خۆژماردن

فەرهاد کەریم

هەموو ڕۆژێ خۆم دەژمێرم

لە ڕاست و سەر و پاش

لە چەپ و خوار و پێش

پێ

    سەر

        چاو  

            گوێ

                باڵا

                   کێش   

پژمین ژانی هەناسە 

سکچوون فیکەی ژمارە  

ژماردن بژمێرە

دوێنێ خۆی ژمارد

خۆی ژمارد ئەمڕۆ

بەیانی خۆی دەژمێرێ

سەرقاڵم

          هیچ

              جاران

                   کەم

                        کۆ

                          دابەش

ئاڵوودەبوونی ژماردن، نەخۆش

سێبەر بەر ژمارە ناکەوێ

بینین ناچێتە ناو ژمارەوە

گووتن ژمارە ناگۆڕێ

چێژ گەمارۆ

بیستن کەڕ

موو لە ژمارە هیچ

ددان ژمارە ناجووێ

نینۆک ژمارە، بریندار

ژمارە چۆتە ناو زمان

زمان خنکاوی هیچ

ژیان لە ژمارە بۆتە برین

خوێن ڕژاوەتە ناو ژماردن

ژمارە لە ژان دەرکە

ژان دەکا ژمارە

ژمارە تەنیا ژمارە

با خۆمان بژمێریین نەبادا تەنیا…

خۆی دەژمێرێ تەنیایی

                         کۆ  

                  دابەش

            جاران

       کەم

تەنیا

تەنیا هیچ

هیچ ژمارە

ئاڵوودەی ژماردنم

خۆشە ژماردن

پیاو بژمێرە

بژمێرە ژن

لایەکی سەرم

لایەکی سنگم

لایەکی دەستم

لایەکی قاچم

لایەکی پێم ناچنە ناو ژمارەوە

مەراقم ژماردنە

ژن ئاوە و تەور پیاو لە ژماردن

ژن دەترسێ لە پیاوبوون

پیاو دەترسێ لە ژنبوون

شێت، بوونێکی قووڵە، ژماردن

لە ئاوێنە دەترسم لێی بڕژێ ژمارە

ترسە بەر ئاوێنە کەوتن

فریای ژمارە نەکەوم

بیستن    

بینیین

       بۆن

       گۆتن

چێژ

ژژژ ممم ااا ررر ەەە…

Comments (0)
Add Comment