سۆران محەمەد
سەری بێ کون
سەرباری ئەو هەموو ڕۆشتنە
هێشتا نەڕۆشتووی
سەرەتاکانی هاتن
هەمیشە خۆیان دووبارە دەکەنەوە
لە یادەوەریدا…
پێکەنین و گریانەکان
بە تۆ چی؟
ئەو باس و خواسانە
تریقانەوەی توێژاڵی دنیا ڕووکەشەکانن و بەس!
لیتەیەك
پەلکێشی خنکانێکی خەستمان دەکا.
گێژەنگێك
دوورمان دەخاتەوە
لە بانیژەکانی ئارامیی
گەردەلولێکی بزۆز
پەرتمان دەکا لە پێدەشتەکانی
ماخۆلان…
بە هیچ شیعرێ
جۆشی ئەم زەمەنە دانامرکێتەوە
جگە لە میهرەبانییە بەباچووەکان
جگە لە گریانی هەورە دڵسافەکان…
زەمهەریرە نێوانتان…
لەژێر دار چوالەکانا
تەوراسەکان تیژ دەکەنەوە
بەو هەسانەی لەبەر خۆڵبارانەکەدا
سیمای کێلێکی دوورەدەست دەنوێنێ!
چی بکەین؟
کە ناکاو
بە تروسکەیەکی کورتخایەنی نێو گەواڵەکان
دەدەنە قاقا و
تارماییە بۆرەکان بیردەبەنەوە
یان بە دروستکردنی بەختەوەرییە درۆینەکان
هەقیقەتە تاڵەکان دەسڕنەوە؟!
کێ بە بزەی زاڵم بەقا دەکا
جگە لە بزربوونی دەمامکەکان
لەناو مژدا
ئەوەی دەمێنێتەوە
ڕووە ڕاستەقینەکان…
بێ بزە،
بێ ورتە،
بێ نیگا…
سەردادەخەن و دەڕۆن
نایانەوێ
ببینن
چیتر…
پاشکۆ
تارمایی
کاتێ شەو
لەناو بێدەنگی خۆیا
کپ دەنوێنێ
ناخ پڕ سەدا دەبێ
تەماشای پشت پەنجەرە کە،
تارماییەك دەبینرێ
تەنیایی دەڕەوێنێ
پاش دەستبەرداری بێدارییش
ئەو ناخەوێ…
بەیانیی گزنگ
لەنێو گردەکانەوە سەر دەردێنێ
سێبەرێکی درێژ
بەسەر تولە ڕێگەکانا
بە دواتدا دێ
بەڵام ساتی ڕێ هەڵەبوون
بزر دەبێ
لە پێش کەمینی جاڵجاڵۆکەکانەوە
خۆر دەکەوێتە پشتەوە
سێبەرەکەش
درێژتر دەبێت لە پێشتەوە
پێش گەیشتنە قەرەباڵغیی
جارێکی تر بزر دەبێ
تۆ نازانی ڕەنگە لەوێش
لە گۆشەیەکی دوورەوە
بە تیلەی چاو لێت بڕوانێ…
ئەو ساتانەی لەتر دەدەی
پێت لە بەردێ گیر دەبێت و دەکەوی
کەچی ئەو هەر ڕاوەستاوە و ناکەوێ
جارێکی تر شەو
سوارچاکەکان دەخەوێنێ
لێ خۆی نانوێ
بنوو ئەو ساتانەی
تارماییەك لە پشت پەنجەرەکەوە بێدار
تەنیاییەکان دەڕەوێنێ.