پێشڕەو عەبدوڵڵا
نووسین له‌سه‌ر شیعر وه‌ك شیعر نووسین خۆی وایه، وه‌ك چۆن له شیعردا به ته‌نها خۆت و خۆت ده‌مێنێته‌وه، خاڵی له ده‌نگی ئه‌وانی دی، به جۆرێك شاعیر ده‌بێته گوێگری خۆی، واته خۆی ده‌بێته گوێگر و یه‌كێكی دیكه قسه‌مان بۆ ده‌كات، ئه‌و یه‌كه به‌ده‌ر له هه‌ر كۆلاج و ده‌نگێكی دیكه، ئه‌و یه‌كه (منی) شاعیره. هه‌ر شیعرێكیش به‌ده‌ر بێت له ده‌نگی ئه‌و منه شیعر نییه، چونكه شیعر وه‌ك جیهانێك به ته‌نها ئه‌و ده‌توانێ خاوه‌نی بێت و تیایدا دامه‌زرێت. ئێمه له‌م نووسینه‌دا ده‌چینه ناو عاله‌می شیعره‌وه، به‌ڵام بۆ شیعر نانووسین؟ یانی مادام له‌ناو عاله‌می شیعرداین بۆچی نابینه شاعیر له‌م نووسینه‌دا؟ لێره‌دا ئێمه له یه‌ك كاتدا شاعیر نین، ئه‌ویش به‌وه‌ی له‌ناو ههمهكیهتی شیعردا ده‌مانه‌وێت بزانین شیعر چییه؟ یانی له هه‌وڵی عه‌ینی كردنه‌وه‌ی ههمهكیهتێكداین كه ئه‌ویش شیعره. لێره‌دا ده‌بینه سه‌یركه‌ری شیعر، به‌وه‌ش شاعیرین كه ده‌چینه ناو عاله‌می شیعره‌وه؟ واته ئه‌م نووسینه هه‌م قسه‌كردنه له‌سه‌ر شیعر هه‌م گه‌ره‌نتى ئه‌وه‌مان هه‌یه گه‌ر توانیمان له‌ناو عاله‌می شیعردابین. ئه‌وه ببینه شاعیر. چونكه ده‌بێت منی شاعیر له ئێمه‌دا حزور په‌یدا بكات ئه‌وكات شیعر وه‌ك ههمهكیهك داده‌به‌زێت و شاعیر تیایدا داده‌مه‌زرێت ئه‌مه‌ش بۆ خۆی به ته‌نها به‌وه ده‌بێت منی شاعیر بێته ده‌ر و بدره‌وشێته‌وه له‌ناو مانا، چونكه به ته‌نها خۆی ده‌لیله بۆ ماڵی شیعر تا بتوانین بزانین چییه؟ هه‌ر قسه‌یه‌كیش یاخود شیعرێك بكه‌وێته‌وه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م (من)ـه، ئه‌وا له شیعر و له چیه‌تی شیعر دوور ده‌كه‌وێته‌وه، چونكه ئه‌وكات له‌ناو خۆماندا ده‌كه‌وینه ناو ناوچه‌یه‌كه‌وه كه پڕه له وێنه و ده‌نگی ئه‌وانی تر. چۆن ئه‌وه‌ش ساغ بكه‌ینه‌وه كه‌وا ئه‌وه‌ی بڵێین له‌سه‌ر شیعر ڕای خۆمان نییه و شیعری خۆی بێت، لێره‌دا ئه‌و پێوانه‌یه چییه كه‌وا ڕای كه‌سی له حه‌قیقه‌ت جیا ده‌كاته‌وه؟ ئێمه سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه‌وا ڕێگه‌ی هه‌ریه‌كه‌مان بۆ ماڵی شیعر جیاوازه، چونكه پێش ئێمه زۆر له فه‌یله‌سووفان و ڕوناكبیران قسه‌ی خۆیان كردووه له‌سه‌ر شیعر، مادام شیعر وه‌ك پرسیارێكه جارێكی دیكه خۆی حازر كردۆته‌وه. لێره‌دا ئه‌وه‌ى كه شیعر شتێكی نه‌گۆڕ و نه‌مره واته شیعر وه‌ك بوویه‌ك هه‌یه. ئه‌وانه‌ی كه‌وتونه‌ته ناو شیعره‌وه ئه‌وكات شیعریان وه‌ك هه‌بوویه‌ك ئاماده‌كردووه. دواتریش شایه‌دی ئه‌وه‌یه كه شیعر وه‌ك چه‌مكێكی هه‌مه‌كی ته‌واو نه‌بووه، یانی گه‌ر هاتوو (شیعر) شتێكی گۆڕاو بووایه و بمردایه ئه‌وكات له لای فه‌یله‌سووفێك كۆتایی پێده‌هات و وه‌ك یادگارییه‌ك یاخود وه‌ك مێژوویه‌ك ده‌مایه‌وه و دواتر ته‌واو ده‌بوو، خۆی حازر نه‌ده‌كرده‌وه. هه‌ربۆیه ده‌بێت (من)ی شاعیر حزور په‌یدا بكات، چونكه (شیعر) نه‌گۆڕه و نه‌مره (من )یش نه‌گۆڕ و نه‌مره. ئه‌وكات به ته‌نها ئه‌و ده‌توانێ زانیاریمان بداتێ له‌سه‌ر شیعر. بۆ جیاكردنه‌وه‌ى ڕا له حه‌قیقه‌ت، بۆ خۆی دیاره ڕا به‌سه‌رده‌چێ و شیعر لای خۆی ناهێڵێته‌وه، حه‌قیقه‌تیش به‌سه‌رناچێ و شیعر لای خۆی ده‌هێڵێته‌وه. ئه‌وه‌ی گرنگه شیعر وه‌ك بوویه‌ك هه‌یه، دواتر ده‌ركه‌وته‌ی جیا جیای هه‌یه، به‌ڵام له بنه‌مادا یه‌ك شته، به‌ڵام چۆن بتوانین ئه‌وه بنووسینه‌وه كه‌وا ده‌ركه‌وته‌یه‌ك جه‌وهه‌ری شیعری تێدایه یان نا. هه‌ر جهوههرهكهش خۆی پێوانه‌یه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی شیعر له ناشیعر، به‌ڵام كه‌شفكردنی جهوههرهكهش خۆی پێویستی به (من)ه، چونكه به ته‌نها ئه‌و قابیلی بینینی جه‌وهه‌ری هه‌یه. له نێوان هه‌ماهه‌نگی جه‌وهه‌ری شیعر و (من)ی شاعیردا ده‌رده‌كه‌وێت كام ده‌ق شیعره و كام شیعر نییه. كام نووسین قسه‌ی له‌سه‌ر چییه‌تی شیعر كردووه و كامه‌ش شێواندوویه‌تی و شاردویه‌تیه‌وه. ئه‌وه‌ی وه‌ك جه‌وهه‌ر هه‌یه یه‌ك شته ئه‌ویش خۆیه‌تی، به‌ڵام فۆڕمی ده‌ركه‌وته‌كانی جیاوازه. ئه‌م جیاوازیه‌ش كارناكاته سه‌ر جه‌وهه‌ر، ده‌ركه‌وتنه‌كان ده‌كه‌ونه سه‌ر سروشتی شاعیر و چۆن ویستی ئه‌و جه‌وهه‌ره بۆ هه‌ڵبژاردنی فۆڕمی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی. هه‌ر بۆیه ئێمه خۆمان له‌به‌رده‌م بابه‌تێكی فراواندا ده‌بینینه‌وه كه ئه‌ویش شیعره. له‌م نووسینه‌دا ئێمه زۆر خۆمان دوور ده‌خه‌ینه‌وه له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین شیعر چییه؟ ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ خزمه‌تی ئه‌م باسه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك ده‌گه‌ینه ناو شیعر خۆیه‌وه، كه ئومێدمان وایه، هه‌موو ئه‌و پرسیار و گومانانه‌مان پێشتر تاقی كردبێته‌وه كه دێنه ڕێمان، هه‌روه‌ها له‌م ڕێیه‌دا له ڕێگه‌ی ناشیعریهتیهوه شیعریهتمان زیاتر بۆ ڕۆشن ده‌بێت. ئه‌م باسه‌ش له دوو سه‌ره‌وه پیایدا ده‌ڕۆین وه‌ك دره‌ختێك. سه‌ره‌تا لقێكی دره‌خته‌كه ده‌گرین و ده‌ڕۆین تا ده‌گه‌ینه هه‌مان ئه‌و قه‌ده‌ی كه ڕه‌گه‌كه گه‌یشتۆته ئه‌و، دواتریش له خاكه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ین هه‌تا بتوانین ئه‌م پرسیاره بكه‌ین كه شیعر چییه؟
ئه‌مه‌ش ته‌نها زه‌مینه خۆشكردنه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان له‌سه‌ر چییه‌تی شیعر بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ر لقی دار مێوێك به درهختهكهوهبوو بزانین سه‌ر به‌و دره‌خته نییه خۆ هه‌ر لقێكیش نه‌چۆوه سه‌ر هه‌مان قه‌دی دره‌خت ئه‌وكات ده‌زانین دووره له جه‌وهه‌ری ئه‌و دره‌خته‌وه. یانی ئه‌م ڕێگه‌یه دووكهوتنهوهیه بۆ ئه‌وه‌یه بزانین ئه‌وانه‌ی ڕایه‌كی سه‌ر پێییان داوه له‌سه‌ر شیعر دووریان بخه‌ینه‌وه له شیعر خۆی و دواتریش ده‌زانین كه‌وا قسه‌ی یه‌كێكه له‌سه‌ر شیعر كردوویه‌تی سه‌ر به جه‌وهه‌ره یان نا؟ یانی لێره‌دا دوو گروپمان بۆ ئاشكرا ده‌بێت هه‌ربۆیه ئێمه سه‌ره‌تا به‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ین كه‌وا سه‌ر به ناشیعرن و سێبه‌ره‌كانی شیعرن. دواتر بچینه سه‌ر چیه‌تی شیعر خۆی كه(من)ی خۆمان كۆمه‌كمان بكات له‌م باسه‌دا، یانی ڕۆحمان بێته كۆمه‌كمان تا بتوانین شیعر خۆی نیشانی ئه‌و ده‌قانه بده‌ین كه‌وا به‌ده‌ستمان كه‌وتوون هه‌تا خۆی شایه‌دی ئه‌وه بدات ئه‌مه حه‌قیقه‌تی شیعره یان نا.
١- سێبه‌ره‌كانی شیعر
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه ڕوون بكه‌ینه‌وه، كه مرۆڤ خاوه‌نی كۆمه‌ڵه هێزێكی جیاوازه بۆ تێڕوانین و زانیاری ده‌ستخستنی ده‌رباره‌ی خۆی و جیهان، ده‌رباره‌ی بوونی خۆی و ده‌ورووبه‌ری. هه‌ر كۆمه‌ڵه هێزێكیش له‌مانه تایبه‌تن به شتانێكی جیاوازه‌وه، واته بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه شتێك بناسین ئێمه مه‌حكومین به‌و هێزانه‌وه، ئه‌وان ده‌لیلی مرۆڤن بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و شته خۆ هه‌رشتێك بكه‌وێته ناو هێزێكه‌وه یان ده‌سه‌ڵاتی هێزێكه‌وه ئه‌وكاته ده‌توانین به یارمه‌تی ئه‌و هێزه‌وه نزیك بینه‌وه له‌و شته، بۆ نمونه چاو. به‌هۆی چاوه‌وه ده‌توانین ته‌نه‌كان ببینین و ڕه‌نگ و قه‌باره‌ی هتد… بزانین. یانی گه‌ر یه‌كێ بڵێت ئه‌م ته‌نه سووره به‌رانبه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت، كوا با سه‌یری بكه‌م؟ دیاره ئه‌م هێزه بۆ خۆی به‌شێكه، چونكه ڕووناكی هه‌یه ته‌نیش هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به مرۆڤه‌وه هه‌یه ئه‌و هێزانه‌ن كه خۆی خاوه‌نیه‌تی، لێره‌دا ده‌بێت دوو هێز جیا بكه‌ینه‌وه. هێزێك هه‌یه وابه‌سته‌یه به جه‌سته‌وه، ئه‌م هێزه توانای ئه‌وه‌ی نییه به ڕه‌هایی بژیت، به‌ڵكو كاركردنی وابه‌سته‌یه به به‌رانبه‌ره‌كه‌یه‌وه. ئه‌م هێزه له‌ناو جه‌سته‌دایه توانای ئه‌وه‌شی نییه وه‌عی هه‌بێت به‌رانبه‌ر به خۆی. ده‌ست ده‌توانێت ته‌نه‌كان له مس بكات، به‌ڵام ناتوانی خۆی بگرێت. چاو ناتوانێ خۆی ببینێ، ئه‌و هێزه ڕاستی له‌گه‌ڵ ماددیاتی شته‌كاندا هاوبه‌شه. هێزێكی دیكه‌ی مرۆڤ ئه‌ویش ڕۆحه، ڕۆحی مرۆڤ بوونی وابه‌سته نییه به به‌رانبه‌ره‌وه به‌ڵكو بۆ خۆی بوونێكی ڕه‌هایه و هه‌میشه هه‌یه. ڕۆح لێره‌دا مه‌به‌ستمان (بوون)ی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤه، ده‌روون جیاوازه ئه‌و سایكۆلۆژیایهی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه، كه‌وا ئه‌ویش له‌ناو جه‌سته‌دایه، به‌ڵام ڕۆح بوونی له‌ناو جه‌سته‌دا نییه، جه‌سته ده‌رخه‌ری ڕۆحه. ڕۆح یاخود (بوون) پڕه له ئایدیاڵی شته‌كان یان ئایدیاڵی خوا، چاكه، ئازادی، عاشق… هتد. له‌ناو (بوون) دا هه‌ن، (بوون) به ته‌نها له‌گه‌ڵ شته نهمرهكاندا له په‌یوه‌ندی دایه. شته نهمرهكانیش خاڵین له خاسیه‌ت و ماددیات، چونكه هه‌ر شتێكی ماددی كه هه‌یه قابیلی گۆڕان و له‌ناوچونه، به‌ڵام (ئازادی، شیعر، خودا) له‌ناو ناچن و گۆڕانیان به‌سه‌ردا نایه‌ت، به‌ڵام به شێوازی جیا جیا ده‌رده‌كه‌ون و ڕۆشن ده‌بنه‌وه، وه‌گه‌رنا له جه‌وهه‌ردا هه‌ر به خۆیانن. بۆیه له‌م باسه‌دا هاتووین له‌سه‌ر ناوچه‌كانی مرۆڤ قسه‌مان له‌سه‌ر شیعر كردووه. چونكه ئێمه مه‌حكومین به‌و هێزانه، له ڕێگه‌ی جیاوازی هێزهكانیشهوه جیاوازی شیعرهكانمان ئاشكرا كردووه. هه‌ر وه‌ك له باسه‌كه‌شدا دوایی كه‌م تا زۆر هه‌وڵمانداوه ناوچه‌كان جیابكه‌ینه‌وه. دواتر ئه‌و ڕێگایه له‌وه‌دا بۆ ئێمه گرنگه كه بۆمان ساغ ده‌بێته‌وه، كه ئایە شیعر سه‌ر به چ زمانێكه؟ دوایی حه‌قی ئه‌و ڕێگا بڕینهمان، ده‌توانین بڵێین شیعر چییه؟ یاخود پرسیار له‌سه‌ر چییه‌تی شیعر بكه‌ین؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆمان قوتار بكه‌ین له‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ڕایه كۆبكه‌ینه‌وه و لێڵی بخاته ناو بینینمانه‌وه به‌وه‌ی شیعر هه‌ست و خه‌یاڵه؟ شیعر ڕۆحییه؟ شیعر ئیلهامه؟ شیعر نه‌ستی مرۆڤه؟ كه له پێش ئێمه‌دا ڕۆشنبیرانمان هه‌وڵیانداوه بیر له شیعر بكه‌نه‌وه. ئه‌م باسه‌ش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ناكات كه‌وا شیعر لای ئێمه حزووری هه‌یه! نه‌خێر، به‌ڵكو هه‌وڵدانێكی بچوكه بۆ بیركردنه‌وه له شیعر و جیاكردنه‌وه‌ی سێبه‌ره‌كانی شیعر له شیعر خۆی. خۆ جیاوازی شیعرهكانیشمان هه‌ر به‌هێزه‌كانه‌وه به‌ستۆته‌وه، چونكه كرۆكی هه‌موو شتێك مهرجهعهكهیهتی، بۆیهنا وهكانیشمان وا ناوناون كه وابه‌سته بن به مهرجهعهكانیانهوه.
٢_ هه‌سته شیعر
یه‌كێك له‌و هێزانه مرۆڤ هه‌یه‌تی هه‌سته‌كانه (بینین، بیستن، تامكردن، بۆنكردن، گرتن) ئه‌مانه ڕاستی وابه‌سته‌ن به جه‌سته‌ی مرۆڤه‌وه. مرۆڤ بۆ هه‌ریه‌ك له‌مانه ئه‌ندامێكی هه‌یه كه ئه‌ویش (چاو و گوێ و زمان و لووت و… هتد) هه‌سته‌كان زانیاری ده‌ست ده‌خه‌ن بۆ جه‌سته، هه‌تا له ده‌وروبه‌ری خۆی شاره‌زایی و هه‌ست به گۆڕانه‌كان بكات، واته وه‌ك كۆمه‌ڵه پاسه‌وانێك وان ئاگاداری مرۆڤ ده‌كه‌نه‌وه له تاڵی و لە ساردی، گه‌رمای ده‌وروبه‌ر، ڕه‌قی ته‌نێك هه‌موو ئه‌و شتانه، هه‌سته‌كان به‌وه‌ی كه وورد نین جێگه‌ی ئه‌وه نین ئێمه بیانكه‌ینه جه‌وهه‌ر بۆ ناسینی حه‌قیقه‌تی شته‌كان، چونكه بۆ خۆیان له گۆڕاندان و ده‌كشێن دواتر هه‌موو خه‌سڵه‌تی شته ماددیه‌كان گۆڕاو و ناجێگیرن. (به‌فر) ته‌نها له زستاندا به‌فره، له گه‌رما ده‌بێته ئاو، له زۆر گه‌رمیدا ده‌بێته هه‌ڵم. بۆیه هه‌ر شتێ له هه‌سته‌كانه‌وه بێت گۆڕاوه و جێگیر نییه، تا بشتوانین ئێمه به هه‌سته‌كان بزانین، شیعر چییه؟، چونكه شیعر خۆی نه‌گۆڕه و سه‌ر به جیهانێكی دیكه‌یه، بۆ وردی و ناته‌واوی هه‌سته‌كان. دیكارت ده‌ڵێت: ((من بۆم ساغ بۆته‌وه هه‌ندی جار هه‌سته‌كان هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رن، ژیری له‌وه دایه به ته‌واوی له‌وان دڵنیا نه‌بین كه ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت جارێكیش هه‌ڵیان خهڵتاندین))1. بۆیه ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگه له‌ناو شیعردا هه‌سته‌كان به جێ ده‌مێنن و نابنه مه‌رجه‌عی شیعر خۆی، به‌ڵام جۆرێك له شیعر هه‌یه، كه‌وا مه‌رجه‌عی هه‌سته‌كانی مرۆڤه. هه‌روه‌ك پیاهه‌ڵدانی كچێك له‌ناو شیعرى گۆران‌دا ((قژ كاڵی لێو ئاڵی پڕشنگی نیگا كاڵ)) ئه‌وه‌ی لێره‌دا هه‌یه به ته‌نها هه‌سته‌كان چالاكن و هیچمان پێناڵێت له سه‌ر چیه‌تی كچ و ژن. هه‌ر بۆیه‌شه ئه‌م جۆره له شیعر ناومان ناوه هه‌سته شیعر.
ئه‌فلاتون له به‌شی ده‌یه‌می كۆماردا ده‌ڵێت: ((سێ جۆر قه‌ره‌وێڵه هه‌یه، هی دارتاش و وێنه‌كێش و خودا))2، ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ئێمه سێ جۆر له هێز جیا ده‌كاته‌وه، له ڕێگای سێ جۆر له قه‌ره‌وێڵه‌وه، یه‌كه‌میان كه ئایدیاڵی قهرهوێڵهكهیه كه خودا خاوه‌نیه‌تی، دووه‌م دارتاشه كه عه‌ینی كه‌ره‌وه‌ی ئایدیاڵی قهرهوێڵهكهیه له كه‌ره‌سته‌كانی خۆیدا. سێیه‌م كه مه‌به‌ستمانه له سه‌ری بڕۆین، وێنه‌كێشه‌كه‌یه، كه هێزی ئه‌و هه‌سته‌كانه. ئه‌وه‌شمان بۆ ئه‌وه هێناوه كه‌زیاتر ڕوون ببێته‌وه لامان كه هه‌سته‌كان چه‌ند دوورن له ئایدیاڵه‌وه؟ باشه با ئه‌و پرسیاره بكه‌ین، شیعر چ په‌یوه‌ندیه‌كی به ئایدیاڵه‌وه هه‌یه ئایە شیعر سه‌رچاوه‌یه بۆ زانین هه‌ر وه‌ك فه‌لسه‌فه؟ یاخود شیعر جیهانێكی یاری ئامێزه؟ ئایە لۆژیك له شیعردا هه‌یه؟ یاخود شیعر جیهانێكی تایبه‌ته؟ ئایە شاعیر چییه ده‌باره‌ی شیعر؟ كه‌م تا زۆر له‌گه‌ڵ ڕۆیشتمان له‌م باسه هه‌وڵ ده‌ده‌ین جارێكى دیكه ئه‌م پرسیارانه بكه‌ینه‌وه، جارێ ئه‌وه‌ی گرنگه كه جۆرێك له شیعر هه‌یه كه‌وا واقیع ده‌نوسێته‌وه. ئه‌وه‌ش ڕوونه حه‌قیقه‌ت واقیع نییه به‌ڵكو عاله‌مێكی دیكه‌یه. هه‌ر وه‌ك ئه‌فلاتون له باسی قهروێلهكهدا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، شیعری ڕه‌سه‌ن ئایدیا دێنێته ناو خه‌یاڵه‌وه له‌ناو جیهانێكی ته‌واو ره‌مزیدا. ئایە شیعر به چی شیعره؟ ئه‌وه‌ی شیعرێك زیندوو ڕاده‌گرێت چییه؟ ئایە بوونی ئایدیاڵه له‌و شیعره‌دا؟ هه‌ر شیعرێك له‌ناو بووندا له دایك بێت ئه‌و كاته ده‌بیته هه‌بوو. شاعیرش ئه‌وكاته ده‌بێته شاعیر، چونكه له جیهانی شیعردا حزووری هه‌یه به بوون. نه‌ك به خه‌یاڵ و به هه‌سته‌كان. لای هایدگه‌ر (زمان ماڵی بوونه )3 ئه‌م گوته‌یه شاهیدێكی گه‌وره‌ی كارهكهمانه به‌ودا زمان ماڵی بوونه، بوونیش شتێكی به‌رجه‌سته نییه هه‌تا هه‌سته‌كان بتوانن په‌ی پێبه‌رن، به‌ڵكو ئایدیاڵه و ته‌نها له‌ناو خۆیدا هه‌یه. وه‌ك حزوور شیعریش له ڕێگای زمانه‌وه خۆی به‌رجه‌سته ده‌كات دواتر له عه‌ده‌مه‌وه دێته ناو حزوورهوه له‌ناو شیعردا بێت یان فه‌له‌سه‌فه یان… هتد. چونكه بنه‌مای هه‌موویان یه‌كه به‌ڵام شیعر بۆ خۆی ده‌ركه‌وته‌یه‌كی جیایه و هه‌ر جاره‌ش به جۆرێك ته‌جه‌للى ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕۆحه تازه‌گه‌ریه‌ی شیعره كه هه‌میشه هه‌یه، ئه‌م جۆره له شیعر هه‌سته شیعره، ته‌نها به كه‌ره‌سته شیعره وه‌گه‌رنا له جه‌وهه‌ردا سێبه‌ره و ناتوانێ له‌سه‌ر بوونی شتێك بمانوهستێنی یاخود مرۆڤ له‌ڕێگه‌یه‌وه ناتوانێ خۆی ببینێته‌وه. شیعرێك كاتێك باسی قه‌د و گه‌ڵای دره‌ختێك ده‌كات به ڕه‌مز ئه‌م ڕه‌مزی بوونه‌ی ده‌یباته ناو شیعره‌وه به ڕوخسار، به‌ڵام له ماهیه‌تدا نه‌یتوانیوه ئایدیاڵی ئه‌و دره‌خته میوانداری بكات. هه‌ر بۆیه نابێته شیعر. شیعر قسه‌كردنه له‌گه‌ڵ ئایدیاڵی شته‌كان نه‌ك بوار سازانه بۆ دووباره‌بوونه‌وه‌یان له‌ناو زماندا. ڕێبازی (ڕیالیزم) یانی هه‌سته‌كان یانی نووسینه‌وه‌ی واقیع وه‌ك خۆی، له‌ناو شاعیره كوردییه‌كاندا گۆران شیعری زۆرن كه ده‌چنه ناو ئه‌م جۆره له شیعره‌وه كه هه‌سته شیعره. ئه‌وه‌شمان زانی به هه‌سته‌كان نازانین چاكه چییه؟ دره‌خت چییه؟ مرۆڤ چییه؟ هه‌سته‌كان چۆنایه‌تی شته‌كان ده‌زانێ، سیفه‌ت و ڕه‌گ و قه‌باره‌یان ده‌زانێ، به‌ڵام جه‌وهه‌ر نازانێ. شیعریش خۆی سه‌ر به جه‌وهه‌ره هه‌ر بۆیه له توانای جهوههردایه كه بزانێت شیعر چییه؟ هه‌ر جه‌وهه‌ر خۆیشی مه‌رجه‌عی شیعره؟ هه‌ربۆیه هه‌سته شیعر نییه. گه‌ر هات و چاكه وه‌ك ئایدیاڵ حزووری په‌یدا كرد له كردارێكی مرۆڤدا ئه‌و كات تۆماركردنی ئه‌و حاڵه‌ته وه‌ك ڕوودانی له واقیعدا، دیسان دووركه‌وتنه‌وه له ئایداڵی چاكه، چونكه هه‌سته‌كان تیایدا كاران. ده‌بێت خۆمان سه‌ره‌تا ههمهكیهتی چاكه بمانخاته ناو حاڵه‌وه، حاڵی عه‌ینی بوونه‌وه‌ی ئه‌وكات گه‌ر هات و شیعریانه هاته ده‌ر، شیعر وه‌ك جه‌وهه‌ر حزوور په‌یدا ده‌كات و له‌ناو شیعر خۆی جیاده‌كاته‌وه یاخود جیا ده‌بێته‌وه له لۆژیك و له مه‌نتیق، به‌ڵام له‌باری ئه‌وه‌دا كه هه‌سته‌كان هه‌ن شیعر ده‌بێته مێژوو، چونكه ئه‌ویش وه‌ك مێژوو ڕووداوێك تۆمارده‌كات، بووه و تۆمار بووه. شیعر شتێكه، مێژوو شتێكه. شیعر هه‌میشه له به‌رده‌م جیهانێكی دیكه‌دایه، له به‌رده‌م ههمهكیهتی بوون دایه، كه چۆن عه‌ینی ده‌بێته‌وه و ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ر بۆیه ئه‌ره‌ستۆ ده‌ڵێت ((شیعر ده‌شێت ڕووداوێك تۆمار بكات كه هێشتا ڕووینه‌داوه، به پێچه‌وانه‌وه مێژوو ڕووداو ڕویداوه))4.
ئه‌مڕۆ شیعر له جه‌وهه‌ری خۆی دابڕاوه به‌رده‌وام ده‌یبه‌ینه شوێنێك كه شوێنی خۆی نییه. به‌مه‌ش شیعر دوو ده‌كه‌وێته‌وه له جیهان، چونكه جۆرێكی دیكه له ده‌ق ده‌بێته شیعر. شیعر هه‌میشه هه‌یه و له ناوناچێ و ناشمرێ، به‌ڵام مرۆڤ ئه‌مڕۆ له‌ناو بوون و مردنایه. ئه‌وه شیعر نییه پاشه‌كشه‌ی كردووه له دنیا، به‌ڵكو مرۆڤه شیعرى خانه‌نشین كردووه. مرۆڤ ئه‌مڕۆ به ته‌نها ده‌یه‌وێت هه‌سته‌كان تاقی بكاته‌وه، چێژی هه‌ستی بۆته ماهیه‌تی ژیان. ئه‌م مهیلهشه شیعریشی به‌و ئاڕاسته بردووه كه دوور ده‌كه‌وێته‌وه له بوونی خۆی، چێژی ڕاسه‌قینه‌ی گفتوگۆكردنه له‌گه‌ڵ ڕۆحی شته‌كاندا، هه‌تا شته‌كان بگه‌نه‌وه بوونی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان. ده‌بێت مرۆڤ بگه‌ڕێته‌وه لای شیعر، چونكه شیعر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شته‌كان له بابه‌تبوون ده‌پارێزێ جارێكی دیكه زه‌مینه‌یان بۆ ساز ده‌كات بۆ هاتنه ئارای بوون له ناو جیهانی خۆیدا كه جیهانێكی ڕه‌مزی ئامێزه. له‌ناو دنیای ڕۆشنبیری ئێمه‌دا سه‌یر ده‌كه‌یت ئه‌م جۆره له شیعر كه هه‌سته شیعره، هه‌ر به شیعر خۆی زانراوه، عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدولڵا ده‌ڵێت ((شیعر هه‌ر ته‌نها هه‌ست كردن نییه، به‌ڵكو بیر لێكردنهوهیشیان ده‌گه‌یه‌نێ))5. لێره‌دا نووسه‌ر له دوو شوێنه‌وه شیعر ده‌شارێته‌وه كه هه‌ستكردنه و دواتریش بیركردنه‌وه، پێش هه‌موو شتێك شیعر دوای خۆی بیركردنه‌وه جێده‌هێڵێ، نه‌ك بیركهینهوه تا شیعر جێ بهێڵین، واته شیعر بیركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته نییه ئه‌وه‌نده‌ی پاش خۆی بیركردنه‌وه ده‌سازێنێ، چونكه چونكه شاعیر ئیراده‌ی له‌ناو شیعردا په‌رت ده‌بێت. هه‌ر بۆیه له ده‌ستی خۆیدا نییه به‌ڵكو له ده‌ستی شیعر دایه، بۆیه به بیكردنه‌وه له شیعر نووسین ناكه‌وینه ناو شیعره‌وه. ئه‌وه‌ی جێی داخه نه‌مان توانی ئه‌و ده‌قانه ئاماده بكه‌ین كه‌وا له‌م بابه‌تدا نووسراون، به‌ڵام به‌و ئومێده‌ین توانیبێتمان شایه‌دێك بده‌ینه ده‌ست خوێنه‌ر كه هه‌تا خۆی ئه‌وه بكات، واته درێژه به كاره‌كه بدات. له‌م به‌شه‌دا هه‌سته شیعرمان جیاكرده‌وه كه یه‌كێكه له سێبه‌ره‌كانی شیعر، هه‌ر بۆیه هه‌ر به‌وه‌نده وازده‌هێنین له‌و بابه‌ته.
٣_ وێنا شیعر
لێره‌دا ده‌كه‌وینه ناو هێزێكی دیكه‌ی مرۆڤه‌وه كه ئه‌ویش هێزی خه‌یاڵه، پێشتر له هه‌سته شیعردا باسی ئه‌و هێزانه‌مان كرد كه هه‌ستین و وابه‌سته‌ن به واقیعه‌وه، لێره‌دا (خه‌یاڵ) كه ئه‌ویش هه‌ر ده‌كه‌وێته ناو شیعره‌وه پشت ده‌به‌ستێ به هه‌سته‌كانی مرۆڤ. هه‌سته‌كانى مرۆڤ تۆماركردنی واقیع بوو وه‌ك خۆی، به‌ڵام له وێنا شیعردا مرۆڤ ده‌كه‌وێته ناو كرده‌وه‌ی دانه‌وه. واته لێره‌دا به پاڵپشتی هه‌سته‌كانی مرۆڤ زانیاری ده‌ست ده‌خات دواتر لێره‌دا ده‌یداته‌وه كاتێك ئێمه سه‌یرده‌كه‌ین، وێنه‌ی ئه‌و شته سه‌یرده‌كه‌ین دێته ناو زه‌ینمانه‌وه، كاتێك حازری ده‌كه‌ینه‌وه ده‌كه‌وێته ناو وێناكردنه‌وه. وێناكردن خۆی هێنانه‌وه‌ی شته‌كانه له زه‌یندا، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای خۆمان هه‌یه. تا ئێره وێناكردن زیاتر خزمایه‌تی هه‌یه له‌گه‌ڵ ڕادا، چونكه شته‌كه له‌ناو خه‌یاڵی ئێمه‌دا حازر ده‌بێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی لای ئێمه ده‌ركه‌وتووه، ئه‌م حاڵه‌ته جیاوازه له‌وه‌ی كاتێك ئێمه سێ مرۆڤ بخه‌ینه ناو جه‌وێكی سارده‌وه، عه‌ره‌بێك و كوردێك و ئینگلیزێك، لێیان بپرسین جه‌وه‌كه چۆنه؟ هه‌ریه‌كه ده‌ڵێت سارده، عه‌ره‌به‌كه و كورده‌كه و ئینگلیزه‌كه ههرهكهیان وشه‌یه‌كی جیاواز ده‌ڵێت (بارد _ cold _ سارد) به‌ڵام هه‌موویان یه‌ك شت ده‌ڵێن، كه ئه‌ویش حه‌قیقه‌تی جهوهكهیه، ئه‌مه ناچێته ناو وێناكردنه‌وه، چونكه وێناكردن هه‌میشه بارێكی سه‌لبی هه‌یه. واته زیاتر حازركردنی شته‌كانه وه‌ك خۆیان نا، به‌ڵكو وه‌ك خۆمان ئه‌و حاڵه‌ته جیاوازه له (بینین) له بینینی شته‌كان و درككردنی ئه‌و شته هه‌ماهه‌نگى دێته ئاراوه. له وێناكردندا مانای شته‌كه و درككردنی تۆ بۆ ئه‌و شته هه‌ماهه‌نگ نایه‌ته‌وه، له‌ویادا كێشه‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ وێناكردن كه‌وا (بوون) تێدایدا حازر نابێته‌وه واته مرۆڤ ناتوانێت به خه‌یاڵ (بوون) حازر بكا. (بوون) خۆی له شوێنێكى زۆر دوورتر له‌ناو مرۆڤدا هه‌یه. له خه‌یاڵدا شیعر له دووباره‌كردنه‌وه‌ی واقیع و ئایدۆلۆژیه‌كان هچی دیكه نییه و ناتوانێ ببێته ماڵی (بوون)، شاعیر به خه‌یاڵ ده‌چێته ناو عاله‌می شیعره‌وه، به‌ڵام قه‌ت ناتوانی جه‌وهه‌ری شیعر بهێنێ به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یهێنێ كه‌ره‌سته‌كانی شیعره. یانی ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ن كه له‌ناو عاله‌می شیعردا هه‌ن نه‌ك بنه‌ماكان، هه‌ربۆیه تووشی ویناكردن دێت. ئه‌م شیعرانه‌ش به كه‌ره‌سته شیعرن نه‌ك به جه‌وهه‌ر. لێره‌دا وا باشه دوو جۆر له وێناكردن جیابكه‌ینه‌وه:
٣-١. وێناكردنی شته ماددیه‌كان:
لێره‌دا با پرسیارێك بكه‌ین، باشه ئه‌گه‌ر هات و حاڵه‌تی كورسییه‌ك گه‌ر توانیمان چۆنه ئاوها وێنای بكه‌ین، ئایا هه‌ر وێناكردنه؟ ڕاستی بۆیه ده‌كه‌وێته ناو وێناكردنه‌وه، چونكه وێنه‌ی كورسی وێنا ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌فلاتون ده‌ڵێت ((وێنه‌كێش ڕه‌سمی قه‌ره‌وێڵه‌ی دارتاشه‌كه ده‌كات))5، لێره‌دا ئه‌م ڕهسمكردنه خۆی وێناكردنه، چونكه ئایدیاڵی قه‌ره‌وێڵه‌كه نایه‌ته ناو وێناكردنه‌وه، به‌ڵام ده‌توانرێت ئایدیاڵ بهێنرێته ناو خه‌یاڵه‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن ئه‌فلاتون له زۆربه‌ی گفتوگۆكانیدا ئه‌فسانه‌ی به‌كارهێناوه، واته جه‌وهه‌ری هێناوه‌ته ناو خه‌یاڵه‌وه بۆیه ئه‌مه وێناكردن نییه، چونكه لێره‌دا جه‌وهه‌ر مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كییه نه‌ك ئه‌فسانه‌كه خۆی. شیعر خۆنزیككردنه‌وه‌یه له جه‌وهه‌ر یاخود ده‌رخستنی بوونه له‌ناو عاله‌مه ڕه‌مز ئامێزهكهى خۆیدا، نه‌ك دووباره‌كردنه‌وه‌ی شته‌كان و داڕشتنه‌وه‌ی. ئه‌م جۆره‌یان بۆ شته ماددیه‌كان یاخود هه‌ستییه‌كان. با ئه‌مه‌ش بڵێین شته هه‌ستییه‌كان بۆیه ده‌كه‌ونه ناو وێناكردنه‌وه، چونكه هیچ شتێكی ماددی نه‌گۆڕ نییه به‌ڵكو گۆڕانی به‌سه‌ر دا دێت و وابه‌سته‌یه به‌و ده‌ورووبه‌ره‌ی تێیدایه. ئاسن له‌ناو ئاگردا شله، له‌باری ئاسایی‌دا ڕه‌قه، ئه‌وه‌ی له ئاسنه‌كه نه‌گۆڕه (ئاسنیهتییه) واته چییه‌تی ئاسنه. ئه‌م چیهتییه نایه‌ته ناو وێناكردنه‌وه یاخود خه‌یاڵی به ته‌نها ناتوانێ درككی پێ بكات گه‌ر به پاڵپشتی بوون نه‌بێت. ئه‌فلاتون له‌سه‌ر زاری سوكرات زۆر جوان ئه‌م بابه‌ته‌مان بۆ باس ده‌كات و ده‌ڵێت ((سوكرات: ئه‌وه‌ش ڕوون بكه‌وه ئایا وێنه‌كێش شته‌كان وه‌ك خۆی ته‌قلید ده‌كات یان به‌و جۆره‌ی ده‌یانبینێ؟ گلاكۆن: مه‌به‌ستت چییه؟ سوكرات: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ی كاتێك له گۆشه‌یه‌ك یان له به‌رانبه‌ر له‌لایه‌كی تر سه‌یری ته‌خته‌یه‌ك ده‌كه‌ین، ئایا له ڕاستیدا ئه‌و ته‌خته‌یه هیچ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێ، یان به هه‌مان بارى پێشوو ده‌مێنێته‌وه…))6.
٣-٢. وێناكردنی ئایدۆلۆژیا:
له به‌شی پێشوودا كه‌م تا زۆر ویستمان ئه‌وه بڵێین له گواستنه‌وه‌ی شته‌كان به هه‌سته‌كان هه‌میشه شتێك ون ده‌بێت، چونكه مرۆڤ به‌وه‌ی خۆی ده‌بینێ چ دنیا داده‌ڕێژێته‌وه، له ڕێگای كۆمه‌كی خه‌یاڵه‌وه. له‌م باره‌یه‌وه چی بڵێن، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كاتێك ڕووبه‌ڕوو بینه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌مك و بابه‌ته فیكری و گه‌ڕان به شوێن چیهتیدا، مرۆڤ ناچاره بكه‌وێته ناو بیركردنه‌وه‌وه جا یان ئه‌وه‌تا به دروستی بیرده‌كاته‌وه یاخود ده‌كه‌وێته ناو ئه‌وه‌ی بیستوویه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و شته كۆیانكاتهوه و بیانكاته ڕای خۆی، هه‌ر بۆیه ئه‌م جۆرانه جیا ده‌كه‌ینه‌وه.
٣-٣. ویناكردنی كۆلاژ:
ئه‌م جۆره ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر یاده‌وه‌ری، یانی كاتێك باس له شتێك ده‌كه‌یت یاده‌وه‌ری كۆمه‌ڵێك زانیاری ده‌خاته سه‌ر ئه‌و باسه بۆ نمونه كاتێك ئه‌ندازیارێك دێت نه‌خشه‌ی خانوویه‌ك ده‌كێشێت یاده‌وه‌ری كۆمه‌ڵێك خانووی بۆ حازر ده‌كات كه پێشتر دیویه‌تی. واته ئه‌م نه‌خشه‌یه كۆلاژێكه له نه‌خشه‌كانی ناو یاده‌وه‌ری ئه‌ندازیاره‌كه. یاخود (په‌ری ده‌ریا) كه سه‌ری مرۆڤه و قاچه‌كانی ماسییه، ڕاستی ئه‌مه كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵیك كه‌ره‌سته‌ی واقیعه بۆ دروستكردنی شتێكى ناواقیعی. لێره‌دا واقیع به خه‌یاڵ ده‌كرێت.
شیعریش وه‌ك ده‌ق ناواقیعییه، به‌ڵام شیعر نایه‌ت چییه‌تی شته‌كان تێكه‌ڵ بكات. شیعر وه‌ك گه‌مه‌یه‌ك وایه به‌ڵام له سه‌ر ئاگایی خۆی بنیات ده‌نێ، نه‌ك گه‌مه‌یه‌ك كه هه‌موو شته‌كان تێكه‌ڵ بكرێت. لێره‌دا شیعر جیا ده‌بێته‌وه، به‌ڵام بۆ وێناكردنى كۆلاژ جیاوازه كه‌وا هیچمان ناداتێ له‌سه‌ر بوونی ئه‌و شته، گه‌شتی (هه‌ورامان) و (قه‌ره‌داغ)ی گۆران دوو شیعری كۆلاژن به‌و مانایه‌ی شاعیر وێنای ناو خه‌یاڵی خۆی كردۆته واقیع كه واقیعی ئه‌و دوو شوێنه‌یه، به‌ڵام ئه‌و دوو شیعره پێمان ناڵێت بۆ دروستبوون، واته بوونیان ده‌رناكه‌وێ له ڕێگه‌ی شیعره‌وه به‌ڵكو جۆرێك له وه‌سف و تێكه‌ڵكردنی ئه‌و خۆشییه‌ی ناخی شاعیره به واقیعی ئه‌و دوو شوێنه، واته به خهیاڵكراون. ئه‌ره‌ستۆ پێشتر باسی ئه‌م بابه‌ته‌ی كردووه، له باسی هۆمیرۆسدا ده‌ڵێت ((هۆمیرۆس وێنه‌ی كه‌سه‌كانی له واقیعی خۆیان باشتر ده‌كێشا))7.
ته‌نانه‌ت زۆریك له ڕۆشنبیران پێیان وایه شیعر خۆی ئه‌م حاڵه‌ته‌یه، به ناوی یاریكردن و ده‌سه‌ڵاته‌وه ماف ده‌ده‌نه شاعیر دنیایه‌كی دیكه حازر بكات. ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌م بنه‌مایه‌وه هاتووه بۆیه شیعر تێر ناكه‌ن، له باسكردنیدا ئه‌دۆنیس له یه‌كێك له قسه‌كانیدا شیعر به‌وه ده‌زانێت ده‌ڵێت ((شیعر به‌خه‌یاڵ كردنی واقیعه))8 كه له ڕاستیدا، شیعر واقیع به خه‌یاڵ ناكات، به‌ڵكو حه‌قیقه‌ت ده‌كاته ڕووداو، ده‌یكاته واقیعێكی جیا یانی شیعر له بوونه‌وه دێت نه‌ك له واقیعه‌وه، ئه‌وه‌ی له واقیعه‌وه ده‌یهێنێ به ته‌نها كه‌ره‌سته‌یه نه‌ك جه‌وهه‌ر، جه‌وهه‌ر له بوونه‌وه دێنێ و كه‌ره‌سته‌ش له واقیعه‌وه، زۆرجاریش شیعر وه‌ك عالهمێك كه‌ره‌سته‌ی جیا جیای هه‌یه. واته شیعر له‌ناو جیهانێكی دیكه‌دا حزوور په‌یدا ده‌كات. هه‌ر بۆیه زمانی ڕۆژانه ناتوانێ ئه‌و جیهانه بگوازێته‌وه. شاعیر زمانێكی دیكه‌ی هه‌یه كه زمانی شیعره. زمانی شیعر چاوی شاعیره بۆ بینینی شته‌كان، ڕسته‌یه‌ك له‌سه‌ر شیعر كه‌وا (شیعر بینینه) له ڕاستیدا به‌بێ تێگه‌یشتن له (بینین) ناتوانین ئه‌و بینینه‌ی شیعر ببینین. ئه‌م جۆر بینینه‌ی كه هه‌یه خۆی وێناكردنه، به‌ڵام حاڵه‌تی وێناكردنه كه به بینین ناسراوه، بینین شتێكی دیكه‌یه ئه‌وه‌ی كاتێك شیعر واڵا ده‌بێت وه‌ك خاوه‌ن خوانێك بوونی شته‌كان كۆده‌كاته‌وه له خۆیدا. واته ده‌یانبینێ و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م بینینه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات، هه‌ر بۆیه زۆرجار چه‌مكێك شتێك له‌ناو شیعردا ده‌چێته‌وه باری سروشتی خۆی، شیعر لێره‌دا وه‌ك فریادڕه‌سێك قوتاری ده‌كات له‌و مانا و ده‌لاله‌تانه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پاوه و داگیریان كردووه. شیعر جارێكی دیكه ده‌یباته‌وه ناو ماڵه‌كه‌ی خۆی، لێره‌دایه هۆڵده‌رلین ده‌ڵێت ((شیعر ترسناكترینی هونه‌ره‌كانه))9 ترسناكه كاتێك شیعر وێنا بكات، ترسناكه كه گه‌وره‌ترین ئه‌رك له ئه‌ستۆی دایه، ترسناكه كه له‌جیاتی (بوون) تێدایدا ته‌جه‌للا بێت فاسدی بكات. له ڕۆژگاری ئێمه‌دا… خوێنه‌ر به شوێن شیعریك ده‌كه‌ون كه زیاتر وێناكردنی تێیدایه نه‌ك بینین، چونكه چونكه وێناكردن زوو ده‌گات به‌ڵام بینین ده‌بێت حاڵه‌ته‌كه لای خوێنه‌ریش هه‌بێت ئه‌نجا ئه‌و شیعره ده‌گات، هه‌ر ئه‌وه‌شه واده‌كات ئه‌وه‌نده‌ی (گۆران) ده‌خوێندرێته‌وه (مه‌حوی) ناخوێندرێته‌وه، چونكه چونكه بینینه‌كانی مه‌حوی لای كه‌م كه‌س هه‌یه، به‌ڵام گۆران ته‌نانه‌ت له‌ناو هونه‌رى گۆرانیشدا خۆی ده‌به‌ستێته‌وه به خه‌ڵكه‌وه.
عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵا له باسكردنی شیعردا ده‌ڵێت ((ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌و سه‌رسامییه‌ی په‌یوه‌ندی به توانای وێناكردنه‌وه هه‌بێ، ئه‌وا به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ی بۆ چێژ ده‌گه‌ڕێته‌وه))10، لێره‌دا نووسه‌ر، كه‌شفكردن، به وێناكردن یه‌كسان ده‌كات، له كاتێكدا كه‌شفكردن ئه‌وه نییه ئێمه خۆمان مانا بده‌ینه ئه‌و شته به‌ڵكو شته‌كه ئازاده له‌وه‌ی چۆن خۆی نیشانی ئێمه ده‌دات. بۆیه وێناكردن یه‌كسان نییه به كه‌شفكردنه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی وێناكردن بینینی ئێمه‌یه بۆ دونیا.
٣-٤. وێناكردنی سه‌پێنراو:
سه‌یركردنی ئێمه‌یه بۆ ناو وێنهكای زه‌ینی خۆمانه له به‌رانبه‌ر شته‌كاندا، زانست وێناكهرێكی زۆر به‌هێزه، به‌رانبه‌ر به سروشت، زانست وێناكانی خۆی به‌رانبه‌ر به دره‌ختێك، ئه‌وه‌یه كه كورسی و مێز و ته‌پڵه و…هتد ده‌رده‌هێنێ، ئه‌وه‌ی زانست ده‌یكات وێناكردنی جیهانه، به‌و جه‌خته‌ی خۆی ده‌یكات به‌رانبه‌ر به شته‌كان. ئه‌مه ئه‌و زوڵمه‌ی زانسته كه‌وا هه‌موو شتێك ده‌كاته بابه‌تی وێناكردنی خۆی. هایدگه‌ر كاتێك باس له‌وه ده‌كات (بانگی له پێناو شته‌كان خۆیاندا)11 ڕاستی هه‌وڵدانی قوتاركردنی جیهانه له ده‌ست وێناكردنی زانست بانگی له پێناو شته‌كانی خۆیاندا بانگكردنی بوونی شته‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر به ده‌نگی بوونی شته‌كانه‌وه بچێت، نه‌ك وێناكردنی خۆی ساغ بكاته‌وه. له‌ناو سیسته‌می تۆتالیتاریشدا مرۆڤ به‌وه مه‌زڵومه كه هه‌میشه به‌رجه‌سته‌كه‌ری وێنای ده‌سه‌ڵاته به‌رانبه‌ر به خۆی، شیعر لێره‌دا نه‌ك وێنای دنیا ناكات به‌ڵكو هه‌وڵێكی گه‌وره‌ی مرۆڤه بۆ ڕزگاركردنی شته‌كان به‌وه‌ی نه‌بنه بابه‌ت و كه‌ره‌سته، شیعر كاتێ ماڵی بوونه كه هه‌میشه شته‌كان له بابه‌تیه‌تی بوون ڕووت بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی چۆنه ئه‌وها ده‌ركه‌ون، نه‌ك ئێمه چۆن دنیامان وێناكرد. ئه‌وه حه‌قیقه‌تی دنیا بێت. بەختیار عه‌لی به‌وه له جه‌وهه‌ری شیعر دووركه‌وتۆته‌وه كاتێك ده‌ڵێت ((شیعر كار له‌سه‌ر واقیعێكی ئیعترازی ده‌كات، به‌و مانایه‌ی جیهان وه‌ك خۆی تیایدا ده‌رناكه‌وێ، به‌ڵكو جیهان وه‌ك ئێمه وێنامان كردووه و هێما رێژمان كردووه ده‌رده‌كه‌وێت))12 یاخود ((ئه‌ركی شیعر ئه‌وه‌یه شتێكى ئیعترازی دروست بكات))13 یان ((گه‌وره‌ترین مافی شاعیر یاریكردنه))14، شیعر به‌وه جیا ده‌بێته‌وه له ئایدۆلۆژیا و زانست ئه‌و مافه نادات به خۆی یاری به جیهان بكات یاخود جیهان دابڕێژرێته‌وه به‌بێ ئاگا له (بوون). شیعر نه‌ك جیهان ناشێوێنێ به‌ڵكو پارێزگاری له ڕۆحی جیهان ده‌كات به‌وه‌ی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵیده‌گرێت. ئه‌م پارێزگاریكردنه، ئه‌و دنیا ڕه‌مز ئامێزه‌ی شیعره كه (بوون) تیایدا ده‌رده‌كه‌وێت، هێنانی (بوون) بۆ ناو خه‌یاڵ و دامه‌زراندنی له‌ناو ئه‌و دنیا گه‌مه ئامێزه‌دا، زۆر جیاوازه له‌وه‌ی تۆ به ته‌نها جیهان داڕێژرێته‌وه به شێوازێكی دیكه، ئه‌مه‌ش هه‌ر جه‌وهه‌ر ناپارێزێ به‌ڵكو كوشتن و ڕاوه‌دونانی جه‌وهه‌ره. شیعر له‌ویادا تازه‌یه كه هه‌میشه وه‌ك خۆی دووباره نابێته‌وه، ئه‌م دووباره نهبوونهوهیهش به‌وه نابێت ئێمه به ته‌نها شتێكی جیاوازتر بخولقێنین له‌وه‌ی هه‌یه. لێره‌دا شاعیر ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتدار، به‌ڵكو تازه‌یی خۆدامهزراندنی بوونه له‌ناو فۆڕهمهكانی خۆیدا، لێره‌دا شاعیر ته‌واو ته‌سلیم ده‌بێت به هێزى (بوون). بوون خۆی ماڵی خۆی دیاری ده‌كات، نه‌ك شاعیر، ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش هه‌موو له ماڵی شیعردا جێبه‌جێ ده‌بێت. شیعر عاله‌می ئه‌م جۆره له یاریییه، شاعیر ده‌بێت ته‌واو بێ نیازبێتهوه له مه‌به‌ستی خۆی. ((نیازمه‌ندی له‌ناو سیسته‌می زمان به جۆرێكی تر ڕێكیان بخاته‌وه له كاتێكدا له‌ناو سیسته‌می زماندا هه‌ریه‌ك له‌و دانانه ده‌یه‌وێت، واته نیازمه‌نده به‌وه‌ی كه دانه‌كانی تر به ئاڕاسته‌كردنی ئه‌و ڕێز بن، واته ئه‌و ببێته سیسته‌می زمان به هۆی ئه‌وه‌وه دروست ده‌بێت كه هه‌ریه‌ك له دانه‌كان ده‌یه‌وێت به پێی ئه‌ندازه‌گیری خۆی دانه‌كانی تر له شێوه‌ی بوونێكی گشتگیردا ڕێكبخاته‌وه، له كاتێكدا له سه‌ره‌وه‌دا شاعیر هه‌مان نیازمه‌ندی به‌كارده‌هێنێ، به‌ڵام بۆیه بێ نیازیهكهی ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه ده‌توانێ بوونی خۆی له‌ناو زماندا دابمه‌زرێنی))15. لێره‌دا تێده‌گه‌ین شیعر بیركردنه‌وه‌ی پێش وه‌خته نییه و دواتر به هۆی شیعره‌وه ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه دابڕێرژدرێتهوه، له‌م بابه‌ته‌دا شاعیر ده‌رده‌كه‌وێت نیازمه‌نده یان نا، كاتێك شیعر وه‌ك عالهمێك له‌ناو شاعیردا حزوور په‌یدا ده‌كات، ئه‌و كاته شاعیر ده‌چێته ناو شیعره‌وه. له كاتی چونی شاعیر بۆ ناو شیعر ده‌كه‌وێته ناو وهعیهكی ته‌واوه‌وه به‌رانبه‌ر به جیهان و به شته‌كان. هه‌ر له‌ویادا شته‌كان له بابه‌تبوون ڕووت ده‌بنه‌وه و وه‌ك خۆیان چۆنن ئاوها واڵا ده‌بن له به‌رده‌م شاعیردا. ئه‌م ڕووتبوونه‌وه‌ی شته‌كانیش سه‌ره‌تا ڕووتبوونه‌وه‌ی شاعیر خۆیه‌تی له شتێتی شته‌كان، ئه‌وكات شاعیر وه‌ك زه‌مینه‌یه‌ك ده‌بێته ڕاره‌وی هاتنه ئارای شیعره‌وه. دواجار شیعر له ڕێگای شیعره‌وه خۆی عه‌ینی ده‌كاته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌م عه‌ینی بوونه‌وه‌ی خۆشی‌دا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له عالهمهكهی خۆیه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیدا، له ئایدیاڵێكی پهیتهوه عه‌ینی ده‌كاته‌وه، ئه‌وكات شاعیر ده‌زانێ چی ڕوویداوه یاخود چی نووسیوه.
٤_ نه‌سته شیعر:
سێبه‌رێكی دیكه‌ی شیعر، نه‌سته شیعره، ئه‌م جۆره له سێبه‌ری شیعر زۆر نزیكه له شیعر خۆیه‌وه كه‌وا جیاكردنه‌وه‌یان وردییه‌كی ته‌واوی ده‌وێت، ئه‌و هێزه‌ی لێره‌دا كارده‌كات هێزی سایكۆلۆژیای مرۆڤه. پێشتر باسی دوو هێزمان كرد كه هه‌ست و وێناكردن بوون، ئه‌م دوو هێزه ڕاستی وابه‌سته‌ن به جه‌سته‌وه، به‌ڵام ئه‌م هێزه‌یان له‌ناو جه‌سته‌دایه، به‌ڵام جه‌سته‌ش نییه به‌ڵكو هێزێكه توانای ئاڕاسته‌كردنی جه‌سته‌ی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م هێزه بۆ خۆی له ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه زانیاری ده‌ستده‌خات و له كات و ساتی پێویستدا كۆمه‌كی جه‌سته ده‌كات به خه‌یاڵیشه‌وه له‌و شتانه‌ی دێنه به‌رده‌می. سایكۆلۆژیا به‌وه له ڕۆح ده‌چێت كه شوێنی یاخود جیهانی وێنه‌ی شته‌كانه، ڕۆحیش جیهانی ئایدیای شته‌كانه. بۆیه جیاكردنه‌وه‌یان زۆر ماندووكه‌ره، كه‌وا هه‌ردوكیان وه‌ك كۆگا وان. سایكۆلۆژیا وێنه‌ی شته‌كانه، وێنه‌كانیش هه‌مووی له ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه وه‌ده‌ستی ده‌خات و له واقیعه‌وه دهیانهێنی، به جیاوازی له ڕۆحی مرۆڤ كه‌وا ئایدیاڵی شته‌كان له پێش بوونی مرۆڤه‌وه هه‌ن و له‌ناو ئه‌ودا هه‌ن، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه به ده‌ستی ناخات به‌ڵكو له ڕێگه‌ی بوونه‌وه كه هه‌مه‌كی و ڕه‌هایه. سایكۆڵوژیا كاتێك واقیع جا هه‌ر واقیعێك بێت وه‌رده‌گرێت، ئه‌وكاته وێنه‌ی ئه‌و واقیعه له‌ناو خۆیدا خه‌زن ده‌كات، كاتێك ئه‌م هێزه كارده‌كات كه‌وا ڕۆحی مرۆڤ غائیب بێت، واته له غیابی ڕۆح‌دا سایكۆلۆژیا حوكم ده‌كات، كه سه‌رچاوه‌یه‌كی به پێزه بۆ خه‌یاڵی مرۆڤ. كاتێك جه‌سته‌ی مرۆڤ پڕ ده‌بێت و ده‌یه‌وێت له‌ڕووی جنسیه‌وه خۆی به‌تاڵ به‌تاڵ بكاته‌وه، ئه‌وكات نه‌ست وه‌ك خه‌زنه‌یه‌كی پڕ له وێنه، وێنه ده‌نێرێت بۆ خه‌یاڵی مرۆڤ جا ئیتر ئه‌و مرۆڤه جه‌سته‌ی خۆی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه، جا له‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه بێت كه‌وا بهرانبهرێكی هه‌یه یان وێنه‌ی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی حازر ده‌كات، وه‌ك له خه‌و و زینده خه‌ودا ئه‌وكاته كاره‌كه ئه‌نجام ده‌درێت. كێشه‌ی نه‌ست له‌وێ دایه كه هه‌میشه وێنه‌یه، هه‌ر قسهكردنێكیش له‌سه‌ر وێنه، قسه‌كردن نییه له‌سه‌ر شته‌كه خۆی، به‌ڵكو قسه‌كردنه له‌سه‌ر سێبه‌ری ئه‌و شته، یانی هیچ كاتێك مومكن نییه له سایكۆلۆژیای ئێمه‌وه حه‌قیقه‌ت بزانین، هه‌رشتێك كاتێك ئێمه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین كه سایكۆلۆژیا بنه‌ما بێت ئه‌وا مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و شته، مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ وێنه‌ی ئه‌و شته. نه‌سته شیعر ئه‌و شیعرانه‌ن كه له‌ناو سایكۆلۆژیادا ده‌ژین، قه‌سیده‌ی (شار)ی بەختیار عه‌لی، ئه‌م قه‌سیده‌یه له‌ناو فه‌زایه‌كی سایكۆلۆژیادا هاتۆته بوون ئه‌مه‌ش ئه‌و باره سایكۆلۆژیایهی شاعیره كاتێك كچه‌كانی ئه‌و شاره گرینگ‌یان پێ نه‌داوه، یاخود نه‌بینراوه. ئه‌مه‌ش ئه‌و برینه‌یه شاعیری ناچاركردووه كه ئه‌م شیعر بنوسێت، بۆیه ئه‌و شاره لێره هه‌یه، وێنه‌ی شاره له زه‌ینی شاعیردا، جیهانی نه‌ستیش هه‌میشه پێویستی به به‌رانبه‌ره، به‌ڵام جیهانی ئایدیاكان بۆ خۆیان هه‌ن و ڕه‌هان. واته نه‌سته شیعر له خوێنه‌ردا مانا وه‌رده‌گرێت به‌ڵام شیعر خۆی لای خۆی هه‌یه و بوونی ئه‌و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به خوێنه‌ره‌وه نییه. قه‌سیده‌ی شار، قه‌سیده‌ی خۆ ئاماده‌كردنه‌وه‌ی شاعیره له زه‌ینی شاردا واته پشتگوێخستنی شار بۆ شاعیر ده‌بێته هێزی سایكۆلۆژیای شاعیر هه‌تا جارێكی دیكه خۆی حازر بكاته‌وه، باسی شار له‌م قه‌سیده‌یه‌دا یاخود هه‌ر شتێكی دیكه هه‌مووی له‌م خاڵه‌وه دێنه ده‌ر، هه‌ربۆیه ئه‌م شیعره هیچ مانامان ناداتێ یاخود هیچمان پێ نادات له بوونی شته‌كان، ئه‌وه‌ی هه‌یه به ته‌نها وێنه‌یه و به‌س، ده‌بێت ئه‌وه له‌یاد نه‌كه‌ین له بنه‌مادا حه‌قیقه‌ت ده‌هێنێته قسه. واده‌كات له‌ناو حیكایه‌تێكی به‌رجه‌سته‌دا ببێته ڕووداو، شیعر له ڕێگه‌ی ئه‌م به‌راوردكردنه‌وه‌ی بوونه‌وه ده‌بێته شیعر. ئه‌وه‌ش واده‌كات شیعرێك نه‌مر بێت و بمێنێته‌وه، هه‌ر ئه‌م بوونه‌یه كاتێك خۆی له عاله‌می شیعردا داده‌نێت. شاعیر له ڕێگه‌ی ئه‌م شیعره‌وه نزیك ده‌بێته‌وه له ئایدیاڵی شته‌كان، لێره‌دا شیعر وه‌ك كایه‌ك نه‌ك هه‌ر شته‌كان واڵا ده‌كات كه ده‌رده‌كه‌ون به‌و شێوه‌یه‌ی كه له بوون خۆیاندا هه‌ن به‌ڵكو پارێزگاریشییان لێ ده‌كات. واته له كاتی بوونیاندا پارێزراو ده‌بن، له عاله‌می شیعردا.
به پێچه‌وانه‌وه عاله‌می سایكۆلۆژیا كاتێك وێنه‌ی شته‌كان هه‌ڵده‌گرێ ناتوانێ پارێزگاری بكات، چونكه كاتێك حه‌قیقه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت، وێنه‌ی شته‌كان ئاو و ئاو ده‌چن. هه‌ربۆیه ئه‌م شیعرانه به‌رده‌وام دووباره ده‌بنه‌وه، واته عیشق له‌ناو سه‌دان شیعردا هه‌یه، به‌ڵام چونكه كامل نییه یاخود ئایدیاڵ نییه شیعرێكی دیكه جێگه چۆڵ ده‌كات به‌م شیعره، به‌ڵام كاتێك دوو شیعر هه‌بن هه‌ردووكیان حه‌قیقه‌تی عه‌شقیان تێدا بێت ئه‌وا ئه‌م دوو شیعره جێگه به یه‌كتر چۆڵ ناكه‌ن به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌یان تام و بۆنی هه‌یه كه تایبه‌ته به سروشتی شاعیره‌كه‌وه، لێره‌دا كامیان باشتر بوون تێدایدا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌ویان له حه‌قیقه‌تی شیعره‌وه نزیكتره. نهستهشیعر به دوو شێواز خۆی درێژده‌كاته‌وه كه هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ و هێزێكی دیكه ته‌حه‌كوم به بوونیان ده‌كات، كه ئه‌ویش ڕاستی ئه‌ویتره جا ئه‌و ئه‌ویتره له قالبی تاك بێت یان كۆمه‌ڵگا. بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌م جۆره له شیعر دوو شێواز جیا ده‌كه‌ینه‌وه:
٤-١. خوده شیعر:
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه ڕون بكه‌ینه‌وه (خود) له مرۆڤدا بوونی وابه‌سته‌یه به ده‌ره‌وه‌ی خۆی یانی ده‌ره‌وه خودی مرۆڤ دروست ده‌كات، ئه‌م خوده‌ش له‌ناو ڕۆشنبیری ئێمه‌دا زۆر به‌هه‌ڵه ڕۆیشتووه كه به (من) ناوبراوه، ڕاستی ئه‌و خوده یه‌كسان دهوهستێهوه له‌گه‌ڵ (من) به‌مانا فڕۆیدهكهی، بەڵام ئه‌م (خود)ە جیاوازه له (من) لای دیكارت. له‌ناو ڕۆشنبیری كوردیدا كاتێك باس له (خود) كراوه، دواتریش كه‌م تا زۆر ئه‌مه ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه. خودی مرۆڤ كاتێك كه ده‌كه‌وێته به‌ر رقی ده‌ره‌وه، چونكه چونكه (خود) قابیلی برینداركردنه، له كاتێكدا (من)ی مرۆڤ كه ڕۆحی خۆیه‌تی هیچ هێزێك ناتوانێ برینداری بكات، به‌ڵام خود كاتێك بریندار ده‌كرێت، مرۆڤ تووشی وێنه‌سازی دێت، واته له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م برینه‌وه شته‌كان وێنا ده‌كات. فڕۆید زۆر ورد ئه‌م حاڵه‌ته دیاری ده‌كات، ئه‌و پێی وایه ئه‌وانه‌ی تووشی گریێهكی ده‌روونی ده‌بن، دواجار ئه‌ده‌ب ده‌كاته ده‌رگایه‌كی واڵا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و برینه. فڕۆید ئه‌ده‌ب به‌مه ده‌زانێت واته یانی سایكۆلۆژیا، لێره‌دا شیعر وه‌ك نه‌خۆشییه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت له كاتێكدا شیعر نه‌خۆشی نییه، گرێیه‌كی ده‌رونی نییه شاعیر خۆی خاڵی بكاته‌وه. له‌م باره‌دا شاعیر ده‌كه‌وێته ناو وێنه‌سازی، ده‌كه‌وێته ناو ئه‌وه‌ی له شته‌كان بدات و شته‌كان وێنا بكات، له‌م برینه‌وه شیعر هه‌ڵڕشتنی برین نییه. تۆ نه‌ستت وه‌ئاگا بێنی و بڵێی ئه‌مه شیعره، شیعر غه‌ریزه‌یه‌ك نییه له‌ناو مرۆڤدا پێویستی به ئه‌ویتر بێت تا خۆی تێر بكات، شیعر عاله‌مێكی تایبه‌ته. بەختیار عه‌لی ده‌ڵێت ((شیعر له خه‌یاڵ و یاده‌وه‌ری و زمان و قوڵاییه‌كانی نه‌سته‌وه دێت))16. ئه‌م دیده دیدێكی فڕۆیدیه به‌رانبه‌ر به شیعر و ئه‌ده‌ب. لێره‌دا ئه‌ده‌ب سه‌ره‌تا تووشی شته‌كان دێت دواتر هێزی ئه‌م شكانه ده‌بێته چاره‌ی ئه‌ده‌ب بۆ ئه‌وه‌ی خۆی چاره‌سه‌ر بكات. كێشه‌ی نه‌ست ئه‌وه‌یه خاوه‌نی خۆی نییه. كۆمه‌ڵگایه له قاڵبی ده‌نگی جیا جیادا حزووری هه‌یه له‌ناو مرۆڤدا به‌وه‌ی وه‌ك مه‌رجه‌عێك مرۆڤ ئاراسته بكات. زۆربه‌ی ڕۆشنبیران و ته‌نانه‌ت فڕۆیدییش حه‌قیقه‌تی مرۆڤه له‌مه زیاتر نابینێت. هه‌روه‌ك بەختیار عه‌لی ده‌ڵێت ((ئه‌و ده‌نگه ته‌نیا سه‌رچاوه‌یه‌كی نییه، به ته‌نیا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی له پشت نییه، به‌ڵكو له ده‌یان سه‌رچاوه‌وه دێت، ئه‌و ده‌نگه ته‌نیا ده‌نگی باوكه‌كان و ده‌نگی نه‌ریته‌كان نییه به‌ڵكو ده‌نگێكی تره))17 یان ده‌ڵێت ((مرۆڤ ئه‌و كتێبه نییه كه كۆی مێژووی پیشووی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر نووسراوه))18 یان ده‌ڵێت ((ئایا مرۆڤ له خۆی نیشته‌جێی هه‌زاران دیارده و ده‌نگی تر نییه كه سه‌رچاوه‌كانیان ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی خود))19 ((ئایە نه‌ست شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و شفرانه نییه كه هۆشیاریه‌كی ده‌سته جه‌معی بۆ هه‌موو مرۆڤ فه‌راهه‌م كردووه))20.
هه‌موو ئه‌و ڕستانه‌ی سه‌ره‌وه شایه‌دی ئه‌وه‌ن مرۆڤ هه‌میشه منداڵی كۆمه‌ڵگایه، مێژوو دایكی مرۆڤه. یاده‌وه‌ری و نه‌ست چاره‌ی هۆشیاری مرۆڤن هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌ونه ناو خوده‌وه، ده‌كه‌ونه ناو نه‌سته‌وه. ڕاستی مرۆڤ بریتی نییه له (نه‌ست)، مرۆڤ خاوه‌نی بوونێكی تره خاوه‌نی (من)ێكه كه‌وا مێژوو نییه، به‌ڵكو مرۆڤ خاوه‌نی ڕوحه كه جیاوازه له نه‌ست، جیاوازه له سایكۆلۆژیا، له ڕۆحی مرۆڤدا یاخود له بوونی خۆیدا. مرۆڤ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ی له پێشه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌سڵی خۆی ئه‌وه مه‌رجه‌عی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤه، سوقرات له گفتوگۆی (فایدۆن) زۆر جوان ئه‌مه ڕوون ده‌كاته‌وه، ئاماژه ده‌كات كه ئایدیاڵی شته‌كان له ڕۆحی مرۆڤدا هه‌ن پێش ئه‌وه‌ی خۆی هه‌بێت، مرۆڤ ئه‌وكاته ده‌كه‌وێته ناو هۆشیاری ته‌واوه‌وه كه ڕووبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵ بوونی خۆیدا كه خۆی هه‌ماهه‌نگ دێته‌وه له‌گه‌ڵ بووندا. به‌م هه‌ماهه‌نگییه مرۆڤ مه‌عریفه په‌یدا ده‌كات، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكو له بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ندا ده‌بێت به‌رانبه‌ر به خۆی و به‌رانبه‌ر به جیهان. (من)ی مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه نه‌هاتووه، كۆمه‌ڵ دایكی نییه، (من)ی مرۆڤ ڕه‌هایه به‌وه‌ی بوونی وابه‌سته‌یه به خۆیه‌وه، بۆ خۆی له‌ناو خۆیدا هه‌یه به‌بێ شاهیدی هیچ شاهیدێك ئه‌م (من)ه مرۆڤ به‌ره‌و ئازادی ڕه‌ها ده‌بات. هێگڵ له فه‌لسه‌فه‌ی مێژوودا باس له‌وه ده‌كات، كاتێك مرۆڤ ده‌كه‌وێته‌وه ناو ڕۆحی خۆیه‌وه ئه‌و كات سنووربه‌ندی نامینێ به‌رانبه‌ر به مرۆڤ، مرۆڤ ده‌كه‌وێته ناو بێ سنوریهكی بێ پایانه‌وه. ڕاستی ئه‌م دیده‌ی سه‌ره‌وه دیدێكه كورت بینه به‌رانبه‌ر به مرۆڤ، به‌رانبه‌ر به ڕۆحی مرۆڤ و بوونی ڕاسته‌قینه‌ی، بۆیه هه‌میشه دیده‌كانی له‌ناو مه‌ترسی له‌ناوچوندان، مرۆڤ بۆ شاهێدی خۆی بۆئه‌وه‌ی شتێك ڕوون بكاته‌وه كه چییه، به‌بێ بوونی (بوون) ممكن نییه جه‌وهه‌ری خۆمان و جیهان بزانین. ئه‌م (بوون)ه شاهێده نه‌ك نه‌ست و مێژوو و یاده‌وه‌ری خه‌یاڵ، هه‌موو ئه‌مانه ده‌بێت به كۆمه‌كی (بوون) شتێك بڵێن له‌سه‌ر شتێك، وه‌گه‌رنا هه‌ر گوتنێكی ئه‌وان، به‌ده‌ر له حه‌قیقه‌ت ده‌بێت ئه‌وه له یاد نه‌كه‌ین ڕه‌سه‌نیه‌تی و ڕه‌گ و ڕیشه‌ی مرۆڤ له‌ناو مێژوودا نییه، له مێژوودا ناتوانێت حه‌قیقه‌تی مرۆڤ بزانێت چییه؟ حه‌قیقه‌تی مرۆڤ له‌ناو (بوون)یایه‌تی، نه‌ك مێژوو. ئه‌وه‌ی مرۆڤ له بوونه‌وه ده‌یهێنێ پارچه‌یه‌كه یاخود ده‌ركه‌وته‌ی بوونی ڕه‌سه‌نی خۆیه‌تی نه‌ك ئه‌وه‌ی له مێژوودایه.
لێره‌دا شیعر قووڵتر و كاریگه‌رتره له مێژوو، ئه‌گه‌رچی مێژوو واقیعه كه‌چی زۆر كه‌م ده‌سته‌یه له ئاست شیعردا كه هه‌میشه وه‌ك گه‌مه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، شیعر زیاتر ئه‌و كۆگایهیه كه ڕۆحی مرۆڤایه‌تی تێدایه نه‌ك مێژوو. خۆ ئه‌گه‌ر مرۆڤمان كرده‌وه مرۆڤ یاخود مرۆڤمان كرده ڕه‌مزی مێژووی پێش خۆی ئه‌وا ئه‌وه‌ی بوونی نییه مرۆڤه، یانی ئێمه بێ ئه‌وانی تر بۆمان نییه هیچ بڵێین. ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی گوته‌ی ئه‌وانی تر بیڵێین هه‌میشه قابیلی فڕێدانه، یانی ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئازادی، ده‌بێت خۆمان هیچ نه‌ڵێین ده‌بێ بزانین مێژووی ئازادی چییه، یه‌كه‌م جار چۆن سه‌ریهه‌ڵدا، فڵان و فڵان چۆن باسی ده‌كه‌ن؟ لێره‌دا هیچ شتێك حه‌قیقه‌تی نییه، ئه‌وكاته ده‌كه‌وینه ناو بێ جه‌وهه‌ریه‌وه، ده‌كه‌وینه ناو ونبوونی مرۆڤه‌وه، مرۆڤ ئه‌وكاته خۆی ون ده‌كات كه پشت له بوون بكات و له ده‌ره‌وه‌ی خۆی به شوێن خۆیدا بگه‌ڕێت. ئه‌وكاته ئێمه و جیهان ده‌بینه ململانێ. (زانین) نامێنێ و حه‌قیقه‌تیش ده‌بێته درۆ. ئێمه له‌ناو نه‌ستدا تووشی ئه‌و فه‌وزایه ده‌بین، شیعر هیچ ناكات، كاری به نه‌سته‌وه نییه. دوا به‌دوای به‌ختیار، عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵا ده‌ڵێت ((ئه‌گه‌ر كرده‌ی شیعر له ڕوویه‌ك له ڕووه‌كانه‌وه به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی ماناكانی نه‌ستێ بێت، ئه‌وا له ڕووه‌كه‌ی دیكه‌وه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێكهاته‌ی نه‌ستی له خۆدا حه‌شاردراوه))21 یان ده‌ڵێت ((شیعر ئه‌و پاڵنه‌ره‌یه كه ته‌واوی هه‌ست و ئاره‌زووه خه‌فه‌كراوه‌كانی مرۆڤ ده‌نوێنێ))22 یان ((كاتێك ده‌ڵێن شیعر ئیڕاده‌ی هێزه، به‌و مانایه‌ی كه ئیراده‌ی هێز له ململانێی هێزه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و له ئه‌نجامی جیاوازیهكانهوه له دایك ده‌بێت))24. كێشه‌ی ڕۆشنبیری ئێمه ئه‌وه‌یه كه (خود) ده‌كاته بنه‌مای مرۆڤ، ئه‌و پێی وایه (خود) تاكه مه‌رجه‌عی مرۆڤه، كه ئه‌م خوده‌ش هیچ نییه جگه له كۆی مێژووی مرۆڤایه‌تی یاخود كۆلاجێكه له خوده‌كانی تر. ئه‌م دیده تا ئه‌مڕۆش درێژكراوه‌ی خۆی هه‌یه، نه‌ك له ئه‌ده‌ب به‌ڵكو له زانستی زمان و كۆمه‌ڵناسیدا، له ته‌واوی بواره‌كاندا، هه‌ر ئه‌مه‌شه واده‌كات شته‌كان بنه‌مایان نه‌بێت. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی (شیعر پێناسه‌ی نییه)، فه‌لسه‌فه نازانرێ چییه؟ یه‌ك دنیا شت هه‌یه. له‌ناو ڕۆشبیری كوردیدا به نه‌زانراوی ماوه‌ته‌وه، ڕۆشنبیری ئێمه زۆر كه‌م توانیویه‌تی پرسیار له چییه‌تی شته‌كان بكات.
كورد نه‌ك هه‌ر خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت نییه، به‌ڵكو نه‌یتوانیه‌وه وا بكات فه‌لسه‌فه به كوردی بهێنێته قسه، وا بكات فیكر به كوردی به‌رجه‌سته بكات. كورد، چونكه بیركردنه‌وه‌ی نییه، چهمكیشی نییه، چونكه چه‌مك له بنه‌مادا كورتكراوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی شتێكه. ئه‌وه‌ی وه‌ك بیركردنه‌وه هه‌یه له كوردا له شیعردا به‌رجه‌سته‌ی كردووه، ئه‌مه‌ش لای مه‌حوی هه‌یه، لای ناسری سوبحانی هه‌یه كه وه‌ك مه‌لایه‌ك ناسراوه نه‌ك وه‌ك بیركه‌ره‌وه‌یه‌كی ورد، نه‌ك وه‌ك پیاوێ كه ڕاماوه له مرۆڤ و گه‌ردوون و خودا. ئه‌م بنه‌ما خودیه وایكردووه شیعر هه‌ر ڕۆژه‌ی شتێك بێت، ڕۆژێ هه‌سته و ڕۆژێ خه‌یاڵه و ڕۆژێ سۆز و ڕۆژێ… هتد. نیچه بۆ ئه‌وه‌ی شیعر نییه ده‌ڵێت ((هه‌ندێك هه‌وه‌س و هه‌ندێك خه‌م باشترین بیره‌كانیان به‌وه پڕ نییه، ئه‌وان لای من هێنده پاك نین هه‌موو ئاوه‌كان لێڵ ده‌كه‌ن هه‌تا قووڵ بنوێن))25 خوده شیعر، نه‌ك ئاوه‌كان لێڵ ناكات به‌ڵكو هه‌میشه شته‌كان به وێنه تێكه‌ڵ ده‌كات، واده‌كات وێنه‌ی ناو زه‌ینی خۆمان حه‌قیقه‌ت بێت، ئه‌م باره‌ش زۆرجار له‌و هێزه‌وه دێت كه كۆمه‌ڵگا باوكیه‌تی. خوده شیعر هه‌میشه شیعرێكه له ڕكابه‌ری كۆمه‌ڵگادایه، ئه‌وه‌ی فڕۆید باسی ده‌كات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی گرێ ده‌رونیه‌كانی خۆی. شاعیر ده‌نووسێ ئه‌م نووسینه‌ش بۆیه به‌های نییه، چونكه وێنه له بنه‌مادا خۆی به‌های نییه، هه‌ر بۆیه‌ش ناشتوانێ به‌ها بداته هیچ شتێك.
١٠ – كۆ شیعر:
بۆ ئێره واباشه په‌ڕه‌گرافێكی ئه‌فلاتون وه‌ربگرین، كه زیاتر مه‌به‌سته‌كه‌مان ڕوون ده‌كاته‌وه ((شیعره‌كانیان هه‌ر به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی تری خۆیانی ده‌خه‌نه به‌رده‌م ئه‌وان، ئه‌و كه‌سانه خه‌ڵك ده‌كه‌نه سه‌روه‌ری خۆیان، واته هه‌رچی ئه‌وان ستایشیان كرد ئه‌و به‌رهه‌می ده‌هێنێ، هه‌تا ئێستا باسێكی جددیت بیستووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره به‌رهه‌مانه به‌های ڕه‌سه‌نیان هه‌بێت))26. له‌وه‌ی پێشوودا كه خودهشیعر بوو، زیاتر شیعره‌كه به شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا ده‌ست پێده‌كات، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه كۆشیعر هه‌میشه خۆشه‌ویستییه‌كی بێ وێنه ده‌كات له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا. (كۆ) كورتكراوه‌ی كۆمه‌ڵگایه، به‌كارمان هێناوه، خوێنه‌ر كاتێك تێگه‌یشتن كه لێره‌دا مه‌به‌ستمان چییه، ئه‌وه خۆی ئازاده چی به‌كارده‌هێنێ یان ڕه‌نگه چه‌مكێكی دیكه گونجاوتر بێت. ئێمه بۆ ئێستا ئه‌مه‌مان به‌كارهێناوه به‌و ئومێده‌ی بتوانێ فكره‌كان به‌رجه‌سته بكات. ئه‌م جۆره له شیعر هه‌میشه به عه‌قڵیه‌تی كۆمه‌ڵگا كارده‌كات، چی باشه ئه‌و ئه‌وه ده‌كاته بابه‌تی خۆی، ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌و خۆشه‌ویستییه دێت كه شاعیر به شوێنی‌دا ده‌گه‌ڕێت. ئه‌مه‌ش به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و سه‌رمایه ڕه‌مزیه كه كۆمه‌ڵگا ده‌یداته كه‌سه‌كان. بنه‌مای له‌دایك بوونی ئه‌م شیعره‌ش چێژی ده‌سه‌ڵاته، خزمه‌تكردنه به كۆمه‌ڵگا له شوێنێكه‌وه هه‌تا كۆمه‌ڵگاوه بخاته خزمه‌تی خۆیه‌وه له شوێنێكی دیكه‌وه. ئه‌م جۆره له شیعر ده‌ركه‌وته‌یه‌كی تری هێزی كۆمه‌ڵگایه، هێزی كۆمه‌ڵگا وه‌ك خۆی هێزی ده‌ركه‌وته‌ی جیایه هه‌رجاره و له شوێن و له فۆڕمێكی دیكه‌وه مرۆڤ ناچار ده‌كات كۆیله‌ی خۆی بێت.
كۆشیعر ئه‌و شیعرانه‌ن كه ڕۆژانه ده‌یانبینین له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان هه‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ داخێكی گه‌وره‌یه دنیا به پیل ئه‌م جۆره شیعرانه‌وه ده‌ڕوات، ئه‌م شیعرانه‌ن شیعریان ون كردووه وه‌ك به‌رگێك هه‌میشه ڕووى شیعر داده‌پۆشن و ناهێڵن ده‌ركه‌وێت. ئه‌مڕۆ ئه‌وه شیعر نییه پاشه‌كشه‌ی كردووه له دنیا، به‌ڵكو ئه‌و جیهانه پاشه‌كشه‌ی كردووه له جیهان. جیهانه شیعری له‌بیر كردووه، نه‌ك شیعر جیهان له بیر بكات. ئه‌وه‌شی مرۆڤایه‌تی به ده‌نگییه‌وه ده‌چێت، سێبه‌ره‌كانی شیعره نه‌ك شیعر خۆی، ئه‌مه‌ش ڕاستی یان ئه‌وه‌تا له‌و شیعرانه‌دا حیكایه‌تی ڕۆژانه‌ی خۆیان له بیرده‌كه‌ن، یاخود وه‌بیر خۆیانی ده‌هێننه‌وه. له ڕاستیدا شیعر وه‌ك خۆی نه‌ك عاله‌مێكی تره به‌ڵكو هه‌میشه له‌سه‌رووی كۆمه‌ڵگاوه ده‌ڕوانێته شته‌كان، شیعر هه‌میشه شته‌كان ده‌باته‌وه شوێنی خۆیان، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى ئه‌و شته له كۆمه‌ڵگا ده‌سێنێته‌وه یاخود هه‌موو ئه‌و مانایانه‌ی لێ داده‌ماڵێ كه كۆمه‌ڵگا داویه‌تی. زمان له شیعردا به ته‌نها وێنه نییه به‌ڵكو شۆڕشێكی تره دژی زمان خۆی. ڕزگاركردنی ئایدیاڵی شته‌كان له فۆڕمه باوه‌كانی كۆمه‌ڵگا، حه‌ق سه‌ندنه‌وه‌یه له كۆمه‌ڵگا به‌وه‌ی به ئاره‌زووی خۆی مانا دانهتاشێ بۆ شته‌كان یاخود فۆڕمێك داتاشێ بۆ جه‌وهه‌ری شتێك، به‌ڵكو دانه‌وه‌ی مافه به ئایدیاڵ كه ئه‌و خۆی فۆڕمی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی دیاری بكات نه‌ك كۆمه‌ڵگا یان شاعیر. به‌م جۆره شیعر پاسه‌وانی حه‌قیقه‌ت ده‌كات و دهیپاریزێ، ئه‌مه ئه‌و ڕۆحی ئازایه‌تییه‌ی شیعره كه شته‌كان ده‌پارێزی له هه‌ر بابه‌تبوون و بوونه كه‌ره‌سته‌یه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ناو ڕۆشنبیری كوردیدا گوتراوه شیعر شایه‌نی هه‌ڵوێسته و پرسیاركردنه. ئێمه دوای گه‌ڕانێكی زۆر ئه‌و مافه به خۆمان بده‌ین كه بپرسین شیعر چییه؟ نه‌ك له‌سه‌ر پێیانه و خه‌یاڵیانه ده‌قێك بكه‌ینه شیعر و شیعرێكیش بكه‌ینه ئه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری شیعری پێ دیاری بكه‌ین. ئه‌وه‌ی له‌م نووسینه‌دا كه‌م تا زۆر ئاماژه‌مان پێدا، ڕاستی سێبه‌ره‌كانی شیعربوون، واته ههرەوهزێك بوو بۆ پاككردنه‌وه‌ی گیاكهڵهكانی شیعر هه‌تا دوایی خۆمان ڕاسته‌وخۆ ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ شیعردا بمێنینه‌وه، ڕووبه‌ڕوو پرسیار له چییه‌تی شیعر بكه‌ین؟
هه‌موو ئه‌وه‌ی پێشوو ده‌كه‌وێته ناو ئه‌وه‌ی شیعر له ده‌ره‌وه‌ی خۆی مانا و چیه‌تی دیاری ده‌كرا، یانی هێزی هاتنه ئارای له ده‌ره‌وه‌ی خۆی بوو. هه‌ربۆیه به سێبه‌ره‌كانی شیعر ناومان نان. ئێستا با ئه‌و پرسیاره بكه‌ین، باشه كه ئه‌وانه له خۆیاندا شیعر نین ئه‌ی بۆ پێیان ده‌ڵێن شیعر؟ یاخود بۆ ده‌ڵێن هه‌سته شیعر یان نه‌سته شیعر؟ یان بۆچی به هه‌موو شیعرێك ده‌ڵێن شیعر ئه‌گه‌رچی به‌رئه‌وه‌ش ده‌كه‌ون كه شیعر نه‌بن؟ ڕاستی هه‌موو ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك ئێمه به فۆڕم شیعرمان ناسیووه یاخود ئه‌و فۆڕمه‌یه كه شیعر هه‌یه‌تی ئه‌مه‌ش وه‌ك ماهیه‌ت ده‌ركه‌وتووه، هه‌ربۆیه هه‌ر شتێك له‌و فۆڕمه‌دا ببینرێت كه فۆڕمی شیعره كه ئه‌و زمانه تایبه‌ته‌ی خۆیه‌تی به شیعر ناونراوه. ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌م هه‌وڵه كۆششێكی بچووك بێت بۆ دووباره پرسیاركردنه‌وه له چییه‌تی شیعر، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه جیابكه‌ینه‌وه هه‌ر ده‌قێك وه‌ك فۆڕم شیعر بێت یاخود زمانی شیعری هه‌بێت، به شیعری نه‌زانین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی شیعریه‌تی شیعر ده‌رده‌خات جه‌وهه‌ری خۆیه‌تی، نه‌ك فۆڕم. لێره‌شه‌وه ئێمه له ڕێگه‌ی جه‌وهه‌ره‌وه حوكم بده‌ین له‌سه‌ر شیعریه‌ت و ناشیعریهتی ده‌قێك. وه‌لێ ئه‌گه‌رچی ئه‌م كاره به زه‌ره‌ری ئه‌ده‌بی كوردی ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت خۆ له حه‌قیقه‌ت لانه‌ده‌ین، چونكه حه‌قیقه‌ت له ئێمه و له ئه‌ده‌بیش گرینگتره. هه‌ر به‌خۆشی جه‌وهه‌ری ئه‌ده‌ب بوونی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمانه، ئێمه ئه‌گه‌ر ئاوا بیرمان كرده‌وه ئه‌و كات تێده‌گه‌ین شیعر چه‌ند قووڵه بۆ ناسینی خۆمان، تێده‌گه‌ین شیعر چه‌ند پاسه‌وانێكی دڵسۆزه بۆ پارێزگاریكردن له ڕۆحی ئێمه، دواجار ئه‌و پرسیاره‌ش بكه‌ین ئایا كورد جگه له شیعر شتێكی دیكه‌ی هه‌یه ڕۆحی خۆی تێدا ده‌ركه‌وێ؟ ئایا كورد چی دیكه ده‌بێته شوێنی دامه‌زراندنی ئه‌و، یانی ماڵی ئه‌و له ده‌روه‌ی شیعر چییه؟ ئایا زمانی ئێمه ده‌توانێ ببێته زمانی بیركردنه‌وه یا فه‌لسه‌فه؟ یان هه‌ر شیعر دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی زمانی ئێمه‌یه؟ تا ئێره كۆتایی به‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه ده‌هێنین به‌و ئومێده‌ی له باسى تردا كه تایبه‌ته به شیعر خۆی بتوانین زه‌مینه‌ی ئه‌وه ساز بكه‌ین و بپرسین شیعر چییه؟
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
- چه‌ند وردبوونه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی میتافیزیكه‌وه، دیكارت. و.حه‌مید عه‌زیز، سلێمانی، ساڵی 2005، لاپه‌ڕه26.
- كۆمار، ئه‌فلاتون، و.ڕێبوار قاره‌مانی، سۆران عمر، مه‌هدی چۆمانی، هه‌ولێر 2000، لاپه‌ڕه 276.
- په‌یبردن به‌ژیان په‌یبردن به شیعر و بوون، عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵا، سلێمانی، ساڵی 2001، لاپه‌ڕه 40.
- كۆمار، ئه‌فلاتون، و.ڕێبوار قاره‌مانی، سۆران عمر، مه‌هدی چۆمانی، هه‌ولێر 2000 لاپه‌ڕه 477.
- كۆمار. لاپه‌ڕه 478.
- هونه‌ری شیعر، ئه‌ره‌ستۆ. و.عه‌زیز گه‌ردی، سلێمانی، ساڵی 2004، لاپه‌ڕه 17.
- شیعریه‌تى خوێندنه‌وه، ئه‌دۆنیس، و.عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵا، سلێمانی ساڵی 2002 لاپه‌ڕه 55.
- هۆڵده‌رلین و گه‌وهه‌ری شیعر، مارتن هایدگه‌ر، و.حه‌مید عه‌زیز، ڕامان، ژماره 104، هه‌ولێر، ساڵی 2006، لاپه‌ڕه 131.
- ده‌نگدانه‌وه‌ی شیعر، عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵا، گۆڤاری كاروان، ژماره 177، هه‌ولێر ساڵی 2003 لاپه‌ڕه 79.
- كۆتایی فه‌لسه‌فه و ئه‌ركی بیركردنه‌وه، مارتن هایدگه‌ر، و.سۆران عمر، گۆڤاری ویست، ژماره1، هه‌ولێر لاپه‌ڕه6
- گه‌ڕان بۆ ماناكانی دیكه‌ی شیعر، بەختیارعهلی، گۆڤاری ڕامان، ژماره 71، هه‌ولێر ساڵی 2002، لاپه‌ڕه 9.
- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه 10.
- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه 10.
- گه‌ڕان بو َماناكانی دیكه‌ی شیعر. لاپه‌ڕه 10.
- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه 11.
- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه 11.
- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه 10.
- په‌یبردن به ژیان په‌یبردن به شیعر و بوون، عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵا، لاپه‌ڕه 45.
- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه 46.
- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه 40.
- وه‌های گوت زه‌رده‌شت، نیچه، و.عه‌لی نانه‌وازاده.، هه‌ولێر ساڵی 2000، لاپه‌ڕه 147.
- كۆمار، ئه‌فلاتون. لاپه‌ڕه 292.