لادانی واتایی لە شیعر

0 1,110

دیوانی شیعری (برینەكان گۆرانیمان پێ دەڵێن)ی غەمگین خدر بە نموونە

زاهیدە عەبدولواحید مەجید

سەرەتا:

لادان بابەتێكی گرنگە و لە ئەدەبدا ڕەنگی داوەتەوە، تایبەت نییە بە بوارێك و پەیوەندی بە هەموو زانستەكانەوە هەیە. لادان ڕۆڵی لە جوانكاریی دا هەیە، بۆ ئەوەی ئەدەبیات هەبێت. دەبێت لادان هەبێت كە زمانی ئاسایی تێكدەشكێنێت و دووبارە دایدەڕێژێتەوە بۆ ئەوەی كاریگەری هەبێ و كار لە تاك بكات، وشە و جوانیناسیی بناسرێنێت. لادان لە ئەدەبدا زیاتر زمانی دەق دەگرێتەوە و دەتوانین بڵێین بەتایبەت لادانی واتایی، چونكە وشەكان بە واتای فەرهەنگیەكەی (ئەسڵی) خۆی بەكار نایەت، بەڵكو یاساكان ڕەتدەكرێنەوە و واتایەكی تازەتری بۆ بەكاردێت. ئەمەیش بە پێی ئاستی ئاگایی و شارەزایی شاعیر.

تەوەری یەكەم: چەمك و پێناسەی لادان

لادان چییە؟

لادان كە لە زمانی ئینگلیزی وشەی (Deviation) بەكار هاتووە، مێژووی دێرینی هەیە، بە گوێرەی سەردەم و كۆمەڵگەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. چەمكی لادان تایبەت نییە بە بوارێك، بەڵكوو لە زۆربەی زاست و بابەتەكانی وەك: كۆمەڵناسی، ئەدەب، دەروونناسی…هتد بەكاردێت. زانا و بیرمەندەكان هەر یەك لە ڕوانگە و بیری خۆیەوە ئەم چەمكەی ناساندوە، بە جۆرێك دەیان واتایی و بەكارهێنانی لە ئەستۆدایە، بەڵام ئەوەی ئێمە لەم توێژینەوەیەدا جەختی لێ دەكەینەوە لادانی ئەدەبییە. مەبەست لەم پێناسەیە ئەوەیە كە ئێمە یاساییەكمان هەیە، كە لادان پەیوەستە بە تێكشكاندنی یاسەكە كە پێشتر هەبووە، بەڵام ئەوە ناگەینێ كە هیچ سنوورێك نەبێ كە ئەم یاسایە وەكو خۆی پەیڕەوكاری لێ ناكرێ. ئەمەش بە جۆرێك لە جۆرەكان بەشێكی یان هەندێجار تەواوی یاساكان ڕەت دەكرێنەوە. مەبەست لەوە لادان كار لەسەر تێكدانی ئەو شێوازی فەرمی زمانەی هەیە، دەكات. لە ڕووی ڕێزبوونی كەرستەكانی ڕستە و دروستكردنی وشە و بەكارهێنانی لە هەر دۆخێكدا كە واتاكەی دوورە لە واتا فەرهەنگییەكەی (ئەسڵی). وەكو لەم دەقە دەردەكەوێت. ” لادان بۆ ئەوە هاتووە زمان لە بازنەی واتا فەرهەنگییەكە تەسك و میعیارییە سنووردارەكان دەربێنێ، بیباتە بازنەی چالاكییە مرۆییەكان”. (عەبدوڵڵا، 36:2013). مەبەست لەم ڕاڤەیە ئەوەیە كە هەموو پەیڤێك واتای سیمانتیكی هەیە، بەڵام بە هۆی لادان دەكرێت ئەو وشەیە واتایەكی نوێی پێ ببەخشرێت. واتایەكی نوێ بۆ مەبەستێكی تر بەكار دێت. نموونە:

دوو گوڵی سووری ناو مەركانەكانت

دەستی غیرەتیان گرتوومە. (خدر، 12:2017).

شاعیر سیفەتی دەستگرتنی داوەتە پاڵ گوڵ و پەیڤی ( غیرەت)یش بە كەس كراوە. ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لادان زمانی ئاخاوتنی ئاسایی تێكدەشكێنێت و دووبارە دای دەڕێژێتەوە، كە ئەوەش بە مەبەستی نوێكردنەوەی واتایی وشە و زیاتر چێژداركردنی دەقەكە و كاركردن لەسەر زمان وەكوو بنەماییەكی لادان مەودای كاركردن زۆر فراوانترە لە زمانی ئاسایی ئاخێوەران. د. سافییە محەممەد لە نامەكەی خۆیدا دەڵێت: “لادان ئەو ڕێگایانەن نووسەران و شاعیران پەنای بۆ دەبەن بۆ دەربڕینی ئەو بیر و هەست و سۆزانەی خۆیان دەیانەوێت بە شێوەیەكی جوان و سەرنجڕاكێش، لە شێوەی ئاخاوتنی ڕۆژانەدا نییە. ئەمەیش بە كۆمەڵێك ڕێگا و شكاندنی یاسا و دەستوورەكانی زمان لە گشت ئاستە جۆراوجۆرەكان دەكرێت”. (ئەحمەد، 19:2013). لەم دەربڕینەدا ڕوونتر دەردەكەوێت لادان رێگەیەكە شاعیران بە هۆیەوە باڵادەستی خۆیان لە تێكدان و واتابەخشین لە شێوەی هونەری و جوان، كە لە ڕێی شكاندنی دەستوورەكانی زمان لە شێوەی ئاخاوتنی ئاسایی ڕۆژانە، كە تێكشكانەش لایەنی (دەنگ و وشە و ڕستە و…هتد) بگرێتەوە. بۆ نموونە:

ژیانی تایبەتی من

بە كەڵكی ئەوە نایەت

وەك ترۆمبێلێكی بارهەڵگر

خۆتانی پێوە هەڵبواسن. (خدر، 128: 2017)

ژیان وشەیەكی واتاییە بەر هەستەكان ناكەوێت، بەڵام شاعیر بە باڵهەڵگری چواندووە و بە تەنكراوە. ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە نووسەران بەتایبەت شاعیران هەموو هێزی خۆیان لە چركردنەوەی زمان بە واتایەكی تر بەرهەم هێنانەوەی زمانێكی تایبەت بە خۆی بە شێوەیەكی لێزانانە تا ئاستی جوانی ئاساییەوە دەق بۆ جوانی باڵاوە ببات، چونكە ” دەربڕین ئەو كاتە شێواز بەرهەم دێنێت، كە شێوازەكە بە هۆی لادانێكەوە لە بنەماكانەوە بوو بێت”. (عەبدوڵڵا، 35:2013). مەبەست لەم پێناسەیە ئەوەیە ئەگەر وشەكان بە واتای سەرەكی سیمانتیكی بەكار بێت لە شیعر یان لە دەقدا بەكار بێت، ئەوا لێرەدا لادان بەرهەم نایەت، كە دەبێت لادان لەو بنەما فەرهەنگییەی هەیە لابدات و لادانی سەرنجڕاكێش دروست بكات.

بۆ ئەوەی هەست بە قورسایی ئەڤینی تۆ بكەم

پیاسەم لەگەڵ یادەوەرییەكانی تۆدا دەكرد. (خدر، 30:2017)

یادەوەریی ناوی واتاییە لە بنەڕەتدا، بەڵام بە هۆی پیاسەكردنەوە بە كەسكراوە. بە تێڕامان لەم پێناسانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین: لادان بریتییە لە تێكدانی ڕەسەنی و بنچینەیی شتێك یان وشەیەك لە بنەڕەتدا واتاكانی شاعیر بۆ مەبەستێكی تر بەكار دێنێت. بەو ئامانجەی خوێنەری دەق یان وەرگر بخاتە حاڵەتێكی چێژبەخش و سوود لە كردارە لادانییەكەی وەربگرێت.

پەیوەندی لادان بە شیعریەتەوە:

لادان و شیعریەت وەكو چەمك لێك نزیك و لە حەقیقەتیش جیاوازن. زۆرجار سنووری ئەم دووانە ئەوەندە نزیك دەكرێنەوە لە یەكتری، بە شێوەیەك لە یەك واتا بەكاردەبرێت. “ئەدەبناس و ڕەخنەگرەكان لە توێژینەوەكانیاندا هەوڵیانداوە پێوەرێك بۆ لادانەكان دابنێن، بەڵام دیسان لێرەوە گرفتێكی تر سەرهەڵدەداتەوە. ئەویش ئەوەیە، كە هەر یەكە و پێوەرێكیان داناوە. دانانی پێوەری جۆراوجۆریش بۆ ئەو تێڕوانینە لێك جیاوازانە دەگەڕێتەوە، كە هەر یەكێكیان سەبارەت بە لادان و شیعرییەت هەیانە، چونكە پێوەرەكان لەو تیۆر و پێناسانە وەرگیراون، كە لە بارەی لادانەوە هەن”. (ئەحمەد، 19:2013). كەواتە دەگەینە ئەوەی لادان پێوەری خۆی هەیە،لە هەمان كاتیش شیعرییەت بنەما و خاسیەتی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەردووكیان كار لەسەر زمان دەكەن. بۆیە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە لادان و شیعرییەت سنووری كرداریان لە یەك نزیكە و شیعرییەت جۆرێكە لە لادان. لادانیش خۆی بریتیە لە رێچكەشكێنی” كاتێك یاسا و دەستوورە باوەكان شكێنران، خوێنەر بە ئاسانی لە واتا و مەبەستەكانی شاعیر تێناگات، بۆیە دەبێت بەدوای واتای خواستراو و شتە گۆڕاوەكاندا بگەڕێت. لێرەدا زیرەكی و لێهاتووی شاعیر دەردەكەوێت، چونكە مەرج نییە هەموو لادانێك جوانیی و شیعرییەت بە بەرهەمەكە ببەخشێت. شاعیر دەبێت سنووری هەموو لادانێك و جۆرەكان بە هۆشیارییەكی قووڵەوە بزانێت، بۆ ئەوەی بەرەو ناماقووڵیەت نەڕوات و بزانێت چۆن ئەزموونەكەی بەرەو داهێنان و ئەفراندن ببات”. (ئەحمەد 35:2013). ئەوە جگە لەوەی ئەگەر چەند شاعیرێك یەك شێوازی لادانیان لە شیعردا هەبێت، واتای ئەوەیە هەر یەك شێواز هەیە، بەڵام ئەگەر یەك شاعیر چەندان شیوازی لادانی لە واتای شیعریدا هەبوو، ئەوە ئەو شاعیرە بریتیە لە چەند شاعیرێك.

خۆمان كە لە ماڵ نابین

خانووەكانمان دەچن پیاسە دەكەن (هەڵمەت، 836: 2014).

(خانووەكان بە مرۆڤكراوە و سیفەتێكی مرۆڤی خراوەتە پاڵ كە (پیاسەكردنە)، ئەمەش لادانای واتاییە لە جۆری بە كەسكردن. بۆیە سەبارەت بە دیاریكردنی جۆرەكانی لادان، كە هەر شاعیرە و بە جۆری تێگەیشتنی خۆی بۆ شیعرییەت و لادان كار دەكات، چونكە هەر شاعیرە و بە گوێرەی تێگەیشتنی لەم چەمكە لادانیانە دەست نیشان كردووە، چەندین پۆڵین هەیە بۆ دیاریكردنی جۆرەكانی لادان، كە بریتین لە هەشت جۆر لادان. وەك: یەكەم: لادانانی لێكسیكی/ دووەم: لادانانی فۆنۆلۆژی/ سێیەم: لادانی كاتی/ چوارەم: لادانی واتایی/ پێنجەم: لادانی شێواز/ شەشەم: لادانی ڕستەسازی/ حەوتەم: لادانی نووسین/ هەشتەم: لادانی زاری ( كانەبی، 29:2009).

لادان لای شاعیران:

شاعیران لادانیان زۆر بەكارهێنراوە، چونكە شیعر خۆی لادانە و نەبوونی لادان بە هەموو جۆرەكانیەوە وا دەكات چێژ بە خۆێنەر نەبەخشێت و شیعر لە زمانی ڕۆژانە جیانەكرێتەوە. بێگومان لە كۆنەوە تا ئێستاش ئێمەی كورد خاوەن چەندان بەرهەمی ئەدەبی شیعرین، كە نووسەرەكانیان لادانی جۆر بە جۆریان كردووە و ئاست و جۆری لادانیان باڵاتر كردووە. ئەگەر سەیر بكەین لە هەر قۆناغە و گۆڕاكاری بەسەر شێواز و ناوەڕۆك و لادانی شیعردا هاتووە. لای كوردیش هەر لە كۆنەوە لادان هەبووە و ئاشكرایە لە زۆربەی لادانەكاندا لە بازنەی پێویستی شیعردا بوونە. زۆربەی شاعیرە كوردەكان زۆرجار لەبەر كێشی شیعرەكە، یان سەرواكەی، یا ئیقاع و ئاوازی دەستكاری ڕێساكانی زمانی كردووە. هەندێك جاریش بە مەبەستی داهێنان و پیشاندانی توانای خودی شاعیر بووە. ئەو جۆرە شاعیرانەش لە كۆنەوە هەمیشە ناوازەن و شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە و جیاوازن لە شاعیرانی پێش نەوەی خۆیان و لەو شێوازی شیعری پێش خۆیان لایانداوە. بێ هیچ گومانێك ( غەمگین خدر)یش لە شاعیرانی پێش خۆی لایداوە و وەك شاعیرێكی ناوازە دەردەكەوێت. ناوازەبوونی غەمگین وەك شاعیر لە زۆر ڕوانگەی شیعرەوە دەردەكەوێت، بەڵام ئێمە مێتۆدی توێژینەوەكەمان لەبارەی لادانی واتاییە. لای ئەو شاعیرە لادان پەیوەستییە بە قۆناغ و هەلومەرجێ شیعرییەوە. ئەو وەك ئەو شاعیرانە نییە یەك جۆر لادان لە شیعردا بەكاربهێنێت، بەڵكو ئەو چەندان جۆری لادانی بەكارهێناوە، كە ئەم لادانانەش بە گوێرەی دۆخ و شێواز و شیعرییەتەكە دەگۆڕێت. زمانی شیعری غەمگین خدر زمانی باوی ئاخاڤتن تێدەپەڕێنێت و سنووری زمان تێكدەشكێنێت. سروشتێكی تایبەت وەردەگرێت، خۆڕسك و تایبەت بە خۆی. ئەوەش بە تێكشكاندنی یاساكان و یاریكردن بە دەنگ و وشە بۆ ئەوەی واتای نوێ و جوانیی ببەخشێت بە مانا و شێوازی دەقەكە. لە بنەڕەتیشدا شاعیر دەیەوێت فەرهەنگی وشەكان جیاوازتر دەربكەون، بۆ ئەوەی لە نێوان زمانی دەق و كێشی پێكەوە گونجاندن لادان لە واتای شیعرەكە دروست بكات.

لەبەر دوو مەركانەكانت

ناتە ژوورەكەتەوە

لە دەرەوەی منەوە،

دوو گوڵی ناو مەركانەكانت دەستی مردنیان شكاندووم.( خدر، 11:2017)

وشەی لادانی واتایی (مردن) بە دانە پاڵی وشەی (دەست) بە كەسكراوە. هەروەها لە شیعری شاعیرێكی تردا هاتووە:

سفرە چەند شەرمنە

هەموو كەسێ تێر دەكات و

خۆی نان ناخوات. ( هەڵمەت، 834:2014)

شەرمنی سیفەتێكی مرۆڤە و دراوەتە پاڵ سفرە، كە ئەویش بە كەسكراوە. لادان لە ئەدەبیاتی كوردیدا لە قۆناغی ( نوێ، هاوچەرغ، كۆن) لای هەموو شاعیرەكان بوونی هەیە. وەك: (ناڵی، مەحوی، لەتیف هەڵمەت، گۆران، قانع، كوردی،شێركۆ بێكەس، عەبدوڵڵا پەشێو…هتد). جگە لەم چەند نموونە شیعرییە شاعیرانی تریش لادانیان لە زمانی شیعردا كردووە. بۆ نموونە:

نێرگز چاوی سپی سوور كرد

دڕك چەقی لە وەنەوشە. (بێكەس، 53:2005).

لێرەدا وشەی (نێرگز) بە مرۆڤكراوە، چونكە چاو سووركردن سیفەتی مرۆڤە و دراوەتە پاڵ گوڵی نێرگز. نموونەی شیعری دیكە:

شادی زەوی وەكو خۆرە

تاوێك دیارە و تاوێك بزر. (پەشێو، 84:2008).

شادی چەمكێكی واتاییە و نابینرێت، شاعیر وەك خۆر سیفەتی دیار و بزری داوەتە پاڵ كە بە تەن كراوە.

تەوەری دووەم:

لادانی واتایی چییە؟

لادانی واتایی جۆرێكە لە لادان لە شیعردا ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە، هەر وەك لادان چەندان شرۆڤەی بۆ كراوە، وەك: ” شكاندنی یاساكانی دیوی ناوەوەی زمانن و پەیوەندییەكی پتەویان بە گۆڕینی مەبەست و واتا و تێ گەیشتنەوە هەیە. شاعیر واتای وشەكان لە واقیعی خۆی دادەماڵێت و دەیانگۆڕێت بۆ مەبەستێكی تر بەكاردەهێنێت كە هەمان ئەو واتایە نادات كە لە فەرهەنگی وشەدا بەكار هاتووە، بەڵكو شاعیر داهێنانی تێدا دەكات، داهێنان لە ڕووی تواناوە كە هێزی زمانی خەیاڵی خۆی پێشان دەدات. لێرەدا ڕادەی داهینانی شاعیر دەردەخرێت. لە لێكدانەوەی دیكەیشدا باس لە واتا كراوە: واتە لە بونیاتی زمانی شیعردا جیاكاریێكی زمانییە، بۆیە پێویستە بۆ بەرزەفتكردنی واتا، وشەی واتا جەختی لەسەر بكرێتەوە كە ئەمڕۆ لە زانستی زمانناسی هاوچەرخدا، ( واتای واتا- meaning of meaning) گرفتێكی ئامادەیی بەرچاوی هەیە”. (مەحموود، 32:2009). لێرەدا باس لە زمانی شیعر دەكات كە جیایە لە زمانی عەوام، شاعیر ئەو دەستەواژانەی كە بەكار دەهێنێت یان ئەو وشانەی بەكاری دەهێنێت لە خزمەت ئەزموونی خۆی و شیعردا بێت و دووریان دەخاتەوە لە واتای ڕاستەقینەیان، بۆیە كاتێك دەقێكی شیعری شیكردنەوەی بۆ دەكرێت، پێویستە بەدوای ئەو واتاییەدا بگەڕێن كە شاعیر بە وشەكان و دەستەواژەكانی بەخشیوە، نەك خودی واتای ڕاستەقینەی وشەكان.

لە پێناسەیەكی دیكەدا هاتووە:” هەموو شاعیرێك زیاتر لە هۆیەك لادانی واتایی ئەنجام دەدات و بەو هۆیەوەش شێوازی دەربڕینیان دەكەنە شێوازی تایبەتی ئەدەبیاتیان”. (عەبدوڵڵا، 80:2013).  لێرەش باس لە شێوازی دەربڕینی زمانی شاعیرە و هەر شاعیرێكیش شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر ئەوەشە كە جیاوازی دروست دەكات. ئەوەش دەرئەنجامی كۆمەڵێك ڕەهەندە و هۆكارگەلێكی زۆری لە پشتە. بۆ نموونە نالی زۆر یاری بە وشەكان دەكات، ئەمە شێوازی زمانی نالی شاعیر پیشان دەدات، یاخود مەحوی كە بە زمانێكی فەلسەفی قووڵ شیعری نووسیوە، ئەوە بووەتە شێوازی شیعری ئەو. د. سافیە لەم ڕوانگەوە تیشك دەخاتە سەر لادانی واتایی و دەنووسێت: ” لادانای واتایی لە ئەنجامی گەیاندنی واتای دوور لە شێوە باوەكە بەدی دێت. دەستپێكی ئەم كارەش لە دەستكاری كردن و گۆڕێنی پەیوەندی نێوان نیشانكار (دال) و نیشانكار (مەدلوول) سەرهەڵدەدات”. (ئەحمەد،150:2013). لێرەدا كە لادانی واتایی تێكشاندن و گۆڕینی واتای فەرهەنگی وشەكانە و ئەمەیش لە رێی شێواند و گۆڕینی ئەو پەیوەندییەی كە دال و مەدلوول و واتادا هەیە، گۆڕێنی سیفەتی دال و مەدلوول ڕاستەوخۆ گۆڕانكاریی واتایی دێنێتە ئاراوە.

گرنكی لادانی واتایی:

گرنگی واتایی بایەخی خۆی هەیە، كە بێگومان لادانە واتاییەكان پەیوەندییان بە ناوەڕۆك و واتایی شیعرەكەوە هەیە، تا چەند ڕۆڵ دەبینن لە گۆڕینی واتای وشە و ڕستەكان. بە گوێرەی توانای شاعیر و بەهێزی و بێهێزی كار دەكات. خوێنەر هەمیشە وەك سەنتەر چاوەڕوانیی واتایەكی جیاواز دەكات، تا چەند ئەو خوێنەرە پێی سەرسام دەبێت و بەدوای ماناكەیدا دەگەڕێت. ئەوەش ڕادەی كاریگەری دەقی شیعرەكە لەسەر خوێنەر دەردەخات. شیعریش دینایەكی تایبەتی هەیە، ئەو دنیا تایبەتەش:”لەسەر بناغەی لادانی واتایی دروست دەبێت، بۆیە زمانی شیعر كێڵگەیەكی بە پیتی ئەم جۆرە لادانەیە”. (دزەیی، 135:2009). بۆ نموونە:

من كە خوێنم دڵۆپ دڵۆپ تكاوە

من كە خوێنی ناو دەمارەكانم دەكوڵێت. (خدر، 32:2017)

لێرەدا لادانی واتایی لە جۆری بە تەنكردنە، چونكە خوێن بە تەنكراوە بە دانەپاڵی سیفەتی كوڵان. لە نموونەی شیعری شاعیرێكی دیكەشدا هاتووە:

من و كاتژمێرەكە

دەنووین

كاتژمێر چەند خەوی قورسە…! (هەڵمەت، 833:1014)

لێرەدا لادانی واتاییە لە جۆری بە مرۆڤكردن، چونكە نووستن و خەوی قورس سیفەتی مرۆڤە و دراوەتە پاڵ كاتژمێر كە شتێكی بێ ڕۆح و گیانە. شاعیر مەبەستی ئەوەیە كە شیعر بە گشتی بریتیە لە لادان، كە تێكشكاندنی فۆڕمە باوەكەیە بە مەبەستی واتایەكی نوێ بۆ وشەكان كە هەندێك جار دەكرێت نووسەر بە ئاگایی و نائاگایی ئەم پڕۆسەیە بخوڵقێنێ، تا خوێنەر بەرەو بیركردنەوەیەكی نوێ و واتایەكە تازە ئاڕاستە بكات. لادانی واتایی كە لەسەر بونیاتی ناوەوە و دەق كار دەكات، كە لێرەدا هۆكارە بۆ دروستبوونی شێوازی شیعری تازە بۆ ئەو وشانەی كە نووسەر لە دەقدا بەكاری دێنێت.

جۆرەكانی لادانی واتایی:

لادانی واتایی كە گۆڕینی لێكسیكی وشەكانە، كە مەبەستی دیاریكردنی واتای ئەسڵی وشەكە و ئەو مەبەستەی شاعیر بەكاری هێناوە، كە لادانی واتایی بەهەمان شێوە لادان چەندین دابەشكاری بۆ كراوە. وەك د. سافیە سەبارەت بە جۆرەكانی لادانی واتایی دەڵێت: “لادانە واتاییەكان شێوە و جۆری جیاوازییان هەیە، مەرجیش نییە هەموو لادانێكی واتایی هەر لە پێناوی چۆنیەتی گوتندا ئەنجام بدرێت، بەڵكو هەندێك جار چەندێتی گوتن لادانە واتاییەكە بەرهەم دێنێت”. (ئەحمەد، 151:2013). بۆ نموونە:

هەموویان گوڵیان لە سینگمدا دەڕواند و

گوللەشیان لە پشتمدا دەخەواند.(خدر، 130:1017)

سیفەتی (دەخەواند) تایبەتە بە مرۆڤ، بەڵام لەم دێڕە شیعرەدا دراوەتە پاڵ كەرستەی تر كە (گوللە)یە.

لەم دەربڕینەدا شاعیر (غەمگین خدر) ئەوە دەردەخات كە لادانە واتاییەكان ڕووی جۆر و شێوە فڕە ڕەهەندن، لادانی واتایی یەك شێوە و یەك جۆر نییە، بەڵكوو چەندان جۆری بەرجەستە هەیە. لێرەدا دابەشكردنی سجودی وەردەگرین: ” هەرچی سجودی دابەشكردنێكی تر بۆ جۆری لادانی واتایی دەكات، ئەمەیش بە جەختكردنەوە لەسەر واتاسازیی، بە ئاگابوون لە یاساكانی بەیەكەوە هاتنی لێكسیك. توانیویەتی دابەشكردنێكی گشتگیر تر و لە هەمان كات تێروتەسەل تر بۆ لادانە واتاییەكان بكات”. (كانەبی،41:2009). سجودی جۆرەكانی لادانی واتایی پەیوەست دەكات بە زانستی واتاسازیی (پڕاگماتیك و سیمانتیك) كە لەم دابەشكردنەدا لادانی واتایی دەكاتە دوو جۆری سەرەكی بەرجەستەكردن – ئەپستراكردن). هەروەها سێ جۆر لە بەرجەستەكردن دەستنیشان دەكات: (بەزیندەوەركردن – بەرەوانكردن – بە تەنكردن). بە زیندووكردنیش دەكاتە دوو جۆر: ( بە گیانداركردن – بە ڕووەككردن). بە گیانداركردنیش دەكاتە دوو جۆری هەیە، ئەوانیش: ( بە مرۆڤكردن – بە ئاژەڵكردن).

لێرەدا جۆرەكانی لادانی واتایی باس دەكەین و ڕاستەوخۆ سوود وەردەگرین لە شیعر ( غەمگین خدر) 2 بە نموونەی دیوانی ( برینەكان گۆرانیمان پێ دەڵێن). نموونەی شیعری بۆ جۆرەكانی لادانی واتایی دەهێنینەوە بە گوێرەی توانامان.

بەرجەستەكردن:

لە زمانی كوردیدا ( دانەپاڵ، هەڵسپاردن)یشی پێ دەگوترێت، جۆرێكە لە لادانی واتایی كە بریتیە لە “دەرئەنجامی ئەم جۆرە گۆڕینانە، بەخشینی سیفەتێكە بۆ شتێك، دیاردەیەك، ناوێك بە جۆرێك ئەو شتە هەڵگری (-ئەو سیفەتەیە)” (ئەحمەد، 156:2013). لەم دەربڕینەدا مەبەستی ئەوەیە كە لەم جۆرە لادانە سیفەتێك دەخرێتە پاڵ شتێك كە لە بنەڕەتدا لە نێوان وشەكە و وەسفەكەدا هیچ پەیوەندییەك لە نێوانیان بوونی نییە. ئەگەر وردتر ببینەوە و بچینە لای پێناسەیەكی دیكە: ” ئەم لادانە سیمای واتایی (+بەرهەست كەوتن +ئەبستراكت كردن) دەدرێتە وشەكان” (دزەیی،118:2012). ئەم دەربڕینە بەو واتایە دێت كە لە سیستەمی باو لادەدات، هەڵبژاردن و گۆڕینی وشەكان نەگونجانیا لە نێوان وشەكان بۆ دروست دەكات. بەرجەستەكردن چەند جۆرێكی هەیە كە زیاتر ڕێگەی خواستنەوە دروست دەكرێت.

بەكەسكردن:

ئەم جۆرە بە (مرۆڤكردن)یشی پێ دەگوترێت: ” شاعیر بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو شتەی باسی لێوە دەكات، سیفەت و خەسڵەتی جۆراوجۆری مرۆڤی پێ دەبەخشێت” (ئەحمەد، 158:2013). واتە شتێك هەیە و نابەرجەستەیە، وەك شاعیر (غەمگین خدر لە شیعرێكدا دەڵێت:

من دوێنێ ژنێكم بینی

نیگای پڕ لە ئومێدی مردوو ( خدر،16:2017)3

ئومێد ناوێكی واتاییە، سیفەتێكی مرۆ یان گیانلەبەری حستووەتە پاڵ، كە ئەویش بە كەسكراوە.

شاعیر لە شیعرێكی دیكە نووسیویەتی:

یادەوەری هەیە/ لە یەك چركەدا

ملیۆنێك خەنجەر بە دڵتدا دەكێشێت (خدر،51:2017)

یادەوەری ناوی واتاییە لە بنەڕەتدا، بەڵام بەهۆی كرداری خەنجەر وەشاندن، بە كەسكراوە.

غەمیگ خدر درێژە بە لادانە شیعرییەكانی دەدات و ئەمجارە دەنووسێت:

زستان

لە پێناوی ئەڤینی هەورەكانەوە دەكۆخێت (خدر،83:2017)

زستان وەكو وەسفێكی مرۆیی خراوەتە پاڵ، ئەویش كۆخینە، كۆخە كۆخ. بەمەش دەبێتە لادانی واتایی لە جۆری بە كەسكردن. لە شیعرێكی دیكەیشدا هاتووە:

كە هەستەكانی قسە لەگەڵ برینەكانم دەكات. (خدر،20:2017)

لێرەدا برین بە كەسكراوە، چونكە سیفەتی ئاخاوتن سیفەتێكە تایبەت بە مرۆڤ، بەمەش دەبێتە لادانی واتایی لە جۆرە بە كەسكردن. لە نموونەی شیعرێكی دیكەیدا شاعیر دەڵێت:

تا درەنگانی شەو چاوم لە ڕەنگی دەرگەكەتاندا

تەنیا، سوور سوور بوو

شەویش وەك پرچت كشومات. (خدر،29:2017)

پرچ كە سیفەتێكی مرۆڤە، شاعیر داویەتە پاڵ شەو، بەم جۆرە بەكەسی كردووە. هەروەها لە شیعرێكی تردا دەڵێت:

ئەوەتە لە باڵكۆنی ماڵەكەی تۆیشدا

ژنێك برینەكان گۆرانی پێ دەڵێن. (خدر،46:2017)

لەم نموونە شیعرییەشدا برین سیفەتێكی بە كەسكردنی خراوەتە پاڵ كە گۆرانی گوتنە. لە شیعرێكی دیكەیشدا هاتووە:

موو هەبوو چووبووە خەوێكی قووڵی بن بەتانی

موو هەبوو خەوتبوو بە خەیاڵی بنكراسێكی گەرمەوە

موو هەبوو خۆی بە شانەی گەرماو دڵخۆش دەكرد

موو هەبوو كون و كەلێنی دیوارەكانی كردبووە ماڵ

موو هەبوو حەزی لە بۆنی سووتانی خۆی بوو. (خدر،64:2017).

لەم نموونە شیعرییەدا ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، شاعیر كۆمەڵێك سیفەتی مرۆڤی خستووەتە پاڵ موو، كە ئەم جۆرە لادانی بە كەسكردنی پێ دەگوترێت، هەر یەك لە سیفەتی ( خەوێكی قووڵی بن بەتانی) و (خەیاڵی بنكراسێكی گەرم) و ( دڵخۆشبوون) و ( هەبوونی ماڵ) و (حەزی لە بۆنی سووتانی خۆی بوو) كە سیفەتی مرۆڤن و دروانەتە پاڵ موو.

بەتەنكردن:

بەتەنكردن كە سیفەتی تەنە دەداتە پاڵ وشەیەكی تر”هەركاتێك كە وشەیەك بە سیمای (تەن) لە شوێنی وشەیەك دابنرێت كە لە بەكارهێنانی گەڕانەوەیدا سیمای (+تەن) ی هەیە”(كانەبی،45:2009). مەبەست لەم دەربرینە كە شتە واتاییەكانی سیفەتی ماددە و بە تەنكردنیان پێ دەبەخشرێت. نموونە:

ئەڤینی خۆم وەك بزمارێك

بە دیواری دڵیدا

داكوتا … (خدر،21:2017).

(ئەڤین) لادانی واتاییە، بە تەنكراوە، چونكە سیفەتێكی دراوەتە پاڵ، كە هیی وشەكە یان لەگەڵ واتای بنچینەی وشەكە ناگونجێت. لەم دێڕە شیعرەشدا دەڵێت:

شەقام لە ژێر پێیەكانمدا

هەڵمی یادەوەری لێ هەڵدەستا…(خدر،29:2017).

یادەوەری وشەیەكی واتاییە، شاعیر بەهۆیەوە لادانی واتایی لە جۆری بە تەنكردن كردووە، چونكە سیفەتێكی دراوەتە پاڵ ( بە هەڵمبوون) كە هیی شتێكی بەرجەستەیە. لە نموونەی شیعرێكی دیكەدا هاتووە:

ئەو ڕۆژانەی دەنگمان دەڕژایە ناو خوێنی دەمارەكانی یەكترییەوە…(خدر،58:2017).

لادانی واتایی لە جۆری بەتەنكردن لە وشەی دەنگ دایە، چونكە شاعیر سیفەتی ڕژانی حستووەتە پاڵی كە لە بنچینەدا سیفەتی شتێكی بە بەرداكردووە. لەم دێڕە شیعرەشدا دەڵێت:

كە ڕۆیشتی دەرگەی تڕۆمبێلەكەت توند داخست

كە تووڕەبوونی دەرگەی دڵت بە ڕقەوە داخست… (خدر،35:2017).

لێرەدا (دڵ) بە دانەپاڵی وشەی داخستن بە تەنكراوە. لە نموونەیەكی تردا:

بە ماڵئاواییەكی كاتیش

وردوخاش دەبین

وەك شووشەی شكاو خۆمان بۆ خڕناكرێتەوە…(خدر،22:2017).

لەم دێڕە شیعرەشدا شاعیر دووسیفەتی خستووەتە پاڵ خۆی، كە (وردوخاشبوون) و(شووشەی شكاو)ە. ئەمەیش لادانی واتاییە لە جۆری بە تەنكردن. لە نموونەیەكی تردا هاتووە:

خوێنی گەرمی ناو جەستەی ساردیشم

كە عاشقی خوێنی ناو جەستەی تۆیە

لەناو دەمارەكاندا بڵق بڵق دەكوڵن… (خدر،91:2017).

شاعیر لادانی كردووە لە جۆری بە تەنكردن، چونكە كۆڵان سیفەتی شتێكە كە دەكوڵێت. بۆ نموونە: ئاو، خواردن…هتد، بەڵام شاعیر سیفەتی كۆڵانی داوەتە پاڵ خوێن.

بەزیندەوەركردن:

جۆرێكی تری لادانی واتاییە و بریتییە لە “پێدانی سیمای (+زیندەوەر)ە بەوەی كە لە زمانی گەڕانەوەیدا (-زیندەوەر)ە” (كانەبی،43:2009). مەبەستی شاعیر بەكارهێنانی ئەمجۆرە لە دەقدا ئەوەیە چەسپاندنی وێنەكەیە لە هزری خوێنەر و وەرگر، جگە لەوەی پەیوەندییەكی بەهێزی لێكچواندن لە نێوان دوو شتی بەكارهاتوو دروست بكات. ئەمەش دوو جۆرە (بەگیانداركردن) و (بەڕووەككردن).

بەڕووەككردن:

ئەمەش جۆرێكە لە جۆرەكانی لادانی واتایی. بریتییە لە “پێدانی تایبەتمەندی ڕووەكەكە بە شتی تر” (دزەیی،118:2012). د. دلێر سادق یش لە نامەی ماستەرەكەی دەڵێت: ” ئەمجۆرە لادانە بریتیە لە پێدانی تایبەتمەندیییكانی ڕووەك بەوەی كە لە بەكارهێنانی گەڕانەوەیدا ناوەڕووەكییە” (كانەبی،43:2009). لێرەدا دوو پێناسەكە هەمان مەبەست دەگەیەنێت. سیفەتی دار و درەخت و گوڵ و گژووگیا…هتد، دەخرێتە پاڵ مرۆڤەوە، كە لە واتای فەرهەنگی ئەم چەمك و دەستەواژانە پتر بۆ ڕووەك بەكاردێت. نموونەی شیعری:

ئەو ڕۆژانەی گڵۆپەكانی ژوورەكەمان

بە تروسكایی چاوی یەكتری ئاو دەدا… (خدر،59:2017).

لەم دێڕە شیعرەدا (گڵۆپ) سیفەتی ڕووەكی دراوەتە پاڵ كە ئاودانە. ئەمەش لادانی واتاییە لە جۆری بە ڕووەككردن. لە شیعرێكی تردا شاعیر دەنووسێت:

غیرەتی ئەوەم هەیە

گوللەیەك لە دڵمدا بچەقێنم…(خدر،104:2017)

لەم دێڕە شیعرەدا كە سیفەتێكی ڕووەك دراوەتە پاڵ گوللە كە (چەقاندنە، چاندنە). ئەمەش سیفەتی گوڵ یان نەمامە، كە گوللە شتێك دەپێكێت نەوەك بچەقێنێ، بچێنێ. لە شیعرێكی تردا دەڵێت:

ژنێك هەمیشە ئەو گۆرانییەم بۆ دەڵێتەوە

كە پەیڤەكانی مووتوربەن بە دڵمەوە…(خدر،20:2017)

شاعیر (دڵ)ی بە ڕووەك كردووە بە دانەپاڵی وشەی مووتوربە. لە شیعرێكی تردا دەڵێت:

شەوەكانم بێ خۆری چاوت تێدەپەڕن و

ئازارەكان سەوزتر…(خدر،90:2017)

شاعیر (ئازارەكان)ی بە ڕووەككردووە بە دانەپاڵی سیفەتی سەوز، كە سەوزبوون سیفەتێكە زیاتر بۆ ڕووەك و گەشەكردنی ڕووەك بەكار دێت. لە نموونەی دیكەدا شاعیر دەنووسێت:

ژنیش هەبوو

مووەكانی وەك گوڵی ناو مەركانەكانی خزمەت دەكرد…(خدر،66:2017)

شاعیر (مووەكانی) بە ڕووەككردووە، چونكە مووەكانی چواندووە بە گوڵی ناو مەركانەكان. لە نموونەی شیعری دیكەدا دەڵێت:

تەشتێك ڕیحانی ڕەشە

پرچی خەنەییت…(خدر،68:2017)

لێرەدا شاعیر لادانی كردووە، كە پرچی بە ڕووەككردووە، چونكە سیفەتێكی گوڵی ڕیحانی داوەتە پاڵ پرچ. هەروەها لە نموونەی دیكەیشدا دەنووسێت:

چاوەكانم بەرانبەر چاوەكانت

وەك پشكۆی بەر با دەگەشانەوە. 0خدر،72:2017)

لێرەشدا شاعیر سیفەتی گوڵ كە گەشانەوەیە داویەتە پاڵ چاو. ئەمەش لادانی واتاییە لە جۆرە بە ڕووەككردن.

بەگیانداركردن:

پێدانی سیمای گیاندارە بە وشەی تر، جۆرێكی تری لادانی واتاییە. كە بریتییە “پێدانی سیمای واتایی(+گیاندار) بەوەی كە بەپێی یاسای بەیەكەوە هاتنی لێكسیكیەكان لە ئەركی گەڕانەوەیدا، دەبێت سیمای (- گیاندار)ی هەبێت” (كانەبی،44:2009). هەروەها “پێدانی سیمای گیاندارە بە وشەی تر” (دزەیی،118:2009). ئەمەش دوو جۆرە بە مرۆڤكردن و بە ئاژەڵكردن.

بەئاژەڵكردن:

جۆرێكی تری لادانە واتاییە كە” دانەپاڵی سیفەتێكی ئاژەڵانەیە بە هەموو جۆرەكانی باڵندە و شیردەر و…هتد، بۆ شتێك هەڵگری سیفەتی (ئاژەڵ) بێت”(ئەحمەد،161:2013). لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕاڤە دەبێت و دەردەكەوێت سیفەتێك بە شتێك دەبەخشێت، كە سەر بە هیچ كۆمەڵێك لە ئاژەڵەكانەوە نییە. هەروەها ئەو وشەی بۆ وەسفكردنەكە دادەنرێت” بە پێی یاسای بیەكەوە هاتنی لێكسیكی دەبێت سیمایەكی (+ئاژەڵ)ی هەبێت” (كانەبی،42:2009). نموونە:

كە ملوانكەی بەختم بە گەردنی تۆ هەڵدەواسی

ئەستێرەكانی ئاسمانم بۆ كون دەكردی

دەیانجریواند ئەستێرەكان…(خدر،53:2017)

وشەی (جریواندن) سیفەتێكی باڵندەییە، بەڵام شاعیر داویەتە پاڵ ئەستێرەكان. ئەمەش دەبێتە لادانی واتایی لە جۆری بە ئاژەڵكردن. نموونەی تر:

منیش حەزم دەكرد ببمە مێشێكی بچووك و

لەناو پەیڤەكانتدا هەڵبنیشم…(خدر،56:2017)

شاعیر خۆی بە مێش چواندووە، كە سیفەتی (هەڵبنیشم)ی داوەتە پاڵ خۆی. نموونەی تر:

تۆ

پەڵە هەورەكان بۆ وشكەساڵی تەمەنم ڕاو بكە…(خدر،78:2017)

شاعیر لێرەدا بە پێدانی سیفەتیكی ئاژەڵ كە (ڕاوكردنە) پەڵە هەورەكانی بە ئاژەڵ چوواندووە.

لە نموونەی شیعرێكی دیكەدا دەڵێت:

ڕۆیشتی بەم بابووجە سوورەوە

پێیە سپییەكانیشت

وەك وردەماسیی سووری ناو حەوزی شووشەی سپی…(خدر،47:2017)

شاعیر لێرەدا پێیەكانی بە ئاژەڵ كردووە بە دانەپاڵی (وردەماسیی سوور).

ئەنجام:

*غەمیگن خدر چەندین جۆری لادانی لە شیعرەكاندا بەكارهێناوە، بەڵام لادانی واتایی زیاتر لە جۆرەكانی تر ڕەنگی داوەتەوە. وەك هەر یەك لە جۆرەكانی (بەكەسكردن، بەتەنكردن، بەڕووەككردن، بەگیانداركردن، بەئاژەڵكردن) دەگرێتەوە.

غەمگین خدر لەم دیوانە شیعرییەدا (برینەكان گۆرانیمان پێ دەڵێن) لە ڕووی چەندێتی و چۆنیەتیەوە لادانی واتایی ئەنجامداوە.دیارترین جۆرەكانی لادانی واتاییە. وەك: بە كەسكردن و بە تەنكردن دیارترین جۆرن لە دەقەكانیدا. جۆرەكانی دیكەیش بوونیان هەیە، بەڵام من بە پێی خوێندنەوە ڕاڤەی خۆم و تێگەیشتن لە مێتۆدی لادان و جۆری لادانەكان، هەروەها پراكتیكی كردنی دیوانە شیعرییەكە، هەردوو جۆری بەكەسكردن و بەتەنكردن بە بەراورد لە جۆرەكانی دیكە، دیارترین جۆرەكان بوون.

*شاعیر مەبەستی لە لادان دەرچوونە لە فۆڕمی باو، ئارەزووی داهێنانی ڕستەی نوێ و مانای تازەیە. مەبەستی لە دیوێكی دیكەی جوانیی و پێدانی واتای تازەترە بە وشە و ڕستە و ەستەواژەكان، كە خوێنەر هۆشیار دەكاتەوە و هەمیش دەیباتە دونیایەكی نوێ، دونیایەك پڕ لە چێژی لادانی واتایی نوێ.

پەراوێزەكان:

 1-كانەبی،28:2009

2-غەمگین خدر پێی وایە ئەزموون بە ژمارەی ساڵەكانی تەمەن نییە، بەڵكو پەیوەستە بە بەریەككەوتنی شاعیرە بە دونیای دەرەوەی خۆی.

3- هەموو شیعرەكانی بەشی پراكتیكی لە دیوانی (برینەكان گۆرانیمان پێ دەڵێن)ی شاعیر غەمگین خدر وەرگیراون.

سەرچاوەكان:

كتێب:

-ئەحمەد، د. سافیە محەمەد: لادان لە شیعری هاوچەرخی كوردیا، 2013، چاپی یەكەم، بڵاوكراوەكانی ئەكادیمیای كوردی، هەولێر.

-خدر، غەمگین: برینەكان گۆرانیمان پێ دەڵێن،2017، چاپی یەكەم، چاپخانەی كارۆ، سلێمانی.

– بێكەس: دیوانی بێكەس،2005، چاپی دووەم، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، هەولێر.

-پەشێو، عەبدوڵڵا، هەسپم هەورە و ڕكێفم چیا، 2008، چاپی سێیەم، هەولێر.

-خدر، غەمگین: نەخۆشخانەی شاعیران، 2021، چاپی یەكەم، چاپكراوەكانی ناوەندی كولتوور، چاپخانەی تاران.

-دزەیی، پ.ی، د. عەبدولواحید موشیر: واتاسازی، 2009، چاپی یەكەم، چاپخانەی خانی، دەهۆك.

– عەبدوڵڵا، د. ئیدریس: شێوازگەریی لادان، 2013، چاپخانەی لەریا، سلێمانی.

-كانەبی، دلێر سادق: هەندێ لادانی زمانی لای سێ شاعیری نوێخوازی كورد، 2009، چاپی یەكەم، دەزگای توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی موكریانی، دەهۆك.

-مەحموود، د. ئازاد ئەحمەد: بونیادی زمان لای شیعری هاوچەرخی كوردی، 2012، چاپی یكەم، بڵاوكراوەكانی ئەكادیمیای كوردی، هەولێر.

– هەڵمەت، لەتیف: دیوانی لەتیف هەڵمەت، 2014، چاپی یەكەم، چاپخانەی تاران.

فەرهەنگ:

-جەوشەنی، عەلی: فەرهەنگی كوردستانیكا. 2015، چاپی یەكەم، چاپەمەنی مانگ.

نامەی ماستەر:

– سەعید، ناز ئەحمەد: لادان لە شیعری (لەتیف هەڵمەت)دا، سلێمانی، 2010.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.