی بۆ باسی ئەو هەموو وێنە نامەعقولە شیعرییە ناکەیت بە ناوی سوریالییەوە کە هیچ ڕایەڵێك خوازەی لێكچوو بە لەوچوو نابەستێتەوە وپاشان بە ناونیشان و تییمەی دەق، هەروا نەبوونی دنیابینی لە شیعردا و نەبوونی شێوازی شیعریی کە بیرکردنەوە و کارکردنی شاعیرەکەی دەردەخات یەکێکە لە کێشەکانی دی، ئەمانە بەڵگەن لەسەر کاری بەپەلە و بێ پێداچوونەوەی شاعیرەکەی، لە لایەکی ترەوە ڕەنگە زەمینەکە لەبار بێت بۆ ئەو جۆرە بەرهەمە لە ڕووی بوونی سیستەمی گەڕەلاوژە و جەماوەر و خوێنەری سادە و کارکردن لە واقیعێکی وا پەرپووتدا کە دەقی وای لێ شین ببێت. خاڵێکی تر لەو سیما دیار و لاوازانەی شیعری ئەمڕۆ چڕبوونەوەی مانای زاتییبوونە؛ بە پلەیەك دابڕان لەگەڵ خوینەران کە خوێنەر خۆی  یان بەشێك لە خۆی لەو دەقەدا نادۆزێتەوە، بەڵێ زۆربەی دەق لاوازیی تێدا هەیە و ڕەنگە لایەنی ئەرێنی و دڵخۆشکەریشی تێدا بێت، بەس گرنگە لاوازیی و هەڵە و کەموکورتییەکان زاڵ نەبێت بەسەر کۆی جەستەی کارە شیعرییەکەدا، ئەمڕۆ لێشاوی کارە بینراوەکان تەنگی بە کارە زیهنی و هەستەکییەکان هەڵچنیوە کە هۆکەی دەگەڕیتەوە بۆ برەودان بە شەپۆلی پووچی و نادانیی، وەك چۆن هێندەی لە گۆرانییەکانی ئەمڕۆدا گرنگی بە نمایش دەدرێت وەك لە دەنگ و ئاوازی ڕەسەن. هەرواش بڵاوکراوەکان وێنەیەکی گەورە و جوانی شاعیر پێش دانانی شیعرەکە دەخەن وەك ئەوەی ئەوە پێوەر بێت.

شتێك لەبارەی وێنەی شیعرییەوە:

وێنە لە فەرهەنگدا بە مانای شێوە دێت، بەڵام وێنەی شیعریی بریتییە: لە ڕێگای تایبەتی دەربڕینی شاعیر و بونیاتی زمانەوانی کە لە ڕێی دونیابینییەوە دادەڕێژرێت، لە شێوە باوەکەیەوە وێنە دەگۆڕدرێت بۆ شێوەیەکی ناباوی نوێ، ئەمەش کارلێکردنی کرداری درککردن و زمانە پێکەوە، کە ئەندێشە دروستی دەکات و هاوچوونیی و جیاوازیی تێدا هەیە لەگەڵ واقیعدا و لە پێناو دەربڕینی ئەزموونی شاعیردا  بە وشە دەکێشرێت. بۆ ئەوەی ئەم باسە زیاتر ڕوون بکەینەوە، دەبیت بزانین وێنە دوو جۆری هەیە: ١- وێنەی زەینی  ٢- بەرجەستە.  وێنەی شیعریی زەینی ئاماژەدارە و نابەرجەستەیە.  جێی باسە ئەم بابەتە کۆنە و لە مێژە شاعیران پەنایان بۆ وێنەی شیعریی بردووە، بۆ نموونە جاحیز ٧٧٦ – ٨٦٨ز، لە کتێبی (حيوان)دا دەڵێت: شیعر سنعەت و چنین و ڕەگەزی وێناندنە. ئەمەش کاری ئەندێشەکردنە. کە لای ڕۆمانتیکیەکان هەست سەرچاوەیەتی و لای سوریالی و سیمبوڵیستەکان شوێنی سەرەکی نەستە. ئەمە لەسەر بنەمای خوازە و میتافۆر بەهەم دێت و وێنەیەکی تێکەڵەمان دەداتێ کە هەڵقوڵاوی توانای ئەندێشەکردن و سۆز و دنیابینی شاعیرە.

کەواتە کرداری کێشانی وێنەی شیعریی  زیهنییە و زۆرجار خواستنی سیفەتێکی دیاریکراوی شتێکە و خستنە پاڵی شتێکی ترە کە لە نێوانیاندا هاوبەشییەك هەیە، ئەمیش لە چوار ڕەگەز پێک دێت: ١-لێكچوو، ٢-لەوچوو، ٣-ئامرازی لێكچوون، ٤-ڕووی لێكچوون. هەندێكجار هەردوو ئامرازی لێكچوون و ڕووی لێكچوون لادەبرێت و بەس لێكچوو و لەوچوو دەمێنێتەوە و ئەو کاتە وریایی خوێنەر درك بەم کرداری لابردنە دەکات و میتافۆڕەکە بەهێزتر دەکات و پەی بە مانای دروستکراو دەبات، بۆ نموونە وەك ئەوەی بگوترێت (بریسکانەوەی چاوی) لە بری (چاوی وەك ئەستێرە دەبریسکێتەوە).

لێرەدا با پێكەوە دیقەتی ئەم وێنە شیعرییانە بدەین و ئەو یاسایەی پێشووی بەسەردا جێبەجێ بکەین:

نموونەی یەك/

(وەك گۆچانێك

لە کافێیەك دەڕشێمەوە)

وەك: ئامرازی لێكچوون

گۆچان: لێكچوو

ڕشانەوە: ڕووی لێكچوون

لەوچوو: ڕاناوی ـ م ـ ی من، لە (دەڕشێمەوە)دا

* تێبینی: سەبارەت ڕووی لێكچوون: لێرەدا ناڕوونە.

منی خوێنەر لێرەدا دەپرسم ئایا ئەم وێنەیە هی هەستە یان نەست؟ دەبێت هی نەست بێت چونکە لە ڕووی قبوڵکردن و ماقووڵبوونی وێنەکەوە دەبێ بپرسین: ئایا چ ڕایەڵێکی پەیوەندیی و خاڵی هاوبەش هەیە لە نێوان گۆچان و ڕشانەوەدا، کە لێرەدا دەمانباتە سەر لێكچوونێکی زۆر دوورتر، کە لێرەدا ناچارین و دەبێت ڕێ بە خۆ بدەین بۆ ڕاڤەکردن، بڵێین گۆچان کە دەسکەکەی چەماوەتەوە نیشانەی چەمانەوەی پشتە، ئەویش نیشانەی پیر بوونە، پاشان مرۆڤێکی پیر بهێنینە پێشچاو کە دەڕشێتەوە، چ لەبەر نەخۆشی بێت یان لەبەر پێنەکەوتنی ئەو خورادن و خواردنەوەیەی کە لە کافێدا گەدە بۆی هەرس نەکراوە. ئیتر بڕیاری شیعرێتی و بەهێزیی وێنەکە لای وەرگر جێ دەمێنێت، کە ئەزموون و سەلیقەی بڕیاری پێدەدەن.

نموونەی دوو/

(زەمینی هەور ئێرە نییە

بۆشاییەکی کز و ساردە

چونکە خەمباریی پەنجەرەیەکی پیرە

ژیان لە دەستەکانی گەمارۆبوونی ساردبۆتەوە

لە بیردەکەم کاتژمێرەکە بشکێنم

ڕەنگە هێشتا

چنینی قوماشێك لە خەڵوز

لە ئەگەری هاتنی تۆفان

هیوایەکی باش بێت).

وێناندن لەم کۆپلەیەدا ئاوێتەیە، واتا زیاد لە وێنەیەكی تێدایە و لێتێگەشتنی کۆپلەکە و هەناسە شیعرییەکە ئاڵۆز دەکات، یەکەم دێڕ لە وێنەیەکی واقیعییەوە دەست پێ دەکات: (زەمین و هەور و ئێرە) هەرسێك  بەرجەستەن، پاشان دەکرێت بپرسین ئایا هەور یان ئێرە کامیان بۆشاییەکی ساردە؟ ناڵێم کز، چونکە  کز بۆ تینی ڕووناکی و گەرمی بەکاردێت، گەر بگوترایە (کزە) ئەوا دەمانزانی مەبەستی لە بای ساردە.

پاشان دێینە سەر خوازە/میتافۆڕی خەمباریی؛ کە شاعیر بە پەنجەرەیەکی پیر دەیچووێنێت، دەزانین پەنجەرە ئاماژەی دیدگایە، ئیتر لە دێڕی دواتردا خوێنەر توشی ئاڵۆسکان دەبێت لە کاتی لێکدانی مانا لێکدراوەکانی (ژیان لە گەمارۆبوونی دەستەکانی ساردبۆتەوە) ئایا گەمارۆبوونی چی؟ و ئاماژەیە بە کێ؟ هەروا دەستەکانی کێ؟ پاشان گەر بگەڕێینەوە بۆ سێ دێڕەکەی پێشوو کە باسی هەورو پەنجەرە بوو. ئەم بازدانە بۆ ژیان و تەواونەکردنی ئەو دوو وێنەیەی پێشوو چ نهێنییەکی لە پشتەوەیە؟

پاشتر دێڕە شیعری (لە بیردەکەم کاتژمێرەکە بشکێنم) دێت، کە دوو مانای هەیە: بەرجەستە و ئەندێشە، بەرجەستەکە ڕوونە کە شکاندنی هەر کاتژمێرێکە، بەڵام شاعیر دیارە لەبری گوتنی زەمەن سیمبوڵی کاتژمێری بەکارهێناوە (وەك گوتمان هەردووك ئامرازی لێكچوون و ڕووی لێكچوون لابردراوە).

دواتر بەر وێنەیەکی تری سوریالی دەکەوین، کە لە قووڵایی دنیای خەون و سوریالیزمدا  سەرهەڵدەدات، ئەویش چنینە لە خەڵوز، چونکە وەك زانراوە کاتێك شاعیر خوازەی دنیای هەستی بەکارهێنا و دوو زاراوەی لێکدا بۆ دروستکردنی وێنەیەکی تازەی شیعریی، دەبێت ڕووی لێكچوون لە نێوان ئەو دوو زاراوەدا هەبێت، دەزانین خەڵوز سیفەتی ڕەشێتی لێرەدا لێوەرگیراوە وەکو ڕەشبینی و دەربڕینی باری خەمناکی، بەڵام ڕووی لێكچوونی لەگەڵ چنیندا نییە، چونکە لە ڕەگەزی قوماش و پێستە و هەموو ئەو شتانە نییە کە بواری چنینیان هەبێت. بەڵام خوێنەر دەتوانێت مانای ئەم دیدگایە تەواو بکات لە ڕووی ناوەڕۆك و پەیامی دەقەوە، کە شاعیر پێشبینی هاتنی خراپتر دەکات و بە تۆفان دەیچوێنێت، کەواتە هێشتا ڕەشبینی وەکو هیوایەکی باشە بە بەراورد بە ژیان لەناو ئەو تۆفان و ئاژاوە و کارەساتانەی بەڕێوەیە و شاعیر پێشبینی دەکات کە  لە ئاکامی گومڕایی و لەخۆباییبوونی مرۆڤ بەرپا دەبێت.

وێنەی سێ/

(زەرفێک بارانی فێنکی حەشاردا بوو،

بێز لە دەنگی خۆی، نا

ژیان، با!

دەکردەوە).

شاعیر لێرەدا دالی (زەرف) بەکاردەبات وەکو سیمبوڵ، هەروا وەك هەوڵ و دەستپێشکەرییەك لە بەکارهێنانی ئەو زاراوانەی شاعیرانی پێش خۆی بەکاریان نەهێناوە، بەڵام بەکارنەهێنانی ئەم دالەش لە لایەن شاعیرانی پێشترەوە ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە بە زاراوەیەکی شیعرییان دانەنابێت! ڕەنگە ئەمە دیمەنێکی ڕاگوزەر بێت شاعیر لەسەر ڕێدا بینیبێت و لێرەدا لە وێنەیەکی شیعرییدا جێی کردووەتەوە. شایانی ئاماژەیە کە لە بەشێكی ڕۆژهەڵات بە زەرف دەڵێن دڵق، لێرەدا گرنگ نییە گەر زەرفی کاغەز بێت یان نایلۆن، بەڵام بەوەدا توانای لە خۆگرتنی بارانی هەیە ڕەنگە هی نایلۆن بێت، ئەم وێنەیە حسی و بەرجەستەی واقیعە، شاعیر سەرنجی داوە کە چۆن لە کاتی باران باریندا ئەو زەرفە دڵۆپە ئاوی لەخۆ گرتووە، کاتێك هەوا لێی دەدات دەنگێك دروست دەکات، ئەو دەنگە بەراورد دەکات بە دەنگی ژیان کە هەموو هارمۆنیەتییەکی لەم سەردەمەدا لەدەستداوە، ئیدی بڕیار دەدات دەنگی ئەو زەرفە بەرەندە بکات و لای پەسەندتر بێت وەك لە دەنگە فریودەرەکان، وەك ژاوەژاو و ئەو سەدایانەی لە کەناڵەکانی تیڤییەوە بڵند دەبن، کە ئەمڕۆ هروژمەکانی پروپاگەندە و بەلاڕێدابردن زاڵن بەسەر هەقیقەتدا لە کۆمەڵگاکاندا. پرسیار و خرۆشانی خوێنەر سەبارەت (زەرف) لەوەدایە کە چلۆن ئەو بابەتە کەمبایەخەی فڕێ دەدرێت بە بەراورد بە ژیانی هاوچەرخ، پەسەندترە بە بەراورد بە دەنگەکانی تری ژیان؟ ئەمەش درێژکردنەوەی ئەو دنیابینییە پڕ نائومێدیی و ڕەشانەی پێشووی شاعیرە بۆ ژیان کە لە کۆپلەکانی تردا فۆرمی تریان پێدرا بۆ دەربڕین لە هەمان دیدگا.

 لێرەدا ئەو بەیتەی مەحویمان یاد دێتەوە کە چلۆن ئەویش لە وێنەیەکی شیعریدا خوازەی (سوراحی) ئەکتیڤ دەکات کە قێزی دێتەوە و یەع دەکات کاتێك ملی شۆڕ دەکاتەوە و ئاو دەکاتە پەرداخ بۆ هەندێك لە کەسەکان کە دەڵێت: (قەی کردنی سوراحی ئەوی تێ بگات دەڵێت: دڵ تێکەڵهاتنە لەگەڵ ئەم خەڵکە تێکەڵی)..

کەواتە بە پێی تێڕوانینی بونیادگەرایی، مانا لەم کۆپلەیەدا ئەم فۆرمە گشتییە وەردەگرێت:

بچووکی مانادار……… پەسەندترە…….. لە گەورەی بێ مانا.

نموونەی چوار/

 (لە نێو شوشەیەکی دڕاودا،

پشکۆی زەمەن کۆبکەرەوە).

چوار دال و پنتی سەرەکی لەم کۆپلەدا هەن کە وێنە شیعرییەکەیان دروست کردووە، (شوشە، دڕاو، پشکۆی زەمەن، کۆکردنەوە). ئەمەش وێنەیەکی نەستییە، بە حوكمی ئەوەی شوشە دەشکێت، بەڵام لە تاقیگەی شاعیردا دەدڕێت؟ بەڵام بۆچی؟ گەر هەندێك بە ناتەبایی وێناندنەکەی لێكبدەنەوە، ئەوا مەبەست لە سینەی شاعیردا پەنهانە و ڕەنگە وەڵامی خۆی هەبێت بۆ ئەم گۆڕینە.

گەر وردتر سەرنج بدەین لەم کۆپلەیەدا هەموو شتەکان لە حاڵەتی نەرێنیدان، هەم دڕان یان شکانی شوشە، هەم بە خۆڵەمێش بوون کە قۆناغی دوای بڕینی درەخت و سوتان و بە پشكۆ بوونە، هەرچەندە کۆکردنەوە حاڵەتێکی ئەرێنییە، بەڵام لە کۆکردنەوەی پشكۆدا خوێنەر نیشانەی پرسیار و سڵەمینەوەی لا دروست دەبێت و دەکرێت بە ڕووەکەی تردا لێکدانەوەی بۆ بکات، وەك دەڵێن: پشكۆی شۆڕش، بەڵام لێرەدا پشكۆی زەمەنە، گەر زەمەنیش زیاتر ورد بکەینەوە کە شوێن لە خۆ دەگرێت و مێژوویەکی پێ ببەخشێن، ئەوا دەکرێت لێکدانەوەی ئەزموونی ژیانیشی بۆ بکرێت، کە ئەمەش مانا دوورەکەی وێناندنەکەیە.

پێنج/

(بوومەتە کۆیلەی بێزاریی.

لەکەلاوەی زەمەن، چرایەکی زامدارم.

هێشتانەکینێ تەنیاییەکەم، لە ئێوەدا دەنێژم)

لەم کۆپلەیەدا بەر چەند ئاماژەو ڕەگەزێك دەکەوین، نەك تەنیا وێنەی شیعریی، بەڵکو یەکەم دێڕ ڕەنگە هەندێك وای ببینن کە ئاخاوتنی ڕۆژانەیە، دەکرێت هەر یەکەمان وا بڵێین: (زۆر بێزارم) بەڵام کاتێك دالی (کۆیلە) بخەینە پاڵ بێزاریی ئەوا مانایەکی چڕترمان لە بێزاریی پێدەدات، لە دیوەکەی تریدا ئاماژەشە بە زۆربونی کۆیلە، چونکە شتێك لە ژینگەی شاعیردا نەبێت ئاسان نییە بەکاریبهێنێت و پەی پێ ببات و لە دەرگای شیعری بدات، مەگەر زۆر ئەندێشە بکات و بە تەواوی لە دنیای واقیع و بەرجەستەدا بچێتە دەرەوە لە کاتی نووسینی بەرهەمە شیعرییەکەیدا.

لە دێڕی دوودا جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ زەمەن و ئەمجارە لەجیاتی پشکۆ، کەلاوە دەخاتە پاڵ زەمەن، تا بڵێت: لەوخەراباتە بێ ڕووناکی و تاریکەدا من وەکو ڕۆشناییەکی ئازار چەشتوو هەناسە دەدەم، چونکە وەك دەزانین چرا بریندار نابێت ( لە دنیای بەرجەستەدا برینداربوون وەسفە بۆ مرۆڤ و گیانلەبەران بەکاردێت و شکان بۆ چرا بەکاردێت) بەڵام لەبەر ئەوەی لێرەدا مانایەکی مەجازی لە پشت ئەو دەربڕینە شیعرییەوەیە بۆیە خۆی وەك چرا شوبهاندووە و بە بریندار وەسفی دەکات، بەڵام ڕەنگە ئەم مانایە پێکدادان بەرپا بکات لەگەڵ ماناکەی پێشوودا کە چۆن لەوێ بێزار و لێرەش ڕووناکی! بۆیە دەبێت شاعیر زۆر وریا بێت لە دانانی هەر وشەیەك لە شیعردا کە جێی تەواوی خۆی بێ زیاد و کەم بگرێت، پاش نووسینیش چەندان جار بەسەریاندا بچێتەوە، گەر خۆی کە دانەری شیعرەکەیە درکیان پێ نەکات، دەتوانێت پیشانی کەسانی تری بدات بۆ وەرگرتنی ڕاو بۆچوونیان، پێش ئەوەی پەخشی بکات و ببێتە موڵکی و بەهەموو جوانی و ناشیرینییەکانیەوە لەسەری هەژمار بکرێت.

 لە دوا دێڕدا ئەوە دەفامینەوە کە تەنیایی مەرگە، بۆیە لێرەدا ئاوها دەنێژرێت، بەڵام ناشتن لەناو خاکدا نییە بەڵکو لەناو ئەوانی مرۆڤ و قەرەباڵغييەکانیان دایە کە بەگۆڕ چووێنراون، واتا شاعیر تەنیا نییە، یان گەر تەنیاییەکەی بە جەستە بچوێنین و لەگەڵ ئەواندا بگوزەرێنێ، ئەوا ڕۆحی بە دڵنیاییەوە بێزارە و هەست بە تەنیایی دەکات. ڕەنگە هەندێك بڵێت شاعیر دەیتوانی دێڕەکە پوختر بکات بە کورتبڕی زیاتروکارکردنی زیاتر لەسەری، لەبری ئەوەی بڕگەی وشەکان درێژ بکاتەوە و قورس بن لەسەر زمان و نامۆسیقی بن، بۆ نموونە دەیتوانی لە بری (هێشتانەکینێ تەنیاییەکەم، لە ئێوەدا دەنێژم) شاعیرانەتر دەبوو بڵێت (ئاوهاش تەنیاییم، تیاتان دەنێژم)، ئەمە هەربۆچوونە بۆ ڕوونکردنەوە، نەك فرمان بە گۆڕین بەم شێوەیە!

شەش/

(لە ئێسک و پروسکی گۆرانییەکی تەنیا؛

پەیکەری باڵندەی هەڵفڕیوی خۆزگەکان:

ئەو خۆزگانەی لە نێو گۆڕی فەرامۆشی

وەرزێکی تر لە مردن دەست پێدەکەنەوە و

دڵتەنگی گەمارۆی داون، بنیات دەنێنەوە)

نموونەی ئەم دواکۆپلەیەم لەبەرئەوە نەهێنایەوە، کە کەرەسەکانی وەك تەنیا، گۆڕ، دڵتەنگی … کە هەمان دەربڕینی ناسۆری بارە دەروونییەکانی پێشترن و دووبارەن، هەروەها نیشاندەری شێوازی ڕۆچوونی شاعیرە بە دنیای سایکۆلۆژی و ئاشنا بوونی خوێنەریشە بە تییمە و بابەتی شیعریی و تەنانەت شێوازی لێکدانی وێنە مەجازییە شیعرییەکانی شاعیر، بەڵکو مەبەستی من لێرەدا ئەوەیە لێکدانی چەند وێنەیەکی شیعریی و تێکەڵ کردنیان چ ئاستەنگێك بۆ خوێنەر دروست دەکات لە هەرسکردنی وێنەکان لە چیكڵدانەی شیعرییدا و چەند گران دەبێت سیفەتی ئیستاتیکی دەق بپارێزێت.

لە سەرەتا دێڕدا خۆمان لەبەردەم وێنەیەکی مەجازی دەبینینەوە کە بەخشینی سیفەتی (جەستە)یە بە (گۆرانی تەنیا)، ئەو جەستەش لە ئێسك و پروسك پێکدێت، واتا کۆتایی هاتووە و مردووە و بە تەنیا چوارچێوەکەی ماوەتەوە، پاشان وێنەیەکی هاوشێوەی ئەمەمان بۆ دەنەخشێنێت لە دێڕی دوودا، کە (پەیکەری باڵندەن) ئەم بەشەی بەرجەستەیە، بەڵام  کە (خۆزگە) دەلکێنێت بە باڵندەوە دەبێتە مەجاز. کەواتە منی وەرگر وای لێ دەفاممەوە، باڵندەی خۆزگەکان هەم هەڵفڕیوە و هەم مردووە، یان زۆر لاواز بووە (وەکو کورد وتەنی: هەر پێست و ئێسقانەکەی ماوەتەوە) چونکە هەر پەیکەرەکەی ماوەتەوە. پاشان لە دێڕی سێدا وێنەیەکی تری شیعریی زیاد دەکات بۆ هەمان مانای ئەو کۆپلەیە کە وەسفی شوێنگەی خۆزگەکانە و شوێنیان (گۆڕی فەرامۆشییە)، هەموو ئەو بێ هیواییە و تەنیایی و خەمبارییە شوێنیان گۆڕی فەرامۆشی و لەیادچوونە، هەموو ئەو وێناندنانەی پێشووش لە دێڕی چواردا بەردەوامییان پێ دەدرێت و وەسفی خۆزگەکان دەکرێت کە نەمردوون، بەڵام وەرزێکی تریش دابێت هەر مردنە بۆ خۆزگەکان و بێتاقەتن، ئەوا ئەکشن لێرەدا ئەوەیە: پەیکەری هەڵفریوی خۆزگەکان لە ئێسک و پروسکی گۆرانییەکی تەنیا پەیکەری خۆزگەکان بنیات دەنێتەوە.

ئەمە ڕێگای تێگەیشتنی خوێنەرە بۆ ئەم کۆپلە ئاوێتەیە و بەرەنجامەکەشی ئاڵۆسکاندنی وێنەی شیعرییە، بەڵام ڕەنگە لە دڵی شاعیردا مانایەك هەبێت و بەمجۆرە توانیویەتی بیشیعرێنێت، کە ڕەنگە شاعیرێکی تر بەشێوەیەکی جیاوازتر و کورتبڕانەتر  بتوانێت هەمان وەسفی دۆخی ناوەکی خۆی مانا لێ بکات و دەرببڕێت. ئەمەش بواری ئازادی دنیای نووسینی شیعر و جیاوازی پەنجە مۆری مرۆڤەکانە، لەهەمان کاتیشدا شتێکی سەیر نییە چونکە تەنانەت عەبدوڵڵا گۆرانی شاعیریش جارانێك بە تەواوی نەیتوانیوە ئەندێشەو هزری جێ بکاتەوە لەناو دەقێکی شیعریی بەرهەمهێن و لەمبارەشداو لە (هەڵبەستی دەروون) دا دەڵێت:

هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم

بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم

لێکدانەوەی دەروون، قســـــەی زمانم

بۆچی وەها دوورن لەیەك ؟ نازانــــم!

سەرچاوەکان:

1-Understanding Poetry. 4th edition. by: Brooks, Cleanth, Robert Warren, Wadsworth Publishing.

2- Percy Bysshe Shelley, By Bloom, Harold,

 Broomall, PA : Chelsea House.2001

٣- النقد والبلاغة. شكري عياد، دار المعارف الطبعة الاولی، ١٩٩٤.

٤- ماڵپەڕی شیعریی (تەم) چەند دەقێك، نەهرۆ جەرجیس، ساڵ٢٠٢٤ .

Comments (0)
Add Comment