هەواڵی سنوورە دەستکردەکان


ئیسماعیل سابیر

١
ستایشی جوانیی

بۆیەی نینۆکەکانت وەک نەخشی تابلۆیەکی ئەبستراکت تێکەڵ بە ڕەنگی جل و جانتا دەڵێی کەرنەڤاڵی ناز بوو کە ڕۆژانە خوێنیان لە ملی سەدان ڕستەی بەختەوەر دەهێنا، شەوی چەندان خۆزگەی لە بەردەم ئاوێنەی گیرۆدەبوونێکدا سەر دەبڕی.
وەک ئەوەی تەورەکەی ڕاسکۆڵینۆڤ بەدوامەوە بێت من کە بێ ماندووبوون بەدوای گالیسکەی ئەڤینێک غارم دا،
وەلێ هێندەی مرۆڤە کێوییی و نەدیوەکان
بێ پشوو هەنسکت بەسەر دابڕانی کاتمدا تلایەوە.

لە ئاست گرتنی ئەڵقەی دەستەکانت
ماڵی خەونم لە ئایندە فراوان کرد،
لە ئاست چاوی پڕ شەرمت
دەرگای عەمبارەکانی وەفام بۆت واڵا کرا
شیعر کە تاقە پلیکانەی سەرخستنم بوو لەم ئاژاوەیەدا، وەک کۆنترین و سەرەتاییترین دەرکەوتەی مرۆڤ لە شێوەی ئەسپێکی شێت بەناو بیابانی سێبوریمدا بەڕەڵڵا بوو، وشەش
ئای لە وشە
کە چۆن وەک شاعیرانی ڕۆمانتیک لە هەمبەر حەکایەتی عیشقە بەسەرچووەکان داگیرسا و کەچی
شەوەکانمی سووتاند.

٢
هەوڵێک بۆ ئازادبوون

ئەو ڕۆژە پاییزی نازانم کامە ساڵ بوو؛ وەلێ من بیرمە قژتم بە درەختەکان چواند، باڵاشت
هەر باسی مەکە، چی بەسەر هێنام
تەلەفۆنەکەت لە گیرفانی دواوەی کابۆکەتدا چیرۆکێکی مینماڵ بوو، وەک وێنەیەکی شیعریی لە مێشکمدا، ئیستاتیکای هاوچەرخی بە بیر تیۆرسازەکان دەهێنایەوە
دوایی بە پیتەکانی ئاخ و ناخ ویستم بتکێشم
گوتت ئاسانە ئاسان، بۆیە
وسسسس پەنجەم لەسەر زارت وەک کۆترێکی ماڵیی ویستی بۆ ئەبەد هەڵنیشێت
شاخێک لە هەمبەر گەیشتن قوت‌ بووەوە
گەلێک خەمین لە بەردەم پەنجەرەی تەماشا، گوتت ڕادێی بەم دۆڵ و چیایانە…

حەزم لێت کرد وەک حەزی هەنجیر بۆ گەرما
وەک حەزی کوردێک بۆ هەڵپەڕکێ و دەوڵەت و نان…
ڕووبارێک پەشیمانی ڕژا، کانییەک فرمێسکی ڕانەهاتن لە زەوی مندا هەڵقووڵا
تا میوەکانی جەستە لە کەڕووی ژیان ڕزگاریی ببێ، دەبوو هاوار بکەم…
ئێستاش دوای ئەو هەموو حوزنە؛ گەرەکمە لە یادەوەریی زمان ئازادت بکەم، دەرگای چاوەڕوانی بە پێلەقەیەک لە فەرامۆشی بشکێنم
وەک کۆچبەرە کوردەکان گەرەکمە خۆشەویستیت لە گیرفانی ئایندە دەربهێنم
دڵ لەم تەوقی خەفەتە دەرباز بکەم
وەلێ شەوێ وەک چەتەیەک
چونکە هاتیە خەونم لەو ڕێگایە
بەڵام من نەمتوانی هیچ بکەم.

پاییزی٢٠٢٣

Comments (0)
Add Comment