یاداشتی ڕەنگەکان

تەیب قادر

سنگت لە دەستم دایە، ڕابردوو لە پێستمدا

لەسەر زەوی بەرنەبیتەوە

هیچ شتێک ناتوانێت قسەت بۆ بکات

وەرەوە بۆ دواوە، لای ئەو پەنجەیەی کەس نەیگەستووە

ژیان ڕاکێشانی جگەرەیەک نییە لە باڕکی مێروولەیەک

دەنگی قورگت دەگۆڕم

لەو دەوروبەرە کەسێک هەیە لە ژیان گەڕابێتەوە؟

ئەگەر منت بینی دڵخۆش بە

تا ئێستا کەس چیڕۆکی منی لا نییە

تۆ بیگێڕەوە، بزانە قەبرم لە کوێیە

کە زانیت مردن چیڕۆک نییە

ئینجا لە ژماردنی هەنگاوەکانم غەڵەت ناکەیت

دەنا بایی بستێک، سێبورییت نابێت و

نازانیش بۆچی ڕەنگی گەردوون خوارە

بۆچی ئاو بە ڕووتی دەگەڕێت

بۆچی دەبێت هەمووتان بگەڕێنەوە لای من و

هیچتان ناتوانن سەراوبن نەبن

سەراوبن نەبن، دەبێت لەنێو تەنیایی نوێژ بکەن

جگە لە من کێ دەزانێت سەراوبن بوونە؟

کێیە گۆرانی کۆتایی ژیانی لەسەریدا هەڵگرتووە؟

دڵم دەمناسێت کە قاچم لەسەر دەموچاوێک دادەنێم

کۆڵان بە گەڕەک، دەرگەتان بۆ چاک و چۆنی لەسەر ڕەشبووەتەوە؟

غەریب، سەد ساڵی تر هیچ پاسێک نامێنێت پێی بگەڕێیتەوە

وەرە دامەنیشە، لەسەر بۆشایی دانەنیشتووم

ڕادەکەم، بە هێواشی ناوت دەخەمەوە سەر ملت

بزانە، ئەوەی لەنێو ئەوان جێگە هەڵدەکەنێت،

ناتوانێت وەک من خۆش بژیێت

ئەگەر بتەوێت خۆش بژیێیت،

دەبێت چاوت لە داهاتوودا هیچ چڵکێکی لەسەر نەبێت

دەنا یاداشتی سوارچاکەکان، هیچ شتێک لەبیر ناکەن

هیچ شتێک ناخەنە پشت لەبیرچوونەوە

بۆ کوێ چوویت؟ دڵت بە چی دادەخەیت؟

من لە شوێنێکی زۆر دوور هاتوومەتەوە، لای سنگت

هەر ئەو شوێنەی ئاسمانی لێ نافرۆشرێت

دیارە، ناتوانیت تاریکی بکوژێنیتەوە

تۆ بڕۆ چیلکەدارە سووتاوەکان ئاودا

بۆ کوێ دەچیت، گوڵ هەر هەقیقەتە

کەس باپیرەگەورەی دۆزەخی لەبیر نەکردووە

کێ دەتوانێت بە هەقیقەت بڵێت، لەل

سەعاتێکی دڵخۆش هەیە،

سەدساڵی تر دێتە دونیا و پێدەکەنێت

کێ دەتوانێت خولەکەکانی بکاتە کوڕی خۆی؟

کێ دەتوانێت قاپێک ژەهر بۆ دڵخۆشی بخواتەوە؟

کەس نەبوو هەموو دەرگەکان فڕێبدات، من بووم

کەس نەبوو شۆڕبکاتەوە لای ئازار و بڵێ کۆڵانە تاریکەکان ناناسم، من بووم

کە دڵت سەراوژێر لێدەخوڕیت،

بزانە کەسێک هەیە ئاگای لە بۆشاییەکانی ژیان هەیە

کەسێک هەیە دەزانێت تۆ ناتوانیت لەسەر زمانی من دانیشت

ناتوانیت بە قاچی خۆت… کوا قاچەکانت؟

لە کوێیە گوێت، کێ گوتی قاچ بەڵای دڵە!

یەک خولەک، بوەستە ئیشم بە دەستت نییە!

من لە مێژە ڕەش و سپیمە و

دەزانم زەوی گۆرانییەکانمی پێ هەڵناگیرێت،

دەزانم خۆمم لە ژماردنی پەنجەکانی گوڵ غەڵەت ناکەم

لە سەیرکردنی چاوی تۆ پیر نابم،

تۆ کە دەزانیت گۆشەیەک هەیە،

لە بن ڕایەخی دڵنیایی،

لای جەستەی ڕووتوقوتی هەقیقەت، پیرم ناکات

سەیرکردنت سنگت دەخاتە دەستم

دەستم پڕە لە ئاگر، ئاگری خۆش

دەڕوات و کێیە وادەزانێت ناڕوات و دڵی لەبن دەستی دەرنایە؟

ئەگەر بە تەمەنی کۆتر دەبوو، کیسەڵ دەگریا

کە ئێسک وشک بوو، چاو نازانێت خەو چییە

نەتاندیتووە کە مرۆڤ هەڵە بە ئاو دەکات،

چۆن سک لە مردن تێر نابێت؟

منم سەروەری هەقیەقەت، منم میراتگری تەنیایی

تۆ کێی تا بزانیت زەوی چەند خوشکی هەیە

گەرووی گەردوون چەند مەترە

ئازاری خۆم، خۆشەویستە دڵخۆشەکەم، گەردوون

پێرێ دووشەممە بوو، ئەمڕۆ دووشەمەیە، دووسبەی دووشەممەیە

چەند سانتیمێکم بە ساغی ماوە، ئەوە تۆ لە کوێی

دەفتەری هەمووانم خوێندەوە و ناویانم لەبەرە

دەیانناسم پێشئەوەی هەنگاویان بکەنەوە

پێشئەوەی لێویان بۆ وشە ببەن

وەرە کتێبەکەی خۆمت بدەمێ، ئازار

خۆ من هێشتا دەستم بە دروونی کراسەکەی داهاتووم نەکردووە

هێشتا بەردێک ماوە بیدۆزمەوە بۆ ئەو دیوارەی کە لە چڕنووکی مرۆڤ دەمپارێزێت

قسەیەک دەکەم، تۆ نەبیت، کەس تێیناگات

من مرۆڤم، کوا پەڕوباڵەم

کوا ڕێگەی چوونت بۆ نێو بەختی خۆت

بەختم چوارگۆشە نییە

خەتێک ڕادەکێشم ئەگەر زانیت ناوی چییە،

ئەگەر زانیت چەند دڵی هەیە!

ئەگەر زانیت لاشانێکی بۆ دیار نییە

ئەگەر زانیت پەنجەی شەهادەی بۆ نانوشتێتەوە

دەتخەمە تەنیشت خۆم، ڕێک بەرانبەر تەنیشتم

غەزەبی مرۆڤ، سەرم پڕە لە وردە چرا

دوو مرۆڤ لەنێو مندا ناجوڵێت

غەمگینیم پێدەکەنێت و باوەڕم بە شادومانی نییە

یەک جار دەرفەت بە دڵنیایی تۆ دەدەم

ئەگەر لە دەستت بکەوێت،

ئیتر تۆ هاوەڵی بزربوونی خۆتی لە من

کەس پاش دڵشاکندنم نەگەڕاوەتەوە

با جارجاریش بکەوم، بەڵام هیی ئەوە نیم ژان لە پەنجەکانم فڕێنەدەم

دەڕۆم و نازانم بۆچی کورسی ناجوڵێت

نازانم بۆچی پیت لە دەمی تەنیایی شڕە

بۆچی ناگەڕێمەوە نێو کەللەسەرە دووکەرتەکان

نایەمەوە، بێمەوە کوێ کە هەقیقەت لە سنگمدا پیر بووە

دەڕۆم، لە جامەئاوە غەمبارەکان ناخنکێم

کاتێ دێمەوە کە ژیان لە دەقێکی شیعر خۆشتر بێت

کە تۆ چاوت لە مەرەکەبی ڕووناکیدا هەڵکێشا

کێ بزربووە، ها؟ کێ بۆنی گوڵی لە لووتی گیرنەبووە؟

پێبکەنە، دەزانم دە هەنگاوی ترم چ دۆزەخێکە

دە هەنگاوی ترم چ کارەساتێکە بۆ جەستە بازنەییەکان

بەرنابمەوە بەو ئارەقانەی لەبەینی دوو گردۆکە شۆڕدەبنەوە

ناکەوم بەو ڕۆژانەی پێکەنینێکیان لەسەر ڕەژوو پێ نابرژێت

لە هەفتەیەکدا دێمەوە کە باڵەکان پارچەئاسمانێکی باش پێدەزانن

لە مانگێکدا دەگەڕێمەوە کە تیشکەکانی سێبووری بەشی گوڵەجۆیەکی ئاوبردوو دەکات

کێ بوو دەیگوت ڕۆیشتن باشترە لەوەی کە لە زەوی بیت؟

کێ بوو دەیگوت دەمی گۆزە خۆشترە لە شەوی مۆر؟

کێ بوو دەیگوت تۆ تەنیای، ناتوانی خۆشیی بەخێوبکەیت؟

کێ بوو دەیگوت ماسی چەند مەترێک لە جاڵجاڵۆکە درێژترە؟

نەتزانی بەرد، نەتزانی ئێسک

زیکرەکانی گەیشتن، زیکرەکانی لاچەپ، زیکرەکانی تاقانەیی،

هەموو شوێنێک پێدەزانن، هەموو شوێنێک دەیانناسن

دادەنیشن بە دیار چاوێک کە لە داهاتووەوە هاتووەتەوە

دەوەستن بەدیار دەستێک کە دوو دەیەی پڕ نەکردووە

لەوێبە، تۆش لای جەستە باغەکان

لەوێبە، تۆش لای پەیکەرە قاچشلەکان

من لای منداڵەکان دەبم، منداڵەکانی ژیان

لە منداڵەکانی ئاوبردوو

لای منداڵە بێ سێبەر و بێ شەو و بێ دڵەکان

خراپە نییە ئاگات لە باشە بێت

چاکە ئاگات لە خراپە بێت

خۆشەویستیی بە گوڵ ناکێشرێت

دەبێت ڕووناک بیت، دەزانیت خەم یانی چی؟

دەبێت ڕووناک بیت، دەزانیت ئێسک چییە؟

دەبێت ڕووناک بیت، دەزانیت دڵ نێولەپ ناخوێنێتەوە؟

دەزانیت؟ هەمووان نازانن دڵنیاییەک هەیە،

خۆی باغ پێنازانێت، خۆی نایەتە لای باغ؟

باغ لە جێگەیەی خۆیەتی، تۆ چ هەورێکت لەسەرە؟

هەوایە کۆتایی دێت، ڕۆژ دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی

لەو جێگەیەی سەر سەراوژێر نییە!

ئاگام لە هەمووتانە، سەیرکەن

هیچ کەسێک بەنێو قاچەکاندا ڕەتنابێت،

هەموووان لە باوەشی تەزووی کارەبان

کەس نەبووە دۆستی دەرزە لاتەریکەکان

کەس نەبووە دۆستی ئەوانەی پێویستیان بە گۆشەیەکی تەنکە

یەک یەک کەوتنە نێو قۆرتەکان

یەک یەک لە برینەکانی من گیربوون

یەک یەک لە پڕچەدڕاوەکان هەڵاتن

چایەک ڕژا و هەرمێیەک نەیبینی

قاوەیەک ساردبۆوەوە و کەس نەیخواردەوە

لە سنگتدا، شوێنێک هەیە هیی منە

خاڵەکانی لێواری تەنیایی خۆم دەناسمەوە

شارەزای کۆڵانەکانی دەستی تۆم

شارەزای ڕێگەکانی دەستی خۆمم

کاتێک جەنگ دەمی دەکاتەوە، دڵی بولبولم لێدیارە

کاتێک گاڵتەجاڕێک دەڕشێتەوە، دەزانم سێسبەی چ دەمارێک لە پشتی کەم دەکات

ئەگەر تۆ دڵت خۆشبوایە، من هیچ کێشەیەکم نەدەبوو

ئەگەر سنگت لە دەستی مندا نەبوایە، ئارام دەبووم

باوەڕبکە، کێشە لە دونیا نییە، بەردەکان شوێنیان خراپە.

Comments (0)
Add Comment