شەو، بەیانی، عەسریش

0 617

بۆ سمکۆ

تەیب قادر

ئەو ڕۆژەی هەواڵی مردنی تۆم پێگەیشت گریام، بەس نەمهێشت کەس بزانێت
لە تەنیشت وشەی وەفا دانیشتم و
بیرم لە سڵاوەکانت دەکردەوە
بیرم لە پێکەنینەکانت دەکردەوە
بیرم لە بەسەرهاتەکانت دەکردەوە
هەر خۆم بە تەنیا، بیرم لەو تاریکییانە دەکردەوە کە تیایدا نەدەخەوتین
کە تیایدا باسی چیڕۆکی سەفەرەکانی خۆت و
ئەو زەوییەت دەکرد، کە بۆی چوویت و هیچ وێنەیەکی لە ئێرە نەدەچوو
هیچ مرۆڤێکی لە ئێرە نەدەچوو
هیچ خواردنێکی لە ئێرە نەدەچوو
تەنیا مرۆڤەکانی ئێرە، کە لەوێ بوون،
هەموو شتێکیان لە ئێرە دەچوو.

بیرم دەکردەوە، تۆ چەند سپی بوویت، چەند ئاویی بوویت، چەند ڕووناک بوویت
تۆ هەر ئەو نزیکە بوویت، کە لە دووریش بوویت
هەر ئەو ڕەنگە بوویت، کە لە دووریش بوویت
هەر ئەو چیڕۆکە بوویت، کە لە دووریش بوویت
لەنێو تەلەفۆن و لە دەرەوەی تەلەفۆن و لەنێو چات و لە دەرەوەی چات و
لە تەنیشت و لە دەرەوەی تەنیشت و لە شەودا و لە دەرەوەی شەودا و لە بەیانیدا و لە دەرەوەی بەیانیدا و لە عەسردا و لە دەرەوەی عەسردا،
هەر سمکۆ بوویت و هیچ ناوێکی ترت نەبوو.

لە شەودا، لە بەیانیدا، عەسریش،
قسەمان دەکرد و شۆڕ دەبووینەوە لای خۆمان و
باسی ئەو چڵکاوانەمان دەکرد کە چۆن قسە دەدزن و
زۆر بچووکەنە، بۆ (ژوورەوە)ی دەبەن
زۆر بێشەرمانە، بەرد دەخەنە نێو ئەو خۆراکەی، کە دەیاندەینێ
زۆر بێ شەرمانە، ڕستەی درۆ و ڕستەی گەنی و ڕستەی زبڵیی،
بۆ ئەوانە دەبەن، کە وەک خۆیان، چڵکاو و بچووک و بێ شەرمن.

تۆ ڕۆیشتی و ئەوەت نەدیت، کە مارمێلکەکەکان بۆچی مارمێلکەن
ڕۆژێک کە بەڕۆژوو بووم، بانگیان کردم،
بەبەرچاوی ئەو هەموو جرج و ئەو هەموو قسەدز و ئەو هەموو کۆیلە و ئەو هەموو سیسرکەوە،
گوتیان، تۆ کاتت لای ئێمە تەواو بووە و فەرموو
بینیم، کە ژوورەوەش، هەر مارمێلکەکانی عەسر و شەو و بەیانیین
ژوورەوەش، هەر (خلە و بلەن)
مارمێلکەکان قسەدزی ژوورەن
ژوورەوەش قسەدزی شوێنی ترن.

بیرتە کە دەمانگوت: ئەو هەموو پەرداخە سەرسەرییە،
ئەو هەموو قەلە سەراوبنە، ئەو هەموو زبڵە سەرخۆشە،
ئەو هەموو کەستەکە دووڕووە،
چی دەکەن لێرە؟
چوومە ژوورەوە و بینیم،
ژوورەوەش، پەرداخی سەرسەری و قەلی سەراوبن و زبڵی سەرخۆش و کەستەکی دووڕوون.

شەوان خەومان دەردەکرد و تا بەیانی تاریکمان دەژمارد
تا بەیانی ئەو ژمارانەمان دەژمارد، کە ژیان نەیدەتوانی بۆمان لێکبداتەوە
پیاسە بەشی چەند خولەکێکی دەکرد
بەڵام قسە تەواو نەدەبوو و تا بەهەشت پێی دەچووین
دەچووینە بەهەشت تا بزانین ئەوانەی لەسەر گازەرەی پشتدا،
وەک ئێمە خەو نابەنەوە ماڵەوە، لەوێن
لەوێ نەبوون، دەنگیان لە جەهەنەم دەبیسترا
دەماندیت کە (هیچەکان) چۆن ئازاریان لەبن خۆیان ڕاکشاندووە و
ژانیان بە خۆیان داداوە.

دەژیاین و ژیانەکە هیی خۆمان بوو
هیی ئەو ئاوە بوو کە هیی هیچ کەسێک نەبوو
هیی قسەکانی دایک و باوکمان بوو
هیی ناوەخۆمان، کە پێی دەگوتین باش بن
دەژیاین و ژیان بەو ڕێگەیەوە خۆشە، کە بەرەو ناسینی تاریکییت دەبات
هەر ئەو ڕێگەیە، تۆ دەتگوت: زۆر جوانە،
جگە لە خۆت، هیچ ئاوێنەیەکی دوودیوی تێدا نییە.

سەفەرەکانت هەندێک لە شەو بوون و هەندێک لە ڕۆژ
جگەرەکانت قسەی لەگەڵ یادەوەرییەکانت دەکرد
دەتگوت: ئەوبەری زەوی بە تەنیاییەوە خۆشە
ئەگەر بە تەنیا نەبیت،
لەگەڵ ئەوانە بیت، کە لێرە خۆشیان دەوێیت،
دەبیتە هەڵم
لەوێ خۆشیان ناوێیت
لەوێ دەبیتە سەیرکەری ڤیدیۆی ئەوان و
ناشتوانیت بڵێیت: بوەستن.

پێم گوتی: جارێ مەمرە
تا من دەناسیت و دەچمە نێو شیعرێکەوە
تا لە گۆشەیەکدا، لەوبەری بەرد و جرج و قسەدز و … دەمبینیت
گوتم: لە ژیان بمێنەوە و بە یەکەوە لە قسەی خۆش بەردەوام دەبین
بە یەکەوە و لەگەڵ ئەوانەش، کە ئاگایان لە خۆیانە و دەزانن مرۆڤن،
ئاسودەیی خڕ دەکەینەوە و شادی دەدەینە ئەوانەی کە دەزانن مرۆڤن.

غەریبییت دەکەم و دەمەوێت تەلەفۆنت بۆ بکەم و سەرهاتێکی نوێم بۆ بگێڕیتەوە
دەمەوێت ئەو جارە سەرهاتەکەت لە بەیانییێکەوە دەست پێ بکەیت،
کە بەرەو ژیانێک بچێت هیچ تاریکییەکی تێدا نەبێت
هیچ گرێیەک، کە زبڵەکان گرێن، تێدا نەبێت
هیچ مرۆڤێکی تێدا نەبێت، کە گیرفانیان پڕە لە تاریکی
دڵیان پڕە لە تاریکی
تەنیا ئەوانەی تێدا بێت، کە وەک خۆت سپین، وەک خۆت ئاویین.

*سمکۆ هاوڕێم بوو، هاوڕێیەکی خۆشەویست. بەداخەوە، لە ١٨/ ١/ ٢٠١٩ بە جەڵدەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.