شیعر لە ئیلهامەوە بۆ تەکنیك…

0 407

سۆران محەمەد

١

بەهای شیعر  

وەك دەزانن وێڕای ئەوەی شیعر رۆحە و توانەوەیە لە بۆتەقەی ئەزمووندا، هەروەها سنعەتی وشەسازی و داهێنانە و جێپەنجەی هەموو پێكهاتە سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و هزریەکانی خودی شاعیرە و داهێنانەوەی ئەندێشەیە و وێناندنیشە لە وشە و ئەرشیفکردنێکیشە بۆ مێژوو.

لێرەدا بەم نموونەیە مەبەستی ئەم نووسینە روونتر دەکەینەوە؛ ئەگەر خوری و کەرەستەی خاوی ڕستن و چنین بخەینە بەردەستی چەند خانمێك و ئازادیان بکەین لە بەکارهێنانیدا و سوود وەرگرتن لێی لە پێناوی دروستکردنی هەر کەلوپەلێك خۆیان بیانەوێت، لە کۆتاییدا دەبینین هەندێکیان شتی جوان و قەشەنگ و ڕەنگاورەنگی لێ دەچنن و هەندێکیان هیچی لێ ناکەن و هەندێکی تریش رەنگە تێکی بدەن و بەیەکیدا بئاڵۆسکێنن، چونکە بەکارهێنانی ئەو کەرەسە خاوە پێویستی بە شارەزایی و سەلیقە و بیر و نەخشەداڕشتن هەیە.

زمانیش هەروا، بە هەموو زاراوە و پێکهاتە و هونەرەکانیەوە لەبەر دەستی هەمووماندا هەیە بێ جیاوازی، بەڵام هەموو کەسێك بۆ نموونە ناتوانێت لەو وشانە شیعرێکی بەهاداری لێ بهۆنێتەوە، چونکە دیوەکەی تری بەکارهێنانی ئەم وشانە پێویستی بە سەلیقە و ئایدیا و رەوانبێژی و بابەت و ئەزموونە… هەرچەندە لەمڕۆدا مەخابن بەها بۆ شیعر دانانرێت چونکە خودی مرۆڤ لە قەیراندایە، بەڵام نووسینی شیعری باش لە توانای هەموو کەسێکدا نییە.

بۆ نموونە گەر سەیربکەین هەموو شاعیرە ناودارەکانی جیهان هەر هەمان وشەیان لێکداوە کە ئێمە دەیانزانین و رۆژانە بەکاریان دەهێنین، بەڵام ئەوان بە لێهاتوویی و کارامەیی خۆیان توانیان پارچەیەکی ئەدەبی سەرنجڕاکێشی لێ وەبەربێنن لە هەردوو رووی شێوە و ناوەڕۆکەوە، ئەدەبێکی باڵاو کوالیتی باشیان پێشکەش کرد، وەك ئەو دارتاشەی چەند تەختە و بزمارێکی بخەیتە بەردەست رەنگە بتوانێت کورسییەکی زۆر ناوازە، یان دارەمەیتێکی پتەوی لێ دروست بکات!… بەڵام رەنگە هەندێکی تر هەر ئەو تەختەیە تەنیا بزانن بۆ لێدانی کەسانی تر بەکاربهێنن، یان هەندێك کەس بیخاتە ژێر یەخچاڵ و کەلوپەلەکانی تری ناو ماڵ. ئەمە لە کاتێکدایە (زمان) دەوڵەمەندترین و بەرفراوانترین مەیدانە بۆ کارلێکردن، بەراورد بە سەرجەم رشتە و بوارەکانی تری ژیان.

کەواتە بەهرە و توانای داهێنان لە پیشەکاندا جێی ڕێز و ستایشە و ئەوەی لە توانای کەسێک دایە، رەنگە لە توانای کەسێکی تردا بە جۆێکی تر و لە ڕشتەیەکی تردا بێت…

بەڵام هەمیشە بە هێندنەگرتنی بەرهەمە زیهنییەکانی مرۆڤ ئاماژەیەکی مەترسیدارترە بۆ بێ بەهاکردن و بە هێند وەرنەگرتنی بوون و گیان و خودی مرۆڤەکە… ئەمە ئەوە ناگەیەنێت رەخنەی هونەرکاریی شیعر نەکرێت، بەڵام بە سووك تەماشاکردنی هەر شیعرێك واتا بە سووک تەماشاکردنی هەست و موعانات و بیرکردنەوە و بەرهەم و ژیانی شاعیرەکە، جا چ ئەو شیعرە کاڵوکرچ بێت یان شیعری باش و بەپێز.

٢

شیعر و گیانی سەردەم

لە هەموو دەوروزەمانێکدا شیعری باش و خراپ هەر بووە، کەواتە کێشەی پەراوێزبوونی شیعر هێندەی فاکتەری دەرەکییە، هێندە ناوەکی نییە. بۆ نموونە ئەم (زەمەنی بە رۆبۆتبوونە) جێ پەنجەی لەسەر کتێب و بوارە تەرفیهییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەدەب و هونەر و سۆز و میهرەبانی و خواست و ستایڵی ژیانکردنیش جێ هێشتووە …

وەك لە پاشخانی ژیاندا دەبینین لە شەوێکی بریقەداردا چەند لاقێك لە حاڵەتی هەنگاودا دەبن، لەبەردەمیشیان جیهانێکی کزۆڵە دەبینرێت، دەکرێت ئەوە تەعبیر لە دۆخی هەستەکان بکات لەم زەمەنەدا کە بەراورد بە دەیەکانی رابردوو گۆڕانکارییەکی خێرای بە سەردا هاتووە، مەرجیش نییە هەموو گۆڕانکارییەك پۆزەتیڤ بێت، ئاوها مرۆڤی هوشیار درك دەکات. لێ لە دۆخێکی ئاوهادا رۆشنبیری راستەقینە بەوە جیا دەکرێتەوە کە دەسبەرداری پرەنسیپەکانی خۆی نەبێت. ئەمە نە رەفزکردنەوەی پێشکەوتنە و نە داکۆکی کردنە لە شیعر، هێندەی دەربڕینە لە دەرهاویشتەی دۆخی ژیانی مۆدێرن، کە تیایدا هەندێك کەس تەنانەت شیعر بە پێداویستییەکی (کەمالیی)ش دانانێن، چ جای ئەوەی کاتی لەگەڵدا بەسەربەرن بە خوێندنەوە و دەستخستنی دیوانی شیعر! لەولاشەوە زۆربەی شاعیران دادەبڕێن لە فیدباك و کۆمێنتی راستەقینەی خوێنەران و بەردەوام لە دنیای خۆیاندا گێنگڵ دەدەن و دەنووس.

رەنگە ئەوانەی خۆیان دەکوژن پێویستیان بە شاعیرەکان بێت تا پێیان بڵێن: هەمیشە خولگەیەك هەیە بۆ بەختەوەری، هێشتا زووە جارێ خۆتان مەکوژن رەنگبێ رۆژەك لە جێیەك بەو هیوایە شادبن.

٣

 لە تەکنیکەکانی شیعرنووسین

با بڵێین شاعیر (سین) لە دوای یەکەم دیوانیەوە بۆ نموونە دەستی کرد بە کاری رۆژنامەگەری و ئەمەش کاری لە شێوازی دەربڕینی شیعریی کرد، لە لایەکی تریشەوە بە حوکمی کارەکەی لە زۆر بابەتی شیعریی گرنگ دوور کەوتەوە، ئیتر کارەکانی دواتری لە رووی بابەت/تییما (Theme)و ئایدیاوە(Idea) لە یەك بازنەدا دەخولێنەوە و یەك بیرۆکە لەخۆ دەگرن، بەڵام بە دەربڕینی جیاواز، ئایا دەکرێت بەمە بڵێین بەرهەمێکی شیعری جیاواز یاخود پێی دەگوترێت عادەتی؟

تێما و ئایدیا زۆر گرنگن بۆ هەڵسەنگاندنی شیعر- پێ بە پێ لەگەڵ تەکنیکەکانی تردا، چونکە ئەو دوو خاڵە گەر نوێبوونەوەیان بەسەردا نەیەت، ئەوا خوێنەران هەموو دەقەکان بە یەك دەق دەبینن لە بونیاتدا، بۆیە هیچ جیاوازی و نوێبوونەوەیەك نابیننەوە تیایاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا لە رووی بوونی رەگەزەکانی شیعرەوە خۆ ناکرێت بەوە نەگوترێت شیعر، بەڵام شیعرێك نا کە شەیدایانی دنیای شیعر بە دوایدا دەگەڕێن.

دەزانم زۆربەی شاعیران دڵیان ناسکە و حەز دەکەن زیاتر گوێ لە هەست و نەستەکانیان بگیرێت نەك وتوێژی وردەکاری هۆنینەوەکانیان، بەڵام هیوادارم کەس وای نەبینێت مەبەست لەوە، بەڵکو ئەمە پاژێکی گشتییە و بابەتێکی زۆر زیندووی دنیای شیعریشە، خوێنەری باش کە باس دێتە سەر پێوانەی شیعریی، فاکتەری کۆمەڵایەتیی و پەیوەندییەکان لە بیر دەکات و گیانی شیعر لە ناخیدا ئاوێزان دەبێت، لە لایەکی ترەوە گەر باس لە رووی میتافیزیکی شیعر بکەین ئەوا وەکو گوتراوە وشە گەر لە دڵ دەرچوو لە دڵدا جێ دەگرێت، وەك نموونەی ئەو دوو کەسە وایە باس لە شەفافییەت بکەن، یەکێکیان دەستپاك و ئەوی تر لە ناو گەندەڵیدا بێت، بێگومان وشەکانی کەسی دووەم بە مردوویی لە دایك دەبن، گەر کاریگەریشیان هەبێت وەکو نموونەی ئەو کەسە دەبێت کە هیچ هۆکارێکی پێکەنین لە ناخیدا نەبێت و کەچی قاقا لێ بدات، لەم حاڵەتەدا هەست دەکرێت کە ئەو پپێکەنینە سروشتی و ئاسایی نییە، بۆیە شان بە شانی ئایدیا و تێما- فاکتەری راستگۆیی شاعیر زۆر گرنگە بۆ گیانکردن بەبەری شیعردا (راستگۆیی مەبەست ژیانە لەگەڵ شیعرەکەدا).

٤

شێوازی شیعر

وەکو جێ پەنجەی مرۆڤەکان هەر شاعیرە و خاوەنی شێوازی خۆیەتی، بەو مانایەی شیعر هەڵقوڵاوی ژیان و ئەزموون و زادەی هۆش و هەستی شاعیرە و هیی هیچ شاعیرێك بە شاعیرێکی تر ناچێت، ئەمەش بە درێژایی رۆژگار گۆڕانکاریی بناغەیی بە خۆوە نابینێت، بەڵکو پێشدەکەوێت و پەرە دەسەنێت، هەیە وەك رەشەبا و هەشە وەك شنەبا چنارەکانی خەیاڵ دەلەرێنێتەوە. هەیە وێنەکان لە خەیاڵدانیدا دەفڕن، هەشە لەسەر زەمین بە ڕێدا دەڕۆن، هەیە دولبەر دەکاتە سەنتەر و هەشە خەمەکانی نیشتمان، هەیە ریالیزمیانە و زۆر کۆنکرێتانە دەدات لە دەرگای هزری خوێنەر، هەشە باری سۆز دەلاوێنێتەوە.

شاعیر هەیە شیعر لە ناردنی پەیامدا دەبینێتەوە، بۆیە حەز دەکات موخاتەبەی زۆربەی جەماوەر بکات و زۆرینە لە زمانە سادەکەی و مەبەستەکەی تێ بگەن، شاعیرانیش هەن زیاتر گرنگی بە لایەنی جوانکاریی زمان دەدەن و موخاتەبەی نوخبەی شیعر دەکەن – بۆیە مانا لە دەقەکانیاندا لقی زۆر لێ دەبێتەوە و قووڵ رۆدەچێت و ئاسان خۆی بەدەستەوە نادات، هەیە شیعر تەنیا لە کێش و سەروادا دەبینێتەوە و هەشە بە رۆچوون لە دونیای سیمبولیزم و سوریالیستەوە ناوەستێت و زیادەیەك لە ئەزموونی خۆشی تێکەڵاو دەکات…

هەرچەندە هەوڵی بردنی وێنە و کۆپلەی شاعیر بدرێت بەس کەس ناتوانێت تەواو شیوازی شاعیرێکی تر کۆپی بکات، چونکە شێواز واتا ژیان و هەستی خودی شاعیرەکە، جێ پەنجە و ناسنامە.

٥

شاعیر و ئەپدەیتی بەردەوام

گومانی تێدا نییە (زاراوە) بنەڕەتی شیعرە، جا یان کرۆک و سەنتەری شیعرەکەیە یان ئامرازێکی یارمەتیدەرە بۆ جوانکاریی و هێنانەدی تەواوکاریی شیعرەکە.

بۆ نموونە دەبینین شاعیران بۆ گەیاندنی مەرام و وێناندنی شیعریی، جارانێك هەوڵیانداوە زاراوەی (یوسف و براکانی)  یان سیمبوڵی (مانگ) بەکاربهێنن، بەڵام دەکرا هەر ئەو شاعیرە بە زۆر نموونەی تر لە فۆلکلۆر و کەلەپووری ناوچەکەی خۆی ئاشنا ببووایە و رەمزی لێ دەربهێنانایە کە دەبووە هێز و پێز بۆ شیعرەکە و لە هەمان کاتیشدا هێنانە ئارای زاراوەی نوێ لە بری ئەو هەموو دووبارەکردنەوە وەڕسکارانە (ئەمە بەکەم دانانی بەسەرهاتی یوسف و براکانی یان جوانیی و کاریگەریی مانگ نییە) .

 هەروەها گرنگە شاعیر خاوەنی مەعریفەیەکی بەرفراوان بێت و وەکو چاودێرێك و موتابەعەکارێکی زەمەنەکەی خۆی رۆژانە بخوێنێتەوە و بەدواداچوون بکات بۆ هەواڵ و گۆڕانکاریی و پێشکەوتن و دۆزینەوەکان و چاپکراوەکان و جارجاریش بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو و رۆبچێت بە مێژووە فەرامۆشکراوەکاندا، بۆ نموونە دوور نییە لە بە دواداچوونی دۆزینەوە و پێشکەوتنە گەردوونیەکاندا ناوی ئەستێرەیەکی نوێ و سیفات و خولگە و شێوە و دووریەکەی نەبێتە کەرەسەیەكی بەشدار لە هەوێنی شیعرێکی نوێیدا و بە رووە مەجازەکەی بیخاتە ناو بۆتەقەی بەرهەمێکی شیعرییەوە.

 کەواتە وریایی و بزێوی و نوێبوونەوەی شاعیر لەمەدا دەردەکەوێت، دەبێت بزانین تا چەندێك زاراوە و کەرەسە بەکارهاتووەکانی بیناکردنی شیعرەکەی سواوە یان نوێیە؟ ئاوها بە ئاسۆی دیدی شاعیر ئاشنا دەبین، بەڵێ نوێبوونەوە و داهێنان ئاسان نییە بەڵام مەحاڵیش نییە.

٦

بەهرە و بیرۆکەی شیعر

لە سەرەتای شیعرنووسیندا شاعیران وەکو لێزمەی باران ئیلهامیان بۆ دێت و زوو زوو دەینووسنەوە، خۆیان تەسلیمی شەپۆلەکانی هەست و نەست دەکەن و بوونی تەنیا ئیقاع وەکو لایەنی شێوەیی لایان بەسە بۆ ناونانی شیعر، بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا دەزانن دەبێت کار لەسەر ئەو (تۆو)ە بکەن کە پێی دەگوترێت بیرۆکە و سەرچاوەی ئیلهامی شیعرەکەیە، بۆ نموونە جارانێك چرچولۆچ و قڵیشەکانی دەست و دەموچاوی پیرەمێردێك یان پیرەژنێك رەنگە ئەو خەم و هەست و ئایدیایانەی ناخت بتەقێنێتەوە کە بەرانبەر پووچی ژیان هەتە و لە قاڵبی شیعرێکدا لەدایک بێت، وێنە دەرەکییەکە ئەو دیمەنەیە بەڵام لە ناواخندا شیعرەکە رەنگە زۆر لق و پۆپی تری لێ ببێتەوە و بمانگەیەنێتە شوێنگای تر کە بەهای راستەقینە بە شیعرەکە دەبەخشن.

٧

هەندەسەی شیعر… دیزاین و ئەندازیاریی

لێكچوونێکی زۆر هەیە لە نێوان ئەندازیاریی بیناسازی و ئەندازیاریی شیعردا، ئەویان لە جیهانی ماتریاڵدا ئەمیان لە دنیای وشە و ئەندێشەدا.

سەرەتا گەر لە نەخشەوە دەست پێ بکەین ئەوا دەبینین هەموو بینایەك بەرەنجامی دیزانێکی تایبەتە، چەندە نەخشەی بیناکان ناوازە و زانستی بێت و ڕێكخستن و تەکنیکی تیا ڕەچاوبکرێت هێندە سەرکەوتووتر دەبێت، هەرواش شیعر گەر پێشوەختە شاعیر بزانێت چی و بۆچی دەنووسێت و دنیابینی لە دەقەکەدا لا ڕوون بێت و لێوانلێو بێت لە کەرەسە و بابەت و ئەندێشە و وێنە و ئیلهام و سۆز… ئەوا شاعیر یەکەم هەنگاو بەسەرکەوتوویی دەنێت و چ جار لە ناوەڕاستی دەقدا پەکی ناکەوێت.

چەندێك بناغەی بیناکان پتەوتر بێت زیاتر بەرگەی داڕمان دەگرێت، هەرواش شیعر چەندێك بونیاتی داڕشتن تیایدا تۆكمە بێت هێندە دەقێکی بەهێز دەبێت.

داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەندازیاریی بیناسازیی پێویستی بە شارەزایی و ئەزموون و ڕێكخستن و پێوانەی پڕ وردەکاری هەیە، قۆناغەکانی نووسینی کۆپلەکانی شیعریش پێویستیان بە ڕێكخستن و زنجیرەبەستی و سەلیقە و گەمەی زمانەوانی ورد هەیە تا پێی بگوترێت شیعر.

پاشان دانانی بەرد و خشتی ئەسڵی بە یەك قەوارە و شێوەی گونجاو، هەڵچنینی دیوار و قاتەکان لەگەڵ یەکدا دەسازێنێت و چەسپاوی و جوانکاری بە ئەپارتمانەکان دەبەخشێت، چەندێکیش بەرزتر بێتەوە هێندە دیارتر و قەشەنگتر دەبێت، هەرواش لە شیعردا گەر زاراوەکان لەگەڵ یەکدا نەگونجێن و کۆپلەکان پەیوەندییان بەیەکەوە نەبێت و کەرەسەی شیعرییان تێدا بەکارنەهاتبێ و هونەرەکانی ڕەوانبێژی تیا نەبینرێتەوە و زمان تیایدا بازاڕیی بێت ئەوا زوو دەڕووخێت و دڵی هیچ خوێنەرێك تیایدا نیشتەجێ نابێت.

نووسینی شیعری رەسەن زۆر لە بیناکردنی خانوویەك گرانترە، چونکە لە دایکبوونی شیعر پێوستی بە هێزی مەعنەوی و گیانی و هزریی و ئەندێشەیی هەیە، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی دیزانی خانوو پێوستی بە وەستای کارامە هەیە تا نەخشەکە لەسەر ئەرزی واقیعدا بە هێزی بازووی کرێکار بهێنێتە دی.

من وای دەبینم نووسینی شیعری ناوازە و باش لە هەموو ژانرە ئەدەبییەکانی تر گرانترە، چونکە وردەکاریی و چڕیی و جیاوازبوونی پێویستە، ڕەنگە ئەم هۆکارەش بێت وامان لێ بکات بڵێین زۆر بە ئەستەم لەم ڕۆژگارەدا شیعرێکی داهێنەرانە دەبینینەوە.

٨

شۆڕشی شیعر

مەخابن زۆربەی رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوە و پێگە ئەلیکترۆنییەکان تەماشای شیعر وەکو ژمارەیەك دەکەن بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی، مەگەر بە دەگمەن نەبێت کەسانی پرۆفیشناڵی شیعر لەو شوێنگایانەدا ببینرێنەوە، باشتر وایە ئەهلی شیعر خۆیان پایەی راستەقینەی شیعر وەدیارخەن .

بۆ نا؟ مەگەر شیعر لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیدا نییە لەگەڵ ژیان و سەرجەم ڕشتە و بوارەکانی تری چالاکییەکانی مرۆڤ؟ کەواتە با شۆڕشی شیعر بسازێنین…

ئەمەیە ڕێگەی هوشیاری و یەکگرتن و بەرخۆدان…

رەنگە کەسێك بپرسێت: چۆن بەرخۆدان بە شیعر دەکرێت؟

لە وەڵامدا دەڵێین: ئەو کاتەی شیعر بووە زمانی باڵای نێوان مرۆڤەکان.

٩

ئۆتیزمی شیعر

نازانم ئەو شاعیرەی رۆژانە یان هەفتانە چەند شیعرێك دەنووسێت، چ جیاوازی و نوێبوونەوەیەك لە رەگەزەکانی شیعریدا دەهێنێتە دی؟

لێرەدا هاوشێوەییەك دەبینم لە نێوان ئەم حاڵەتە و حاڵەتی ئۆتیزمدا، لە کاتێکدا ئۆتیزمیش جووڵە و چالاکییەکی لە رادەبەدەری هەیە، بەڵام بێ نەخشە و بەرهەم.

١٠

دیوە پەنهانەکەی شیعر

جگە لە هەموو لایەنەکانی زمانەوانیی و هونەرەکانی رەوانبێژی و دنیابینیی و بابەت و وێنەی شیعری و شێواز و تەکنیك و تاد… کە لە شیعردا رۆڵی گرنگ دەبینن و بەهای شیعرێتی دەق باڵا دەکەن، هەندێكجار نهێنییەك لە شیعردا هەست پێ دەکرێت کە پەیوەندی بە گیانەوە هەیە و پێنووس توانای دەربڕینکردنی نییە، مرۆڤ دەساکێنێت و خوێنەر هەست بە کاریگەریی و بەرکەوتن دەکات لەگەڵ شتێك لەناو ئەو شیعرەدا، ئیتر یان لە رابردوودا یان لە ئێستادا و یاخود لە داهاتوودا بووە، لاتان سەیر نەبێت کە دەڵێم (داهاتوو)، راستە داهاتوو لە دنیای میتافیزیکدا هێشتا نەهاتووە بەڵام گیان سنووری کاتەکان دەبڕێت و هیچ سنوور و بەربەستێکی (شوێنکات) نازانێت .

بۆ نموونە ڕێی تێدەچێت و رەنگە رووی دابێت بۆ یەکەمجار شتێك دەبینیت یان دەچیتە شوێنێك هەست دەکەیت پێشتر بینیووتە یان چوویت! رەنگە لە ڕێگای خەونێكەوە بوو بێت کە ١٠ ساڵ پێشتر بینیووتە و لە یادت چووەتەوە، یان پەیوەندی هەبێت بە رەهایی و باڵەفڕکێی گیانەوە کە ئێمە هەست بە رۆڵ و کاریگەریی دەکەین لە ژیانماندا، بەڵام دەستی لێ نادرێت و بەچاو نابینرێت وەکو هێزی موگناتیسی و تەزووی کارەبا و هەواو هتد…

بۆیە گوتراوە شیعر زمانی گیانە، ئیتر ئەو گیانە گەر لەبەری پێست رەشێكدا بێت یان سپی و یان قاوەیی و یان سوور گرنگ نییە، رەنگە ئەمەش بێت هۆی ئەو دەربڕینەی بە هەندێك شیعر دەگوترێت جوان و بە پێز کەچی کە داوای روونکردنەوەی هۆکارەکەی دەکەین کەسی بەرانبەر دەسەوسان دەبێت لە دەربڕین، ئەمەش وەکو کەشی سیحراوی گزنگێکی دەم کەل وایە کە سەرنجمان رادەکێشێت و دەمانخاتە رامانێکی قووڵەوە، بەڵام نازانین بۆ؟ رەنگە هەمان هەستیشمان لەگەڵ هەندێك شیعردا بۆ دروست بێت، نازانم ئەزموونی ئێوە چییە لەو بارەیەوە و ئێوە چی دەڵێن؟ من وای بۆ دەچم رەنگە هۆکەی ئەوە بێت شتێك لە گیانی شاعیر لە شیعرەکەیدا جێمابێت.

١١

شیعرو رەخنە

راستە دنیای شیعر بێ سنوورە و هەرگیز لە قاڵب نادرێت بە حوکمی ئەوەی سەرودەری لەگەڵ هەردوو دنیای فیزیك و میتافیزیکدا هەیە، بەڵام بێگومان رەخنەی بابەتییانە دیوی ئەودیوی پێشکەوتنی شیعرە تاکو هێڵە گشتییەکانمان لێ بزر نەبێت و ئەلف و بێی شیعرمان لێ تێکەڵ نەبێت.

راستە رەخنەگر لەسەر ستەیج و لە ناو دەقەکاندا دیار نییە، بەڵام ئەو ئاوەیە کە درەختی داهێنان بە تەڕ و پاراوی دەهێڵێتەوە، هەرچەندە غروری هەڵخەڵەتێن وا دەکات دڵی شاعیران بە روویاندا دابخرێت و تەنانەت بکورهێندرێن (رەنگە هۆی ئەمەش بێت رەخنەگری شیعر زۆر کەم بێت)، بەڵام لە کۆتاییدا هەر ئەوە دڵسۆز و فریادڕەس کە شوێنگای راستەقینەی شیعر دیاری دەکات.

١٢

شیعر و چارەسەری دەروونی

شیعر دوورونزیك پەیوەندی بە هەموو مرۆڤێکەوە هەیە، چونکە کەم تا زۆر کار لەسەر هەست و نەست و هزر دەکات و بە پێی بەرفروانی مەودای ژیان و باڵای خەمەکان و ئاڵۆسکاوی دیوی ناوەوەی خودی مرۆڤ، شاعیر بەهرەمەند دەبێت لە هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ژیانکردن. جا شاعیران بۆ چەند مەبەستێك شیعر دەنووسن؛ لەوانە: دەربڕین لە (ناخی خود) کە لەمەشدا ئاهێ دێتەوە بە بەری شاعیردا و دەرچەیەك دەدۆزێتەوە بۆ دەربڕین و تیایدا هەست بە ئارامی دەکات، چونکە هەمیشە لە حاڵەتە خەمۆکییەکاندا پزیشکان داوا لە نەخۆش دەکەن لە ناخیاندا کێشەکان گل نەدەنەوە، چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر باری رەوانی مرۆڤ جێ دێڵێت. لە لایەکی تریشەوە هەندێك جۆری شیعر پێشنیار دەکرێت بۆ گوێ لێگرتن یان خوێندنەوەی لە لایەن ئەو نەخۆشانەی حەزیان لە ئەدەبە بۆ کردنەوەی هەندێك لەو گرێ و کێشە دەروونیانەی پێوەی دەناڵێنن یان لەسەر دیواری نەخۆشخانەی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەڵدەواسرێن، بۆی هەیە کەسانێك هەبن دەستەواژەیەکی شیعریی هەندێك نهێنییان بۆ کەشف بکات، کلیلی دەرگای ناخیان بکاتەوە و ئاشنایان بکاتەوە بە خۆیان.

کەواتە شیعر بێ رۆڵ نییە، هەرچەندە لە لایەکی ترەوە هونەرێکی باڵایە و فەنتازیکردنە بە زمان بەڵام ئاوێزانی ژیانە و نزیکە لە گیانی مرۆڤەوە… لەوێدا کە ئەهریمەنی ناخ دەبزوێ، شیعر وەکو مۆڕالێك دەبێتە لەمپەر، رەنگە هۆی ئەمە بێت شاعیر وێڵی هارمۆنێتی و ئاشتییە و هەرگیز نابێتە خوێنڕێژ و دیکتاتۆر.

……….

(سەرنج/ لێرەدا من ناڵێم دەبێت شیعر وابێت، وەلی باسی جورێك لە شیعرمان کردووە.)

١٣

شیعری جیهانیی

سەیرە

شیعرەکەت پڕ کردووە لە ناوی لاوەکی و ساڵ و شوێن و خەمی شەخسیی و ڕووداو و دروشم و…

ئاوهاش دەتەوێت شیعرەکەت ناو بنێیت دەقی جیهانیی!

گرنگە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین:

دەقی سنووربڕ کامەیە؟ کە مرۆڤەکان لە هەموو شوێنکاتێکدا دەساکێنێت؟

من وای بۆ دەچم کە دنیابینی شاعیر ئەو وەڵامە دەداتەوە.

……………….

تێبینی/ ئەم بابەتە تەوەرەیەکی زۆر سەرەکی دنیای شیعرە، خۆزگە ئەو نۆرمە باوەمان دەشکاند و بێ دەنگی هەڵنەبژێرین واز لە گوتەی باو و دووبارەی دەستخۆشی بهێنین، دەبوو ئەوانەی بۆچوونیان هەیە لەم بارەوە بینووسن، چونکە دەکرێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکار و سەکۆیەکیش بێت بۆ راگۆڕینەوە و گوێ لەیەکترگرتن هەرچەندە ماودای شوێنەکان لێك دوور بن.

١٤

خۆشەویستی نێو شیعر و واقیع

لای ئێمە زۆربەی ئەوانەی عاشق دەبن ڕوو دەکەنە نووسینی شیعر، ئیتر نازانم ئەم حاڵەتە بەس شیعری گرتووەتەوە، یان کولتووری بەهێند وەرنەگرتن زۆربەی بوارەکانی تریشی گرتووەتەوە؟ لە نێوانیشیاندا بایەخنەدان بە جەوهەری خودی مرۆڤ. ..

هەرچەندە زیاد لە سێ لەسەر چوار ٣/٤ ی شیعری ئەمڕۆی کوردی لەم بازنەیەدا دەخولێتەوە، بەڵام لەمێژە پێشینان فەرموویانە: هەموو شتێك بە خوێ و خوێش بە مەعنا.

من وای بۆ دەچم کاتێك مرۆڤ هیچ وزەیەکی ناوەکی و شتێکی تر لە ناخی خۆیدا شك نابات پەنا بۆ ئەو جۆرە شیعرانە دەبات بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی گیانی.

راستە خۆشەویستی سەرکەوتوو لەبواری واقیعدا لە تەباییی گیانەکاندا بەرجەستە دەبێت، بەڵام کە ئەم کۆنسێپتە بەرەو کزی و لاوازیی چوو ئەوسا شاعیر پەنا بۆ پێنووسەکەی دەبات، بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بەتاڵیەی کەسی بەرانبەر لە ژیانیدا جێی هێشتووە و بە پڕنەکراوەیی ماوەتەوە.

لێرەدا وێرای ڕێزی زۆرم بۆ هەموو شاعیران، بەڵام ئەمە هەقیقەتێکە و هەرچەندە رەنگە کەسانێك نیگەران بکات، بەتایبەتی ئەوانەی بەس ئەم تەرزە لە شیعر دەزانن بنووسن و ئەویش بەس لە فۆرمێکی تەقلیدیدا، بەڵام بێگومان گوتنی هەقیقەت لای من گرنگترە وەك لە بەدەستهێنانی رەزامەندی کوێرانە، بگرە لە بنەڕەتدا مەبەستی ئەم ئەم زنجیرە خاڵە هەر رەسەنایەتییە و بەس. لە هەمانکاتدا رەنگە ئەم گوتە و بۆچوونە کەمێك نامۆ بێت، چونکە زۆر بەرگوێمان نەکەوتووە و نەبیستراوە. لە کاتێکدا دنیابینی و تییمە بەشێکی گرنگی دەق داگیر دەکات، دەکرێت بپرسین بۆ ئەوەی پێم بڵێی شیعرێك ناوازەیە ئایا چ تازەگەرییەکی تێدایە؟

…………….

تێبینی/ تکایە بەهەڵەدا مەچن ئەمە رەفزی ژیانی پراکتیکی رۆمانسی تاکەکان و مەیل و خواستی دڵیان ناکاتەوە، لێرەدا تەنیا مەبەست لە بەکارهێنانی ئەو تۆپیکەیە لە هۆنینەوەی شیعردا… ئەگینا رەنگە ئەو کەسەی بۆ یەکەمجار خۆشەویستی دەکا هەستێکی جیاوازی لا دروست بێت کە پێشتر هەستی پێ نەکردووە، بەڵام تەعبیر لەو هەستانە بە شێوە باوەکەی لە شیعردا زۆر بەرگوێمان کەوتووە و دووبارە بوونەتەوە، مەبەستی ئێمە ئەمەیە.

*  ئەمە پاژێکی گشتیییە: مەبەست لێی هیچ کەسێکی دیاریکراو نییە.

١٥

 شیعر و مەرگ

مەرگ چییە؟ گۆڕینی شێوازی ژیانی مرۆڤە لە جیهانی ماتریاڵەوە بۆ دنیای میتافیزیك؟ یان دوالیزمی بوونە؟ نەك بەس فەیلەسووفان بگرە بەشێك لە پانتایی هەست و ئەندێشەی شاعیرانی لە کۆن و نوێدا داگیرکردووە و لە شیعرەکانیاندا رەنگی داوەتەوە.

شاعیر (جومانە حەدداد) لەکتێبی (سيجيء الموت وتكون له عيناك): (مردن دێت و دوو چاوی تۆی دەبێت)… دەنووسێت: ١٥٠ شاعیر لەسەدەی بیستەم کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێنا، واتا ١٥٠ شاعیر بە چرپە یان هاوار گوتیان “بەســـــە”.

شاعیریش هەیە قەسیدەکەی دەیکوژێت.

لە کاتێکدا بەشێك لە شاعیران پێشبینی مردنی خۆیان کردووە وەك: بەدر شاكر السياب و ئەمەل دنقل و هەندێك شاعیری تریش شیعرەکانیان ناویانی بە نەمری هێشتووەتەوە، بەڵێ زمان دەمێنێتەوە گەر شایستەی مانەوە بێت، هەندێكی تر لە شاعیران خوازیاری هەڵبژاردنی چۆنیەتی ساتی مەرگیان دەکەن بەو جۆرەی خۆیان پێیان خۆشە وەك شاعیری فەلەستینی (محمود ده‌روێش) لە کۆپلە شیعرێکدا دەنووسێت “دەمەوێ لە باخچەکەدا بمرم، نە زیاد نەکەم”

١٦

شیعر و پێداچوونەوە

دەزانم شاعیران حەز بە پێداچوونەوەی دەقەکانیان ناکەن و زیاتر جەخت لە ساتی هاتنی لێشاوی بیرۆکەکان و سروش دەکەنەوە، بەڵام هەمیشە شاعیری پرۆفیشناڵ یەکەم رەخنەکاری شیعرەکانی خۆیەتی، وەك چۆن ئۆکتاڤیۆ پاز لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت’ جار بووە نەوەد و هەشت کەڕەت پێداچوونەوەی دەقی شیعری خۆمم کردووە و لە ئەنجامیشدا دڕاندوومە’ یاخود ئارسەر رامبۆ جارانێك شیعری بۆ هاوەڵان و خوشکەکەی دەخوێندەوە و زۆر بە دڵیان بوو بەڵام خۆی دەیخستنە ناو زۆپاکەوە و دەیسوتاندن چونکە لێیان ڕازی نەبوو.

ئەگەر شاعیر دوای لێبوونەوە لە نووسینی شیعرەکەی هەوڵبدات پشوو بدات و دوای چەند رۆژێکی تر بچێتەوە سەری و پێداچوونەوەی بۆ بکات، وەك لابردنی وشەی زیادە و بەکارهێنانی زاراوەی کاریگەرتر و رازاوە و بەهێزتر لە رووی مەجازییەوە، یان زیادکردنی کۆپلەی نوێ بۆ شیعرەکە هەرگیز پەشیمان نابێتەوە، بەڵام بێ پێداچوونەوە رەنگە شاعیر پەشیمان بێتەوە کاتێك خوێنەری زیرەك هەست بە کەموکوڕییەکانی دەکات، هەرچەندە لەم ساتە خێرایانەی ئەمڕۆماندا شاعیری وا هەیە تەنانەت پێداچوونەوە بۆ هەڵەی چاپ و ئیملاش ناکاتەوە و دەیخاتە بەر دەست، بەڵام لە راستیدا بە پێچەوانەوە دروستە؛ تەنانەت بۆ نووسینی شیعرێکیش باشتر وایە شاعیر ماوەی (لانی کەم) چەند رۆژێك خۆی بە نووسینیەوە خەریك بکات تاکو هیچ بیرۆکە و وێنە و سروشێك نامێنێت نەیقۆستبێتەوە و بەکاری نەهێنابیت ئەوجا با دەرگای دەسکاریکردنی لەسەر دابخات، جا وەك چۆن سەرەتای داڕشتنی بونیادی شیعر گرنگە هەرواش کۆتاییەکەی گرنگە و دەبێت بە جۆرێك بێت شایستەی ئەوە بێت خوێنەران کاتی خۆیانی بۆ تەرخان بکەن و تەنانەت لە شیعرەکانی پێشتری خودی شاعیریش جیاوازتر بێت، ئەگینا بە هیچ هەڵنەستاوین، ئیتر ئەو رووبەرەی کە شاعیر چی و چۆن دەنووسێت بۆ ئازادی هەڵبژاردنی شاعیر دەگەڕێتەوە و پێشوەختە و کەسانی تر هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەریدا ناشکێت و ناتوانن هیچ دەستوەردانێك بکەن. 

١٧

شـــــــــــــــــاعیرەکان!

کەم بنـــــــــــووسن

گەر نووســیشتان

پەڕەی شیعری:

رەســەن،

جیاواز،

ناوازە

هــە

ڵـدە

نـە

وە

.

١٨

شیعر و موعانات

لە کۆن و نوێدا مرۆڤ بە دوای دەریچەیەکدا گەڕاوە بۆ دەربڕینکردن لەخۆ، لە نێوان ئەو جۆرانەی دەربڕینیشدا رەنگە شیعر کاریگەرترینیان بوو بێت، بە شێوازی دەربڕین و هونەرە زمانەوانیەکەیدا لە قسەی رۆژانە جیا کراوەتەوە.

ئەگەر شیعرێك سەرچاوەکەی موعانات بێت و هەڵقوڵاوی ناخی دانەرەکەی بێت، ئەوا شیعرناس هەمیشە بە تۆنی شیعردا درك بەوە دەکات کە ئەو شیعرە چەندێك دەربڕین لە ئازار و نەهامەتییەکانی خودی شاعیر دەکات و تا چەندێك شاعیر ئەزموونی کردووە. بێگومان ئەمەش دەرخەری راستگۆیی پەیڤەکانی شاعیرە و ژیان و کاریگەریش بە شیعرەکە دەبەخشێت.

لێرەدا وەك نموونە با بگەڕێینەوە سەر (خەدیجە گوڵاوی) ماردین ئیبراهیم و وای دابنێین شاعیر دوای دابڕانێکی زۆر بە دیداری هەمان دایکی خاوەن سۆز و میهر شاد دەبێتەوە کە هەر وەکوو خۆیەتی و هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، ئەمە هەستێکی خۆشە، بەڵام لەولاوە وردە وردە پەیوەندییەکان رووگەی خۆیان دەگرنەوە و ئەم دیدارە رەنگە نەبێتە هەوێنی شیعرێکی کاریگەر لە قەدەر کاریگەریی چرکەسات و بابەتەکە، بەڵام ئەمە چۆن بەراورد دەکرێت بە دیداری دایکێك کە سەدوهەشتا پلە گۆڕدرابێت و لە رووکەشدا دڵڕەق دەربکەوێت کە جگەرگۆشەکەی نادوێنێت دوای دابڕانێکی درێژخایەن؟ ئەمە وەکو ئەوە وایە بڵێین رەنگی ئاو رەشە، بەڵام لە راستیدا وا نییە، بەڵکو لە ناواخندا وەکو یەعقوب هەر رەنگە دووریی لەو جگەرگۆشەیەی وای کردبێت بیرەوەریی ئەو دایکە دڵساف و میهرەبانە تێکچووبێت و هەموو یادەوەرییەکانی سڕدرابێتەوە و ئیدی وەکو حاڵەتێكی نەخۆشی کەس نەناسێتەوە.

١٩

شاعیران و تەنیایی

کەم شاعیر هەیە یۆتۆپیای شیعریی لە ژیانی واقیعدا هاتبێتە دی و لە ئاستی رەزامەندی ئەودا بێت لە رووی خەون و هەست و سۆز و ڕێز و تێگەیشتن و ژیانکردنەوە.

رەنگە شاعیر وای دابنێت گیانی رەهایی ئەو لە سیستەمێکی کۆنکرێتی پڕ داب و نەرێتی هەڵە و نۆرمی بکوژدا جێی نابێتەوە، لەبەر ئەوە تەنانەت دوای هاوسەرگیریش بەشێکیان هەر بە دیوی رەبەنیدا شۆڕ ببنەوە.

رەنگە وا هەست بکەن ئیتر ئەوە خاڵی سفری بەرەو کۆتایی هاتنی داهێنان و نوێبوونەوەی خەونەکانە لە کاتێکدا پێشتر هەموو خۆشەویستییان بۆ شیعر بووە.

تێکەڵاویی ئەرك و بەرپرسیارێتییەکی زێدە، کە بترسن لە ئاستیدا نەبن و خستنەوەی نەوەیەکی نەگبەت بۆ ژیانێکی پڕ ئازار خۆی لە خۆیدا دەبێتە ژانی دەقێکی تراژیدی ناکۆتا. لە کاتێکدا دەبێت هەمیشە خەمێك، پاڵنەرێك، سووتانێك هەبێت بۆ ئافراندن…

لە چوونە ناو ئەو پرۆسەیەوە وەکو کەسانی دی؛ هەندێك تیایدا سەرکەوتوو بوون و هەندێکیش نا، هەندێکیش ئەزموونیان نەکردووە، لە هەموو حاڵەتەکانیشدا ئەوە هەر شاعیرە وەكو لە خەمێکی مەزنی وجودییەوە گلابێت بەردەوام دەناڵێ و ده‌ڵێ: کێ هەیە لە بارتەقای خەمەکان بگات؟ وەکو ئەوەی لەگەڵ ئاوێتەبوون بە یەکەم سروشی شیعر پەیمانی لەگەڵ مەحاڵدا بەستبێت کە تا مردن بنوزێتەوە، یان نەخێر بە دیوەکەی تردا با بڵێێن تا ستەم هەبێت ئەویش ئارام نەگرێ، یاخود تا کەلێنێك بۆ یاخیبوون مابێتەوە ئۆقرەی لەبەر ببڕێ.

ئەم باسە کەمێك سەیر و سەرنجڕاکێشە، رەنگە کەسانێك توڕە بکات و دەرگای بابەتێکی زیندووش لە کەسانێکی تر بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە هەر بۆچوونێکە و مەبەست لێی هیچ کەسێك نییە بە دیاریکراوی، ئەگەر نا چەند جوانن ئەو شاعیرە دەگمەنانەی لە ژیانی هاوسەرگیریشدا هەر شاعیرانە دەژین و بەردەوام دەدرەوشێنەوە.

٢٠

ئیرەیی بکوژی گیانی داهێنەر

-ئایا کەسێك داهێنەر بێت ئیرەیی دەبات؟

+نەخێر

-بۆچی؟

+چونکە خۆی هێندەی لە باردایە کە چ پێویستی بەوە نییە بە ئیرەیی بردن و خۆخەڵەتاندن وشکاندنی کەسانی تر قەرەبووی ناتەوانایی خۆی بکاتەوە.

دووش کەسێکی دەروون پاڵفتەیە و دان بە گەورەیی و جوانی بەرهەمەکاندا دەنێت کاتێك بۆنی تازەگەریی و جیاوازیی لێ کردن بەڵکو شاگەشکە دەبێت بە بینین و خوێندنەوەیان، چونکە دیوەکانی تری ئیستاتیكا کەشف دەکات، چونکە دڵنیایە توانای داهێنان شتێك نییە بە پارە و دەسەڵات و زۆریی پەیوەندییەکان بە دەست بهێنترێت، چونکە دڵنیایە (ئیرەیی) سیفەتێکی کوشندەی نەخۆشییە لە تاك و کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا.

٢١

ئەبراهام لینکۆڵن و خەونە سەیرەکەی!

باسمان لە ئەبراهام لینکۆڵنە سەرۆکی شانزەهەمی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئازادکەری کۆیلەکان لە ئەمریکا ١٨٠٩-١٨٦٥… یەکێك لە هاوڕێ نزیکەکانی و نووسەرەوەی یاداشتەکانی دەڵێت: سێ رۆژ پێش ئەوەی تیرۆر بکرێت لینکۆڵن خەونێکی بۆ گێڕامەوە و پێی گوتم: دە رۆژ پێشتر زۆر درەنگ چوومە ناو خەونێکی قووڵەوە، چونکە پێشتر زۆر ماندوو بووم و بروسکە هاتووەکانی بەرەکانی جەنگم دەخوێندنەوە، لە خەونمدا کە کەشێکی بێدەنگ باڵی بەسەردا کێشابوو گوێم لە گریەو ناڵەی نزم بوو، وا دیار بوو کۆمەڵێك کەس دەگرین، لە خەونەکەمدا وام هەست دەکرد لەسەر جێگاکەم دەرچووم و چوومەتە قاتی خوارەوە و پێیدا دەگەڕێم، جارجار بێدەنگییەکە بە گریانی ئامادەبووان دەپچڕا، بەڵام ئەوانەی دەگریان دیار نەبوون. هەموو ژوورەکان گەڕام و کەسم نەدۆزیەوە، بەڵام گریانەکە زیاتر بڵند دەبوو، لە هەر ژوورێکدا چراو رووناکیەکانم وەك خۆی دەبینی هەڵکرابوون و دیمەنێکی ئاسایی دەبەخشی، دەمپرسی ئەی ئەو هەموو خەڵکە لە کوێن کە وەکو ئەوەی دڵیان شەق ببات و پارە پارە ببێت دەگرین؟ سەراسیمە بووم و دەشترسام، دەمویست هۆکاری ئەو مەسەلە نامۆیە بزانم، تا گەشتمە ژووری رۆژهەڵات و رووبەرووی موفاجەئەیەکی ناخۆش و کاریگەر بوومەوە؛ لەبەردەممدا تەرمێك لەناو کفندا دانرابوو، لە دەوروبەری تەرمەکەش سەربازانی پاسەوان هەبوون، ئەو خەڵکەش لەوێ بوون سەریان داپۆشرابوو و بەشێوەیەکی خەمبار چاویان بڕیبووە تەرمەکە و هەندێكی تریان دەگریان، لەسەربازێکم پرسی: ‘کێ لە کۆشکی سپی مردووە؟’

وەڵامی دامەوە: سەرۆک، بکوژێك کوشتوویەتی.

ئیدی ئامادەبووان هەموو پێكڕا دایەنە قوڵپەی گریان و من لە دەنگیان بە ئاگا هاتمەوە، ئەو شەوە نەمتوانی بخەومەوە و ئەم دیمەنە زۆر ناڕەحەتی کردم.

بەڵێ هەر بەو شێوەیە بوو، چەند رۆژێك دواتر سەرۆکی وڵات و ئازادکەری کۆیلەکان (ئەبراهام لینکۆڵن) لەکاتی ئامادەبوونی شانۆگەرییەکدا بەدەستی جاسوسێکی راستڕە و بەناوی جۆن ويلكس بوث لە پشتەوە تیرۆر کرا.

٢٢

کۆدی خەون و شیعر

قسەم لەسەر خۆشی و ناخۆشی نییە، بەڵام خەون زۆر جۆری هەیە و هەندێکیان حيوار لە خۆ دەگرن، شوێنگای ناسراو یان  نەناسراوی تیا دەبینیت، بابەت لە خۆ دەگرێت کە لە هزری تۆدا نەبووە پێشتر، هەندێک جار دەم و چاوی تازە و هەندێك جاریش تێکەڵ… من وای دەبینم وەك زۆر نهێنی تر لەم گەردوونە و جیهانی گیاندا هێشتا خەون تەفسێرێکی دروست و تەواوی بۆ نەکراوە و حەقی خۆی پێ نەدراوە، چونکە زۆر بەرفراوانتر و قوڵتر و هەمەچەشنە تەنانەت لە دەرەوەی دابەشکردنەی سیگمۆند فرۆیدیش بۆ بەشەکانی دەروون.

دەکرێت یەکسەر کە لە خەو هەڵدەستیت و پێش ئەوەی خەونەکەت لە یاد بچێتەوە دەست بکەیت بە نووسینەوەی، دوایی وەکو دەقێکی شیعری سەیری بکەیت و بزانە ئایە کۆدەکانی چین و بۆت دەکرێنەوە؟ بزانی ئایە ئەو خەونە چەندێك تایبەتە و چەندێك گشتی؟ پەیوەندی رووداوێك یان چەند رووداوێك پێکەوە چییە لە ناو خەونێکدا؟ چەندی مەعقولە و چەندی رەگەکانی دەچنەوە نێو زەمینی سوریالی؟ کاریگەری ئاستی ئاگامەندی یان روونیی گیانی خەونبین چییە لەسەر ناوەڕۆکی خەون؟ کامەیان پەیوەندی بە رابردووەوە هەیە و کامەیان داهاتوو، کامەشیان وەکو بەڵێنی هاوڕێیەکی دووڕوو و پوچە؟ و زۆر شتی تریش…

زۆر جار راکانی ناو سۆشیال میدیا بۆ پێکەنین و کات بەسەربردن تەماشا دەکرێت، بەس من وای دەبینم  ئەم بابەتە هەم دەگمەنە و هەم جددی.

٢٣

شاعیران و لاسایی کردنەوە

رەنگە ئەم بابەتە کەمێك بە لای هەندێکەوە سەیر بێت، کە چۆن شاعیران لاسایی دەکەنەوە؟ ڕێی تیدەچێت هەندێكجار ئەو پرسیارەمان لە خۆ کردبێت کە ئایا شاعیر لاسایی دەکاتەوە یان نا؟

لێرەدا بۆ چوونە ناو ئەم بابەتە ڕامانێکی خێرامان پێویستە لە زاراوە و وێنەکانی ناو شیعرەکان، کە ئایا چەندیان سەرچاوەکەی پێکهاتەکانی سروشت و گیانەوەرانن وەکو گوڵ و پەپوولە و خۆر و مانگ و رووبار و شەو و زستان و تەنانەت ئاکاری مرۆڤ و هتد… بەڵام ئەوەی شاعیر پێی هەڵدەستێت بەکارهێنانەوەی ئەو ناوانەیە تێکەڵ بە ئەندێشە و ئایدیا بۆ بەرهەم هێنانی دەقێکی ئەدەبی، بۆنموونە گوڵەبەڕۆژە بە عەرەبیش (عباد الشمس) یان (دوار الشمس)ـە و بە ئینگلیزیش Sun flower ـه‌.

کەواتە پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەیە لە نێوان خۆر و ئەم گوڵەدا، بەوەدا هەمیشە رووی خۆی دەکاتە رۆژ، بەڵام شاعیرێك دێت خۆی دەشوبهێنێت بە گوڵەبەڕۆژە و دڵدارەکەی بە خۆر، یان گەل بە گوڵەبەڕۆژە و خۆریش وەک سیمبوڵی ئازادی و سەروەریی، ئەمەیە زەمینەی کاری شاعیر کە لە گەردوون ورد دەبێتەوە و دەیکاتە کەرەسەی کارە وێژەییەکەی و مانا بە شتەکان دەبەخشێت, ئیتر نازانم بۆچی خۆر جارانێك نەبێتە سیمبوڵی سووتان و شەویش ئارامگای هێمنییەکان؟ لێرەدا کارمان بەمە نییە چونکە ئەمە رووبەری ئازادی بەکارهێنان و لێکدانەوەی شاعیرەکانە.

جا وەك چۆن شاعیران لاسایی سروشت دەکەنەوە، هەر واش بێ مەبەست و نائاگا لاسایی شاعیرانی تر دەکەنەوە، بۆ نموونە دەبینین شاعیرێك شیعری شاعیرێکی تر دەخوێنێتەوە و لە نەستیدا وێنەیەك یان سیمبوڵێك دەمێنێتەوە کە پێی سەرسامە، رەنگە پاش ماوەیەکی درێژ ئەو زاراوەیە نائاگایانە جێی خۆی لە سوچێکی شیعرێکیدا بگرێت، کەواتە ناکرێت بۆ نموونە لە شیعری شاعیرێکی ناوداردا ئەم خاڵە ببینیەوە یەکسەر بڵێین ئەوە دزییە، وێڕای ئەوەش زاراوە لەبەردەستی هەموواندایە بە یەکسانی و وەك یەك سوودی لێ دەبینن (لەگەڵ ئەمەشدا هەندێكجار بۆی هەیە دوو شاعیر یان زیاتر هەمان بیرۆکەی شیعریان بۆ بێت، یان یەك دەستەواژە و وێنەی شیعری هاوشێوە بەکاربهێنن بێ ئەوەی چاویان بە شیعری یەکتر کەوتبێت، بەڵام ئەمە لە زۆر دیتێڵدا ناکرێت).  

کەواتە لە بەرەنجامدا دەتوانین بڵێین شاعیران لاسایی دەکەنەوە، بەڵام ناتوانین بڵێین هەموو لاساییکردنەوەیەك نێگەتیڤە. نازانم ئێوە راتان چییە؟

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.