بانک

تەیب قادر

برسیمە، نانم کەوتووەتە چ دەستێک؟
دەستەکە پاکە؟
ئەگەر پاکە،
بۆچی سەرم گێژ دەخواتەوە و
دڵم هەست بە شادی ناکات؟

بیهێنەوە، ئەو خوێنەی خۆم کە ئازادییە
ئازادیم لە ڕابردوو بەرز بوو
ئێستا کە بێ نانم،
ئازادیش هیچ.

منداڵێک دەگریێت،
دایکی قسەی خۆشی دەداتێ بیخوات
منداڵەکە قسەی خۆش تف دەکاتەوە
دەڵێت: پایسکیلم دەوێت
پرسیشمە
حەزم لە پیاسەیەکە لە زەوی
زەویی من کوا بۆ دیار نییە؟
بۆچی من ون کراوم و
لە هیچ دڵخۆشییەکدا خۆم نابینم؟

باوکم چوو نان وەرگرێت،
هاتەوە
گوتی:
گوتیان گیرفانی بانکەکان بەتاڵە
تەنیا چەند تریلۆن دۆلارێکی تێدایە
ئەویش هیی تۆ نییە
هیی ئەوانەیە،
کە خەریکی خواردنی سەری تۆن.

ژنێک کراسەکەی دڕاوەوە و بە وشە جوانەکانی هاوسەرەکەی دروویتیەوە
دەڵێت: بەیانی جەژنە
دوو سبەیش هەر برسییەتی دەخۆین
قەینا،
با هاوسەرەکەم نەکوژرێت!

پیاوەکە، لە شاخەکاندا چەندان مەخزەنی بەتاڵ کردووەتەوە
پێنج جار شەهید بووە و
سێ جار کوژراوە و
دوو جار لە سێدارە دراوە
ئێستا،
گیرفانی بەتاڵە
خۆی دەزانێت بۆ نان نەچووەتە شۆڕش،
بەڵام ئەوانەی وەک خۆی، چەرمی پێیان پێڵاو بوو،
لە زەوی نەماون
چەند بەدوایاندا دەگەڕێت،
لەنێو کوردا نایاندۆزێتەوە
تەنیا لەو شوێنانە دەیانبینێت، کە پێی دەڵێن بانک
بانکی ئەوانیش لە زەوی نییە
دوورە
چاوی ئێمە نایانگاتێ.

کەسێک دەیەوێت بڵێت: برسیمە، پێش ئەوەی وشەکە تەواو بکات، دەکوژرێت.

کەسێک دەڵێت: فێنکاییم نییە، پێش ئەوەی وشەکە تەواو بکات، دەکوژرێت.

کەسێک دەڵێت: گەرمییم نییە، پێش ئەوەی وشەکە تەواو بکات، دەکوژرێت.

هات
دەچمە فڕن شەش نان دەهێنم
نەهات
ناچم، ئەم بەیانییەش کورد خۆش
دەچم و ناچم و هات و نەهات…
دەرچن لە سەرم
من بەرگەی فشقیاتی تاریکی ناگرم
یان ژیان، بە ڕووناکییەکی ڕەسەنی گەورەوە
یان مردن، بە تاریکییەکی ڕەسەنی گەورەوە
ئەو هاتووچوونە،
پشتمی بێ رێز کردووە
سکمی کردووەتە جۆلانە
قاچم نەماوە
بەبێ ڕۆح بە شاردا غار دەدەم
بۆ کوێ؟
نیشتمانم لە کوردا لێ دزراوە
بەم وێنانەی ئێستا نایەتەوە
دەبێت شوێنم بگۆڕم
دەنا نەوەکانم لێم خۆشنابن..

کوڕێک پێویستیی بە هەندێک خەرجکەر هەیە
تا بچێت خۆشەویستەکەی بهێنێتە ماڵەوە
ماڵی نییە
ئەگەر ماڵی هەبوایە،
خۆشەوستەکەی لەلای دەبوو و
منداڵەکەی لە باوەش دەگرت.

کچەکە چاو لە دەرگەی حەوشە هەڵناگرێت
هەر کەسێک لە دەرگە بدات،
دەڵێت، خۆشەویستەکەمە
هاتووە بمباتە بەهەشت
بمباتە لای منداڵەکانم
هاتووە بڵێتە باوکم،
ئیتر من ئاگام لە کچەکەتان دەبێت
بەڵام خۆشەویستەکەی گیرفانی نییە
گیرفانیان لێ دزیوە
ناتوانێت ماڵی هەبێت و
گوڵێک بۆ خۆشەویستەکەی بکڕێت و
لە باوەشی بگرێت.

سەرم سوڕا و دڵم بەربووەوە نێو قاپەکەی بەردەمم
قاپەکە بەتاڵ بوو
دڵم شکا و
دەستم لە ژیانم دەگێڕا،
تا بزانم لە کوێی هەڵەی ژیانم لێم کەوتووە
کەوتووە،
ئەو کاتەی متمانەم بە گورگ کرد
گوتم،
ئاگات لە پەپولە بێت.

کەسێک بانگی خەونی دەکات و خەونی بەند دەکرێت.

کەسێک بانگی ئازادیی دەکات و ئازادیی بەند دەکرێت.

کورد بە کراسێک بۆ کچەکەم
کورد بە پانتۆڕێک بۆ کوڕەکەم
کورد بە چەفیەیەک بۆ ژنەکەم
کورد بە کیلۆیەک پەتاتە
کورد بە دوو نان…
گوتم بوەستە
دەمت بهێنە خوارەوە
کورد هەڵگرەوە و لەگەڵ خۆت بیبەوە بۆ مێژووێکی خاوێن
کورد هیی هیچ کەسێک نییە
کورد هیی خۆتە.

پیرێژنێک چاوێکی لە چاوەڕوانی کوڕەکەی،
ئەو کوڕەی کە لە ئەنفالدا لێ ون بوو،
لە دەست داوە
لە بەردەم بانک، بۆ وەرگرتنی چەند دینارێکی مێردە مردووەکەی، وەستاوە
قاچی دەخزێت
داهاتووی لە سەریدا دەسووڕێت
بەردەبێتەوە و
دڵی دەمرێت.

پیرێژنێکی تر کە لە چیا بۆ ئەوان نان بووە
بۆ ئەوان چێشت بووە
بۆ ئەوان شوێن بووە
ئێستا
سکی بێ نانە
سکی بێ چێشتە
ژیانی بێ شوێنە.

پیاوێک تەتەر بوو لەنێو شاخەکان
هەواڵی کوردی،
لەبن ئەو شاخ دەگواستەوە بۆ ئەو شاخ
ئێستا
کوڕەکەی لەسەر پرخەیەک، کە بە دڵی ئەوان نەبووە، گیراوە
لەوسەر بۆ ئەوسەر
کەس دڵی ناناسێت
کەس نازانێت،
پڕە لە هەواڵی ڕابردوو
پڕە لە کورد.

برسییەتی دەخۆم، ئازادیم نادەمە دەست کەس
حیزب کەس نییە
لە گیرفانی خۆمدا دەژیێم
ئەوانەی دەسەڵاتی نووسینیان خستە بن پێی حیزب
ئەوانەی ئازادیی نووسینیان خستە باوەشی حیزب
ناتوانن،
بۆ خەمی پیرەپیاوێک قسە بکەن
بۆ خەمی پیرێژنێک قسە بکەن
بۆ ئازاری گەنجێک قسە بکەن
وشەکانیان فرۆشتووە
تەنیا بۆ بڕانی نانی خۆیان قسە دەکەن
قسە ناکەن
چەڵتەچەڵت دەکەن
من قسە دەکەم و ئازادیم لە هیج جێگەیەک نییە
ئازادیم لای خۆمە
لای سەری خۆم
دەنووسم و نووسین ژیانە
نووسین ئەو ژیانەیە، لە بەرزی دەتهێڵێتەوە
بڕۆنەوە شوێنەکانتان
کەس ئێوەی وەک دەست ناوێت
دەست دەبێت ئازاد بێت
ئەگەرنا وشە دەبێتە ژەهر.

گۆرانییەکی ڕووت، شوێنی خۆشترە لە سروودێکی پاک
گۆرانییە ڕووتەکە لە نێوگەڵ زیاتر بەرز نابێتەوە
سروودەکە بەرزە
ئەوان ناتوانن سەریان بەرز بکەنەوە و
سروودەکە ببینن
گۆرانییە ڕووتەکە لە خوارەوەیە
گۆرانییە ڕووتەکە دەبینن
گۆرانییە ڕووتەکە، جەستەی پڕە لە پارە
جەستەی پڕە لە شووقە
جەستەی پڕە لە ئۆتۆمبێلی بەرز
سروودەکە بێ نانە
سروودەکە برسییە
نازانێت کەی پارەی بینیوە.

برسیمە، برسییەتەکە هیی خۆم نییە
هیی ئەو منداڵەیە، باوکی بێکارە
هیی ئەو ژنەیە، مێردەکەی بێکارە
هیی ئەو دایکەیە، کوڕەکەی بێکارە
هیی ئەو باوکەیە، کە شاری خۆی لێ ون بووە
نازانێت چۆن بگاتەوە شار و
هەندێک ئاسوودەیی کۆ بکاتەوە و
بهێنێەوە ماڵەوە و
بیداتە دەست ژنەکەی و
بڵێت: چێشتێکی خۆشمان بۆ دروست بکە.