لە بادینانەوە؛ شیعر ئەستۆ لە نێزەی داهێنان دەخشێنێ

سۆران محەمەد

بەرایی

زمان کاریگەرترین هۆکاری پەیوەندیکردنی نێوان ئەندامانی هەموو گەل و نەتەوەیەکە لە لایەك و لەگەڵ نەتەوەکانی تریشدا لەلایەکی ترەوە، ناسنامەی نەتەوەییە و بێ ئەو هیچ قەوارەیەك بوونی نابێت، هەمیشە مانەوە بۆ بە هێزترینە و هەر نەتەوەیەکیش پارێزگاری بە زمانەکەیەوە بکات دەتوانێت مانەوەی خۆ مسۆگەر بکات، بێگومان چەندێك زمان تۆکمە و یەکانگیر و سەرانسەریی بێت هێندەش زامنی بوون و پێشکەوتنی خۆی دەکات، بۆ نموونە گەر بەراوردی زمانە سەرەکییەکانی دونیا بکەین وەك ئینگلیزی، دەبینین یەك شێوە زمانی ستانداردی هەیە گەر لەوپەڕی ڕۆژهەڵات بەکاربهێنرێت وەکو نیوزلاند یان لەپەوپەڕی ڕۆژئاوا وەکو وڵاتە یەکگرتووەکان، ئەوا زمانی نووسین و فەرمی ئینگلیزی هەر ئەوەیە کە پێی دەنووسرێت و لە میدیاکاندا بەکار دەهێنرێت، بەڵام دەکرێت شێوەزار و ئەکسنت و فۆنەتیکی ناوچەیەك بە حوکمی هەڵکەوتەی جوگرافی و مێژوویی جیاواز بێت لەوانی دی، ئەمەش وەکو لقی درەخت وایە جوانی و چڕی و دەوڵەمەندیی بە درەخت دەبەخشێ بەڵام ڕەگ و ڕیشە و بوونی هەر یەکە. بەڵام ئەو خاڵە گرنگەی نەتەوە گەورە و پێشکەوتووەکان پێکەوە دەبەستێتەوە، زمانی فەرهەنگی یەکگرتووە.
ئێمەی کوردیش دەبوو زمانێکی ستانداردی نووسینمان هەبوایە، دەبوو لە هەموو وشە ڕەسەنەکانی شێوەزارەکان پێکبهاتایە، من چەندێك ئەم ئەرکە دەخەمە سەر تاکە هوشیار و پسپۆڕەکانی زمان، هێندە نایخەمە سەر شانی ئەڵقە فەرمییەکان، چونکە وەك دەزانین پۆلەتیك هەمیشە ئەنجدای پراگماتیگی خۆی پراکتیزە دەکات و ئەوەی لای ئەو گرنگ و لە پێشە ڕەنگە شتگەلێکی تر بن لە دەرەوەی بازنەی زماندا.
گەر بە تایبەت لە ڕووی ئەدەب و شیعر و فەرهەنگیشەوە بدوێین، دەبێت ئاماژە بەو ڕاستییە بکەین ئەو دابڕانەی لە نێوان شێوەزارە کوردیەکاندا هەیە ڕێخۆشکەر نەبووە بۆ لێکنزیکبوونەوەی شێوەزارەکان و یەکگرتنیان لە یەك زمانی کوردی بەهێزی ستانداردا. لێ ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی سەرسامی خۆم دەرنەبڕم بۆ ئاستی بڵندی شیعر و وێژەی کورمانجی، وەکو خەمخۆر و دۆستێکی شیعر بەر چەندان دەنگ و دەقی نایاب و درەوشاوەی شیعریی بادینان دەکەوم کە لام حەیف دەبێت شتێك لەسەریان نەنووسم، ئەو دەنگە زینددوانەی کە بە هوشیاری و سەلیقە و شارەزاییەوە دەنووسن و دەزانن چی دەهۆننەوە، ئەمە بەڵگەی هەر شتێك بێت ئەوە پیشان دەدات کە ئەو بزافتە چالاکە شیعرییە دابڕاو نییە لە بزاڤی شیعریی کوردی پارچەکانی دی و هەروەهاش لە ڕەوتی شیعری جیهانیی، بۆیە من لێرەدا خۆشحاڵ دەبم شتێك لەسەر دوو دەقی شیعریی بنووسم کە شیعرەکانیان هۆکاربوو بۆ هاتنەدی ئەم لێکۆڵینەوە ڕەخنەییە، چونکە هیچ ناسینێکی پێشوەختەم نییە بۆ شاعیرەکانیان و هەرگیزیش ئەوە نابێتە ڕێگر لە نووسینی لێکۆڵینەوەیەکی بابەتی و پرۆفیشناڵانەدا، ئەمە بەس مشتێکە لە خەروارێك و دەزانم دەیان دەنگی سەرکەوتووی شیعر لەو دەڤەرەدا بوونیان هەیە، ئەو دوو دەقەش کە لەم دەرفەتەدا وتارەکەیان دەربارە دەنووسم شیعری (ڕەنگێن وەلاتەکێ بێدەنگ /بژێر گەنجۆ) و(مرۆڤ ل سەر بەلگێن داوی وەریان/ڕزگار سوبحی)ن.

١- شیعرو بوون
ژیربێژیی لە شیعری هاوچەرخدا ڕێچکەیەکە یان لایەنێکی زیندووی شیعرە، کە هزر دەبێت بە ئامێرێك لە دەقدا لە پێناو هێنانەدی تێگەیشتنی نوێ و فراوانکردنی ئاسۆی بینین و هێنانەدی گۆڕانکاریی پاشەڕۆژیی لە ئەقڵی مرۆڤەکاندا، لەکاتێکدا هەندێك لە ڕەخنەگران وای دەبینن کە شیعر و فەلسەفە هەردووك تەواوکاری یەکدین، شیعر پێزو وێنە دەدات بە فەلسەفە، فەلسەفەش قووڵییەکی هزریی و ژێربێژیی بە شیعر دەبەخشێت، هەندێكی تریان ئەو جۆرە شیعرانە بە (گۆرانی فەلسەفە) ناودەبەن.هەرچەندە گوتاری شیعر و فەلسەفە لێكجودان، چونکە فەلسەفە کارێکی هزریی پاڵفتەیە و ساکاندنە لە ڕێی پرسیارکردنەوە، بەڵام شیعر وەك ئەفلاتۆن دەڵێت خۆراکی هەست و سۆزە، تا ئەوکاتەی قوتابییەکەی (ئەرستۆ) هات و شیعریشی وەك ئارامی گیان لێکدایەوە و بە ئامرازی گەیشتنە هەقیقەت و شێوەیەك لە شێوەکانی مەعریفە دانا.
وەكو زانراوە پەیوەندی یەکانگیر هەیە لە نێوان شیعر و دەرونناسیدا، هەردووك وامان لێدەکات زیاتر خۆمان و ئەوانی دی بناسین وئەم تێگەشتنەش هۆکارە لە هاتنەدی هارمۆنیا و هاوتایی دەروونیی، لە ڕێی تێگەشتن لە دیوی ناوەوەی مرۆڤ، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئافراندن دەبێت.
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە شاعیر شیعرەکانی بە پێی دۆخە دەروونییەکانی خۆی دادەڕێژێت، بەو مانایەی ئەمە کانگای سەرەکییە، هاوشانی زمان بە هەموو هونەر و سیمبوڵەکانییەوە لە داڕشتن و هۆنینەوەی دەقێکی شیعردا، وەك زانای دەروونشیکار یۆنگ دەڵێت: داهێنان لە نەست و خودنائاگاییەوە سەرچاوە دەگرێت، مەرج نییە زانای دەروون شارەزای شیعر بێت، بەڵام گرنگە شاعیر شتێك لە ئەلفوبێی دەرونشیکاریی بزانێت، چونکە پێویستی بە توانای داهێنەرانە هەیە بۆ گەیاندنی هەڵچوونە سەرکوتکراوەکانی ناوەوەی بۆ نووسینی شیعرێکی ناوازە، کە خودی شاعیرەکە لەباری دەروونیەوە بگەشێنێتەوە و لەهەمان کاتیشدا هەست و نەست و هزر و چەشەی خوێنەر بدرەوشێنێتەوە.
ئۆنتۆلۆژی (زانستی بوون) بە حوکمی ئەوەی ڕووبەرێکی زۆر سەرەکی و گرنگ لە زانستەکان داگیر دەکات، شیعریش بێ بەش نییە لەو تۆپیکە گرنگە، لە کایەکەی خۆیدا و بە ئامرازەکانی خۆی هەقیقەتی بوون شەن و کەو دەکات، بوونی نابەرجەستە ، یان بوونی میتافیزیك/ ئەوەی ناونراوە بە سەرووی سروشت. بۆیە دەتوانین بپرسین: ئایا شیعر گێڕانەوەی بوونە یان دەربڕینەوەی ئەو بوونەیە بەو شێوەیەی هەیە؟ یان بەو شێوەیەی کە دەبێت ببێت؟ یان نهێنی ئەو بوونەیە کە وەکو گرێکوێرەیەك لای زۆر لە مرۆڤەکان ماوەتەوە. وەکو مەیدانەکانی وزە و کات و شوێن و مرۆڤ و گیان و بوون و ژیان و مەرگ و چەندان بواری دی، چەند و چۆن و بوون و یاساکانی دەکاتە مەیدانی کاری خۆی لە پێناو گەیشتن بە ئافراندن و نوێبوونەوە، پاشان پەیوەستکردنی بە واقیعی ژیانی بەرجەستەوە لە ڕێی ئامرازە شیعرییەکان بە پێی توانا و سەلیقە و ئەزموونی شاعیرەکان.
نووسەر و فەیلسوفی ئاڵمان (جاكوب لورهارد) یەکەم کەس بوو کە ئەو زاراوەیەی وەکو زانستی ئۆنتۆلۆژی و بوونناسی ساڵی ١٦٠٦ هێنایە ئاراوە.
گەر لە ناسنامەی مرۆڤ ڕابمێنین و بە هێمنی ڕۆبچین بە نێو دەقە شیعری (مرۆڤ ل سه‌ر به‌لگێن داوی وه‌ریان)ی شاعیر ڕزگار سوبحی ئەوا بە زۆر لە دۆخە پەنهان و گۆڕدراوەکانی ژیانی مرۆڤ ئاشا دەبین، یان ڕاستر بڵێین جەوهەری مرۆڤ، واتا منی حەقیقی کە لە دیوی ناوەوەی مرۆڤدا خۆی حەشارداوە و بە زاراوەی فرۆید (دنیای نەست و پێش هەست)، لەم دەقە شیعرییەدا مرۆڤ دەبێتە سەنتەر و چەقی خۆی و ژیان، ئەمە بونیادی سەرەکی دەقەکەیە کە تییمەکەی لەسەر دامەزراوە و لاکردنەوەیەکە بە دیوی هۆشدا لە ڕوانگەی ئەزموونێکی قووڵی شاعیرێکی هزرڤانەوە، وەك چۆن قوتابخانەی ئێکسپرێشینزم لێکی دەدەنەوە و وای بۆ دەچن کە ئەم ژیان و گەردوونە ئاوێنەی تێگەیشتنی ئێمەیە بۆی، کەواتە مرۆڤ چەقە، نەك ژیان، نەك ئەوانی تر، ژیان دەکرێت پێناسەی جۆراوجۆری بۆ بکرێت و کرابێت، لە چوارچێوەی هەموو دوالیزمەکانی وەکو شەڕ و چاکە و شەو و ڕۆژ و ژیان و مردن وتاد،، بەڵام شاعیری ئەزموونکار ئەو بوونەوەرەیە دەتوانێت ئەو ساتە دەگمەنانەی هۆش بشیعرێنێت و لەو ڕێیەوە بمانساکێنێت. راستە هەموومان ئەزموونی ژیان دەکەین و هەر یەك بە جۆرێك، بەڵام کەمن ئەو زاتانەی ئەزموونە جیاوازەکانی ژیانکردنیان دەهۆننەوە و تازەگەرییەك بەسەر تێگەشتنەکانماندا دەهێنن، هەستەکانمان دەهروژێنن و هەڵچوون و ساکانمان لا دروست دەکەن، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی ئەندێشەیەکی شیعریی یان وێنەیەکی مەجازیدا لە دەرگای هەست و هۆشمان بدات، چونکە خودی دال هەڵگری مەدلولە و بەڕێكخستنیان و هۆنینەوە و پاڵ یەكخستنیان بەو شێوەیەی شاعیر داهێنانی تێدا دەبینێتەوە، بەرەنجام دەقێکی شیعریی لێ بەرهەم دێت، یان ڕووە پرشنگبەخشەکانی دەبێتە جێی سەرنج و کاردانەوەی لەسەرمان دەبێت، یان ڕەنگە بە دنیا و سەلیقەمان نەخوات و نەمانبزوێنێت، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا بە ڕۆچوون بە دیوی ناوەڕۆك و مانادا ڕەنگە بتوانین نامە و پەیامی لێ هەڵبهێنجێن، هەرچەندە شیعری باش هەمیشە خۆی لە شێوازی دەربڕینی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت.
ڕەنگە هەندێكمان لای سەیر بێت کاتێك بڵێین ئەم دەقەی (سەیدا ڕزگار) تا ئەوپەڕی سنوور سەدای هیومانیزمی لێ بڵند دەبێت؟ ئەی بۆ نا؟ لە زەمەنی کاڵبوونەوەی چەمکەکان و نامۆبوونی مرۆڤ لە خۆی، هەقیقەت کە لە دەنگی ناخدا بەرجەستە دەبێت هەموو سنوورەکان دەبڕێت و لە دڵەکاندا جێگیر دەبێت، ئەوجا مرۆڤ (خه‌ریببوونه‌كه‌ ژ هه‌می تشتان، هه‌می تشت خه‌ریببوونه‌كه‌ ژ وی) زۆرانەکانی تاك هەر لە سەرەتای دەقەوە سەرهەڵدەدەن، کاتێك قەناعەتەکان بەریەککەوتنیان لەگەڵ واقیعدا لێ دروست دەبێت، ئاوازی خەمگینی کۆچ و ماڵئاوایی نۆتەیەکی کاریگەری ژیانە، مرۆڤ لە نێوان ئەم دوالیزمانەدا بەدوای خۆیدا دەگەڕێت، خودێکی تەنیا، مرۆڤ لە پێناوی بەرەندەبوون و بەختەوەری و ژیانکردندا هەموو هەوڵێك بۆ گۆڕین و بەرەو پێشچوون دەدات، لێ ئەگەر گۆڕینەکان جەوهەریی نەبن و هەر لە ڕەنگ و پەیڤەکاندا قەتیس بمێنن، ئەوا مرۆڤ فێڵێکی جوان لە خۆی دەکات و بگرە بە کلیلەکانی دەستی دەرگا لەسەر خۆی کڵۆم دەدات. مرۆڤ لە سەفەری ژیاندا بە زۆر قۆناغی گەڕان و لێوردبوونەوە و ئەزموونکردن تێدەپەڕێت تا لە نهێنی بوون تێبگات، بەڵام هەر زوو لە نهێنی ژیاندا خۆی لەسەری دێڕدا دەبینێتەوە و ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکان تەنیا دەبنە یادەوەرییەك لای و ئەویش هەر خەونێك دەگێڕێتەوە و هیچی تر نا، لێرەوە دەردەکەوێت ژیان هەر ئەفسانەیەکە و مرۆڤ تیایدا حەقیقەت و سێنتراڵە وەك ڕینیە دیکارت دەڵێت: من بیر دەکەمەوە کەواتە من هەم – Cogito , ergo sum
مرۆڤ عەوداڵی دەنگێکی نهێنی و شاردراوەیە، بانگی دەکات و هەر بەدوایدا دەڕوات تا دەگاتە خاڵی نەگەڕانەوە و گرێکوێرەی نهێنییەکانی بۆ ئاوەڵا ناکرێت، دەمرێت، بەڵام مردنیش لێرەدا چەمکێکی فرە ڕەهەند وەردەگرێت، وەك لای شاعیر گەڕانەوەیە بۆ ناو خود و جۆرێکە لە ژیانی دی، لەکاتێکدا لای زۆرێك لە مرۆڤەکان خەسارێکی مەزنە و نەگەڕانەوە و کۆچێکی یەکجارییە.
بە سێنتراڵکردنی مرۆڤ لەم دەقەدا و لاکردنەوەی هەر کۆپلەیەکی لە دۆخ و بارێکی مرۆڤ بێ مەبەست نییە، لە شەپۆلی نامۆبوونە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەستەجەمع ئەم ئەلفوبێ سەرەکییەی بوون و ژیان لەبیر دەکات، ئەوە شاعیرە هەستەوەرانە ڕووگەی ڕووبارەکان ڕاست دەکاتەوە و دەیانباتەوە ئامێزی خاکە شەقار و قڵیشبردووەکان، ڕەنگە هەمووان ڕۆژانە، ئەو بەسەرهاتە تراژییدیانە ببیستن و ببینین کە چۆن بۆ نموونە بە سێنایی مرۆڤ لەم چاخەدا لەنێو دەبرێت و پاش ماوەیەك بە بڕێك نەختینەی لە کاغەز دروستکراو چاوپۆشی لە بکوژ و تاوان دەکرێت و قوربانی فەرامۆش دەبێت؛ یان دوور نەڕۆین لە چەندن کارەساتی وەکو ئاگرکەوتنەوە و خنکان و ڕووداوی هاتوچۆدا کاتێك قوربانی دەبینرێت و لەبری کۆمەکی کردن و ڕزگارکردنی تەنیا بە فیلمبەرداری و تەماشاکردن مرۆڤەکان هەڵوێست دەنوێنن و چاوەرڕوانی کۆتاییهاتنی حەتمی قوربانییەکە دەکەن!
هه‌ر مرۆڤه‌ ل دویڤ ده‌نگه‌كی ژ ڤێ جیهانێ دچیت
ده‌نگه‌كێ ژ ڤێ جیهانێ نهێنیتر
مرۆڤ دێ ل جهه‌كی بدوماهی هێت
ئه‌و نامریت، نه‌خێر
ته‌نێ
دزڤڕیته‌ خوه!

‌هەموو دەقێك لە کەرەسە پێکهاتووە، کەرەسەکانیش بە کۆی گشتی ئەو زاراوانەن کە هۆنینەوە بەرهەم دەهێنن، هەر ئەو وشانەشن لەبەردەستی هەموو کەسێکدان، هەیە قسەی ڕۆژانەی پێ ڕێک دەخات و هەشە ئەرزوحاڵی پێ دەنووسێت و هەیە وشە زبرەکانی لێ هەڵدەبژێرێت و دڵی کەسانی تری پێ نیگەران دەکات، بەڵام شاعیر وەستایانە گوڵبژێریان دەکات وهەڵیاندەبژێرێت تا زمانێکی هونەری بەرهەم بهێنێت جیاواز لە بەکارهێنانی ئەوانی تر.
گەر دیقەت لە زاراوە سەرەکییەکانی ئەم دەقە بدەین دەتوانین دۆخ و شوێنگەی شاعیر زیاتر شارەزا ببین، شاعیریش دەستی هەر بەو کەرەسانەدا ڕادەگات کە نزیکن لێیەوە و ئەزموونیان دەکات، بۆ نموونە شاعیر ناتوانێت باسی شوێنێك بکات کە هەرگیز نەیبینوە و هیچی لەبارەوە نەزانیوە، ڕاستە زۆر لە کەرەسە زمانەوانییەکان دووبارەن و شاعیرانی پێشوو بەکاریان هێناون، بەڵام دەکرێت شاعیرێك بە جۆرێکی نوێ لێکیان بدات و مانایەکی نوێیان لێ پێکبهێنێت، بە تایبەتی کە زمان سیستەمی ئاماژەکانە وەكو چۆن سیمۆلۆژییەکان دەربڕینی لێ دەکەن، هەر وەکو ژمارەکان کە کۆی گشتییان لە (٠ تا ٩)ن، بەڵام هەموو ژمێریاریی و ژمارەی ئوتومبێل و خانوو و ناسنامە و هاوکێشەی بیرکاری و مامەڵەیەکی ژماردنی پێ دەکرێت و لەخۆدا جێ دەکاتەوە، سفر کە هیچ بەهایەکی نییە، لەهەر شوێنێکی جیاواز لەگەڵ ژمارەکاندا دایبنێیت ڕێژەیەکی جیاوازی لێ دروست دەبێت.
گەر لێرەدا زیاتر لە کەرەسەکانی شاعیر وردبینەوە دەبینین زۆربەی کۆپلە و مانا و وێنەکان لە سنووری کەرەسەکانی خانوو تێپەڕ نابن، وەك چۆن سەراپای ڕووداوەکانی ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی گارسیا مارکیز لە ماکوندۆی گچکەدا دەگوزەرێت ، بەڵام ئەمە مێژوویەکی بچووکراوەی هەموو ئەمریکای لاتینە، هەروەها دەشکرێت خانووی نێو ئەم دەقەش سیمبوڵ و بچووککراوەی هەموو ژیان بێت، ئەوەتا شاعیر شتە بەرجەستەکانی وەك (پەنجەرە، دەرگا، کلیل، جەنتا،لاپەڕە) دەکاتە کەرەسەی دەقێکی قووڵی شیعریی، کە زۆرانبازی ژیانی پێ ئەنجام دەدرێت، لەو خانووەی ناونراوە نیشتیمان. گرنگی ئەم گۆشەگیرییە بوو وای لە فەیلەسوف و شاعیر (ئەبو عەلای مەعەڕی)ی کرد لە کۆتایی تەمەنیدا، بڕیاریدا تا مرد لە خانوویەکدا گۆشەگیر بێت و هۆی ئەمەشە نازناوی (بەندی دوو بەندیی) پێدراوە. یەکەمیان کوێریی بوو ئەوی دی گۆشەگیریی ماڵ.
لە لایەکی ترەوە ئەمەی ناو ئەم شیعرە جۆرێك لە غەریببوونە کە مرۆڤ لە زەمەنی تەکنەلۆژیادا لە نێوان چواردیواردا قەتیس بمێنێت، باشتر وایە بڵێین خۆی قەتیس بکات تا لەو لێشاوە نافەرهەنگییەی دەرەوە خۆی بپارێزێت کە مرۆڤیان غەریب کردووە بە خۆی، سروشتی جوانیان ناشرین کردووە و چیدی دەرچوون بۆ دەرەوە و کوچە و کۆڵانەکان مانایەکی نامێنێت، چونکە جوانییەکان مرۆڤ دەینەخشێنێت و هەروەها ناشرینیەکانیش، وەك لەم دەقەشدا ئادەمیزاد کراوەتە سەنتەر، شاعیر نایەت وەك سۆسیۆلۆژێك شیکاریی بۆ هۆکارەکان بکات و کێشەکان بە ناوچەیی بکات و پاشان چارەسەریان بۆ داڕێژێت، ئەوە ئەرکی شیعر نییە، بەڵکو بە چاوێکی شاعیرانە و دڵێکی هەستەوەرانە و هزری بیرمەندێك، دوور دوور دەڕوات هەتا هەسارەکانی دی و لاکانی دی گەردوون بۆ بەهرەمەندبوونی زیاتر و دوایی دەگەڕێتەوە سەر هەمان خاڵی دەستپێکردن، چونکە مرۆڤ گەر ڕابمێنێت دەزانێت بەشێك لە گیانی ئاوێتە بە ناسین و زانینی ئەو جیهانە بووە، بەوەی بوونەوەرێکی گەردونییە، هەر ئەم شیعرەش نۆتەیەکی وجودی لەخۆدا حەشارداوە، (مرۆڤ ب ده‌نگه‌كی دچیت لایێ دی یێ كه‌ونی و دزڤڕیت).

٢- شیعرو دەروونشیکاریی:
وەكو زانراوە پەیوەندی یەکانگیر هەیە لە نێوان شیعر و دەرونناسیدا، هەردووك وامان لێدەکات زیاتر خۆمان و ئەوانی دی بناسین و ئەم تێگەشتنەش هۆکارە لە هاتنەدی هاوتایی دەروونیی، لە ڕێی تێگەشتن لە دیوی ناوەوەی مرۆڤ، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئافراندن دەبێت.
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە شاعیر شیعرەکانی بە پێی دۆخە دەروونییەکانی خۆی دادەڕێژێت، بەو مانایەی هەر ئەمە کانگای سەرەکی هەڵقوڵینی شیعرە، هاوشانی زمان بە هەموو هونەر و سیمبوڵەکانیەوە لە داڕشتن و هۆنینەوەی هەر دەقێکدا، وەك زانای دەروونشیکار یۆنگ دەڵێت: داهێنان لە نەست و خودنائاگاییەوە سەرچاوە دەگرێت. لەم بارەدا مەرج نییە زانای دەروون شارەزای شیعر بێت، بەڵام گرنگە شاعیر شتێك لە ئەلفوبێی دەرونشیکاریی بزانێت، چونکە پێویستی بە توانای داهێنەرانە هەیە بۆ گەیاندنی هەڵچوونە سەرکوتکراوەکانی ناوەوەی، بۆ نووسینی شیعرێکی ناوازە، کە خودی شاعیرەکەی لەباری دەروونیەوە بگەشێنێتەوە و لەهەمان کاتیشدا هەست و نەست و هزرو چەشەی خوێنەر بدرەوشێنێتەوە.
دەروونشیکاریی شیعر: بریتییە لە لێکۆڵینەوەی شیعر بۆ کەشفکردنی لایەنەکانی نەست و دیوی ناوەوەی شاعیر، بۆ تێگەشتن لە پاڵنەرەکان، کێشەکان، خەونەکان، وەك لە بۆچوونەکانی فرۆید وکارل گۆستاف یۆنگ دا هاتووە، پاشان زانینی ئەوەی کە چۆن ئەمانە کاریگەرییان دەبێت لەسەر داهێنان لە ڕێی دۆخە ناوەکییەکان و سەرجەم ناسۆرەکانیەوە، جێی باسە کە قوتابخانەی سویالیزم کاریگەربوون بەم بۆچوونانە و بەهرەیان لە وێنەکانی نەست وەردەگرت. هەر لەم دیدگایەوە تەماشای هۆنراوە دەکەن وەك ئامرازێکی بڵندبوون* (Sublimation) کە بەهۆیەوە پاڵنەرە ناقبووڵکراوە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هونەرێکی قبووڵکراو وەك لە بیردۆزەکەی فرۆید دا هاتووە.
کەواتە شیعر دادەنرێت بە بەڵگەنامەیەکی دەروونی و ڕەنگدانەوەی قۆناغەکانی ئاگایی شاعیر لە خۆ دەگرێت، هەر لە هەڵچوونە سەرەتاییەکانەوە تا ڕامانە فەلسەفییەکان، وەك چۆن کاریگەریی نەستی دەستەجەمعیش ڕەنگدانەوەی تێدا دەبێت.
کەواتە سایکۆلۆژیی ئەدەبی شیعر دادەنرێت بە پردی نێوان زانستی دەروون و هونەری زمان، کە یارمەتیدەرە بۆ تێگەشتنی گۆڕینی ویژدان بۆ ئیستاتیکا و هەروەها موعانات بۆ داهێنان. کەواتە شیعر ئاوێنەی دەروونە لە پلە باڵاکانیدا، واتە شیعر لێرەوە تەنیا گەمەیەکی زمانەوانی نییە، بەڵکو پێداویستییەکی بوونایەتییە کە هاوتایی دەروونی و گیانیی مرۆڤ ڕادەگرێت.
وێڕای ئەو سیمبوڵانەی پێشتر باسمانکردن کە شاعیر وەکو ئاماژە دەروونییەکان بەکاری هێناون، دەتوانین هەر لە هەمان سۆنگەوە ئەم حاڵەتە دەروونیانەش کەشف بکەین کە شاعیر ڕاستەوخۆ دەربڕینی لێ نەکردوون و لە سیاقی مانای کۆپلەکاندا زیاتر لامان ڕوون دەبێتەوە:
١- ئەم هۆزانە ڕۆچوون و ڕامانێکە لە خود و بوون، تەنیا دەربڕینێکی ناخەکی و ئازار بە با کردن نییە، گەڕان لە مانای ژیان و ڕۆڵی تاك تیایدا و پاشان بەدەستهێنانی خودێکی ڕەسەن و هوشیارە.
٢ – گۆشەگیرییەکی خەست و چڕ لە ئاکامی تێگەشتنە قووڵەکانی شاعیر بۆ چەمکی ژیان و ڕێڕەوی ڕووداوەکان، لێرەدا لەم تەنیاییەدا یادگارەکان دەبنە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی ناوەکی خود، وەك لە ڕەمزی جەنتای یادگارییەکاندا هاتووە:
(مرۆڤ ل داوی وه‌ستیان ب چانته‌یه‌ك یادگاران ڤه‌
ل كوژیه‌كی ب ته‌نێ دمینیت و
سه‌رێ خوه‌ ب سه‌رێ وان رۆژا ڤه‌دنیت
ئه‌وێن كو وه‌ك یادگار بۆ ماین!
مرۆڤ تا وی ڕاده‌ی دوه‌ستیێت
تژی گری دبیت، گریا ژده‌ستدانا هه‌ر تشتی)

٣- بێهیوابوون لە ئاکامی بەرکەوتن لەگەڵ پارادۆکسەکانی ژیان و تێگەیشتنە ناوەکییەکانی شاعیر، کە بەریەککەوتن دروست دەکەن و ئەمیان ڕۆژ دوای ڕۆژ پێشڕەفت وەدی دێنێت، بەڵام لەوی تریاندا هیچ گۆڕانکارییەك نابینرێتەوە، گەر هاتەدیش ئەوا هەر ڕووکەشییە و تەنیا لە ڕەنگەکاندا دەبێت نەك جەوهەر و بنەڕەتی کێشەکان.
٤- شاعیر جۆرێك لە شییزوفرینای کەسایەتی وێنا دەکات، کاتێك دەبینین لەم دەقەدا مرۆڤ دەگری و جارانێك وەك لیبۆك و موهەریجێك بە خۆ پێدەکەنێ، کە ئەمەش سەرچاوەکەی پەشیمانییەکانە، تەنانەت لە یەکەم ماچی ئەڤینیشەوە دەست پێدەکات، بەڵام پەشیمانبوونەوەکان لەم دەقەدا جیاوازە و بڵندبوونی گیان و گەڕانەوەیە بۆ خودی باڵا، لە کاتێکدا لە تێگەشتنی کۆدا دووبارەکردنەوەی هەڵەکانە بە جۆری جیاواز.
٥- لە خوێندنەوەی قووڵی ئەم دەقەدا دڵەڕاوکێیەکی وجودی ناخی خوێنەر دەتەنێ، کاتێك بەرزدەبێتەوە و لەهەمان کاتیشدا نزمبوونەوە دەبینێت، هەر ئەم پەشیمانبوونەوەشە یەکەم خاڵی پاقژبوونەوە* (Catharsis) و کە ئاکام دەبێتە دروستبوونی هەستی بڵندی گیان و وای لێدەکات دان بە هەڵەکانیدا بنێت تا بەجێیان بهێڵێت.
٦- مردن لەم هۆزانەدا ڕەنگێكی تایبەتی هەیە لە ناخدا، کۆتایی و چەقیش نییە لە بەرانبەر ژیاندا وەکو دوالیزمێك، بەڵکو نوێبوونەوەیە و دامەزراندنی بناغەی تاکی مرۆڤە، گۆڕانکارییە، چوونە دۆخی دییە:
(مرۆڤ دێ ل جهه‌كی بدوماهی هێت
ئه‌و نامریت، نه‌خێر
ته‌نێ
دزڤڕیته‌ خوه!)

لای شاعیر مردن فەنای ڕەها نییە و بەڵکو گەڕانەوەیە، قۆناغێکە لە سوڕی ژیان، وەك دەڵێ (مرۆڤ دێ ل جهه‌كی ڤه‌مریت) ڕەنگە ئەوەشی لێ بفامینەوە کە جۆری مردن زۆرن و ماناکانیشیان جۆراوجۆرن، جارانێك کۆسپەکانی ژیان خۆیان جۆرێکن لە مردن، یان سایکۆلۆژییانە دەربڕینی لێ بکەین ئەوا: مردن نەگەیشتنە ئامانجەکانە، کەواتە لێرەدا مردنی جەستە و گیان هاوتا دەبنەوە، هەرچەندە جووڵە لە جەستەدا بوونی مابێت.
٧- شاعیر زۆر پرسیاری بوونایەتی دەهروژینێت و وەڵامەکان بۆ گەڕانی خوینەر جێدەهێڵێت، بەڵام ڕێژەی ئەنگزایەتی و دڵەراوکێی وەرگر زیاتر دەکات وەك ئەوەی دەڵێت:
(مرۆڤ
هنده‌ك جارا حه‌ز ژ ئازاردانا خوه‌ دكه‌ت
ب بێده‌نگی د خوه‌ دا
كا دێ گوهـ ل ده‌نگێ خوه‌ یێ كیژان چاخی بیت؟)

ئەمەش ڕەنگدانەوەی گۆشەگیرییە و لەهەمان کاتیشدا دروستبوونی زۆرانێکی تر بە بەرەنگاربوونەوە ناوەکییەکانی خودی مرۆڤ، بە بێدەنگی گەڕان بە دوای وەڵامی پرسیارە ئاڵۆزەکانی جیهانێکی ئاڵۆسکاو، خوێنەریش لەگەڵ هۆزانڤاندا دەکەوێتە ناو هەمان دڵەڕاوکێ.
٨- سیمبوڵ و شێوازی شیعریی و پەیوەندی بە سایکۆلۆژیای دەقەوە:
ئەم هۆزانە چەندان سیمبوڵی تێدا بەکارهێنراوە وەك ئامرازێکی ئەندێشەکردن لە پێناو پەیوەستکردنی دەق بە واقیعەوە، (جەنتای یادگارییەکان، پەنجەرەکان، دەرگاکان، کلیل- کە هێمای کرانەوە و داخرانن)، وەك چۆن پەشیمانی هێمای گۆڕانکاری گیانییە، دووبارەکردنەوەی زاراوەکانیش وەك: (هەموو شت) لە کۆپلەی:
(مرۆڤ ژ خوه‌ دهێت و دزڤڕیت خوه‌
چیرۆكه‌ك نینه‌ ژ چو تشتان، چ تشت چیرۆكه‌ك نینه‌ ژ وی
خه‌ریببوونه‌كه‌ ژ هه‌می تشتان، هه‌می تشت خه‌ریببوونه‌كه‌ ژ وی)

لێرەدا دەق؛ خوێنەر لەبەردەم پوچگەرایی لە بازنەکانی بوونایەتیدا جێدەهێڵێت، وای لێدەکات زیاتر و ڕوونتر هەست بە پارادۆکس و دژبەریەکان بکات، وەك هیوا و بێهیوایی، گۆشەگیریی و تێکەڵاویی، ژیان و مەرگ. بەمجۆرە و لێرەدا زۆرانبازییەکانی ناو ئەم هۆزانە ڕوونتر دەبێتەوە لە نێوان مرۆڤ و ناخیدا، خود و دەوروبەریدا… بۆ دەرچوون لەم گێژاوەش، پێویستە بەردەوام خوێنەر پرسیار بهروژینێت بۆ گەشتنە کەناری ئارامیی، پرسیار دەربارەی گۆڕین، پەشیمانی، ژیان و مەرگ… بکات لە ناو دەقێکی دەوڵەمەند بە سیمبوڵ و مانای قووڵەوە، خوێنەر لە سەرەتای دێڕەوە دەگەڕێت… لە ناخی خۆیەوە دەست پێدەکات بەرەو جیهانی دەرەوە، لە سەفەری گەڕان بە دوای مانادا، بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ خودی ڕاستەقینە بە دڵنیاییەکی زیاترەوە، بەڵێ زۆر سەفەرێکی سەختە هەرچەند بێدەنگ و بێ ژاوەژاوە. بەڵام ئەمەیە مانای بەختیاریی لای شاعیر، هەرچەندە ئەم کۆنسێپتەش لای زۆرینە ڕەنگە لە دیاردە و ڕووکەشە ماددییەکانی ژیاندا قەتیس کرابێت.

٣- شاعیران وخەمی وجودی
لەم هۆزانەدا تەنیا حاڵەتێکی نیگەرانی دەروونی ناهروژینرێت و وێنای لێ ناکرێت، بەڵکو ئایدۆلۆژیای شاعیر لێرەدا لە هەستە چەپێنراوەکانەوە سەرهەڵدەدات و بەرەو قەیرانە کۆمەمەڵایەتییەکان و بابەتە بوونایەتییەکانی مرۆڤ وەکو بوویەکی گەردوونی درێژ دەبێتەوە و تراژیدییاکانی مرۆڤ لە چوارچێوەیەکی شارستانیدا دەبینێتەوە، بۆیە کاتێك باسی خەمگینی دەکات ئەو تەنیا وەك زاراوەیەك لەبەردەم شادمانیدا داینانێت، لێرەوە نابێت تەنیا شیعر وەکو بەرهەمێکی کێش و سەروادار مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و ببینین کە هەستەکانمان بخرۆشێنێت و بەس، بەڵکو ڕۆچوونە بە قووڵایی خەمە هاوچەرخەکانی مرۆڤدا بە هەموو کێشە هزریی و وجودییەکانەوە کە مرۆڤی هاوچەرخ لێرەولەوێ بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵیان، چیدیش تەنیا شاعیر وەك وجودییەك ئەو پرسیارە ناکات کە: چۆن فڕێدراوەتە نێو جیهانێکی مەترسیدارەوە لە کاتێکدا کۆتاییەکەشی هەر فەنابوونە؟ وەك لێکدانەوەیەکی پووچگەرایی بۆ ژیان، بەڵام مردن لەم هۆزانەی شاعیردا جۆرێك لە نەمرییە، ئەگەر مردن و ژیان هەر وەك یەك وابن لە سۆنگەی ئەزموونی مەعریفی شاعیرەوە، ئەوا خودی ڕاستەقینەی مرۆڤ هەر نەمرە. ئەو خودئاگاییەی بە ژیانی هەمیشەیی وێناکراوە، تەنانەت شاعیر لێرەدا لە سیما تەقلیدییەکەی زۆرینەی هەستە چەپێنراوەکانی شاعیران لادەدات کە دەربڕینی قەدوقامەتی مەحبوبەیە و ئەو تەنانەت یەکەم ماچی ئەڤینیش بە یەکەم خاڵی پەشیمانبوونەوەکان تۆمار دەکات، بۆیە لای ئەو دەربڕین لە ئازارەکانیش گەڕانە بە دوای دەرچەدا و لێرەدا شاعیر یاخییەکە لە ئازار و موعاناتەکانیش، لە زەمەنێکدا شتەکان ماناکانیان لەدەستداوە… ئەگەر مردن هەر ساتێ بە سانایی بێت ئەوا هەمیشە دووبارەبوونەوەی دۆخی مردنە جۆراوجۆرەکان لە ژیانی مرۆڤەکاندا دەبێتە جۆرێكی تری پرۆسەی بەردەوامبوونی مردن.
مردن ئەو پرسیارە سەرسامکارەیە، زۆربەی شاعیرە بە تواناکان ڕاستەوخۆ دەرڕینی لێ ناکەن، بەڵکو بە بابەتێکی تری دەبەستنەوە و بەرەنجام مانای نوێ بەردەست دەبێت؛ ئەوەتا شاعیری عەرەبی ئەبی فیراسی حەمدانی، ڕەزای خۆشەویستەکەی دەبەستێتەوە بە بەهاو نرخی ژیانەوە و ئیدی دەشزانێت هەرچی لەسەر خاك بێت دەچێتەوە بن خاك، واتا هەمووان دەبێت ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە بزانن و دەبێت چێژی ئەو کۆچە بکەن:
إذا صَحَّ منك الودّ فالكُلُّ هَيِّنٌ .. وكُلُّ الذي فَوقَ التُّرابِ تُرابِ
هەرچی شاعیری ناوداری چوارینەکان (عومەر خەییام)ـه، مەرگ لە وێنەی گۆزەدا کە لە خاك دروست دەبێت و پاشان مرۆڤیش کە دەمرێت دەبێتەوە بە خاك وێنا دەکات، کە دوور نییە گۆزە هەر ئەو خاکەی پاشا و گەدایان بێت کە پێشتر ژیاون و پاشان مردوون و وا ئەمڕۆ ئەو کەلـلەی پادشاهانە کە سیمبوڵی دەسەڵاتە و دەستی گەدایان کە سیمبوڵی ڕەنجدانە هاوتا بوونەتە گۆزەی دەستی وەستایەکی کارامە و وێنەیەکی چڕی ئەو پوچگەراییەمان پیشان دەدات کە ژیان لە دوتوێی خۆیدا هەڵیگرتووە:
در کارگە کوزەگری کردم رای
درپایە چرخ دیدم استاد بپای
میکرد دلیر کوزە را دستەو سر
از کله پادشاه و از دست گدای

شاعیری بەنێوبانگی کوردیش مەلا خدری نالی ئەو فەنا و مردنە دەبەستێتەوە بە تەوازوعەوە، کە جوانی کەسایەتی و ویقاری مرۆڤی لێ بەرهەم دێت و لە ئاستانەیەکی بڵندی ڕۆحییەوە ئەو دۆخە بە وێنا شیعرییە بەناوبانگەکەی دەنەخشێنێت، کە ئەگەر ژیان هەر بە خاكبوون بێت، ئەوا باشترە بڵندایی لە دنیادا بەدەست بێنین بە لەخۆبووردوویی و خاکییبوون و تەوازعبوونەوە:
کە خاکی، خاکی دامەن بە، وەگەر نە، تۆزی بەربادی
لە کۆتاییدا ڕەنگە یەکێك بپرسێت ئەم دەقەی ڕزگار زیاتر هزر و فەلسەفەیە یان شیعر؟ ئێمەش دەڵێین: ئەمە ئەو ئاوێتەبوونە ئیجابییەی شیعرە بەو تۆپیکە گرنگە، بەڵام لە بەرگ و فۆرمی شیعردا، بە زمانە چڕ و ناڕاستەوخۆ و کورتبڕەکەی و وێنە تازە شیعرییەکانی و ئایدیا ئەفرێنەریەکانیەوە، کەهەست دەستلەملانی هزر دەبێت لە جەستەی زماندا.

٤- هەستە تیژتێپەڕەکانی سەردەمی ئافات
لە پارچە شیعری دووەمدا کە دەقێکی کورت و چڕە، هەناسە شیعرییەکان تێیدا ناسكن وەکو قەشەنگی نێرگزێکی تەمەن کورت (ڕەنگێن وەلاتەکێ بێدەنگ)، شاعیر کاراما لە دووتوێی وێنە شیعرییە قووڵەکان و ڕامانە شیعریەکاندا تیمەکانی زەمەن، ونبوون، خۆشەویستی ئاوێتە دەکات، لە وڵاتێكی كپ و خامۆشدا هزرە ئاڵۆسکاوەکان بە شێوازی تایبەتی خۆی ورد و شی دەکاتەوە و خوینەران لەگەڵ خۆیدا بەشدار دەکات لە هەست و نەستی ساتە تایبەتەکانی تەقینەوەی کانگای شیعر، ئەمەش وا دەکات دەقەکە بە دەقێکی کراوە و فرەتێگەشتن بمێنێتەوە و هەر جار خوێنەر نائارامیی ڕووی تێکرد، دەتوانێت بۆ ئەم دەقە بگەڕێتەوە و چاوێکی پێدا بخشێنێت و سێبووریی غوربەت و تلانەوەکانی بدات.
گەر لە ناونیشانەکەوە دەست پێبکەین ئەوا تێدەگەین کە چۆن شاعیر هەردوو سیفەتی (بێڕەنگی) و (بێدەنگی) لە وڵاتێکدا کۆدەکاتەوە، ئەم دوو دەستەواژەیەش تا سەر ئێسقان حاڵەتی گۆشەگیری و بۆشایی ناخی تاك ڕەنگڕێژ دەکەن، چ بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و بەراوردکردنی بە ئێستا بێت وەك لە دەقەکەدا هاتووە، یان نێوانی جیهانی دەرەوە و ناوەوەی شاعیر بێت، زۆر زوو لە خەیاڵێکی ڕاگوزەردا دیمەنەکان تیپەڕ دەبن و بە گرتنی چرکە ساتێکیش ڕاناگەین تا خۆمانی تێدا بنووسینەوە و فریا بکەوین خاڵ لەسەرپیتەکان دابنێن، وەك چۆن شاعیری ناوداری ئینگلیزی ئەدگار ئەلان پۆ لە دەقی (خەون لە ناو خەوندا ) ساتەکانی ژیان دەشوبهێنێت بەو دەنکە لمانەی لە کەناردا لە نێو پەنجەکانیەوە دەوەرێن و ناتوانێت پارێزگاریان لێبکات:
I stand amid the roar …Of a surf-tormented shore,
And I hold within my hand …Grains of the golden sand —
How few! yet how they creep …Through my fingers to the deep,
While I weep — while I weep! … O God! Can I not grasp
Them with a tighter clasp?
O God! can I not save … One from the pitiless wave?
جێی باسە لێرەدا ئاماژەیەك بەو سیمبوڵانە بکەین کە شاعیر بە کاری هێناون، وەك بڕینی ئەو یووبارەی کە سنووری جیهانەکان دادەڕێژێت، یان سەردەمێك و سەردەمێکی تر لێك جیا دەکاتەوە، هەموو شتەکان خێرا تێپەڕ دەبن و گۆڕانکارییە خێراکان شوێنیان دەگرنەوە و ئەوی دەمینێتەوە یادگارییەکانن، بەڵام ڕەشاییەکان ناڕەونەوە و لە نێو ڕەنگەکاندا لە هەموویان تۆخترە و هەموویان دەشارێتەوە و دادەپۆشێ، بەڵام یادگارییەکان کە جارانێك بۆیان دەگەڕێینەوە و تییاندا دەژین. لە ئازاراوییەکانیاندا جوانییەکی شاردراوە دەدۆزینەوە، وەك چۆن شیعرەکەش قۆناغێکە لە قۆناغەکانی ژیان و زوو وەکو باران و خەونەکان و وەرزەکان کۆپلەکان لەپێش چاو و بە ناو هزرماندا تێدەپەڕن.
لێرەدا خۆشەویستی لەگەڵ وەرزدا لێکدراوە و دەستەواژەیەکی ئاوێتەی شیعرییان لێ پێکدێت، تا پێمان بڵێت: عەشقیش زەمەنێك بوو ڕابوورد، وەك چۆن وەرزەکان یەك دوای یەك ماڵئاوایی لە یەکتر دەکەن. ئەمە گەر هەستی تەنیایی لای شاعیر چڕ تر بکەنەوە، ئەوا بە بارێکی ئەرێنیشدا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت کە دەربڕین لە ئارامی گیان و هارمۆنییەتی ناخ دەکات دوای هەموو ماڵئاواییەکان، یان زانینی حەتمییەتی جێهێشتنەکانە، کەواتە نیشتمان لێرەدا سیمبوڵی خودئاگاییە، ڕەنگە تەنیایی تێیدا لە هەموو شتەکانی تر لەپێشتر بێت، کە هەر زوو هەستی ناسکی شاعیر بە چەشنی ڕەنگی سپی، زۆر ئاسان لەژیر ڕەنگی ڕەشدا دیار نامینێت و تەسلیمبوون بە قەدەری خۆی ڕادەگەیەنێت و هەرواشە حەقیقەتی بوون، ئەو نە لە پۆڵایە و نە سۆپەرمان، ئەو لێکۆلەرێکی سۆسیۆلۆژ نییە تا هەستێت بە داڕشتنی ڕێگاچارەکان، ئەو دەزانێت مانەوە بۆ بەهێزترینە، وەك چۆن لە شەودا گەر ڕووناکیی چرا کزەکانیش بوونیان هەبێت، ئەوا لە دوورەوە کە دەڕوانیت جگە لە ڕەشایی هیچی دی نابینیت.
(خەون
درەنگتر ژ هشیاربوونێ
خەوا مە دەست دا ڕەڤینێ
زووتر ژ چاڤ گرتنێ
وەرزێ خەونێ دەستپێکر
زوو و درەنگ
هەمی ڕەنگ مانە بێدەنگ)
وەك لە ڕەوانبێژیدا هاتووە دەستەواژەی دژیەك دادەنرێت بە بەشێك لە هونەرەکانی جوانکاریی زمان، کە دوو زاراوەی دژ یەك دەهێنرێت و لە ڕستەدا بەرانبەر یەك دادەنرێن بۆ ئەوەی ڕاچەنین دروست بکات و تامەزرۆیی و تاسەی خوێنەر بشكێنێت، هەندێكیان مانان وەك خەون و هوشیاری و هەندێکی تر ئیجاب و سلب وەك بەهێز و بێهێز و هەندێکی تریان ناو و یان مانای ناون وەك مەزنی و بچووكی، یاخود شتن… وەك لە زانستی ڕەوانبێژیدا هاتووە هەندێکجاریش دژیەك لە مانای دوو ڕستەدا دەردەکەوێت. گوزارەی وشە دژەکان لە ڕستەدا دەگونجێنرێن و سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت، ئاسۆی بیر فراوانتر دەکات، ئەندازەگیریی وشەکان ڕێکدەخات، ئەم دژبەرانە دۆخی پشت ماناکانی ئەم هۆزانە دەردەخەن، کە چۆن هەموو شتەکان ڕەنگدانەوەی باری زاڵن و لەسەر ئەم بنەمای دژ و پێچەوانەبوونە دامەزراون، ئاوها دەتوانین باری سایکۆلۆژیی دەق کەشف بکەین و ئەوەی شاعیر وێنای نەکردووە، لە باری ڕێكخستنی زمانەوانی دەقەکەدا بیخوێنینەوە:
زوو— درەنگ
هاتن — چوون
مەزن — بچووك
دەرد — دەرمان
خەون — هوشیاریی
ڕەنگ— بێڕەنگی
بەهێز— بێهێز
نێزیك — دوور

وێڕای ئەمانە و هەر لەو پارچە شیعرە کورتەدا شاعیر شارەزایانە سێ دەستەواژەی دانائامێزی شیعریی بەکارهێناون و ئافراندوونی، کە بە دڵنیاییەوە لە زادەی فەرهەنگی شیعری تایبەت و ڕەسەنی خویەوە سەرچاوەی گرتووە، کە تا هەتایە دەکرێت بکرێنە ئیدیۆمی زارەکی و بەکار بهێنرێت، جگە لەوەی شوێنگایان لە دەقەکەدا پتەویی ماناو قەشەنگی دیدگا بە ناوەڕۆك دەبەخشێت و بەهای هونەری ڕەوانبێژی بە ئاستی ئیستاتیکای زمانی شیعرەکە دەدات:
١- تنێبوون د فەرهەنگا عەشقێدا پیرۆزترین وەلات ما
کاتێك مرۆڤەکان درۆ بە زمانی پاکی عەشقیشەوە دەکەن، هەرلەعەشقی مەزنی نیشتمانەوە تا عیشقی نێوان دوو ڕەگەز، بەرجەستەبوونی عەشق گەورەترین پایەی خۆی لەدەست دەدات، چونکە بنەمای عیشقی ڕاستەقینە ڕاستگۆییە نەك درۆ، ئیتر چیدی عیشقی پاك و ڕاستگۆ لە نێوان دوو لایەن و چەند لایەندا نامینێتەوە، بەڵکو دوورکەوتنەوە و دەبەریەك ڕوودەدات و لێرەوە شاعیر بە ناخی پاقژ و تۆزلێنەنیشتووی خودیدا شۆڕدەبێتەوە و لەو سەکۆ دوورەدەستەوە زایەڵەی سۆزی ناخی دەبیستین وەك لەم شیعرەدا هاتووە.
٢- ڕەش د وەلاتێ بێزمانیێدا بهێزترین پێکهات ما
وەك لە ئیدیۆمدا هاتووە: کەمۆڵە گەر هیچی تێدا نەبێت هەوا شوێنی دەگرێتەوە، یاخود ئەوکاتانەی کەڵەشێر بە تەنیا دەبێتە پاشای دارستان کە هیچ سەداو نەڕینێكی دی نایەتە گوێ، یان ئەگەر خۆر دیار نەمینێت لە ئاسماندا ئەوا تاریکایی دەچێتە شوێنی، کەواتە مرۆڤ دەبێت خۆی سەرپشك بکات یان ڕەش بێت یا سپی، یا ڕووناك یان تاری، مەحوی شاعیریش لە خانەقای عیرفانی خۆیەوە زوو ئەو مانیفێستە دەکات:
سەر کە جۆشیکی نەبێ من زرکە تاڵم بۆچیە؟
دڵ کە هۆشێکی نەبێ شیشەی بەتاڵم بۆچیە؟
٣- عەشق ل جادەیا پێکەنینێ پێخاس گەڕییا

هاوشێوەی یەکەم ئیدیۆم شاعیر جارێکی تر دەگەڕێتەوە سەر عەشق، دیارە ئەو دووبارەکردنانەوە، نەك دڵنیابوونەوە و جەختکردنە، بەڵکو پەیامی ئاشتیخوازانەی دڵێکی پر لە هەست و سۆزە کە مانای ژیان لای ئەو لە خۆشەویستیدا بەرجەستە دەبێت، گەر مانای ڕاستەقینەی ئەم چەمکەش لە ژیان دەربێنین، ئەوا هەموو شتێك بێتام دەبێت و هەموو جووڵەیەك وەك بێگاریی لێکدەدرێتەوە و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، تەنانەت لە ئیدیۆمی ئینگلیزیشدا هاتووە: دەتوانیت بە زۆر ئەسپ بەریتە سەر ئاو، بەس ناتوانیت بە زۆر ئاوی دەرخوارد بدەی:
You can lead a horse to water, but you can‌t make it drink
بەڵێ، ئەوە ماوە بڵێم شاعیری باش هەموو پێچوپەناکانی زاراوەکانی ژیان دەگەڕێت بە کۆن و نوێیانەوە تا بتوانێت دەگمەنترین و شیعریترین وێنە بە وشە بهۆنێتەوە و تازەبوونەوە بێنێتە دی، ئەوە خەمێکی لە مێژینەی مرۆڤە، گەر واش نەبوایە دەبوو ئێستاش لە پێشکەوتووترین دۆخی میدیادا بۆ نموونە گوێ لە ڕادیۆ بگرین، یان لەسەفەرکردندا وڵاخیان بکردایەتە هۆکاری گواستنەوە، بەڵێ پێشکەوتنی ژیاریی سوودی زۆرە و دەردەسەریش، یەکێك لەو پێشکەوتنە پزیشکیانەی لەم ساڵانەی دواییدا بەربڵاو بوو و دەستنیشانکردنی بۆ کرا سەرهەڵدانی دیاردەی (زەهایمەر) یان لەبیرچوونەوە بوو بەتایبەتی بۆ کەسانی بە تەمەن، کە شاعیر لەم هۆزانەدا وەکو دەستپێشکەرییەك کردوویەتیە کەرەسەی وێنەیەك و دەربڕینێکی پۆوەتیك، وەك چۆن جێی لێوردبوونەوەیە لە یۆتۆپیای ئەندێشەی شاعیردا دەکرێت (ئاشووب و ئاژاوە) پەردەی بەسەردا دابدرێتەوە و توشی زەهایمەر بێت، ئەگەر لە یادگای مرۆڤەکانیشدا بوونێکی بمێنێت، ئەوا لە واقیعی ئەم شیعرەدا هەموو شتەکان بەرەو هەڵوەرین و توانەوە و کۆتایی دەچن، وەك بڵێی ئافاتێك سەری هەڵدابێت، وەستایانەش شاعیر ڕاناوی ئێمەی کۆی دەستەجەمع بۆیان بەکاردێنێ (وەرزێ عەشقا مە ڕابوو) لە لوتکەی بێئومێدیەوە جاڕی پاشەکشەی خۆی لە زۆرانەکان دەدات، مەگەر شاعیر دەبێت لەو دۆخەدا چ بڕیار و بوونێکی هەبێت، جگە ڕۆچوون بە ناخی خۆدا و وەکو کیسەڵ سەربردنە ناوەوە؟ مەگەر چ جوانییەکی هەیە ڕەشایی؟ وەك چۆن لەم دەقەدا ئەم زەوی و ئاسمانە بەرفراوانە بچووك دەبنەوە و تاریکی باڵدەکێشێت بەسەر ئاسۆدا، ئەمەیە وا دەکات شاعیر بە ڕاناوی کەسی یەکەم و تەنیابوون (تنێبوون د فەرهەنگا عەشقێدا پیرۆزترین وەلات ما) بانگەوازی ئەم جیاوازییە لە دیدو تێڕوانینی خۆیدا بکات و خۆی جیا بکاتەوە لە مێگەل، ئەو بەرگە ڕەشە دابکەنێت کە لە مێژە بە بەریدا دووردراوە.
(وەکی مرنێ
سپی ڕەنگێ چاڤگرتنێ ما
وەکی زهایمەرێ
ئاشۆپ حەلیا
خەون بەهی
عەشق ل جادەیا پێکەنینێ پێخاس گەڕییا)
ببورن لە درێژەدان، دوماهیك تەنیا دەمەوێت ئاماژە بە لایەنێکی ئیستاتیکی دەقەکە بکەم کە شێوازگەرایی وێنەیی پیت و وشەکانە لەم هەوڵەی گەنجۆدا، کە چۆن شێوازی دانانی وشەکان و لێكجیاکردنەوەیان هاوواتای مانای کۆپلەکان دێت و ڕەونەق و سەرنجێکی جوانتر بە دەقەکە دەبەخشێت کە نیشانەی سەلیقەی شاعیرێتی هۆزانڤانەکەیەتی، بۆ ئەوەی پێمان بڵێت کە لێرە بەرەنجامی هەموو شتێك کۆچ و جێهێشتنە، کەواتە چۆن دەبێت وشەی هەڵوەرینیش هەر وا نەبێت؟ بۆیە ئەو لێرەدا دەربڕین وەکو وەرینی گەلاکان دەکاتە بەری وشەکانیش:
(هەر تشت
و
ە
ر
یـ
ا)

…………………………………..
بۆ سوودوەرگرتنی زیاتر تەماشای ئەم سەرچاوانە بکە:
١- یونغ، كارل غوستاف: الانسان و رموزه، سیکولوجیا العقل الباگن، ترجمه‌ عبداكریم ناصیف، و الژات غیر المکتشفه‌، ترجمه‌ و شرح أوسم وصفی.
2- Jean Paul Satre, Existeenyialism & Humanism, Translated and Introduction by Philip Maerit, Methuen.
٣- ماڵپەڕی شیعریی تەم، شیعرەکانی دیسەمبەر ٢٠٢٥.(ڕەنگێن وەلاتەکێ بێدەنگ /بژێر گەنجۆ) و(مرۆڤ ل سەر بەلگێن داوی وەریان/ڕزگار سوبحی).
4- Ontology and Metaontology, A Contemporary Guide , Francesco Berto and Matteo Plebani, Bloomsbury.
ستۆکهۆڵم ٢٦/١٢/٢٠٢٥

Comments (0)
Add Comment