لەم بڵندییەدا، تاقانەیی دەکێشم

تەیب قادر

پێم بڵێ چاو بۆچی ڕایکردووە، بینین بۆچی کوێر بووە؟
لە مرۆڤ دەگەڕێم
بۆچی بە تەنیا، لەم بڵندییەدا، تاقانەیی دەکێشم و
کەس، کێ لە زمان دەگات؟ وەستاوم و
هێشتا چاوەڕوانم و مرۆڤ نایەت؟
هاوڕێیەکانی، بەبەغا خڕ دەکەنەوە، تاقەتیان نییە گوێیان بشێلن،
پێت گوتوون، خەتای تاریکیی خراپ نییە، بن پێیەکان خراپ دەڕۆن؟
پێت گوتوون، بەلەم زۆر بووە، شار بووەتە ڕووتخانە، هێلانەیەک بۆ بێ پشتدەستان، کە هەورازن، بەدەست ناکەوێت؟
پێیان بڵێ، ئەگەر دێنەوە
هیچ دیوارێک، بەرزکردنەوەی ئازار کوێی باشە؟
لەسەر کۆشی خۆی نامێنێت و
پشتەکان هەر دەبێت بسووتێندرێن،
دێتەوە
کێ دەبێتە دەم؟ ئۆتۆمبێل کامەتان ڕزگار دەکات؟
کێ دەبێتە دەم، خانوو کامەتان ڕزگار دەکات؟
کێ دەبێتە دەم، کورسی کامەتان ڕزگار دەکات؟
کێ دەبێتە دەم، ئیهمالیی کامەتان ڕزگار دەکات؟
بڵێ، باوەڕ بکەن، ئەوانەی لە پشت وێنەی سێگۆشە، دانیشتوون،
بە ڕوونی بڵێ، نێو سکیان، پەنجەرەیەک هەیە، نینۆکەکانی تیژە،
دەسووتێن، دەبێت بگریێن
دەبێت ژانێک هەڵبژێرن، خەم هیی لوتکەوانە،
بە ڕستەیەک بسووتێن یان بە ڕاکێشانی زەوی یان هەڵوەراندنی پێست؟ ئازار گۆرانییە.
مرۆڤ کوێی دێشێت؟ دەلاقەیەک بەشی ژیان دەکات
گەیشتنەوە بازنەیی نییە. کێ ئاگای لە ناڵەی بایە؟

ئەوانەی دەستیان بوویت و دەستت نەبوون
ئەوانەی کاتیان بوویت و کاتت نەبوون
ئەوانەی خەمیان بوویت و خەمت نەبوون
ئەوانەی لەگەڵ ژانیان بوویت و لەگەڵ ژانت نەبوون
ئەوانەی گەنجییان بوویت و گەنجییت نەبوون
ئەوانەی ماڵیان بوویت و ماڵت نەبوون
ئەوانەی گەرمییان بوویت و گەرمییت نەبوون
ئەوانەی خواردنیان بوویت و خواردنت نەبوون
ئەوانەی چاکەیان بوویت و چاکەت نەبوون
ئەوانەی حەبیان بوویت و حەبت نەبوون
دووریی بۆچی باشە؟

لەنێو قورگی شەوەکاندا، بەدوای لەتێک ناندا،
وەک برسییەکی ساڵەگرانەکان، دەگەڕایت،
نانت نەبوو
لەنێو ئازاردا، جنگڵت دەدا، قسەیەک نابێتە ژمارە، گوێیان دەنگی نەدەبیست،
تۆ، گوێت سەلامەت بوو لە ڕابردوودا، ئێستا،
کەس دەنگ نییە،
قەبرستان شارە، شار هیچ کەسێکی بە گوێی تێدا نەماوە، خەفەت تاریکی نییە.
لەبەرچی کراسەکەم، بە ژانی وێنەیەک، لۆچ بگرێت و
لە چیادا، شەڕ بۆ بێتەوە نێو مرۆڤییم، دەشکێت،
کێ نەشکێت، مرۆڤ بەڕاکەڕاک، لەنێو نزیکییدا بە دەست ناکەوێت
مرۆڤ لە پیتی قاف و وشەی نزم و ڕستەی نشێو، گیر نابێت. خۆشیی نەفەرێکی تەنیا نییە.
هیچ ڕێگەیەک، سەردەمی شاخی بزنەکان، ناتوانن،
فرمێسک بخەنە قاپ و لەنێو زەمبیلەیەکدا، بیشۆن. گەڕانەوە هەر دێتەوە.
کێ بزر دەبێت؟ ئاگر ترسناک نییە، ژوورێک، سێ نەفەر و نیو،
بە ڕاکەڕاک، با کراسەکەشم ماندوو بێت،
شەو هیچ نییە، دەژین. داهاتوو دووبارە نییە.
لێناگەڕێم جگەرەیەکی بێ دووکەڵ، بمخوات.

ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان بوویت و ئۆتۆمبێلت نەبوون
ئەوانەی قاچیان بوویت و قاچت نەبوون
ئەوانەی شەویان بوویت و شەوت نەبوون
ئەوانەی ڕێزیان بوویت و ڕێزت نەبووت
ئەوانەی وشەیان بوویت و وشەت نەبوون
ئەوانەی ئیشیان بوویت و ئیشت نەبوون
ئەوانەی سەریان بوویت و سەرت نەبوون
ئەوانەی گوێیان بوویت و گوێت نەبوون
ئەوانەی خۆشییان بوویت و خۆشییت نەبوون
ئەوانەی کەشتیییان بوویت و کەشتییت نەبوون
دووریی بۆچی باشە؟

تاقەتم هەیە، نەفەرێک غاردەدات، لۆچییەک چەرمی کەف دەکات. گەڕان پیاسەیەکی بیرکەرەوەیە.
بەحاڵ، لە باشبوونی پچڕ پچڕ،
سەر ڕووناکییەکی هێناوە، ئەمڕۆ نییە، دەڕۆم
دێمەوە، گیرفانم پڕە لە ئاگر. دەرد، ناسینی درەختەکانە.
لە چ شوێنێک لادەچیت؟ داوای لێبوردن قەیتانیش نییە،
هەتا یەک ناژمێرم، ڕابردووم دڵی توندە، شەق،
بەشی مرۆڤێکم هەیە، مرۆڤ سروشت ناڕوخێنێت،
تۆ، ئێوە، دەستتان هەیە لە پێستدڕاندن، پێستی تۆ چەند خولەکێکی ماوە
خولەکەکان بخۆن، بۆ سەر باشە، سەر دەبێت جێگەی بڵند بێت،
شانتان بهێننە خوارەوە، ئەستێرە نابێت دوور بێت،
قۆڵی کۆترێک بگرن،
پیرەژنێک لە ژیان دەپەڕێتەوە
ڕاستگۆیەک، داهاتووی درەختەکانە، شانتان کوا؟

ئەوانەی کۆڵانیان بوویت و کۆڵانت نەبوون
ئەوانەی پەنجەرەیان بوویت و پەنجەرەت نەبوون
ئەوانەی هەیوانیان بوویت و هەیوانت نەبوون
ئەوانەی ئەڤینیان بوویت و ئەڤینت نەبوون
ئەوانەی گیرفانیان بوویت و گیرفانت نەبوون
ئەوانەی کورسییان بوویت و کورسییت نەبوون
ئەوانەی سادەییان بوویت و سادەییت نەبوون
ئەوانەی لە تەنیشتیان بوویت و لە تەنیشتت نەبوون
ئەوانەی لەگەڵ مردنیان بوویت و لەگەڵ مردنت نەبوون
ئەوانەی هانایان بوویت و هانات نەبوون
دووریی بۆچی باشە؟

بە دەوری مرۆڤدا دەسوڕێم، لە دووریمدا، دەردێک هەیە مرۆڤە. خەون ناتوانێت باخچە جێبێڵێت.
دەگەڕێم، ئەگەر خۆت لە ئاسمان نەشۆیت،
لە هەورازەکاندا ڕۆح هەیە،
خولەکەکانت خاوێن نابێتەوە و هەر وەک قۆرتێک، لەنێو سکی خۆتدا،
کەلەکەی بۆشایی دەگریت و پشوو لە غەریبی دەمێنێتەوە
دەسوڕێم، خوێن بەشی مرۆڤی پێ نەماوە،
زەوی ڕەنگی ڕۆیشتووە
هەرکە منت بینی، نێوچەوانت بشارەوە
توێنیەتییەک هەیە هەموو بێئاگایەک دەخنکێنێت،
لە وێنەیەکی بێ قەبارە. هەوا چەند مەترە؟
دونیا دەستی گرتوون،
بیشارەوە، نێوچەوانت دەفتەری منە
پەرتوبڵاو، ڕستە خۆی پێ ڕاناگیرێت
دەبیتە خەلووز، دووری بێ ئیش نییە.

ئەوانەی وانەیان بوویت و وانەت نەبوون
ئەوانەی پیاسەیان بوویت و پیاسەت نەبوون
ئەوانەی ڕاستییان بوویت و ڕاستیت نەبوون
ئەوانەی هەواڵیان بوویت و هەواڵت نەبوون
ئەوانەی شوێنیان بوویت و شوێنت نەبوون
ئەوانەی سۆزیان بوویت و سۆزت نەبوون
ئەوانەی ڕووناکییان بوویت و ڕووناکییت نەبوون
ئەوانەی سێبووریان بوویت و سێبووریت نەبوون
ئەوانەی هەقیقەتیان بوویت و هەقیقەتت نەبوون
ئەوانەی نزیکییان بوویت و نزیکییت نەبوون
دووریی بۆچی باشە؟

لە کوێوە ئاگرت ڕژاند بە دەموچاوی گیایەکاندا. مردن کراسی شارەکانە.
لەبەرچی نەهاتیتەوە لای کۆترە سپییەکان؟
ئەو هەموو چڵکەت بۆچی لە شەقام هەڵسووی. زەمەن ناوی چۆلەکە نییە.
ئەی نازانیت ڕووناکیی هەیە؟ چرا هاوڕێیەتی لەگەڵ فوو نییە.
گرکانێک پێت دەزانێت و دەتباتە لای دڕکەکان؟
وات لێ دەکات، شادی بە ئازارەوە بخۆیت! بەرزایی ماڵی هەڵۆیە.
وات لێدەکات، لاشەت لە کوێیە؟ ببیتە بستێک قڕێژ لەبن بەردێکی چورچدا،
پشتی پێت ڕاکێشە. ئەستێرە گەمەیان خۆشە.
بۆ لای ئەو نەرماییەی ناتوانیت چاوتی لێ بشاریتەوە

Comments (0)
Add Comment