قووڵایی شەو

0 796

غەمگین خدر

لە پێش دەستم دەجووڵێیت
تارماییت تاكوو ئەوپەڕی قووڵایی ڕۆژ دەڕوات
شكستی پەنجەكانم ئەوە بوون
باغەوان نەبووم و
نەمتوانی زمانی گوڵ،
لە شیعرمدا بچێنم
ئامێری زەبەلاح كەوتنە تەنیشت پەیڤەكانم
ڕەشبینی بەناو پەراسووەكانمدا،
بڵاوبووەوە و
ئەو خولیایەشم لە گۆڕی باوكت نا!

ڕابردووی خەواڵووم هەستا
لەكاتی دووبارەی فەرامۆشیدا
بێدەنگی پێكەنینی ناو گریانە.

ئێستام لە قووڵایی ئاسماندا تاریك داهاتووە
شەو بەناو ڕەشبینم وەك تاعوون بڵاوبووەتەوە
ڕوخساری ئەستێرەیەك دووراو دوور
لە نیگام دەچەقێت
وەسوەسەی مەرگ ڕۆحم ڕادەچڵەكێنێت و
بیری ئاسودەیی دەكەم
دەستەكانت چەندە پڕ پەمۆ بوون،
ئاسودەیی!

لەم شیعرەدا
دەمەوێت قووڵ لە ئازارەكانم ڕۆبچم و
هەست بە دەمارەكانی ڕاستەقینەی ژیانم بكەمەوە.

چەند ڕۆژێكە ئەوەندە گەرمە
بیری كۆخەكۆخی زستان دەكەم
ئاسمان ئەو كاتانە ئەوەندە شین و مۆر هەڵگەڕا
تاكوو ئاو لە سنگی چۆڕایەوە
تۆیش ئەوەندە نقومی ئاسمانم بوویت،
تاكوو ئەستێرە لە دەستەكانت ڕژا.

لە ژێر بنمیچی ماڵێكدا شەو باری
تاریكی بیناییمانی كردە كۆیلەی خۆی
خەتای ڕووناكی گەورە نەبوو
خەتای بێخەتایی ئێمە بوو
ئەو خەتایەی خەتای كرد
قاوەی ئەڤینی هەتاهەتایی
لە بەردەممان سارد كردەو.

هیچ گڕی ئەوینێكی دیكە و
هیچ ئاگرێكی دیكە نەیتوانێت گەرمی بكاتەوە
هەر هیچ.

زەنگت بۆ مەرگ كردووە
بێتە سەردانت
پیاوێكی سپی
قاوەیەكی تاڵتر لە ژیانت
لەگەڵ بخواتەوە
پەیڤەكانم بوونە گاشەبەرد
تۆ بۆ بوویتە بووكەشووشە
بەبێ ئەوەی تاڵە پرچێكت بشكێت
شكایت!
هەستی شكانت كەوتە سۆراغی خڕكردنەوە.

لە پێناوی پێناوییەكانت
بۆ ئەوەی سەری دڵخۆشییەكانت نەشكێت،
شكام!
پشتم كردە پشتم
پشتم كردە چێژی ڕێگەكانی زەوی
دەستبەرداری تەنانەت هەورەكانیش بووم
تەنیا مامەوە و
خۆم بە زمانمەوە نووساند
تەنیا توانیم ئەوانەت بۆ بنووسم.

هەموو گەردوونم كردە قسە
پشتگوێم خست
تەنیا لە پێناوی حەزت
حەزی تۆ گاگۆڵە بكات، نەمرێت.
نیوچاوانت لە هەور بەرزتر بێت
بەناو ئاسمانی شەوەكانمدا
بخشێت
پرچت.

تاكوو بە ئاسانی بتوانیت دەست لە نەرمایی هەورەكان بدەیت/ بارانەكان لەسەر دەریاكان راگری و وەرزەكان بە ئارەزووی دڵت بگۆڕیت.

دووبارە هاتمەوە و
شیعری ئەڤینی شەوم بۆ نووسییەوە
لاپەڕەیەكی سپیم بۆ دوا قسەت جێهێشت
فێڵم لە ڕۆشنایی دڵم كردەوە
ئەوەندە خوێنی خۆم خواردەوە
خڕۆكە سوورەكانیشم قڕكردن
خوێنم نەما
لە بێ خوێنی تۆشدا، خۆم كوشت!

هەر نەمهێشت دەفتەری خۆزگەكانت بدڕێنن
هەر نەمهێشت دەستەكانت بكەنە لافیتەی پرسەكەم
هەر نەمهێشت پەرێزی پرچت ئاگر بگرێت
هەر نەمهێشت قووڵایی ئاسمانت بە گوللە بریندار بكەن
هەر نەمهێشت كەوتنت بكەوێتە بن پێم
نەمهێشت بمری و
بۆت مردم!

جەستەم خستە سەر پێیەكانم و
بەناو فەزای ئەو پەیڤانەدا
ڕۆیشتم دوور دوور
جەهەننەمیش بەم هەموو ئازاری مردنەوە
وەری نەگرتم و
نەیتوانی ئەو هەموو ئازارەم بسوتێنێت
نەیتوانی ئەو هەموو گوناهەم بلاوێنێتەوە
لە پەنای پەیڤی پاكبوونەوەدا بیانشارێتەوە
ئێستانەكینێش بێ گۆڕ و بێ نیشتیمانم.

دەڕۆم و دەڕۆم…
تەرمەكەم بەناو شاردا
هەر هاتووچۆیەتی
دەترسێم تارمایییەكەم بە هەڵە خۆی بكوژێت.

ڕوخساری تەرمەكەم شێوێنراوە
هەبوونی تەرمەكەشم بە ژیان نامۆیە و
خۆم وەك تارمایییەك دەبینم!
ئەوەندە سەری بێ ڕۆحم لێ تێكچووە،
ناتوانم بەم هەموو ئازارەوە، بۆ تەرمەكەشم بگریێەم!

پەرتەوازەیی دێڕی شیعرەكانم
كێشەی خۆمە و
تاسەكان لە بن زمانم دەشارمەوە.

ناتوانم
بەم هەموو ختووکەی مەرگە
لەناو تەرمەكەمدا کە تەقەت كراوە
لە پەراوێزی ژیانتان بژیم!
دەزانم كە دەزانن،
ڕووم نەماوە ئەوەندەی چاوقاییم بژیم!

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.