ئیسماعیل سابیر
لەسەر ڕیتمی تۆران ڕیفۆڕمم کرد
ڕۆژێک لە ڕۆژان
من لە نزیک مەرگەوە
ئاوازم بۆ چڕینی هاوارەکانی ناوەوەی مرۆڤ هەڵبژارد،
وەک شەوی کاکێشان پەخشم کرد
جارێکیان ئەوەی ترووسکایی بوو بەناو هەموو خەڵکەکەدا ڕژا
بەڵام ئەوەی دانەگیرسا و هەمیشەیی بوو
ژیانم بوو
کە خولایەوە بەناو قوڕبەسەریی و ژانی کوردبووندا.
دەربەدەر بووم لەناو دەربڕین و
فۆڕمە قورسەکانی زماندا
لەبەر تۆ
لەو دنیا پانوبەرینەی لەبیرکردن تێکۆشام
سەرئەنجام تا چی ببێ؟
کە بەدەستبەتاڵی گەڕامەوە.
بۆ گریان مەگەر چیترم لەدەست هاتبا
دەربارەی خوازبێنی،
چونکە هێندە خەمناک بوو
ئەو ڕۆژە
من لەبەر ئەوەی بریندار و دەردەداری وشەیەک بووم:
هاتم و بێدەنگیم لەم کەرنەڤاڵی خەفەتە کرد بە مژار.
لە پاڵ ئەستێرەکان خۆشم دەویست
چونکە ڕووناکی بوو، ئەوکات
وەک مانگ دەگەڕا، ئەگەرچی
مانگیشم نەبوو لە ڕۆژمێری هیچ ساڵێکدا،
من کردم
قاچم سەرەڕای ئەوەش
وەک موسافیر و ماشێنەکان
بردمی
بۆ ناو کافێ و پیاسەی شەقام و کۆڵانە پێچاوپێچەکان
زۆرجار،
تەنانەت لەسەر ئەو شۆستانەیش کە بەتەنیا جێی هێشتوومە
وەک چۆلەکەیەکی باڵشکاو،
خەمناک ماومەتەوە
لەجیاتیی فڕین،
گریاوم چەندین جار
بە خودا لەسەر کورسیی باخ و پەنای درەختەکاندا.
بۆیە ئەو ڕۆژەی لە کۆڵانێک
کاتێک لە دەردی دڵشکان بەجێمام و
کەس بە فریام نەهات،
مۆسیقا تۆ بووی،
لە درەنگانی شەودا
من کە لەناو ماشێنەکەمدا وەک فریادڕەسێک گوێ بیستی دەبووم
تا ئاوازێک
دەیکردم بە بژار و
بەرەو تاریکیی شەقامەکان پاڵی پێوەدەنام.
لە ژوورەکەی مندا
وەفاداریی بووە تاقە پێخەف
وەک هاودەمی نەیتوانی کەسی تر لەم جیهانەدا بانگێشت بکات
بۆ ژووان
دەربارەی جێهێشتن
ڕۆژێک زۆر تووڕەبووم و هەستام؛
بووم بە قوڕگ لە حەژمەت هاوار،
وەک بەلەمێکی تێکشکاو بەڵام نقووم بووم،
لەناو دەریای چاوانتدا،
سەرئەنجام سەوڵم لێدا و زۆر،
لە جیاتیی هەنسک
وشە تەنانەت کاتێک لە فەرهەنگی سووتان من هەڵم دەبژارد
فەرامۆشی چونکە پێناسەی چاوت بوو
شیعرم دەربارەی ئەڤین
تەنانەت خوێنی لێ هات.
ئەو ساڵەی خوازبێنیت هات و
بێ پرس و ئاوڕدانەوە ڕۆیشتی
ئەڤینتم لە خەمان پێ لەبیر نەکرا
من بۆیە چوومەوە زێدەکەی خۆمان لە نزیکی گوێڕ
کێڵگەیەکم هەڵبژارد،
لە کێڵگە بەجێماو و وێرانبووەکانی ژێردەستی داعشدا
بۆ گەنم و جۆ و پەتاتە و تەماتە
بووم بە ئاو
ساڵێک و دووان تەمەنم ڕاکێشا
لەو دەشتە دوور و گەرمە هیچم نەکرد،
ڕەقوتەق وەک ڕەبەنەکان مامەوە
جووتیارەکان وردەوردە لەگەڵ دەسپێکی وەرز هاتن و بە تراکتۆرەکانیان
جۆتیان کرد،
لە سنوورەکانی خەمدا
بارانێکی زۆریش ئەگەرچی باری
بەڵام لەبەرئەوەی کورد بووم، لە ئەنجامدا
هەمووان دەستبەردارم بوون جگە لە پەیڤی دڵدانەوەکان
لەگەڵ ئەوەشدا
چونکە دڵشکاو بووم
هیچ خاکێک بۆیە پەنای نەدام.
هاوینی٢٠٢٢